بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

مامۆستا رەبیعی‌، مەشخەڵێكی‌ بڵێسەدار

 

عارف نادری‌

جیاوازی‌، سەربەستی‌، بڕیار، فرەیی‌، جۆراوجۆری‌‌و ...، چەمك‌و پێناسەگەلێكن كە دەسەڵاتی‌ تۆتالیتێر بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ‌ بوونیان قبووڵ‌ بكات. حەقیقەتێك كە لە نێوان بازنەی‌ دەسەڵاتداریی‌ پاوانكراوی‌ خۆیدا، پرسی‌ تاساندن‌و سڕینەوەی‌ ئەندێشەی‌ دژبەر‌و جیاواز، وەكوو بەشێك لە پێكهاتەی‌ خۆی‌ دەچەسپێنێت‌و وەكوو هۆكار‌و گەرەنتییەك بۆ مانەوەی‌ جێبەجێی‌ دەكا. بەمجۆرە مێژووی‌ قوربانیكردن‌و قوربانی‌بوونی‌ شكڵ‌ دەگرێ‌‌و مێژوویەكی‌ سوور‌و خوێناوی‌ كە شەوەزەنگ‌و تاریكی‌ بەرهەمیەتی‌، بەدی‌ دێت.

مەلا محەممەد رەبیعی‌، یەكێك لە هەرە مەزنترین قوربانیانی‌ جیابیری‌ لە سیستمی‌ یەكخوازیی‌ (مونیسم) كۆماری‌ ئیسلامی‌ بووە. مامۆستا بۆ نەتەوەكەی‌ كەسایەتییەكی‌ نەتەوەیی‌ خاوەن رۆڵ‌‌و بە باندۆر بوو، هاوكاتیش بۆ هێژموونیی‌ خۆسەپێنەری‌ دەسەڵاتدار، وەكوو هەڕەشەیەك لە قەڵەم دەدرا. ئەو ئامادە نەبوو بە پێی‌ حەزی‌ سوڵتان‌و پیاوەكانی‌ بجووڵێتەوە‌و لە پێناو بەرژەوەندیی‌ ئەواندا، حەقیقەت چەواشە‌و هزری‌ خۆی‌ رادەستی‌ بارەگای‌ حاكم بكات. بۆیە مامۆستاش بووە قوربانیی‌ تێرۆر‌و تێرۆریزم.

كرماشان، چ وەك ناوچەیەكی‌ ستراتژیك‌و چ وەك شارەگەورەی‌ كوردستان بۆ دەسەڵاتە ناوەندییە یەك لە دوای‌ یەكەكانی‌ ئێران، بە تایبەتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ گرنگییەكی‌ تایبەتی‌ هەبووە‌و هەیە. رێژیم هەروەك سیاسەتی‌ هەمیشەیی‌ خۆی‌ ویستوویەتی‌ لە كرماشانیشدا بە نانەوەی‌ دووبەرەكیی‌ مەزهەبی‌ لە نێوان كوردەكانی‌ شیعە‌و سوننی‌‌و یارسان، واتە كۆنترۆڵكردنی‌ ئەوان لە لایەن یەكترینەوە، جێگە پێیەك بۆخۆی‌ بدۆزێتەوە.

لە بەرامبەر هەوڵەكانی‌ رێژیمیشدا، كەسایەتییە نەتەوەیی‌‌و ئایینی‌یە سەربەخۆكانی‌ ناوچەكە تێ‌كۆشاون كە بە رۆشنگەری‌‌و ئاگایی‌بەخشینی‌ بەردەوام بە خەڵك‌و پێناسەیەكی‌ مرۆڤانە‌و كراوەتر لە پێكەوەژیان‌و پێكەوەهەڵكردنی‌ باوەڕ‌و بیر‌وبۆچوونە جیاوازەكان لەگەڵ‌ یەكتر‌و دروستكردنی‌ هەست‌و تێگەیشتنێكی‌ هاوبەش لەسەر بنەمای‌ نەتەوەخوازی‌‌و وڵات دۆستی‌، بەرەنگاری‌ پیلانەكانی‌ رێژیم ببنەوە. بێ‌ هیچ دڕدۆنگییەك، یەكێك لە سیما هەرە دیارەكانی‌ ئەم رەوتە لە باشووری‌ خۆرهەڵاتی‌ كوردستان‌و بەتایبەت كرماشان، مامۆستا رەبیعی‌ بووە. مامۆستا لە لایەكەوە وەكوو ئیمام‌و رێبەری‌ ئایینی‌ سوننە مەزهەبەكان،رۆڵێكی‌ هەرەگرینگی‌ لە دۆستایەتی‌، یەكیەتیی‌‌و یەكانگیریی‌ سوننە‌و شیعە‌و یارساندا گێڕاوە، هاوكاتیش بە خوێندنەوەی‌ دروستی‌ خۆی‌ لە ئایین پێشی‌ لە گەشەكردنی‌ بناژۆخوازیی‌ مەزهەبی‌ كە دەیتوانی‌ خزمەت بە ئامانجەكانی‌ رێژیم بكا‌و بیانووی‌ بۆ بتاشێت، گرتبوو. لە لایەكی‌ دیكەوە، مامۆستا بەهۆی‌ ئاشنایەتی‌‌و پێوەندی‌ لەگەڵ‌ جووڵانەوەی‌ نەتەوایەتیی‌ كورد‌و ئاگایی‌ بەربڵاوی‌ لەسەر مێژوو، ئەدەبیات‌و فەرهەنگی‌ نەتەوەكەی‌، هاوتەریب لەگەڵ‌ خزمەت بە ئایین، خزمەتی‌ بە زمان‌و گەشەی‌ فەرهەنگیی‌ نەتەوەكەشی‌ دەكرد. چوونكە ئەو كارەی‌ وەكوو خاڵی‌ پێكەوەلكان‌و پێوەندیی‌ كوردەكان بە تەواوی‌ جیاوازییە مەزهەبی‌‌و زاراوەیی‌یەكانیانەوە دەزانی‌. بۆیە مامۆستا هاوكات لەگەڵ‌ فێربوونی‌ وانە ئایینیەكان لە مزگەوتدا، فێربوونی‌ زمان‌و مێژووی‌ كوردیشی‌ بە ئەرك‌و پێویستییەكی‌ مرۆڤی‌‌و ئایینی‌ دەزانی‌‌و لەسەر پاراستن‌و فێربوون‌و فێركردنی‌ پێداگری‌‌و جەختی‌ دەكردەوە.

كۆماری‌ ئیسلامی‌ بە تێرۆركردنی‌ مامۆستا (12/9/1375)، ویستی‌ هەم مامۆستا نەمێنێت‌و هەمیش لەو رێگەیەوە یەكیەتیی‌ نەتەوەیی‌ كوردەكان لە كرماشاندا لێك بترازێنێت. بەڵام وریایی‌ گشتی‌، هەڵوێستی‌ هاوبەش‌و خاوەن دەركەوتنیان لە مامۆستا رەبیعی‌ ئەوەی‌ سەلماند كە مەشخەڵێك كە مامۆستا دای‌گیرساندوە، رووناكییەكە كە هەرگیز كوژانەوەی‌ بۆ نابێت.

رۆژنامەی‌ كوردستان ـ ژمارە 522

 

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com