خاکه‌لێوه
هیوا ئه‌حمه‌دی
هۆ
خاکه‌لێوه، هۆ یه‌که‌م بڕگه‌ی به‌هاری جوانیی و هۆ
یه‌که‌م ئاهه‌نگی خۆشترین گۆرانی....
تۆ هه‌ناسه‌ی له‌شی سڕی ئه‌و سروشته بووی که
به‌سته‌ڵه‌کی زستانی زه‌بوون له داوێنی چیای
باڵات، قه‌تره قه‌تره ده‌توایه‌وه و ئاڵای سه‌وزیی
و ڕه‌نگاڵه‌یی له سه‌ر لووتکه‌ی هه‌ناسه‌کانی
قه‌تیس کراوت هه‌ڵده‌دا.
تۆ سرشکی چاوی زه‌مان و کڵپه‌ی گۆرانی زمان و
گوڕڕه‌ی شێرانه‌ی ژیان و به‌رگی بڕستی زه‌وی بووی.
تۆ ژه‌بۆله‌ی ژه‌مژ‌ه‌مژه‌ی گــــژ و گیا و
که‌ژوکێو و گه‌وه‌ی هه‌راوی هه‌ناسه‌کانی هه‌ناوی
هه‌تاوێک بووی که موژده‌ی مه‌رگی چاوه‌ڕوانیت، له
ناو که‌ژاوه‌ی خۆره‌تاوی به‌هارانه‌ت هێنا به‌کۆڵ.
تۆ سریوه‌ی مه‌لی هیوا و په‌ردۆکی شه‌وی زاوا و
ده‌سته‌خوشکی په‌ریزاده‌ی گه‌لاوێژ و سه‌رماوه‌ز و
ڕێبه‌ندان بووی. به‌ڵام تۆ پێم بڵێ ، شه‌رم
نه‌بوو ده‌رۆژانه‌ی نه‌ورۆزانه‌ت به بوران و باهۆز
و با ، له گه‌وه‌ی گه‌رده‌چنی چه‌مکی مێژوو ، به
باڵای په‌ت و سێداره هه‌ڵچنی ؟! حه‌یفت نه‌کرد
سوکه سۆڵه‌ی چوار چراکه‌ی مهاباد و چاوی مێژووی
کۆماره‌که‌ی ره‌نج به‌باد و ده‌سرۆکه‌که‌ی ده‌ستی
چۆپی و هات و هوریای دیلانگێڕانی ناوچۆپیت، له
سه‌ما خست !!
کێ هیندی تۆ دڵۆش دڵۆش ئێمه‌ی بۆ مه‌رگی زه‌رده
زێڕینی کزینگ و خوناوه‌که‌ی شه‌وه‌زه‌نگ و خۆزگه و
بریای خۆره‌تاو ، گریاند.... کێ هیندی تۆ خه‌نیم
خه‌نیم، ئێمه‌ی له خاک، له بیتانۆی خه‌نده‌ی نیگای
کوردستان و خه‌ون و خولیای به‌رخۆدان و خه‌می
ده‌نگی کوژراو ، گریاند؟
به‌ڵێ یاران.... ئه‌وێ رۆژێ ، رۆژی مه‌رگ و سێداره
بوو.... رۆژی نسکۆی هیوایه‌تی گه‌لی کوردی بێچاره
بوو.......
ئه‌وێ رۆژێ ، ده‌ی خاکه‌لێوه بوو.... سوپای سروشت
به‌ره‌و سه‌وزی به‌ڕێوه بوو... کزینگ هێشتا پۆزی
شه‌و نه‌می ڕانه‌نابوو... شه‌وگار هێشتا ده‌ستی له
لایه‌لایه‌ی لانکی زه‌مان ، به‌رنه‌دابوو... به‌ر
له زه‌رده‌ی خۆره‌تاو و پاش نه‌مانی مانگی شه‌تاو
، کوتری روحی ئه‌ستێره‌کان دای له شه‌قژه‌ن ،
به‌ره‌و ئاسمانێ هه‌ڵفڕین ، بوونه‌وه مانگ و
ئه‌ستێره و جارێکی دیش به ناو مێشکی مێژووی
زه‌ماندا، تێهه‌ڵچوون و بوون به ئاسمانی تێکۆشان ،
بوون به مانگی پرشنگداری پڕ تریفه و شه‌وی کوردیان
وه‌ک رۆژ گه‌شاند.
له‌و رۆژه‌وه که پێشه‌وا بۆ گه‌ل مرد و بۆی بوو به
پرد، خشتی قه‌ڵای قه‌ڵافه‌تی کورد ، له جوانترین
قه‌واره‌دا، خۆی ڕسکاند و بوو به ده‌سکرد.
به‌هاری 1387 ی هه‌تاوی