وتووێژی گۆڤاری رێگا
له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حیجاب

ئایا راسته (قاسملوو)
ئێرانی مه‌حكوم كردووه له‌به‌رامبه‌ر كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا؟
راپۆرتی: سۆران عومه‌ر
رۆژنامه‌كانی به‌عس: سكرتێری حزبی دیموكرات، ئێران به
به‌رپرسی هێرش بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه ده‌زانێت!
دیداری: ستاره عارف
وتووێژێك له‌گه‌ڵ "عه‌بدوڵا حیجاب" نوسه‌ر‌و لێكۆڵه‌رو
چالاكی بواری سیاسی له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ده‌رباره‌ی
كورد‌و ئێران.
رێگا مه‌گه‌زین: ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی ئێران چۆن ده‌بینیت؟
عه‌بدوڵا حیجاب: بارودۆخی ئێسته‌ی ئێران ئاڵۆزتره له‌هه‌موو
سه‌رده‌مێك، به‌ڵام با زۆریش خۆشبین نه‌بین‌و ته‌نیا
ڕوواڵه‌تی مه‌سه‌له‌كان له‌به‌رچاو نه‌گرین، ئاڵۆزی
به‌مانای ئاماده‌بوونی زه‌مینه بۆ تێكچوونی خێرای
ڕژێم نیه. ئێران ئاوسانی ڕووداوه چاوه‌روان نه‌كراوه‌كانه‌و
هه‌ر هه‌ژانێكی سیاسی، عه‌سكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێ
شه‌پۆلێكی به‌هێزی لێبكه‌وێته‌وه كه‌ئه‌نجامه‌كانی
له‌كۆنترۆل به‌ده‌ربێ. بۆیه‌ش هه‌موو هه‌وڵی ڕژێم له‌وه‌دایه
كه پێش به‌وه‌ها هه‌ژاندنێك بگرێ.
ئه‌وه‌ی دیاره، ئه‌و به‌شه له‌لایه‌نگران‌و پارێزه‌رانی
ڕژێم كه‌پێیان وابوو ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌توانێ دروشمه‌كانی
به‌كرده‌وه به‌ڕێوه‌بباو ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ ئه‌وان
بڕه‌خسێنێ، هیوابڕاو بوون، نرخی نه‌وت به‌رێژه‌یه‌كی
چاوه‌روان نه‌كراو دابه‌زیوه‌و خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت
وه‌ك جاران پڕ نییه كارتێله‌ئابووریه‌كانی سه‌ر به‌بنیاته
جۆراوجۆره‌كانی ده‌زگای به‌رێوه‌به‌ری ئێران كه
ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به‌ڵێنی دابوو له‌نفووزو ده‌سه‌ڵاتیان
كه‌مبكاته‌وه له‌جاران به‌ده‌سه‌ڵاتترن و، نه‌یتوانی
به‌سه‌ریاندا زاڵبێ به‌شی توندڕه‌وتری ده‌سه‌ڵات كه‌خۆی
به"ئسوڵگه‌را" یا بنه‌ما پارێز ده‌ناسێنێ هاوئاهه‌نگ
كارناكاو له‌نێوان مه‌جلیس‌و حكومه‌تدا ناكۆكی ئاشكرا
هه‌یه. به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی به‌سیج یان میلیشیای ده‌ره‌وه‌ی
قه‌واره‌ی سوپای پاسداران زۆر به‌دڵی ئارته‌ش‌و ته‌نانه‌ت
به‌شێكی سوپای پاسدارانیش نیه. كۆمه‌ڵگا تاكو ملی له‌گه‌نده‌ڵیی
كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری‌و ته‌نانه‌ت ئه‌خڵاقی نوقمه.
بێكاری له‌ڕێژه‌ی 20%تێپه‌ڕیوه، به‌ملیۆن خه‌ڵك تووشی
به‌كارهێنانی ماده هۆشبه‌ره‌كان بوون، نه‌خۆشی ئایدز
له‌هه‌مووی وڵات‌دا بڵاوبۆته‌وه‌و گرانی شتومه‌ك خه‌ڵكی
ته‌واو بێزار‌و هه‌راسان كردووه.
رێگا مه‌گه‌زین: نه‌بوونی سه‌ركرده یان نه‌بوون‌و كزی
هێڵی ئایدۆلۆژی تاچه‌ند كاریگه‌رن له‌مێژووی بزوتنه‌وه
كوردیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتدا؟
عه‌بدوڵا حیجاب: بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
كولتورێكی جیاوازی سیاسیی دروستكردووه كه له‌جیاتی زه‌قكردنه‌وه‌ی
ده‌وری تاك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌ش بێ، پتر
گرنگی ده‌دا به‌بڕیاری به‌كۆمه‌ڵ، لایه‌نی باشی ئه‌و
كولتووره سیاسییه به‌هێزكردنی بنه‌ماكانی دیموكراسی‌و
جێگیركردنی پێوانه‌ی دیموكراسی له‌نێو بزوتنه‌وه‌دایه،
به‌ڵام لایه‌نی خراپیشی ئه‌وه‌یه كه‌ئه‌وانه‌ی
ئیدیعای سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن زۆر ده‌بن‌و شه‌ڕی سه‌رۆكه‌كان
پرشوبڵاوی دروست ده‌كات.
به‌رێوه‌به‌رانی بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
نه له‌ڕابردووداو نه له‌ئێستا له‌جه‌ماوه‌ری
رێكخراوه‌كانیان به‌جیا نه‌ژیاون هه‌ر بۆیه‌ش هه‌میشه
له‌مه‌ترسی له‌نێوبردندا بوون.
تیرۆركردنی كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك عه‌بدولڕه‌حمان
قاسملوو یا جێگره‌كه‌ی سادق شه‌ره‌فكه‌ندی خه‌سارێكی گه‌وره
بوو كه نه‌ته‌نیا له‌حزبی دیموكرات، به‌ڵكو هه‌موو
بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌وت. دوكتور
قاسملوو وه‌ك به‌رێوه‌به‌رو پێشه‌نگی بزوتنه‌وه‌ی كورد
له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕاوێژكارێكی جێی متمانه بۆ به‌شێكی
بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌باشوریش بوو كه یه‌كێتی نشتیمانی به‌رێوه‌ی
ده‌برد. كه‌وابوو بزوتنه‌وه‌ی كورد له‌رۆژهه‌ڵات
پوتانسیه‌لی دروستكردنی سه‌ركرده‌ی ئه‌فسانه‌یی بووه‌و
ئێستاش ده‌توانێ هه‌یبێ، به‌ڵام ئه‌و فه‌رهه‌نگه
دروست نییه، دیموكراسی‌و به‌رابه‌ری ناهێنێ‌و پێم
نادروسته كه بۆ دروست كردنی وه‌ها سه‌رۆكێك هه‌وڵ
بده‌ین. باسه‌رۆكه‌كان بێن‌و بڕۆن به‌ڵام بزوتنه‌وه‌یه‌كی
پێشكه‌وتنخوازی دیموكراسیمان به به‌رده‌وامی هه‌بێت.
له‌بواری هێڵی ئایدۆلۆژییه‌وه، با پێشتر ئه‌وه
رونكه‌مه‌وه كه هه‌ر حزب‌و ڕێكخراوێكی سیاسی له‌سه‌ر
بنه‌مای ئایدۆلۆژیایه‌ك داده‌مه‌زرێ. ده‌نا چۆن‌و چ
به‌رنامه‌یه‌كی ده‌بێ بۆ به‌رێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا، چ
رێبازێك هه‌ڵده‌بژێرێ بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه؟
رێكخراوه چه‌په‌كانی كورد وه‌ك لق‌و پۆپه‌كانی كۆمه‌له‌له‌سه‌ر
بنه‌مای ئایدۆلۆژی ماركسیستی دامه‌زراون، خه‌باته‌كان
تێكه‌ڵاوێكیان له‌ڕوانگه‌ی ئاینی‌و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان هه‌یه،
حزبی دیموكرات به به‌شه جیابووه‌كه‌یه‌وه له‌كۆنگره‌ی
(6)ه‌وه ڕویان له‌سۆسیال- دیموكراسی كردوه‌و PKKش له‌سه‌ر
بنه‌مای خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی له‌ماركسیزم حه‌ره‌كه‌تی
پژاكی له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ڕێخستوه‌و خۆی به‌هێزێكی
چه‌پ ده‌ناسێنێ.
رێگا مه‌گه‌زین: بزوتنه‌وه‌ی هیوا‌و ژێكاف‌و خۆڕاگری پێشه‌وا
چی شوێنه‌وارێكیان له‌سه‌ر خه‌ڵك به‌جیهێشتووه‌و كامیان
كاریگه‌رترن تا ئه‌مڕۆ؟
عه‌بدوڵا حیجاب: هه‌ر یه‌ك له‌ڕووداوه‌كان‌و ناوی پێشه‌وا
به شێوه‌یه‌ك‌و له‌شوێنی خۆیدا كاریگه‌رییان بووه.
ناو‌و هزری هیوا زیاتر له‌لای ئه‌و ڕووناكبیرانه‌ی كه
ئاگایان له‌مێژوو هه‌یه ده‌ناسرێ، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ی
ژێكاف زیاتر ناسراوه‌و وه‌ك هێلانه‌ی هزری نوێی نه‌ته‌وه‌یی
له‌و به‌شه‌دا چاوی لێده‌كرێ، ناوی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د
بۆ هه‌موو كوردێك به‌رزه‌و بووه به ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌یی.
پاراستنی مافی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌لایه‌ن پێشه‌واوه‌و
پێداگرتنی له‌سه‌ر هاوچاره‌نوسبونی كورد ئێستا وه‌ك
هێمایه‌كی به‌رز له‌هه‌موو كوردستاندا چاوی لێ ده‌كرێ.
رێگا موگوزین: حزبی تووده به به‌رنامه‌یه‌كی تازه‌وه
خۆی ده‌كاته هێزی ئه‌لته‌رناتیڤ، هۆی چی‌بوو كه‌نه‌یتوانی
ببێته هێزو زوو له‌ناو چوو؟
عه‌بدوڵا حیجاب: دوای مردوان، ڕه‌حمه‌ت باشه. هێزی چه‌پی
كلاسیك له‌ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا له‌جیاتی هێزێكی
دینامیك بۆ چاكسازی‌و گۆڕان، وه‌ك ئاینێكی نوێ هاته مه‌یدانه‌وه،
به‌ڵام ئاینێك كه نه‌بنه‌مایه‌كی به‌هێزی فیكری هه‌بوو
نه‌ئه‌و ته‌قه‌دوسه‌ی كه بتوانێ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك
بۆ لای خۆی ڕابكێشێ. ئه‌و چه‌مكه سیاسیانه‌ی كه ئه‌و
هێزه هێنایه ڕۆژه‌ڤه‌وه كۆپی ئه‌و چه‌مكه
توندڕه‌وانه بوون كه هێندێك له‌ڕێبه‌رانی بناغه‌ئاژۆی
ئاینی له‌قۆناغه جیاوازه‌كانی مێژوودا هێنابوویان، ته‌نیا
ناوه‌كان گۆڕدران، كۆمه‌ڵی باوه‌ڕمه‌ند بوو به‌هێزی
كرێكاری، عه‌داڵه‌تی دینی بوو به كۆمۆنیزم، كافره‌كان
ناوی بۆرژوایان پێ بڕاوه، جیهاد بوو به تێكۆشانی
بێ‌وچان هه‌تا سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر بورژوازیدا، مه‌كته‌به
ئاینیه‌كان بوون به مه‌دره‌سه حزبیه‌كان، خوشك‌و
برا بوون به هه‌ڤاڵ‌و فه‌قێ بوون به كادر‌و خه‌لیفه‌كان
بوون به‌ڕێبه‌ر.
رێگا مه‌گه‌زین: ئێران به‌رامبه‌ر به‌مه‌سه‌له‌ی كورد له‌هه‌ر
پارچه‌یه‌ك بێت جۆره مامه‌ڵه‌یه‌كی هه‌یه، بۆنمونه به‌رامبه‌ر
په‌ژاك هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌و له‌لایه‌كی
تریشه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دۆستایه‌تی ده‌كات‌و
دژی حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاته؟
عه‌بدوڵا حیجاب: كۆماری ئیسلامی هه‌میشه باشووری
كوردستان وه‌ك بنكه‌یه‌كی عه‌مه‌لیاتی بۆ به‌ره‌وپێش
بردنی سیاسه‌ته‌كانی له‌ناوچه‌دا چاو لێ ده‌كاو په‌یوه‌ندیی
له‌گه‌ڵ هێزه كوردیه‌كان له‌و ڕوانگه‌وه‌یه. به‌رهه‌می
ئه‌و په‌یوه‌ندییانه، بێجگه له‌چاندنی تۆیی دووبه‌ره‌كی،
بڵاوكردنه‌وه‌ی ماده‌هۆشبه‌ره‌كان، په‌ره‌پێدانی
توندئاژۆیی‌و به‌هێزكردنی تیرۆریزم چی دیكه‌بووه؟ به‌شێكی
زۆری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ڕێگای قه‌رارگاكانی ڕه‌مه‌زان‌و
حه‌مزه‌و سوپای قودسه‌وه بوون، دیاره وه‌ها په‌یوه‌ندییه‌ك
چی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
رێگا مه‌گه‌زین: په‌یوه‌ندی ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمی
كوردستاندا له‌سه‌ر ئاستی حزبه یان حكومه‌ت؟ له‌كاتێكدا
هه‌ندێك له‌حزبه‌كانی باشور ئێران به‌دۆستی ستراتیژی داده‌نێن،
تاچه‌ند ئه‌م په‌یوه‌ندییه زیان به‌دۆزی كورد به‌گشتی‌و
ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌تایبه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت؟
عه‌بدوڵا حیجاب: ئێران په‌یوه‌ندی كۆنی له‌گه‌ڵ حزبه‌كان
هه‌یه‌و زه‌حمه‌ته كه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان
وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی خۆبه‌رێوه‌به‌ر په‌یوه‌ندی
دروستی دۆستانه دامه‌زرێنێ. ئه‌وانه‌ی كه‌باسی په‌یوه‌ندیی
ستراتیژی ده‌كه‌ن، ده‌بێ ڕوونی بكه‌نه‌وه كه‌داخۆ
كورد‌و كۆماری ئیسلامی بێجگه له‌شه‌ڕی هاوبه‌شیان له‌گه‌ل
ڕژێمی سه‌دام چی دیكه‌یان هاوبه‌ش بووه‌و ده‌توانێ
هاوبه‌ش بێ؟ ئایدۆلۆژییان، تێڕوانینیان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌جیهانیه‌كان،
زمانیان، كولتووریان، هاوپه‌یمانێتی‌یه جیهانیه‌كانیان،
ئابوورییان، ته‌نانه‌ت جل وبه‌رگ‌و شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتیان؟
په‌یوه‌ندی ستراتێژی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی واتا دژایه‌تی
كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته‌ی كه له‌باشوری كوردستان
ده‌ستی پێكردوه‌و بۆ كورد بووه به‌هیوا، ئه‌و قسه‌یه‌ش
كه‌كراوه له‌سه‌ر حیسابی هه‌ڵه‌ی گوتن دایبنێین، ده‌نا
كورد‌و كۆماری ئیسلامی‌و هاوپه‌یمانێتی ستراتێژیی؟!
ئێران به‌هۆی ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئێراقدا بزاڤی كوردی باشوری
له‌شاخدا به‌رامبه‌ر به‌ئێراق به‌كارهێناوه‌و یارمه‌تی
داون، ئێستاش هه‌مان سیاسه‌تی كورد به‌رامبه‌ر به‌كورد به‌كاردێنێت.
رێگا مه‌گه‌زین: له‌كاتی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا
قاسملوو نكۆڵی له‌وه كردبوو كه‌ئێراق كیمیابارانی كردبێت‌و
رایگه‌یاندبوو كه‌ئێران به‌م كاره هه‌ستاوه هۆكه‌ی چی
بوو؟
عه‌بدوڵا حیجاب: هه‌ر چه‌ند ئه‌و پرسیاره په‌یوه‌ندی
به‌بابه‌تی دیمانه‌كه یا سیاسه‌تی هه‌نۆكه‌ییه‌وه
نیه، به‌ڵام مادام پرسیاره، وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه.
دوكتور قاسملوو سیاسه‌توانێكی به‌تواناو خاوه‌ن هه‌ڵوێست
بوو له‌چوارچێوه‌ی رێئالیزمی بزوتنه‌وه‌ی كوردیدا كه بۆ
به‌رده‌وامیی خه‌باتی چه‌كدارانه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ
ئه‌و ده‌وڵه‌تانه داده‌مه‌زرێنێ كه هاوكات له‌گه‌ڵ
كوردی "خۆی" به‌شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه شه‌ڕ ده‌كا، ڕه‌نگه
پتر له‌زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كورد حورمه‌تی نرخ‌و
به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پاراستبێ. سه‌باره‌ت
به‌هه‌ڵوێستی حزبی دیموكراتی
كوردستانی ئێران‌و دوكتور قاسملوو وه‌ك سكرتێری حزب له‌په‌یوه‌ندی
له‌گه‌ڵ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌ڵگه‌ی مێژووی
هه‌ن‌و ده‌بێ بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره پشت
به‌و به‌ڵگانه‌وه ببه‌ستین. وا نیه كه قاسملوو
نكۆلی له‌كیمیابارانی هه‌له‌بجه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه
كردبێ. به‌پێچه‌وانه‌وه، دوكتور قاسملوو به‌خۆبواردن
له‌دانه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی راسته‌وخۆ به‌م پرسیاره ئه‌و
بڕوایه‌ی به‌هێزتر كرد كه‌عێراق ئه‌و كاره‌ی كردبێ. ئه‌و
ده‌م قاسملوو له‌دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ رادیۆی (BBC)
گوتی "... ئێرانیش له‌شه‌ڕه‌كانی دا له‌دژی ئێمه گازی
كیمیاوی به‌كار هێناوه‌و وێ ده‌چێ كه له‌م هێرشه‌ی
دواییشدا ئه‌و گازه‌ی به‌كار هێنابێ... ئێمه وه‌ك
حدكا هه‌ر چه‌شنه هێرشێك بۆ سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی
له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه
كرابێ مه‌حكووم ده‌كه‌ین".
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی قاسملوو ئه‌وه نه‌با كه‌عێراق
مه‌حكوم بكا، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ر ناوی ئێرانی نه‌هێناوه،
كه‌وابوو هه‌ڵوێستی ئه‌و زۆر ڕوون بووه‌و ئه‌وه‌ش
بووه هۆی ئه‌وه كه ڕژێمی عێراق زۆر تووڕه‌ببێ‌و له‌كاتی
گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ڕێگای به‌غداوه بۆ كوردستان ته‌گه‌ره‌ی
بۆ بێنێته پێش.
دوكتور قاسملووش كه به‌ده‌گمه‌ن له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنه
گشتی‌یه‌كانی عێراق دیمانه‌ی ده‌كرد، ئه‌و ده‌م چه‌ندین
وتوێژی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌كانی به‌غدا پێكهێناو له‌هه‌موویاندا
هه‌ر هێرشی كردۆته سه‌ر هۆكاری به‌رده‌وامبونی شه‌ڕ
كه‌ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بووه، دووباره خۆی له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی
ڕاسته‌وخۆ‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیان به‌كیمیابارانی
هه‌ڵه‌بجه‌وه بوو پاراست، دواتر ڕۆژنامه‌كانی عێراق به
سه‌ردێری گه‌وره نووسیان "سكرتێری حزبی دیموكرات،
ئێران به به‌رپرسی هێرش بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه ده‌زانێ".
پڕۆفایل
ساڵی1984بووه به‌پێشمه‌رگه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستان‌و
بێژه‌ری ده‌نگی كوردستانی ئێران بوه تا ساڵی1990، له‌ساڵی1991وه
له‌نه‌رویج ده‌ژی‌و ماسته‌ری له‌زانستی سیاسی زانكۆی ئۆسلۆ
هه‌یه، چالاكی سیاسی‌و كاری نوسین‌و لێكۆڵینه‌وه ده‌كات.