بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

باڵەوازە بوون لە قەفەسدا

ئێلهام چایچی‌

رۆژی‌ چواری‌ سەرماوەز، بەرامبەر بە 25ی‌ نوامبر، رۆژی‌ نێونەتەوەیی‌‌و جیهانیی‌ نەهێشتنی‌ توندوتیژی‌ بەرامبەر بە ژنانە. رێكەوتی‌ 25ی‌ نوامبر بە یادی‌ تیرۆری‌ سێ‌ خوشكی‌ چالاك لە بواری‌ مافی‌ ژنان (خوشكانی‌ "میرابال")، خەڵكی‌ كۆماری‌ "دومینیكن" هەڵبژێردراوە. كوشتنی‌ ئەم سێ‌ ژنە لە ساڵی‌ 1960، لە دەسەڵاتداریی‌ دیكتاتۆریی‌ "رافا‌وێل تروئیلو" رووی‌ داوە. ناودێر كردنی‌ ئەم رۆژە وەك رۆژی‌ جیهانیی‌ نەهێشتنی‌ توندوتیژی‌ بە دژی‌ ژنان، بە هۆی‌ رێزگرتن لەم سێ‌ خوشكە‌و هەروەها ناڕەزایەتی‌ دەربڕین دژی‌ هەبوونی‌ توندوتیژی‌ جینسی‌ لە جیهاندا بوو.

بۆ گەیشتن بە پێشكەوتنی‌ ئاشكرا لە دەستەبەربوونی‌ مافە مرۆییەكانی ژنان، دەبێ‌ هەرێمی‌ شەخسی‌ ئاڵ‌‌وگۆڕی‌ بەسەردا بێت‌و

 ئەگەر ئاستەنگێك لەسەر رێگای‌ جێگربوونی‌ عەقڵانییەت و كردەوەی‌ دێموكراتیك هەیە، لەنێو بچێت.

رێكخراوەكانی‌ پشتیوانی‌ مافی‌ مرۆڤ، سنوورێك لەنێوان هەرێمی‌ گشتی‌‌و هەرێمی‌ شەخسی‌ نابینن. كەسایەتیی‌ تووڕە لە كاتی‌ منداڵی‌دا قوربانی‌‌و یان بینەری‌ توندوتیژی‌ بووە. بۆیە توندوتیژی‌ لە حاڵەتی‌ گشتی‌دا بە یەك تاك‌و هەرێمی‌ شەخسیی‌ ئەو تاكەوە كورت نابێتەوە‌و قوربانی‌ لە دەورانی‌ گەورەساڵی‌‌و دوای‌ پێكهێنانی‌ بنەماڵە، هەر ئەو كردەوانە كە فێربووە لە بنەماڵەی‌ خۆی‌ بۆ چارەسەر كردنی‌ هەر كێشە‌و ئاڵۆزییەك، بەكار دێنێتەوە، دیاردەیەك كە لە كۆمەڵگای‌ كارناسی‌ بە "سووڕی‌ توندوتیژی‌" ناسراوە. بۆیە ئەم رێكخراوە پشتیوانی‌ لە ئابڕو ‌و پارێزراویی‌ جەستەیی‌‌و دەروونی‌ لە هەرێمی‌ شەخسیی‌ ژنان، لە گرینگترین ئامانجەكانی‌ خۆی‌ دەزانێت‌و لە دەوڵەتەكان داوا دەكات كە یاسایەك بۆ سەركۆنەكردنی‌ توندوتیژی‌ ناوماڵ‌ ئامادە، پەسند‌و جێ‌بەجێ‌ بكات.

ئەم ساڵ لە بارودۆخێكدا رێز لەم رۆژە دەگرین كە "بانكیمون" سكرتێری‌ رێكخراوی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكدا ئاماژە دەداتە ئەوەی‌ كە 70% ژنانی‌ جیهان لە درێژایی‌ ژیانی‌ خۆیاندا، لانیكەم، یەك جار لەگەڵ‌ دیاردەی‌ توندوتیژی‌ بەرەوڕوو بوونەتەوە‌و لەسەر گرینگیی‌ بەرەنگاری‌ لەگەڵ‌ توندوتیژی‌ بە دژی‌ ژنان پێداگریی‌ كردۆتەوە. لەم بوارەدا، چالاكییەكی‌ نوێی‌ ئەم رێكخراوە، پێك هێنانی‌ كەمپێنێكە كە پیاوانی‌ ناوداری‌ جیهانی‌ لە دەوری‌ یەك كۆكردۆتەوە‌و بەرنامەی‌ كارییان، چالاكیی‌ جۆراوجۆرە لەبواری‌ نەهێشتنی‌ توندوتیژی‌ بە دژی‌ ژنان.

هۆكارەكانی‌ سەرهەڵدانی‌ ئەم دیاردەیە لە هەموو كۆمەڵگاكان، بێجگە لەبەرچاو گرتنی‌ شێوەی‌ سیستەمی‌ حكوومەتی‌ كە لە جێگای‌ خۆی‌ دەتوانێ‌ رۆڵی‌ كاریگەری‌ هەبێت، دەگەڕێتەوە سەر فەرهەنگ، شێوەكانی‌ پیاوسالاری‌، نەداری‌، نەخوێندەواری‌‌و ... كە ژنان سەرەكیترین قوربانیانی‌ ئەم دیاردانەن.

وەك باس كرا، رۆڵی‌ كاریگەر‌و گرینگی‌ حكوومەتەكان نابێ‌ لەبیر بچێتەوە. حكوومەتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، 30 ساڵە بە شێوەی‌ سیستماتیك‌و ئاگایانە، نە تەنیا بە دژی‌ ژنان، بەڵكوو بە دژی‌ هەموو توێژەكانی‌ كۆمەڵگای‌ ئێران توندوتیژی‌ رەوا دەبینێ‌‌و لە هەر ئامرازێك بۆ سەپاندنی‌ توندوتیژی‌ كەڵك وەردەگرێ‌. حیجابی‌ زۆرەملی، هەڵاواردنی‌ جینسی‌، یاساكانی‌ دژبەژن، ئەشكەنجە، دەستدرێژی‌ جینسی‌ لە زیندانەكان، بەردبارانی‌ ژنان، لێدان لەبەرچاوی‌ خەڵك‌و ... لەو دەستە توندوتیژییانەن كە ژنانی‌ ئێمە لەگەڵیان بەرەوڕوون. دەتوانین بڵێین كە بارودۆخی‌ ژنی‌ ئێرانی‌ لەگەڵ‌ هەموو ژنانی‌ ئازاردیتووی‌ جیهان جیاوازی‌ هەیە، راهێنان‌و پەروەردە ئامرازگەلێكی‌ كاریگەرن بۆ بەرەنگاری‌ لەگەڵ‌ توندوتیژی‌. ژنانی‌ ئێمە ئاگاداری‌ ئەم بابەتە هەن، بۆیە زۆرترین رادەی‌ خوێندن لە زانكۆكان هەنووكە لە نێوان كچان‌و ژنانی‌ ئێرانی‌ دەبیندرێ‌. زۆربەی‌ ژنان لە ماف‌و ئەركەكانیان ئاگادارن، بەڵام بازنەیەكی‌ ئاسنین لە یاسا دژ بە ژنەكانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌، دەوری‌ ژنانی‌ گرتووە. باڵەوازە بوون، بەڵام لە قەفەس دا. ژنان بەرەنگارییەكی‌ هەمەلایەنە بەڕێوە دەبەن، ئەم بەرەنگارییە تا قوولاییەكانی‌ كۆمەڵگا رۆچووە. بەڵام بە هۆی‌ بەرتەسك بوونی‌ شێوەكانی‌ خۆپیشاندان بە مەبەستی‌ دەربڕینی‌ ناڕەزایەتی، نواندنێكی‌ وەها بەهێزی‌ نەبووە، بەڵام بەردەوامە.

رۆژنامەی‌ كوردستان ـ ژمارە 522

 

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com