بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆچی دوایی ‌هونەرمەندێکی بەوەجی نەتەوەی کورد

 

قادر ئه‌لیاسی‌

ئێوارەی پێجشەممە، ٢٩/٧/٢٠١٠ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە گەڵ خێزانم بە نیازی گەڕانەوە بۆ نۆروێژ، لە ریزی گەشتیاراندا وەستابووم. لەو کاتەدا بیرم لەوە دەکردەوە ئەمجارەش کوردستان بەجێ دێڵم‌و نازانم کەی دەتوانم جارێکیتر بە دیداری خەڵک‌و خاکەکەی شاد بمەوە. لە هزر‌و بیری قووڵی غەریبی‌و دڵتەنگیدا رۆچوو بووم کە لە ناکاو چاوم بە کەسێک کەوت لە سەر سەندەلییەکی چەرخدار دانیشت بوو‌و خانمێک بەرەو ژووری هۆڵەکە پاڵی پێوە دەنا.

لە لای خۆمەوە پرسیارم کرد: ئەم کابرایە دەم‌و چاوی بۆ من ئاشنایە، بەڵام ناچمەوە سەری، کێ یە؟ هەرچی نزیکتر دەبۆوە، زیاتر سەرنجی رادەکێشام. لە گەڵ خێزانم ریزی گەشتیارانم جێهێشت‌و بەرەو لای کورسییەکەی رۆیشتم. سڵاوم لێکرد‌و ویستم: ماچی بکەم: وتی: "تکایە ماچم مەکە، ئەوەندە داو‌و دەرمانی شیمیا(کیمیا) یی لە لەش‌و پێستمدا تاقی کراوەتەوە کە هەم بۆ خۆم‌و هەم بۆ تۆش مەترسیدارە". کامێرای وێنەهەڵگرتنەوەشم پێ بوو، بەڵام کە پیاوێکی ئاوا بەو حاڵەوە ببینی، کوا دڵ تاقەتی وێنەگرتن‌و شتی دیکەی جگە لە گریان هەیە.

هیچم بۆ نەوترا. مات‌و بێدەنگ مامەوە. بە خێزانم وت: "ئەمە ئەو هونەرمەندە دەنگخۆشە جوان خاسەیە کە شێرپەنجە وای لێکردووە". ناهەقم نەبوو کە سەرەتا نەیناسم. چوونکە بە تەواوی لەش‌و لار‌و دەم‌و چاوی زۆر گۆڕابوو. ئەوەندە لەڕ‌و لاواز ببوو بە قسەکردن دڵنیا بووم کە خۆیەتی. بێدەنگییەکەم چەند ساتێکی خایاند‌و دوای هەڵوەراندنی چەند دڵۆپ فرمێسکی ئەمەگناسی بۆ هونەری بەرزی ئەو گەورە پیاوە، رووم تێکرد‌و وتم: جگە لەو چەند دڵۆپە فرمێسکە هیچی دیکەم لە دەست نایە، شایانی تۆ بێ. ئەو بەرەو ژووری Austrian Air کە بۆ ئوتریش(نەمسا)‌و لەوێشەوە بۆ دانمارک دەچوو، بە کورسی یە چەرخدارەکەوە لە بەرچاوم ون بوو. منیش لە گەڵ خێزانمدا بە کۆڵێک پەژارەوە گەڕامەوە لای ریزی گەشتیاران. بەداخەوە هەر کە بەو حاڵەوە دیتم، زانیم زۆر ناژی‌و بە زوویی ماڵاویی یەکجاری لە گەل‌و خاک‌و هۆگرانی دەکا. بەڵێ ئەو هەواڵە دڵتەزێنەم ئێوارەی پێنجشەممە، ٣٠/٩/٢٠١٠، دوو مانگ دوای ئەو دیدارە کورت‌و خەمهێنەرە لە رێگای راگەیەنەرە کوردی یەکانەوە پێگەیشت کە رایانگەیاند: "پاش ململانێكی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌ی، شه‌وی پێنجشەممە هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ‌و پێشمه‌رگه‌ی دێرین (محه‌ممه‌د جه‌زا) له‌ شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد".

بەم هەواڵە جەرگبڕە بیرەوەرییەکان گەڕاندمیەوە بۆ نسکۆی١٩٧٥ ی زایینی کە دوای پەیمانە شوومەکەی ئەلجەزایر(٦/٣/١٩٧٥) شۆڕشی کورد بە رێبەری نەمر مەلامستەفای بارزانی تێکچوو. ئەوساڵە، من گوێم بە دەنگی هونەمەندی تازەکۆچکردوو ئاشنا بوو. ئەو بە مقامێکی دڵهەژێن دەیچریکاند‌و دەیوت:

 

دایە گیان بۆچی منت بەخێو کرد؟        بۆ خۆشی خۆت بوو یان بۆ گەلی کورد؟

وا من بۆ گەلم، خۆم ئەدەم بە کوشت   خوای ئەکرد دەریای فرمێسکت ئەڕشت

 

ئەم مقامە وەک ئەوەی لە ئەشکەوتێکدا وترابێ، ئەوەندە دڵهەژێن‌و جەرگ تاوێن بوو هەموو کەسێکی دەخستە مەراقەوە. منی تازە لاوی ئەو سەردەمەش کە ئەوینداری گۆرانی بووم، ئەم دەنگە کاری تێکردم‌و دواتر بووم بە ئاشنا‌و هۆگری. ئیتر هەرچی ساڵ تێدەپەڕی‌و بەرهەمی تازەم لەو هونەرمەندە دەبیست، بە تاسەوە لە بەرم دەکرد‌و لاساییم دەکردەوە. ئەو مقامانە کە حەمەجەزای هونەرمەند هەڵبەستی مامۆستایان قانیع، بێکەس، گۆران، کامەران موکری‌و "هێمن"ی بۆ هەڵبژاردبوو لە گەڵ گۆرانییەکانی لایەلایە، شیلانە، بەهاربوو و؛ دواتر گۆرانی شۆڕشگێڕانەی وەک هۆ کاکی پێشمەرگە‌و هەڵبەستی پاکانەی "مەحمووددەروێش"ی فەلەستینی تا دوایین بەرهەمەکانی " لە هەڵبەستی شەهیدمەلاعەلی‌و ئەحمەد محەممەد"، هەموو باس لە رەسانایەتی، کوردایەتی‌و ئەوین‌و جوانی کوردستان‌و ئێش‌و ئازاری گەلەکەی دەکەن.

ئەو کاتەی لە "تیشک تی ڤی" دا بەرنامەی "زەریاو"م بەڕێوەدەبرد، بە تەلەفۆن قسەم لە گەڵ کرد‌و بڕیاربوو دوای گەڕانەوەی لە کوردستان بە دیداری شاد بم‌و ببێ بە میوانی بەرنامەکەم. بەداخەوە ئەو دەرفەتەش وەک دیدارەکانی دیکە لە سەر دڵم بوو بە گرێ‌و هەر وا بە ناکامی مایەوە.

لەم کورتە نووسراوەیەدا، هەر ئەوەندەم بۆ ئەکرێ، بێژم: کاکە حەمەجەزای هونەرمەند! تۆ نەمردووی‌و نامری، چوونکە بەرهەمەکانت لە گەڵ رابردووی پاک‌و بێگەردی کوردایەتی‌و پێشمەرگایەتیت تێکەڵە‌و تا کوردێ مابێ، تۆی لە بیر ناچێ. لایەلایەکەت بۆ منداڵان‌و گۆرانی پێشمەرگەت بۆ شۆڕشگێڕان‌و ئاوازی ئەوینداریت بۆ خاک‌و جوانی وڵات‌و کیژ‌و کوڕانی نیشتمان بەسە تا گشت لایە بە هاودەمی شەو‌و رۆژی خۆیانت بزانن.

یادت بە خێر ئەی هونەرمەندی پێشمەرگە‌و ئەی پێشمەرگەی هونەرمەند! فرمێسکی ئەمەگناسی من‌و بنەماڵەی هونەری کوردی بەدرەقەی رێگات بێ ئەی رێبواری ماندوونەناسی رێگای هونەری رەسەنی کوردی‌و رچەشکێنی بزاڤی کوردایەتی

سڵاو‌و رێز بۆ گیانی پاک‌و بێگەردت ئەی کوڕی شاری سلێمانی، شاری هەڵمەت‌و قوربانی!

بنەماڵە سەربەرزەکەت نابێ بۆت بگرین، چوونکە تۆ نە تەنیا جێگای فەخر‌و شانازی ئەوانی، بەڵکوو نەتەوەی کورد‌و شاری سلێمانی‌و سەرجەم خێزانی هونەری رەسەنی کوردی جێگە‌و پێگەی تۆی لە سەر سەرانە!

یادت بەخێر‌و رێگای پڕ لە شانازیت بەردەوام بێ!

 

 

 

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com