بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

مستەفا هیجری: دەبێت ئەم حكومەتەی ئێستای ئێران لەبناغەوە بڕوخێندرێت

 

حزبی دێموكرات پەیوەندی كۆنی لەگەڵ ئەمریكادا هەبووە، بەڵام ئۆباما ئەو پەیوەندییەی پەكخست

دیداری: بەرهەم لەتیف ، هەڵوێست عوسمان

رێگا مەگەزین: چۆن دەڕواننە ئەو سیاسەتەی كەدوور لەخاكی خۆتان ئەنجامی دەدەن؟

هیجری‌: ئێمە سیاسەت لەدووری خاكی خۆمان ناكەین، ئێمە قاعیدەی حزبەكەمان لەنێو وڵاتی خۆماندایەو كاری رێكخستن‌و راگەیاندن بەتەواوی دەچێتە پێشەوە، تەنها بەشی ئاشكرای حزبیمان لەدەرەوەی خاكی خۆمانە كەناتوانین لەئێران بمێنینەوە، چونكە ناسراوین‌و دەكەوینە ژێر زەبر وزەنگی‌ دەزگا هەواڵ گریەكانەوە.

رێگا مەگەزین: كەواتە ئێوە لەناو لایەنگرانی خۆتانن؟

هیجری‌: بەڵێ ئێمە لەناو خەڵكی خۆمانداین‌و پەیوەندی رۆژانەمان هەیە لەگەڵیاندا.

رێگا مەگەزین: ئەو پەیوەندییانە بەهۆی چیەوەیە؟

هیجری‌: ئەو پەیوەندییانە زیاتر لەڕێگای تەكنەلۆجیاوەیە.

رێگا مەگەزین: بەڵام كۆمەڵێك لەلایەنگرانی ئێوە پێیانوایە لەبڕیارەكاندا سەربەخۆ نین؟

هیجری‌: باشە ئەو كەسانەی كەئەوقسانە دەكەن دەبێت ئاماژە بەو بڕیارانە بكەن كەكەسانیتر بۆمان دیاری دەكەن.

رێگا مەگەزین: ئەمە بەو واتایە دێت كەئێوە لەبڕیارەكانتانا سەربەخۆن؟

هیجری: بەهۆی ئەوەی كەئێمە هیچ كێشەیەكمان بۆ حكومەتی هەرێم دروستنەكردووە، هەندێك كەس وادەزانن بەوهۆیەوە ئێمە لەكاروبارەكانماندا سەربەخۆ نین، بەڵام بەپێَچەوانەوە ئێمە تەواو سەربەخۆین‌و كارمان بەكوردستانی باشوورو حكومەتی هەرێم‌و سیاسەتی ئێرەوە نییە، بەڵكو مەیدانی تێكۆشانی ئێمە كوردستانی خۆرهەڵاتە.

رێگا مەگەزین: ئەم قسەیەی بەڕێزتان ئەوە دەگەیەنێت كەئێوە نەبوونەتە هۆی كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و كۆماری ئیسلامی ئێراندا؟

هیجری‌: ئەم پرسیارە دەبێت حكومەتی هەرێم وەڵامی بداتەوە ئایا بوونی ئێمە گرفتی بۆ ئەوان دروستكردووە یاخود نا؟ چونكە من ئاگاداریی وردەكاری پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم‌و كۆماری ئیسلامی ئێران نیم.

رێگا مەگەزین: ئێوە وەك حزبی دێموكرات پێتانوایە قۆناغی خەباتی چەكداری كۆتایی هاتووە؟

هیجری‌: نەخێر ئێمە هیچ لایەنێكی خەباتمان رەت نەكردۆتەوە، بەڵام لەهەرماوەیەكی دیاریكراو چ جۆرەخەباتێك بەقازانجی هێزو میللەتەكەمان بێت، ئەوجۆرە خەباتە بەرجەستە دەكرێت.

لەسەردەمێك خەباتی چەكداریمان دەكرد، بەڵام ئێستا زیاتر خەباتی رێكخستن‌و دبلۆماسی بەرجەستە دەكرێت.

رێگا مەگەزین: ئەی بۆچی خەباتی چەكداریتان لەم قۆناغەدا پەراوێزخستوە؟

هیجری‌: چونكە پێمانوایە لەكاتی ئێستادا خەباتی چەكداری بەقەدەر خەباتی مەدەنی دەوری نییەو خەباتی مەدەنی زیاتر كاریگەری دادەنێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرسی كورد.

رێگا مەگەزین: بەڵام پەژاك لەئێستادا خەباتی چەكداری دەكات‌و كاریگەریشی داناوە؟

هیجری‌: هەرلایەنێك بەپێی لێكدانەوەی بارودۆخی خۆی‌و وڵات بڕیاری سیاسی خۆی دەدات، لەوە دەچێت ئەوان ئەوەیان پێ باشبێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نین.

رێگا مەگەزین: پەیوەندیتان لەگەڵ پەژاكدا لەچی ئاستێكدایە؟

هیجری‌: ئێمە لەگەڵ پەژاكدا پەیوەندیەكی ئەوتۆمان نییە.

رێگا مەگەزین: بۆچی؟

هیجری‌: چونكە ئێمە پەژاك وەكو حزبێكی سەربەخۆ نابینین، بەڵكو لقێكە لەپەكەكەو بڕیاریان بەدەست خۆیان نییە، ئەگەر رۆژێك پێویستبێت لەگەڵ پەكەكە پەیوەندی دەگرین.

رێگا مەگەزین: كەواتە پەكەكە بەمەرجەع دادەنێن؟

هیجری‌: بەڵێ پەكەكە وەك حزبێكی سیاسی سەیر دەكەین‌و پەژاك لقێكە لەئەوان، هەروەك چۆن لەبەشەكانی تری كوردستاندا رێكخراوی تریان دروستكردوەو بەناوی جیاوازەوە تێكۆشان دەكەن.

رێگا مەگەزین: هۆكاری تەبلیغاتتان بۆ یەكێتی زانایانی كوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟

هیجری‌: یەكێتی زانایانی ئایینی لەوەو پێش خۆی هەبووە، بەڵام ئێمە هەندێك پەیوەندیمان هەبوو لەگەڵیانداو داوایان لێكردین لەڕێگای راگەیاندنمانەوە بەخەڵكیان بناسێنین، ئێمەش بەپێی ئەوزانیارییانەی كەهەمانبوو لەسەر هەندێك كەسی ناو ئەو رێكخراوە كەنیشتمانپەروەرن‌و نەكەوتونەتە ژێر كاریگەری‌ ئیسلامی‌ رادیكاڵەوە، سەرەڕای ئەوەی كۆمەڵگای ئێمە زۆرینەیان خەڵكی مسوڵمانن‌و ئێمە ئەگەر پەیوەندیمان هەبێت لەگەڵیاندا وەكو حزبێكی دێموكرات رێز لەهەموو بیروبۆچوونێك دەگرین، بەتایبەتی ئەو ئیسلامەتییەی كەدووربێت لەكاریگەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

رێگا مەگەزین: پەرەسەندنی ئیسلامی رادیكاڵ لەكوردستانی خۆرهەڵات لەچی ئاستێكدایە؟

هیجری‌: ئیسلامی رادیكاڵ لەخۆرهەڵاتی كوردستان هەیە، هەروەك بەشەكانی ترو خەڵكی زۆر پێشوازی لێناكەن.

رێگا مەگەزین: پەیوەندیەكانتان لەگەڵ ئەمریكادا لەچی ئاستێكدایە؟

هیجری‌: ئێمە لەكۆنەوە لەگەڵ ئەمریكادا پەیوەندیمان هەیە، بەڵام دوای هاتنە سەركاری ئۆباما بەهۆی ئەو سیاسەتەی كەڕایگەیاندوەو دەیەوێت لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا گفتوگۆبكات، ئەو پەیوەندیانە هیچ بەرەوپێشچوونێكی بەخۆیەوە نەدیوە.

رێگا مەگەزین: بەرەنجامی ئەو چەندساڵەی لەگەڵ ئەمریكادا پەیوەندیتان هەبووە، بۆچوونی ئەمریكا بەرامبەر بەئێران چییە؟

هیجری‌: ئەوەندەی كەئێمە ئاگادارین، باسی گۆڕینی سیستم نەكراوە، بەڵكو زیاتر گوشار خستنە سەر ئێران بووە لەسەردەمی بۆش-دا، زیاتر ئەو سیاسەتە بەرەوپێشدەچوو نەك پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌و كۆتایی هێنان بەم سیستمە.

رێگا مەگەزین: باشە ئەمریكا ئەگەر دیدێكی روونی سەبارەت بەئێران نییە، پەیوەندییەكانتان لەسەر چ بنەمایەكە؟

هیجری‌: شتێكی ئاساییە وەختێك ئێمە دژی ئێرانین‌و ئەمریكا دەیەوێت گوشار بخاتە سەر ئێران ئەو پەیوەندییانە دێتە ئاراوە.

رێگا مەگەزین: لەسیاسەتدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە ئەگەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو ئێران بەیەكەوە گونجان، چی زەمانەتێك هەیە بۆئەوەی ئەمریكا نەتانكاتە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆی؟

هیجری‌: ئێمە تێكۆشانی خۆمان نەبەستۆتەوە بەوەی كەئەمریكا یارمەتیمان دەدات یاخود نا، ئێمە خەباتی خۆمان بەدرێژایی(60) ساڵی رابردوو دژی سیستمی پاشایەتی‌و ولایەتی فەقیهـ بۆ بەدەستهێنانی مافی دێموكراتی‌و نەتەوایەتی بووە، درێژە بەوخەباتە دەدەین ئەگەر هەلێك دروستبێت‌و ئەوروپا یان ئەمریكا دژی ئێران بن، ئێمە سوود لەو دەرفەتە دەبینین.

رێگا مەگەزین: كەواتە هەموو كارێكی‌ خۆتان نەبەستۆتەوە بەئەمریكاوە؟

هیجری‌: بەڵێ لەهیچ كاتێكدا وامان نەكردوە، نەئەمریكا نەهیچ لایەنێكیتریش.

رێگا مەگەزین: ئەو رەوشەی كە لەئێراندا دروستبووە لەدوای هەڵبژاردنەكان، چۆنی لێكدەدەنەوە؟

هیجری‌: پێمخۆشە سەرەتا باسی پێش هەڵبژاردنەكان بكەم، ئەو بۆچوونەی كەئێمە هەمانبوو وەكو حزبی دێموكرات لەگەڵ هەندێك لایەنی تری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، بەلێكدانەوەیەكی ورد گەشتبوینە ئەو ئەنجامەی كەهیچ شتێكی نوێ نییە لەكۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئێران لەسەر بیروبۆچوونەكانی خۆیەتی‌و سیاسەتەكانی هەروەكو رابردووە، بەڵام لەناوخۆی ئێران‌و دەریشەوە هەندێك پێیانوابوو كەئەم هەڵبژاردنە دەبێتە شتێكی نوێ‌ لەئێران‌و خەڵكی لەڕێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە دەتوانن نوێنەری خۆیان هەڵببژێرن.

ئێمە لەگەڵ كۆمەڵەی شۆڕشگێرانی زەحمەتكێشانی‌ ئێران بەیاننامەیەكی هاوبەشمان دەركردو داوامان لەخەڵك كرد بەشداریی هەڵبژاردنەكان نەكەن، چونكە دەنگی ئەوان هیچ كاریگەریی دانانێت‌و حكومەت كاندیدی خۆی دیاری كردووە، هەڵبژاردنیشكرا هیچ شتێكی نوێ‌ نەهاتە ئاراوە، تەنها ئەوە نەبێت خەڵكی بەناڕەزایی رژانە سەرشەقامەكان كەزۆرتر لایەنگرانی موسەویی بوون، بەداخەوە ژمارەیەكی زۆریان لێ كوژراو برینداربووەو كۆمەڵێكی زۆر خەڵك كەوتە زیندانەوە بەشێوەیەكی زۆر وەحشیانە ئەشكەنجە دەدرێن، ئەم واقیعەی لەئێراندا هاتە پێشەوە، بووە هۆی ئەوەی كەلێنی نێوان باڵەكانی حكومەت زیاتربێت‌و عەلی خامەنەئی ئەو رێزەی پێشووی نەمێنێت، سەرەڕای دڕندەیی هێزەكانی ئێران، بەڵام خەڵكی ترسیان شكاوە لەماوەی(30) ساڵی رابردوودا بۆ یەكەمجارە خەڵكی بەم شێوە بڕژێنە سەرشەقامەكان.

رێگا مەگەزین: لەئێراندا ویستێك نییە بۆ ریفۆرم؟

هیجری‌: ویست هەیە بۆ ریفۆرم، بەڵام كەسانێك دەیانەوێت خەڵكی لەڕێگای راستەقینەی خۆیان كەڕووخاندنی رێژیمە، لابدەن‌و ساڵەهاشە لەو بوارەدا ئیش دەكەن، ریفۆرم لەحكومەتی ئێراندا روونادات، چونكە ریفۆرم تایبەتە بەو سیستمانەی كەدێموكراتین‌و خەڵكی بەبێ ترس بیرو بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن لەو بۆچوونانەش كەدەریدەبڕن، ئاڵوگۆڕ دێتە پێشەوە، بەڵام لەئێراندا هەموو شتێك بەپێی ئەو ئایین ئیسلامەیە كەخۆیان باوەڕیان پێی هەیە، هەمووشتێك دیاریكراوە وەك خوێندنەوەی تایبەتی خۆیان بۆمافی مرۆڤ‌و دیموكراسی‌و بوارەكانی تر، ئەو كاسەنەی كەقسەدەكەن لەسەر ریفۆرم، زیاتر زیان دەدەن لەو جوڵانەوەی كەئێستا لەئێراندا هەیە، دەیانەوێت قەناعەت بەخەڵكی بهێنن كەئەم حكومەتەش دەتواندرێت ئاڵوگۆڕی دیموكراسی بەسەردا بهێنرێت.

موسەویی كەخۆی بەڕیفۆرمخواز ناودەبات، باس لەوەدەكات كەدەبێت ئێران بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی خومەینی‌و بەوەش رازی نابێت كەئێستا هەیە.

رێگا مەگەزین: كەواتە دەبێت كەسانی ریفۆرمخوازی ئێستا ناوبنێین چی؟

هیجری‌: من ئەوان بەكەسانێك دەبینم كەبەشی هەرەزۆریان لەناو حكومەت بوون لەوەوپێش، بەڵام وردە وردە پەراوێزخراون.

رێگا مەگەزین: كەواتە كاركردنە لەپێناو گەڕانەوەی دەسەڵاتی خۆیان؟

هیجری‌: بەڵێ كێشەكەیان كێشەی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاترە بۆخۆیان نەك بۆئازادی‌و دیموكراسی، چونكە ئەوان بۆخۆیان بەشێكبوون لەدەسەڵات، مەهدی كەڕوبی لەدەوری شەشەمی پەلەماندا بۆخۆی سەرۆكی پەرلەمان بووە، میر حوسێنی موسەوی سەردەمانێك سەرۆكی حكومەت بووە، بەڵام ئێستا بەناوی ریفۆرمەوە خەڵك هەڵدەخەڵەتێنن.

رێگا مەگەزین: بەڵام ئەگەر سەیری بەرنامەی كاندیدای ریفۆرمخوازەكان بكەین، زۆرجیاوازی هەبوو لەگەڵ محافزكارەكان، بۆ نموونە مەهدی كەڕوبی باسی نەتەوەكانی ئێرانی دەكرد؟

هیجری‌: یەك شت هەیە حەز دەكەم ئاماژەی بۆبكەم، لەهەموو هەڵبژاردنەكانی ئێراندا بۆ سەرۆكایەتی سەركۆماری‌‌و پەرلەمانیش چونكە دەزانن خەڵك بەشداریی ناكات، دەیانەوێت بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بەجۆرێك بێت كەسەرنجی خەڵكی رابكێشێت‌و خەڵكی بچنە سەرسندوقەكانی دەنگدان، هاتنی خەڵك بۆسەر سندوقی دەنگدان لەوەدا بۆ ئێران گرنگە كەدەیەوێت پیشانی خەڵكی بدات كەحكومەت لایەنگری زۆرە، ئەم پڕۆژەیەی مەهدی كەڕوبی یەكێك بوو لەوانە، ئێمە لەڕابردوودا زۆر جار بینیومانە كەكاندیدێك دژی حكومەت قسەی كردوە یان باسی مافی نەتەوەكانی كردوە بۆ ئەوەی خەڵكی وابیربكەنەوە كەئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت، بەداخەوە ئەم پڕۆژەیەی كەڕوبی هەندێك كەسی خستە ژێر كاریگەرییەوە.

رێگا مەگەزین: كەواتە ریفۆرمی راستەقینە پێویستی بەگۆڕینی سیستمەكەیە نەك كەسەكە؟

هیجری‌: بەبۆچوونی ئێمە دەبێت لەبناغەوە حكومەتی ئێستا بڕوخێندرێت‌و حكومەتێكی دێموكراتی لەسەر داخوازی خەڵكی بێتە ئاراوە، چونكە هەتا ئەم حكومەتە لەسەركاربێت، نابێت چاوەڕێی ریفۆرم بكەین.

ئەم حكومەتە هی ئەو كەسانەیە كەملكەچ بن، جا فارس بێت یان كورد بێت یا عەرەب یا تورك، جیاوازی نییە.

رێگا مەگەزین: كەواتە هیچ ئومێدێك نییە بەموسەویی‌و حزبە نوێیەكەی؟

هیجری‌: موسەوی جارێ حزبەكەی دانەمەزراندوەو ئاشكراش نییە حكومەت رێگای پێدەدات، ئەگەر رێگاشی پێبدات لەهەمان چوارچێوەدا دەبێت، موسەویی بەیاننامەیەكی لەڕێگای سایتەكەیەوە بڵاوكردۆتەوە كەئاڕاستەی لایەنگرانی خۆی كردووە بەتایبەتی لایەنگرانی لەدەرەوەی وڵات، باسی ئەوە دەكات‌و دەڵێت: دژی كۆماری ئیسلامی ئیران‌و ولایەتی فەقیەو هەروەها قانوونی‌ بنچینەیی‌ دروشم نەدەن، هەرچییەكتان دەوێت دەبێت لەچوارچێوەی ئەم سیستمەدا بێت! موسەویی جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەحمەدی نەژادو ئێستا ئەگەر ناوبراو لەجێگەی ئەحمەدی‌ نەژاد بوایە، هیچ كێشەیەك نەدەبوو، كێشەكە لەوەدا دروستبووە كەپێی وایە بەشێك لەدەنگەكانی بەقازانجی نەژاد شكاوەتەوە.

رێگا مەگەزین: باشە ئەگەر كەسەكان هیچ جیاوازییەكیان نییە، بۆ عەلی خامنەیی پشتگیری نەژاد زیاتر دەكات؟

هیجری‌: عەلی خامنەئی رایگەیاندوە كە ئەحمەدی نەژاد لەكەسەكانیتر زیاتر بڕیارەكانی دەباتە پێشەوە، ئەگەر سەیربكەین لەنزیكەی هەزارو چوار سەد كەس تەنها ئەو چوار كەسەیان هێشتۆتەوەو لەناو ئەو چواركەسەشدا ئەحمەدی نەژاد لەهەموویان زیاترە لەخامنەیی‌ نزیكە.

رێگا مەگەزین: ئەی بۆچی بەسەدان هەزار كەس دەڕژێنە سەرشەقامەكان؟

هیجری‌: ئەمە پرسیارێكی جوانە، مەسەلەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەخەڵكی بەتەواوەتی لەكۆماری ئیسلامی بێزارن، بەتایبەتی توێژی‌ گەنجان، ئەوان لەدەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن، لەم رووداوەشدا ئەو دەرفەتە بۆ خەڵكی هاتە پێش، ئێمە ئەگەر حسابی ئەوە بكەین ئەو كەسانەی رژانە سەر شەقامەكان هەموومان لایەنگرانی موسەویی‌و كەڕوبین، تووشی هەڵە دەبین، واتە مەسەلەكە كەسەكان نین، بەڵكو ناڕەزایی خەڵكییە.

رێگا مەگەزین: دەتوانین بڵێین شۆڕشێكی سپی لەئێران بەڕێوەیە؟

هیجری‌: راستە رژێم ئێستا هێزی‌ سەركۆت‌و ئیمكاناتی‌ ماددی‌ زۆری‌ لەبەردەستدایە، بەڵام رۆژبەرۆژ خەڵكی‌ لێ‌ دەبێتەوەو توانای‌ خۆی‌ لەدەست دەداو لەئاكامدا دەگاتە خاڵێك كەناتوانێت درێژە بەكارەكانی خۆی بدات، ئێستا قسەكە لەسەر ئەوەیە كەی ئەمە روودەدات؟ بەداخەوە ئێستا خەڵكی ناڕازین، بەڵام یەكگرتوو نین، بۆیە حكومەت دەتوانێت پەرتەوازەیان بكات، بەڵام ئەمەش هەروانابێت، ئەگەر سەیر بكەین زۆربەی حكومەتە دیكتاتۆرەكان بەهۆی كرداری نادروستی خۆیانەوە لەناو چوون.

رێگا مەگەزین: كەواتە خەڵكی ناڕەزا كێشەكەیان ئەوەیە كە رێكخراو نین؟

هیجری‌: بەڵێ ئەمە گرنگترین كێشەیە ئەگەر لەئێرانی ئێستادا خەڵكی یەكگرتوو بونایە، حكومەت نەیدەتوانی بەردەوامبێت.

رێگا مەگەزین: باشە ئێوە توانیوتانە خەڵكی ناڕەزایی شارەكانی كوردستان رێكبخەن؟

هیجری‌: ئێمە بەم پێیە گەورەترین كارمانكردوە، خەڵكی كورد لەئێراندا رێكخراوە، ئەگەر سەیربكەین لەیادی بیست ساڵەی شەهیدبوونی دكتۆر قاسملوو-دا راگەیاندن‌و رێكخستنەكانی ئێمە كارێكی وایانكرد كەبەشی هەرەزۆری خەڵكی كوردستان مانبگرن‌و دوكان‌و بازاڕ دابخەن، ئەوداخوازییەی حزب لەخەڵكی هەبوو جێبەجێیان كردو لەهەڵبژاردنەكانیشدا لەكوردستان كەمترین خەڵك بەشداریی كردو ئەو رێژەیەی حكومەتیش بڵاوی دەكاتەوە، راستنییە.

رێگا مەگەزین: كەواتە ئایندەی ولایەتی‌ فەقیهـ ئەوەندە درێژ نییە؟

هیجری‌: بێگومان وایە.

سەرچاوە: گۆڤاری‌ رێگا

 

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com