دیمانه‌ی حه‌مید ته‌یموری
ئاماژه:
به‌ڕێز حه‌سه‌ن ئیبراهیمی، ناسراو به كاك مه‌لا
حه‌سه‌ن شێوه‌سه‌ڵـی، خه‌ڵكی شێوه‌سه‌ڵـی ناوچه‌ی
سه‌رده‌شت، له ساڵـی 1326ی هه‌تاوی له
بنه‌ماڵه‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێشدا له‌دایك بووه.
به‌ڕێزیان به هۆی نه‌بوونی قوتابخانه له
ناوچه‌دا، له حوجره‌ی فه‌قێیاندا فێری نووسین‌و
خوێندن به زمانی كوردی‌و فارسی‌و به‌تایبه‌ت
عه‌ره‌بی ده‌بێت. هه‌ر له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ
حیزب ئاشنا ده‌بێت‌و خولیای بوون به پێشمه‌رگه‌و
خزمه‌ت به گه‌ل‌و نیشتمان له مێشكی‌دا بیچم ده‌گرێ.
له ساڵه‌كانی 1340و 1341 به هاوكاری حیزب‌و
لایه‌نگری ته‌شكیلاتیی حیزب وه‌رده‌گیرێ‌و له
ساڵـی 1343ه‌وه به فه‌رمی ده‌بێته ئه‌ندامی
حیزب. له پاییزی ئه‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له
مامۆستایان‌و فه‌قێكان،یه‌كیه‌تیی قوتابیانی ئایینی
پێك دێنن. پێش شۆرشی 46ـ 47 ده‌بێته كادری
په‌یوه‌ندیی ته‌شكیلاتی ناوچه‌كه. له سه‌ره‌تای
پاییزی 1346ی
هه‌تاوی گیراو بۆ ماوه‌ی زیاتر له 5 ساڵ له
زیندانه جۆراوجۆره‌كانی ئێران‌دا زیندانی كرا. پاش
ئازادبوونی، جارێكی دیكه ده‌گیردرێ‌و ئه‌مجاره
به‌ناچار ئاواره‌ی عێراق ده‌بێت‌و له به‌غداد
قۆناخی ناوه‌ندی خوێندن ته‌واو ده‌كات. له به‌غداد
ده‌بێته به‌رپرسی شانه‌ی حیزبی. پاش ئه‌وه‌ی له
ساڵـی 1357دا كومیته‌ی زاگرۆسی حیزب له‌و كه‌سانه
پێك هات كه ئاماده‌بوون بێ‌قه‌یدوشه‌رت بگه‌ڕێنه‌وه
نێوخۆی وڵات‌و له ره‌وتی شۆڕشی گه‌لانی ئێران‌دا
رۆڵـی به‌رچاویان هه‌بێ، كاك مه‌لا حه‌سه‌ن ده‌بێته
ئه‌ندامی زاگرۆس‌و له نێوخۆی وڵات ده‌بێته
به‌رپرسی رێكخراوی ناوچه‌ی شنۆ‌و هه‌روه‌ها وه‌ك
به‌رپرسی سیاسی‌و نیزامی شیمالی كوردستان بۆ
به‌ڕێوه‌بردنی به‌رپرسایه‌تییه‌كه‌ی له كومیته‌ی
زاگرۆس له ورمێ جێگیر ده‌بێ. پاش ماوه‌یه‌ك به
هاكاریی شه‌هیدی نه‌مر دوكتور قاسملوو ده‌توانن
كومیته‌ی ورمێ پێك بێنن. له پاش ئه‌وه‌ی
به‌كرده‌وه، شۆڕشی گه‌لانی ئێران سه‌ركه‌وت‌و له
كاتێكدا تازه‌به‌ده‌سته‌ڵاتگه‌یشتووه‌كان له تاران
ده‌یانهه‌ویست شه‌ڕ به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا
بسه‌پێنن، كاك مه‌لا حه‌سه‌ن شێوه‌سه‌ڵـی وه‌كوو
به‌رپرسی نیزامیی سه‌رده‌شت، فه‌رمانده‌یی
ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شوێنه نیزامییه‌كانی
ده‌سه‌ڵاتی پێشووی پێده‌سپێدرێ‌و به‌وپه‌ڕی
لێوه‌شاوه‌ییه‌وه له كۆمه‌ڵه عه‌مه‌لیاتێكی
مه‌زندا هه‌موو ناوچه‌ی سه‌رده‌شت ده‌خاته ده‌ستی
خه‌ڵك. له كۆنگره‌ی 4 حیزب له ساڵـی 1358دا
ده‌بێته ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی‌و پاشان
ده‌فته‌ری سیاسی كه دواتر به چه‌ندین هۆوه له
ئه‌ندامه‌تیی ده‌فته‌ری سیاسی ئیستعفا ده‌دا. له
كۆنگره‌ی 5 به‌رپرسایه‌تیی هێزی مه‌زنی شه‌هید
موعینی قبووڵ ده‌كات‌و ده‌بێته ئه‌ندامی جێگری
كومیته‌ی ناوه‌ندی‌و به‌گشتی له كۆنگره‌ی 4 هه‌تا
كۆنگره‌ی 9، جگه له كۆنگره‌ی 5 ده‌بێته ئه‌ندامی
كومیته‌ی ناوه‌ندی. به‌رپرسایه‌تییه‌كانی له
سه‌ره‌تاوه، به‌رپرسی سیاسی ـ نیزامی له شیمالی
كوردستان، له شه‌ڕی سێ مانگه‌دا به‌رپرسی جیبهه‌ی
سه‌رده‌شت ـ پیرانشار، له 59دا فه‌رمانده‌ی هیزی
شه‌هید ئاواره، له 1361 به‌رپرسی هێزی شه‌هید
موعینی بووه.
له 16ی سه‌رماوه‌زی 1366دا، كۆماری ئیسلامیی
ئێران له كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستی‌دا، كتێبێكی
بۆمبڕێژكراو به ناوی "سپیددندان" (ددان چه‌رموو) بۆ
كاك مه‌لا حه‌سه‌ن شێوه‌سه‌ڵـی ده‌نێرێ كه
به‌داخه‌وه له ده‌ستیدا ده‌ته‌قێته‌وه كه هه‌ردوو
ده‌ست‌و هه‌ردوو چاوی به ته‌واوی له‌ده‌ست ده‌دا‌و
گوێیه‌كانیشی تا راده‌یه‌ی 75%و 25% له‌ده‌ست
ده‌دا. سه‌ره‌ڕای ئازای جه‌سته‌یی‌و ته‌نانه‌ت به
هۆگه‌لێكیشه‌وه ئازاری رۆحی، هه‌ر درێژه به
خه‌باتی لێوه‌شاوه‌و دیاری خۆی ده‌دا‌و له
كۆنگره‌كانی 8و 9ی حیزب‌دا به ئه‌ندامی كومیته‌ی
ناوه‌ندی هه‌ڵده‌بژێردرێ‌و كه دواتر ناچار ده‌بێ
له ساڵـی 1995ی زایینی، ئاواره‌ی ده‌ره‌وه‌ی
وڵات بێت. له ده‌ره‌وه به هۆی ئازاری
جه‌سته‌ییه‌وه له سه‌ره‌تاوه ده‌ست ده‌كات به
خوێندن كه پاش وه‌رگرتنی دیپلۆم، له زانكۆ
وه‌رده‌گیردرێ‌و پاش ته‌واوكردنی چوار تێرمی
خوێندنی باڵا، به‌هۆی ناراحه‌تی جه‌سته‌ییه‌وه
ناچار ده‌بێ به پێچه‌وانه‌ی حه‌زی بێ‌كۆتایی خۆی
واز له درێژه‌دانی خوێندن له زانكۆ بێنێ. ئێستا
وه‌كوو یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه دیار‌و
فیداكاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ـ
دێموكراتیكی گه‌له‌كه‌مان هه‌ر به چاوی دڵه‌وه
ئاگاداری بارودۆخی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌و له
كۆنگره‌ی 13و 14ی حیزب به ئه‌ندامی ئیفتیخاریی
كومیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی
ئێران هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه.
ـ
به‌ڕێز كاك مه‌لا حه‌سه‌ن شێوه‌سه‌ڵـی،
به‌ڕێزتان وه‌كوو كه‌سایه‌تی‌یه‌كی دیاری
بزووتنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان، پێتانوایه
پێكهاتنی كۆماری كوردستان چ رۆڵێكی له‌سه‌ر
به‌ره‌وپێشچوونی بزووتنه‌وه‌ی
نه‌ته‌وایه‌تیی ـ دێموكراتیكی گه‌له‌كه‌مان
داناوه؟
و: كاتێك باسی رووداوی تاریخی ده‌كه‌ین‌و
به‌تایبه‌ت كه باسی كۆماری كوردستان ده‌كه‌ین، یان
ده‌بێ ئه‌و كه‌سه بۆ خۆی شاهیدی عه‌ینی بێت یان
ده‌بێ پسپۆڕی ئه‌و بواره بێت، كه من نه شاهیدی
عه‌ینی كۆماری كوردستانم‌و نه پسپۆڕی ئه‌و
بواره‌م‌و به هۆی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تیی
جه‌سته‌ییمه‌وه ناتوانم به‌و جۆره موراجیعه به
كتێب بكه‌م، بۆیه من زیاتر پشت به‌و گێڕانه‌وانه
ده‌به‌ستم كه بیستوومه‌و به‌و كتێبانه‌و به‌و
به‌ڵگانه‌ی خوێندوومنه‌ته‌وه.
پێموایه باشتر ئه‌وه‌یه پێكهاتن‌و له‌ناوچوونی
كۆماری كوردستان پێكه‌وه باس بكه‌ین، چوونكه له
نێوان دروستبوون‌و تێكچوونی كۆماردا ته‌نیا 11 مانگ
ماوه هه‌یه. به‌ڵام كۆماری كوردستان له‌و
ماوه‌یه‌دا چه‌ند حه‌ره‌كه‌تی گه‌وره‌ی كردووه كه
جێگای شانازین‌و هه‌تا دنیایش هه‌یه
شوێنه‌واره‌كانیان ده‌مێننه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه
بمانهه‌وێ باسی كۆمار كوردستان بكه‌ین، له‌پێشدا
ده‌بێ باسی بنه‌مای یه‌كه‌می ئه‌م كۆماره واته
باسی كۆمه‌ڵه‌ی ژێ ـ كاف بكه‌ین، پێكهاتنی
كۆمه‌ڵه‌ی ژێ ـ كاف له ساڵـی 1321ی هه‌تاویدا
ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی مێژوویی بوو، كه‌وابوو
ده‌بێ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران‌و گه‌لی
كورد خۆیان به قه‌رزداری كۆمه‌ڵه‌ی ژێ ـ كاف
بزانن. ناسۆنالیزمی پڕره‌نگی كۆماری كوردستان شتێك
نیه كه ئینكار بكرێ، به‌ڵام من پێموایه كه ئه‌و
ره‌خنه‌یه‌ی به‌و خه‌ستوخۆڵیه‌ی له ژێر كاریگه‌ری
عه‌ناسوری ماركسیستی بڕێك توندڕه‌ودا ئاراسته‌ی
كۆمه‌ڵه‌ی ژ ـ ك كراوه. كۆمه‌ڵه ژ ـ ك، كۆمه‌ڵه‌ی
له‌دایكبووی رۆژگاری خۆی بوو‌و بۆ بیروباوه‌ڕی
ناسیۆنالیستی له‌و رۆژگاره‌یدا دیارده‌یه‌كی ئاسایی
بووه. پێكهاتنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كه شیعاری گونجاوی دێموكراسی هه‌ڵگرتبوو،
بازتابێكی به‌جێی مێژوویی بوو. كه‌س ناتوانێ
ئینكاری ئه‌وه بكات كه كۆماری كوردستان به‌ده‌ستی
حیزبی دێموكرات خولقا، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له
دێموكراسی ئه‌وه بێت كه زۆرایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی
به‌سه‌ر كه‌مایه‌تیدا هه‌بێ، هه‌روه‌ها پلۆرالیزم به
باشترین شێوه ره‌عایه‌ت بكرێ‌و ئازادییه فه‌ردی‌و
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌به‌رچاو بگیردرێ‌و
جیاوازییه‌كانی ره‌نگ‌و جینسی‌و ئایینی‌و غه‌یره
له‌نێو بچن، كۆماری كوردستان توانی ئه‌و ئه‌سڵانه
به باشترین شێوه جێبه‌جێ بكات‌و نه‌قش‌ونیگاری
چالاكانه‌و ماهیرانه‌ی خۆی به خه‌ڵكی كوردستان‌و
ئێران‌و دنیا نیشان بدات. كۆماری كوردستان له‌و ماوه
كورته‌دا زۆر هه‌ل‌و ده‌رفه‌تی ره‌خساند. له كۆماری
كورستاندا، ئیراده‌ی ئازادانه‌و گه‌ل حكومه‌تی
ده‌كرد، خه‌ڵك به راشكاوی پرسیاریان ده‌كرد، بیری
ئه‌وه له خه‌ڵكدا پێكهات كه بێ‌هۆ هیچ شتێك قبووڵ
نه‌كه‌ن‌و گوێ بۆ نه‌زه‌ری موخالیفانی خۆیان شل
بكه‌ن، له‌و ده‌مه‌دا ژیانی كوردی بووژایه‌وه‌و
رۆژنامه‌گه‌ری گه‌شه‌ی كرد، خوێندكاران بۆ
ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڕێ كران، په‌یمانی كوردستان‌و
ئازه‌ربایجان به‌سترا، حیزبی دێموكراتی كوردستان
له‌گه‌ڵ پێنج حیزبی دیكه‌ی ئێرانی بوو به
هاوپه‌یمان، هه‌وڵدرا كه دۆستایه‌تی له نێوان
گه‌لی كوردی‌و باقی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به‌هێز
بكرێ، ژنانی كوردستان شانیان وه‌به‌ر ئه‌ركه
نه‌ته‌وایه‌تی‌و ئینسانییه‌كانی خۆیان دا،
هه‌یئه‌تی سیاسی‌و نوێنه‌رایه‌تیی گه‌لی كورد به
شێوه‌یه‌كی زۆر رێك‌وپێك سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی
وڵاتیان كرد، كوردستان ته‌رحی ئابووریی خۆی داڕشت‌و
بوو به خاوه‌نی ئابوورییه‌كی به‌هێز، كوردستان
باوه‌شی گه‌رمی خۆی بۆ كورده‌كانی هه‌ر چوار
پارچه‌ی كوردستان‌و به‌تایبه‌ت بارزانییه‌كان
ئاوه‌ڵه كرده‌وه، ئه‌فسه‌رانی كورد ریزی سوپای
عێراقیان به‌جێهێشت‌و به‌وپه‌ڕی خاكه‌ڕایی‌یه‌وه
پێشمه‌رگایه‌تیی كۆماریان قبووڵ كرد، مه‌نتیق‌و
رێبه‌رایه‌تی حه‌كیمانه‌ی كوردستان وا جێی گرت كه
كورده‌كانی ئامریكا‌و ئورووپا به‌په‌له خۆیان
گه‌یانده كوردستان، رۆژنامه‌نووسان‌و وێنه‌گرانی
مه‌شهووری دنیا له كوردستان دامه‌زران، تیاتری
"دایكی نیشتمان" له‌سه‌ر شانۆ ئیجرا كرا كه
ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو، نه‌قش‌و رۆڵـی
كۆماری كوردستان ئه‌وه‌نده زۆر بوو كه من ئیستا
ته‌نیا توانیم باسی به‌شێكی زۆركه‌می بكه‌م. هه‌ر
ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌و نه‌قش‌و نیگار‌و رۆڵه‌كانی بوو
كه كۆماری كوردستانیان كرده چقڵـی چاوی دوژمنان‌و
نه‌یارانی ژووره‌وه‌و ده‌ره‌وه كه به هه‌موو
توانایه‌وه پیلانیان گێڕا بۆ ئه‌وه‌ی كۆماری
كوردستان بڕووخێنن كه به‌داخه‌وه به ئاواتی
چه‌په‌ڵـی خۆیان گه‌یشتن.
ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره
بده‌ینه‌وه كه كۆماری كوردستان چ ته‌ئسیرێكی
له‌سه‌ر جوووڵانه‌وه‌ی میللی ـ دێموكراتیكی گه‌لی
خۆی داناوه، ده‌بێ بگه‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌و به‌شه‌ی
كه كۆماری كوردستان چ ئه‌زمونێكی لێوه‌رگیراوه‌و چ
ته‌ئسیرێكی له‌سه‌ر كادره‌كانی حیزبی دێموكراتی
كوردستانی ئێران داناوه كه توانیویانه تا ئێستا
له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مووه گیروگرفته‌ی كه هاتووه‌ته
سه‌ر رێگایان، به شێوه‌یه‌كی ئوسوولی رێگای
خه‌بات‌و تێكۆشانی خۆیان درێژه بده‌ن. ئێستا شه‌ست‌و
چه‌ند ساڵه كه خه‌باتی حیزبی دێموكرات درێژه‌ی
هه‌یه، حیزبی دێموكرات له‌سه‌ر رابردووی خۆی
لێكۆڵینه‌وه‌ی كردووه‌و به ئه‌زموونێكی
زۆربه‌نرخ‌و بایه‌خدار گه‌یشتووه كه ئه‌و
ئه‌زموونانه ده‌توانن له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌كی
میللی ـ دێموكراتیكدا شوێنه‌وارێكی گه‌وره‌یان
هه‌بێ. شتێكی ئاشكرایه كه ئه‌و ئه‌زموونانه به
قیمه‌تی زۆرگران به‌ده‌ست هاتوون‌و نرخی
زۆرگه‌وره‌یان بۆ دراوه. مێژووی دوورودرێژ‌و
خوێناویمان ئێمه‌ی هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه كه
به وچانێكی زۆره‌وه چاوێك له رابردوومان بكه‌ین‌و
ته‌نیا دوژمنان به تاوانبار نه‌زانین‌و له
شكسته‌كانی رابردوودا خۆمان به به‌شدار بزانین.
مێژوو فێری كردووین كه ئێمه نابێ چیدی
كه‌مته‌رخه‌می بكه‌ین‌و ئه‌وه‌نده‌ی له تواناماندا
هه‌یه له باری سیاسی‌و فیكرییه‌وه خۆمان
باربێنین‌و فێربین‌و فێربكه‌ین‌و نه‌قشی رۆشنگه‌ریی
خۆمان له هه‌موو بواره‌كاندا به شێوه‌یه‌كی
ئوسوولی جێبه‌جێ بكه‌ین. زیانه‌كانی رابردوومان
فێری كردووین كه ئێمه له‌و كاته‌دا كاركوشته‌و
به‌ئه‌زموون‌و لێهاتووین كه له به‌رابه‌ر دوژمنی
غه‌داردا به ئیحتیاتتر‌و به‌ئه‌زموونتر بین،
هه‌روه‌ها ئێمه به‌و ئاكامه گه‌یشتووین كه به
له‌به‌رچاوگرتنی دیسیپلینی ئاگاهانه‌و
په‌روه‌رده‌كردنی كادری پێگه‌یشتوو‌و ئاگا له
مه‌یدانی تیۆری‌و كرده‌وه‌دا مه‌سه‌له‌یه‌كی
زۆرگرنگه، به‌هێزكردنی به‌ده‌نه‌و رێبه‌ری،
پشتبه‌ستن به چه‌وساوه‌كان‌و زه‌حمه‌تكێشانی
گه‌له‌كه‌مان‌و هه‌روه‌ها لێدانی پردی یه‌كیه‌تیی
به‌كرده‌وه له نێوان ئه‌وانه‌دا ئێمه به ئاكامی
باش ده‌گه‌یه‌نن‌و له سه‌ركه‌وتن نزیكمان
ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی رابردوو ئێمه‌یان
گه‌یاندووه‌ته ئه‌و جێگایه كه هه‌م له ژووره‌وه‌و
هه‌م له ده‌ره‌وه دۆستان‌و دوژمنانی تاكتیكی‌و
ئیستراتیژیكی خۆمان به شێوه‌یه‌كی زۆر له‌بار‌و
ئوسوولی بناسین، فه‌لسه‌فه‌ی باوه‌ڕبه‌خۆبوون له
خۆماندا به‌هێز بكه‌ین، له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
وه‌ك پایگایه‌كی قایم‌وقوڵـی ئینسانی‌و سیاسی
حیسابی خۆمان هه‌بێ‌و له موعادیلاتی سیاسی‌و
ئیمڕۆیی ئه‌وڕۆدا رۆڵـی عه‌قڵانی خۆمان بگێڕین.
ئێستا ئه‌زموونه تاڵه‌كان، شكسته‌كان‌و ده‌رسه‌كان
هه‌موومان وه‌ك مه‌شخه‌ڵێكی به‌رز رێگای خه‌بات‌و
تێكۆشانی میللی ـ دێموكراتیكی گه‌له‌كه‌مان روون
ده‌كه‌نه‌وه. حه‌ره‌كه‌تی میللی ـ دێموكراتیكی
ئێمه له سایه‌ی ئه‌و ئه‌زموونانه‌وه قۆناخه‌كانی
دینامیزم‌و پویایی خۆی ده‌پێوێ.
رۆڵـی
پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د وه‌كوو سه‌ركۆمار
تاچه‌ند به‌رجه‌سته‌یه‌و ئایا كه‌سایه‌تیی
به‌ڕێزیان له یه‌كده‌نگبوونی خه‌ڵك له‌و
سه‌رده‌مه‌دا شوێندانه‌ر بووه؟
له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌و ناساندنی شه‌خسییه‌تی
به‌رزی پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د، ده‌بێ
بگه‌ڕینه‌وه بۆ رۆژگاری پێش دامه‌زرانی كۆماری
كوردستان‌و زۆربه‌كورتی چاوێك به وه‌زعی ئێران‌و
كوردستان‌و دنیادا بخشێنین. ئه‌وه‌ی كه من له
كتێبی "چل ساڵ خه‌بات"ی دوكتور قاسملوو تۆزێكم
له‌بیر مابێ، له ساڵـی 1320ی هه‌تاویدا رێژیمی
ره‌زاشا رووخا، له‌شكری سوور له شومالی ئێران‌دا
جێگیر بوو، ئه‌وه بوو كه سۆڤییه‌تییه‌كان راسته‌وخۆ
له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی كورد‌و وه‌زعی كوردستان
رووبه‌ڕوو بوون، له‌دوای راپه‌ڕینه
عه‌شیره‌تییه‌كه‌ی
ورمێ تێگه‌یشتن له كوردستاندا هه‌ستێكی توند‌و
خه‌ستوخۆڵـی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌یه‌و ده‌بێ كه‌ڵكی
لێوه‌ربگرن، بۆیه سۆڤییه‌تییه‌كان‌و ئه‌فسه‌رانی
ئه‌و وڵاته ده‌ستبه‌كار بوون تا كه‌سێكی به‌توانا‌و
ژیر وه‌ك ئه‌سڵـی قه‌زییه له كوردستاندا
بدۆزنه‌وه‌و له راستیدا ئه‌وان به‌دوای
به‌نفووزترین ئینساندا ده‌گه‌ڕان.
پێشه‌وا
قازی موحه‌ممه‌د هه‌م له باری تێگه‌یشتن‌و ئاگایی
سیاسییه‌وه‌و هه‌م له باری نفووزی له نێو
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی
تێدابوو‌و ئه‌و كاراكتێره بوو كه سۆڤییه‌تییه‌كان
ده‌یانویست. ئه‌و هه‌یئه‌ته سی كه‌سییه‌ش كه له
چین‌و توێژه جۆراوجۆره‌كانی كورد له لایه‌ن
سۆڤییه‌تییه‌كانه‌وه بۆ باكۆ بانگهێشت كرابوو، وه‌ك
ئه‌من بیستوومه گۆیا به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه بووه كه
سۆڤییه‌تییه‌كان له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه كورده‌كان
موتالیعه بكه‌ن‌و بتوانن موخاته‌بی ئه‌سڵـیی خۆیان
بۆ دوارۆژ ببیننه‌وه. پێمخۆشه لێره‌دا ئاماژه
به‌وه بكه‌ین كه چه‌ند مانگ پێش پێكهاتنی كۆماری
كوردستان، نازیسمی ئاڵمانی به سه‌رۆكایه‌تی
هیتلێر‌و فاشیزمی ئیتالیا به سه‌رۆكایه‌تی
موسولینی‌و هه‌روه‌ها ئیمپراتۆری ژاپۆن تێك
رووخابوون، له رۆژهه‌ڵاتی ئورووپادا هێندێ كۆماری
سوسیالیستی خه‌ریكی پێكهاتن‌و شكڵگرتن بوون.
سۆڤییه‌تییه‌كان ئه‌وجار پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دیان
چاك ناسیبوو و له راستیدا ئه‌وان كه‌سایه‌تیی
ئیده‌ئال‌و هه‌روه‌ها خاوه‌ن نفووزی خۆیان له
كوردستاندا دۆزیبووه‌و به‌و نفووزه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و
سیاسییه كه له شه‌خسی پێشه‌وایان ده‌رك ده‌كرد،
زۆر پیانخۆش بوو كه له‌گه‌ڵ پێشه‌وا كار بكه‌ن.
سۆڤییه‌ته‌كان كه له تێكشكاندنی فاشیسمدا رۆڵـی
گه‌وره‌یان هه‌بوو‌و به‌ته‌نیا 20 میلیۆن كوشته‌یان
دابوو‌و تووشی وێرانبوون‌و زیان‌وزه‌ره‌ری زۆرقورس
هاتبوون، نفووزێكی زۆریان له دنیای ده‌ره‌وه‌دا
په‌یدا كردبوو، هه‌روه‌ها شوره‌وی كه له دنیای
ده‌ره‌وه‌دا ته‌نیا پشتیوان‌و دۆستی كورده‌كان بوو‌و
ته‌نیا ده‌روازه‌ی كوردستان بۆ دنیای ده‌ره‌وه
بوو‌و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بوونی پێشه‌وا قازی
محه‌ممه‌د وه‌كوو كه‌سایه‌تی‌و ئینسانێكی به‌توانای
سیاسی‌و شه‌خسییه‌تی هه‌ڵكه‌وتووی كۆمه‌ڵایه‌تی،
وه‌كوو ئینسانێكی خاوه‌ن فه‌رهه‌نگی به‌هێز، وه‌كوو
ئینسانێكی خاوه‌ن پرستیژ‌و ئیعتبار‌و نفووز، وه‌زن‌و
قورسایی‌و حورمه‌ت‌و ئۆتۆریته‌ی زیاتری بۆ خه‌باتی
ره‌وای گه‌له‌كه‌مان به‌دیاری ده‌هێنا. پێشه‌وا بوو
كه خاوه‌ن گه‌نجینه‌ی گه‌وره‌ی زانست‌و فه‌رهه‌نگ
بوو و به ئاشنایی به حه‌وت زمانی زیندووی دنیا
زیاتر له هه‌موو كه‌س ده‌یتوانی به‌تایبه‌تی له
پۆستی سه‌ركۆماری‌دا رێبه‌ری راسته‌وخۆ‌و راست‌و
دروست‌و زمانی ئاگای گه‌لی به‌شخوراوی كورد بێت.
ـ پێتانوایه هه‌بوونی حیزبێكی مۆدێرن وه‌كوو
حیزبی دێموكراتی كوردستان له پشت كۆماره‌وه تا
چه‌ند یارمه‌تی به مۆدێرن بوونی كۆمار داوه؟
مۆدێرنبوون‌و سه‌رده‌می‌بوونی كۆماری كوردستان له
سه‌رده‌می‌بوونی حیزبی دێموكراتی كوردستانی
ئێرانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، چوونكه كۆماری
كوردستان به‌ده‌ستی به‌هێزی پێشه‌وا قازی
محه‌ممه‌د‌و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێك
هات، له راستیدا موهه‌ندیسی ئه‌سڵـی كۆماری
كوردستان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانه‌و
كۆماری كوردستان ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ته‌لار‌و
ناوه‌رۆك‌و به‌رنامه‌ی حیزبی دێموكراته. كه‌وابوو
بۆ ده‌ركی ئه‌و واقعییه‌ته‌و تیشك خستنه سه‌ر
سه‌رده‌می‌بوونی كۆماری كوردستان ده‌بێ
بگه‌ڕینه‌وه بۆ ناوه‌رۆكی سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵـی
كۆمار، واته حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.
حیزبی دێمورات زۆر زوو توانی ته‌كانێكی مێژوویی
وه‌ها له خۆی نیشان بدات‌و پێ بنێته نێو جه‌غزی
مۆدێرنیزه‌بوون‌و چاكسازی‌و خۆی له‌گه‌ڵ رۆژگار‌و
هه‌لومه‌رجی ئه‌وكاته‌دا رابێنێ، پێش هه‌موو شتێك
پێمخۆشه ئیشاره به‌وه بكه‌م كه هه‌ڵگرتنی دروشمی
گونجاوی "دێموكراسی" وه‌ك دروشمی هه‌ڵقوڵاوی
خه‌ون‌و ئاواته له‌مێژینه‌كانی میلله‌تی ژێرچه‌پۆك،
به‌رهه‌می حیزبی دێموكراتی كوردستانه، بۆیه كێشان
به‌ره‌و مه‌یدانی تازه‌بوونه‌وه‌و نوێبوونه‌وه‌و
وه‌ده‌ركه‌وتن به‌مه‌به‌ستی حه‌للی به‌كرده‌وه‌ی
گیروگرفته‌كان له‌و مه‌یدانه‌دا تازه‌یه. به‌وپێیه
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران له كۆماری
تازه‌ی خۆیدا به‌مه‌به‌ستی كه‌ڵكوه‌رگرتن له
گوتاری دێموكراسی بۆ حه‌للی به‌كرده‌وه‌ی
مه‌سه‌له‌كان له‌سه‌ر سێ میحوه‌ری ئه‌ساسی ده‌ستی
به‌كاركردن كرد، یه‌كه‌م، راكێشان‌و هێنانه‌مه‌یدانی
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له ژێر تیشكی
ناوه‌ڕۆكی به‌رنامه‌یه‌كی روونی سیاسی كه
جه‌ماوه‌ری شار‌و دێ بتوانن لێی حاڵـی بن‌و له
ژێر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا بتوانن رێگای خه‌باتی
دوارۆژی خۆی دیاری بكه‌ن، دووهه‌م، نزیك كردنه‌وه‌و
له لێك گرێدانی خه‌باتی گه‌لی كورد‌و گه‌لانی
دیكه‌ی ئێران به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی
دێموكراسی بۆ وڵات‌و هه‌روه‌ها دژایه‌تی‌و
به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ل هه‌رچه‌شنه فیكره‌یه‌كی
ناله‌باری ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا، سێهه‌م، حیزبی دێموكرات
ده‌یهه‌ویست پشتیوانیی گه‌لانی ئازادیخواز‌و دژی
فاشیزمی جیهانی بۆ لای خۆی رابكێشی‌و له نفووزی
به‌هێزتر له جیهانی ئه‌ورۆژه‌دا به قازانجی
گه‌له‌كه‌ی خۆی كه‌ڵك وه‌ربگرێ. ئه‌و سێ خاڵه
باسمان كردنن هه‌موویان شتی تازه بوون كه حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران هه‌وڵـی بۆ ده‌دا.
به‌تایبه‌ت خاڵـی سێهه‌میان مه‌سه‌له‌یه‌كی تازه
بوو، چوونكه بۆ یه‌كه‌م جار بوو، خه‌باتی گه‌لی
كورد له‌گه‌ڵ خه‌باتێكی به‌رینی جیهانی‌دا
ده‌چوونه ناو یه‌ك به‌ره‌وه. له‌و كاته‌دا حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێران به‌رنامه‌ی خۆی له
هه‌شت مادده‌دا بڵاو كرده‌وه كه به‌شی زۆریان شتی
تازه بوون. ئه‌گه‌ر له كۆماری كوردستاندا
كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی نازه‌نین‌و ره‌نگین پێك
هات‌و له‌وێدا جیاوازیدانانی جینسی، فه‌رهه‌نگی‌و
نژادی‌و مه‌زهه‌بی زینده‌به‌چاڵ كرا‌و رێز بۆ
هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی جووله‌كه‌كان‌و
ئازه‌ربایجانییه‌كان‌و ئاسووری‌و ئه‌رمه‌نییه‌كان
دانرا‌و په‌یمانی هاوكاری‌و به‌رگریكردن له یه‌كتر،
له كوردستان‌و ئازه‌ربایحان مۆر كرا‌و ئه‌گه‌ر
به‌ره‌یه‌كی به‌رین له نێوان حیزبی دێموكرات‌و پێنج
حیزبی به‌رینی سه‌رتاسه‌ریی ئێران پێك هات‌و چه‌ند
شتی دیكه‌ش، هه‌موویان به‌رهه‌می ئیبتكار‌و فیكری
نوێخوازانه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
بوون‌و له نێو جه‌غزی هه‌ڵسووران‌و تێكۆشانی
كۆماردا ره‌نگیان دایه‌وه‌و به‌كرده‌وه تا ئه‌و
جیگایه‌ی توانرا هه‌نگاویان بۆ هه‌ڵ‌هێنرا.
ـ كۆماری كوردستان له زۆر بواردا توانیویه‌تی
بناغه‌و بنه‌مای بواره جیاجیاكانی داهاتووی
خه‌باتی گه‌له‌كه‌مان دابڕێژێ كه یه‌كێك
له‌وانه پێكهاتنی سوپای میللی له‌و
سه‌رده‌مه‌دا بوو، ده‌كرێ به‌ڕێزتان زیاتر
له‌سه‌ر دامه‌زراندنی سوپای میللی كوردستان
بۆمان باس بكه‌ن؟
كۆماری كوردستان شكل‌و قه‌واره‌و ناوه‌ڕۆكی
ده‌وڵه‌تی هه‌بوو، له‌سه‌ر سێ پایه‌ی هێزه‌كانی
قه‌زاییه‌و موقه‌ننه‌نه‌و موجرییه دامه‌زرابوو،
به‌شی به‌رچاوی هێزی پێشمه‌رگه یان سوپای میللی
بوو كه تێكرا یونیفۆرمی نیزامی‌یان ده‌پۆشی‌و له
سه‌ربازان‌و ده‌ره‌جه‌داران‌و ئه‌فسه‌رانی خوار‌و
ئه‌رشه‌د پێكهاتبوو. گومان له‌وه‌دا نیه كه
پێكهاتنی ئه‌و سوپایه سه‌ركه‌وتنێكی یه‌كجارگه‌وره
بۆ گه‌لی كورد بوو، چوونكه گه‌لی كورد هه‌رگیز
سوپایه‌كی ئاوای به‌خۆیه‌وه نه‌دیبوو. له
سه‌رتاسه‌ری مێژوودا هه‌رگیز لاوانی كورد ئه‌وه‌نده
هه‌ستیان به سه‌ربه‌رزی نه‌كردبوو، پێشمه‌رگه‌كان
كه له جووتیاران‌و زه‌حمه‌تكێشان پێك هاتبوون
به‌تێكڕا ئاماده‌ی فیداكاری بۆ كۆمار بوون. به‌ڵام
هێزی میللی سه‌روسامانێكی رێكوپێكی په‌یدا نه‌كرد،
ئه‌وه‌ش به دوو مه‌سه‌له‌دا ده‌رده‌كه‌وت، یه‌كه‌م،
هێزی پێشمه‌رگه چ له باری سیاسی‌و چ له باری
نیزامییه‌وه وه‌كوو پێویست نه‌بووه، ته‌نیا مه‌رجی
بوون به پێشمه‌رگه كوردبوون‌و لێزانینی چه‌ك بوو،
ئاییننامه‌ی ره‌سمیی سوپای مللی نه‌نووسرابوو و
به‌شكۆ‌و دیسیپلینی نیزامی به‌ته‌واویی جێگیر
نه‌بوو. ره‌وابیتی عه‌شیره‌تی وه‌ك نه‌پسێن له
به‌ژن‌وباڵای سوپای میللی‌یه‌وه ئاڵابوو و
ده‌ست‌وباڵای شه‌كه‌ت دابوون‌و زیانی زۆری به
سوپای میللی گه‌یاند. دووهه‌م، ئه‌گه‌رچی سوپای
میللی زۆر سه‌ركرده‌ی به‌جه‌ربه‌زه‌و نه‌به‌ز‌و
لێوه‌شاوه‌ی له نێوخۆی‌دا په‌روه‌رده كردبوون‌و
پێگه‌یاندبوون‌و ئه‌وانه جێگای هیوای دوارۆژی
گه‌له‌كه‌مان بوون‌و هه‌وره‌ها وه‌كوو پێشمه‌رگه
ئاگایی سیاسی‌و نیزامی‌یان له پله‌یه‌كی به‌رزدا
بوو، به‌ڵام مه‌خابن زۆربه‌ی ئه‌فسه‌رانی هێز له‌و
سیفه‌ته ئه‌ساسییه بێبه‌ش بوون كه بۆ هه‌موو
ئینسانێكی نیزامی‌و شۆڕشگێر پێویستن، سه‌ركردایه‌تی
هێزی میللی لاواز بوو‌و له توانایدا نه‌بوو ئه‌ركی
سینفی‌و دژواری پاراستنی كۆماری كوردستان
به‌ئه‌ستۆ بگرێ‌و له ئاكامدا سوپای میللی
نه‌ته‌نیا دیفاعی له كۆماری نه‌كرد، به‌ڵكوو
دیفاعی له‌خۆیشی نه‌كرد. لێره‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم كه
ئاشبه‌تاڵ ته‌نیا تایبه‌ت به سوپای میللی
نه‌بووه‌و ئه‌و سوپایه ته‌نیا هێزێك نیه كه له
ئاشبه‌تاڵدا مه‌سئوول بوو، سوپای میللی هێزێكی
شلك‌وناسك بوو، تازه پێی هه‌ڵ‌ده‌گرت، تازه خه‌ریك
بوو وه‌گه‌ڕ ده‌كه‌وت، من به چاوی خۆم چه‌ند هێزی
پۆشته‌و ته‌یار‌و مۆدێڕنم دیوه كه كاتێكی
دیتویه‌تی كه رێبه‌رایه‌تییه‌كه‌ی تێكچووه، وه‌ك
به‌فری هاوینی تواونه‌ته‌وه.
ـ رۆڵی بارزانییه‌كان له كۆماردا هه‌میشه
جێگای باس‌و شانازی بووه، ئایا به بڕوای ئێوه
ده‌كرێ باسی كۆماری بكرێ به‌بێ ئه‌وه‌ی
باسی رۆڵـی بارزانییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تیی
به‌ڕێز مه‌لا مسته‌فا بارزانی بكرێ؟
لێره‌دا راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر، هێندێ واقعییاتی
تاریخی هه‌یه كه ناتوانی به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕی یان
فه‌رامۆشی بكه‌ی یان له‌بیرخۆتیان به‌ریته‌وه‌و
باسیان نه‌كه‌یت. بۆ من كه نه شاره‌زاییم كه مێژوو
هه‌یه‌و نه له‌گه‌ڵ كۆمار بووم‌و نه له
نزیكه‌وه‌ش بارزانییه‌كان ده‌ناسم، ده‌كرێ باس له
كۆمار بكه‌م‌و نێوێكیش له بارزانییه‌كان نه‌هێنم.
به‌ڵام تا كوێ له‌گه‌ڵ ویژدان دێته‌وه‌و تا كوێ
مونسیفانه‌یه، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه. هه‌ڵوێستێكی زۆر
بێ‌ئینسافانه‌و داوه‌رییه‌كی زۆرناعادلانه‌یه كه
باسی كۆماری كوردستان بكه‌ی، به‌ڵام نه‌خشی گرنگ‌و
به‌رچاوی بارزانییه‌كان فه‌رامۆش بكه‌ی.
بارزانییه‌كان به‌شێكن له مێژووی شۆڕشگێڕانه‌ی
گه‌لی كورد‌و كۆماری كوردستان، به‌شداری‌و
فیداكاری بارزانییه‌كان به‌تایبه‌تی‌و هه‌روه‌ها
به‌شداری‌و له‌خۆبردوویی كورده‌كانی پارچه‌كانی
دیكه‌ی كوردستان جێگای شانازیی هه‌موو لایه‌كی
ئێمه‌یه. كه‌سێكی بێ‌هێزی وه‌ك من باسی قه‌زییه‌ی
بارزانییه‌كان بكا یان نه‌كا، مێژوونووسانی ناوخۆ‌و
ده‌ره‌وه له‌سه‌ر پاڵه‌وانه‌تی‌و قاره‌مانی ئه‌وان
به پاراوی نووسیویانه. به‌ڵام لێره‌دا ئیمكانی
ئه‌وه نیه باسی هه‌موو كون‌وقوژبنی ئه‌و
مه‌سه‌له‌یه به‌وردی بكه‌ین، به‌ڵام هێندێ شت هه‌ن
كه ده‌رسن، ئامۆژگارین، حه‌ماسه‌تن، نوخته‌ی به‌رز‌و
رووناكن‌و مه‌شخه‌ڵن كه ئه‌گه‌ر له‌بیر بچنه‌وه هه‌م
وه‌كوو فه‌رد، هه‌م وه‌كوو میلله‌ت زه‌ره‌ری زۆرمان
پێده‌گا. نه‌خشی بارزانییه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی
روون‌و به‌رچاوه،به‌ڵام له مه‌یدانی
به‌ره‌نگاربوون‌و ده‌سته‌ویه‌خه‌بوون له‌گه‌ڵ
دوژمنانی فێڵبازی میلله‌ته‌كه‌ماندا هێندێ نوخته‌ی
زۆر رووناك‌و ئاوڕدانه‌وه‌و وه‌رچه‌رخانه‌وه‌و
كشانه‌وه‌ی زۆرحه‌كیمانه‌و ژیرانه‌و وردبینانه
هه‌یه كه له شه‌خسی بارزانی نه‌مردا خۆده‌نوێنن.
سه‌رداری نه‌مر مه‌لا مسته‌فا بارزانی ئه‌ركی
قورسی به‌رپرسایه‌تیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی
له‌سه‌رشان بوو، له هه‌موو مێژووی مانه‌وه‌یاندا له
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ ساتێك رانه‌وه‌ستان‌و
هه‌ناسه به‌دوای هه‌ناسه له مێژووی
گه‌له‌كه‌ماندا تۆماریان كرد. چه‌ندین شاكاری
گه‌وره‌ی له مه‌یدانی سیاسی‌و نیزامی‌دا له خۆی
نیشان دا كه دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان سه‌ریان سووڕما،
ده‌كرێ پاشه‌كشه‌ی بارزانییه‌كان له ژێر رێنوێنی
حه‌كیمانه‌و وردبینانه‌ی بارزانی نه‌مردا، شه‌ڕی
سه‌قز‌و زۆر حه‌ماسه‌ی تر وه‌بیر بێنینه‌وه. ئه‌وان
توانییان گه‌لێك پسپۆڕانه‌و وردبینانه‌و به‌بێ
ئه‌وه‌ی زیانیان پێ‌بگا به‌ره‌و ناوچه‌ی مه‌هاباد
پاشه‌كشه بكه‌ن، كه پاشه‌كشه به تاكتیكێكی زۆر
شاره‌زایانه‌و نیزامییانه داده‌نرێ. شانۆی
پێكهه‌ڵپرژانی له‌شكری شا‌و بارزانییه‌كان له چه‌ند
جێگای جۆراوجۆردا‌و هه‌وه‌رها تێكشكاندنی
سه‌رشوڕانه‌ی له‌شكری پۆشته‌وپه‌رداخی ئێرانێ كه
ده‌ستووری راسته‌وخۆی له ده‌رباری شاوه
وه‌رده‌گرت‌و هه‌روه‌ها ئێعترافی ئه‌رته‌شی ئێران
به‌وه‌ی كه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ دوژمنی ئاوا سه‌رسه‌خت
به‌ره‌وڕوو نه‌بووه، تا راده‌یه‌ك تێكشكانی كۆماری
كوردستانی قه‌ره‌بوو كرده‌وه‌و برینی گه‌وره‌ی
سه‌رتاسه‌ری كوردستانی تا راده‌یه‌ك ساڕ‌ێژ
كرده‌وه‌و فێنكایی به دڵـی دانیشتووانی هه‌ر چوار
پارچه‌ی كوردستان به‌خشی. ئامۆژگاریی بارزانی
نه‌مر به ئه‌فسه‌ره شۆڕشگێڕه‌كانی كورد كه باوه‌ڕ
به حكوومه‌تی عێراق نه‌كه‌ن‌و نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ
وڵاتی عێراق، به‌داخه‌وه كاریگه‌ر نه‌بوو و دوای
گه‌ڕانه‌وه‌یان‌و شه‌هیدبوونیان، راستی‌و دروستی
ئامۆژگارییه‌كانی بارزانی نه‌مر ده‌ركه‌وت.
پاشه‌كشه‌ی لێزانانه‌و وردبینانه‌ی بارزانییه‌كان
له ژێر فه‌رمانده‌یی بارزانی نه‌مر‌و هه‌روه‌ها
هێرشی په‌یتاپه‌یتای توركیه‌و عێراق‌و ئێران به
له‌شكری ده‌هه‌زار كه‌سییه‌وه له كۆڕ‌و
كۆمه‌ڵه‌كانی دنیادا وه‌ك تۆپ ته‌قیه‌وه‌و ده‌نگی
دایه‌وه. بڕینی رێگا به شه‌ڕی نیوه‌شه‌و و
تێكشكاندنی دوژمن له‌سه‌ر پردی ماكۆ‌و كێوی ئاراس‌و
گه‌یشتن به خاكی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌تی، داستانێكی
دیكه‌ی هه‌ره‌قاره‌مانه‌تی‌و شانازی بۆ گه‌لی
كورد‌و به تایبه‌تی بۆ بارزانییه‌كان تۆمار كرد. له
ژیانی پڕله ته‌نگ‌وچه‌ڵه‌مه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی
بارزانییه‌كان‌و به‌تایبه‌تی ژیانی سه‌خت‌و دژواری
نه‌مر مه‌لامسته‌فای بارزانی‌و هه‌روه‌ها
ماندوویی‌و هه‌وڵ‌وته‌قه‌لای بێوچانی ئه‌و هێزه
شۆڕشگێڕه بۆ به‌ئاكام گه‌یاندنی كۆماری كوردستان
هه‌رگیز فه‌رامۆش ناكرێن‌و له مێژوودا به ئاوی زێڕ
ده‌نووسرێنه‌وه. خۆگێل كردن له‌و واقعییه‌ته
تاریخییانه، ته‌نیا كاری دوژمنانی گه‌لی كورده‌و
به‌س.
ـ كاك مه‌لا حه‌سه‌ن هه‌روه‌ك ده‌زانین ئه‌و
بواره گرێدراوانه به كۆماری كوردستانه‌وه
كه پێویستیان به تاوتوێی تایبه‌تی‌و دوانی
زیاتر هه‌یه‌و له ده‌رفه‌تی ئه‌م وتووێژه‌دا
ناكرێ له‌سه‌ر هه‌موویان پرسیارتان ئاراسته
بكه‌ین. وه‌كوو دواپرسیار داوامان له به‌ڕێزتان
ئه‌وه‌یه كه سه‌باره‌ت به ئاڵای كوردستان‌و
سروودی نه‌ته‌وایه‌تیی كۆمار بۆمان باس بكه‌ن؟
كه باسی ئاڵای كوردستان ده‌كه‌ین هه‌میشه وه‌بیر
شێعره‌كه‌ی مام هه‌ژار ده‌كه‌ومه‌وه، كه پێموایه
له كاتی هه‌ڵدانی ئاڵا له بۆكاندا گوتوویه‌تی
"بێ ببینێ ئه‌و كه‌سه‌ی پێی وابوو كورد
سه‌رناكه‌وێ ـ كێ بوو پێی وابوو كه نه‌كبه‌ت
له‌سه‌رمان ناڕه‌وێ". ئه‌و كاته‌ی ئاڵا له مه‌هاباد
هه‌ڵكرا، سروودی "ئه‌ی ره‌قیب"یش بوو به سروودی
نه‌ته‌وایه‌تی. شێعری سروودی "ئه‌ی ره‌قیب" هی
مامۆستا دڵداره، گۆیا كه بیستوویه‌تی شێعره‌كه‌ی
بووه به سروودی كۆمار، له خۆشی‌دا ده‌ستی كردوه
به گریان. له مێژوودا زۆر حه‌ره‌كه‌ت‌و رووداوی
چووك هه‌یه كه بووه به سه‌ره‌تای راپه‌ڕین‌و
سه‌ركه‌وتنی زۆرگه‌وره‌و ئاڵوگۆڕ‌و ئاكامی
زۆرباشیان به‌دوودا هاتووه. له‌و كاته‌دا كه
قاڕڕه‌ی ئورووپا به‌ده‌ست كاتۆلیكه‌كانه‌وه ناڵه‌ی
ده‌گه‌یشته ئاسمان، مارتین لوتێر كه بۆخۆیشی
پیاوێكی ئایینی بوو، چه‌ند تێزێكی خۆی به درگای
قه‌ڵای كلیسای كاتۆلیكه‌وه چه‌سپاند كه ئه‌گه‌ر
ئیشتبام نه‌كردبێ وابزانم ئه‌وكاته‌ی 1519ی میلادی
بوو، هه‌ر ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی كه ورده
ورده تلیسمی كاتۆلیكه‌كان بشكێت‌و چه‌ند راپه‌ڕین‌و
ریفۆرمی گرینگی به‌دوادا هات. له زه‌مینه‌ی
ره‌گه‌زپه‌رستی سپی‌پێسته‌كانی ئامریكادا، ژنێكی
ره‌شپێست كورسییه‌كه‌ی خۆی بۆ پیاوێكی سپی‌پێست
چۆڵ نه‌كرد‌و ئه‌وه زۆر راپه‌ڕین‌و خۆپیشاندانی
زۆرگه‌وره‌ی به‌دوادا هات‌و مافی ره‌شپێسته‌كانی تا
راده‌یه‌كی به‌رچاو مسۆگه‌ر كرد. به‌ڵام هه‌ڵكردنی
ئاڵا كارێكه‌ی ساده نه‌بوو، یه‌كه‌م جار هه‌ڵكردنی
ئاڵا له دووی رێبه‌نداندا له نێو به‌فر‌و سروشتی
نیوه‌خنكاوی ئه‌وكاته‌دا، مه‌شخه‌ڵی به‌گڕ‌و
به‌تین‌و رووناكیده‌ری سه‌رتاسه‌ری مێژووی كورد
بوو. به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاڵای سێ ره‌نگی سوور‌و
سپی‌و سه‌وز، زنجیری كۆیله‌تی‌و دیلیی گه‌لی
ئێمه‌ی پساند. گه‌لی كورد له هه‌موو مێژوودا
ئه‌وه‌ی ئاواتی بوو، پێی گه‌یشت‌و پێناسه‌و
كه‌سایه‌تیی راسته‌قینه‌ی خۆی دیته‌وه. هه‌ر ئه‌و
ئاڵا له هه‌موو شاره‌كان‌و دێهاته‌كانی ژێر
ده‌سه‌ڵاتی كۆمار هه‌ڵكرا. گه‌لی كورد هه‌رگیز خۆی
وا به سه‌ربه‌رزی نه‌دیبوو‌و به دیتنی ئه‌و
ئاڵایه له‌سه‌ر سه‌ری خۆیان سه‌ربه‌رز‌و سه‌ربه‌رزتر
ده‌بوون. ئه‌من ئاڵای ئه‌م دواییانه‌م نه‌دیتووه،
گۆیا ته‌غییرات‌و ئاڵوگۆڕێكی تێدا پێك هاتووه،
به‌ڵام ئاڵای سێ ره‌نگی ئه‌وكاته‌ی به‌مجۆره له
شێعره‌كانی مام هه‌ژاردا ره‌نگ ده‌داته‌وه:
"پارچه‌كه‌ی سێ ره‌نگی كورد ده‌نوێنێ ـ ره‌نگی
سوور ده‌ڵـێ تا تنۆكێك خوێنێ كورد مابێ قه‌تی
نانوێ ـ سپی‌یه‌كه‌ی مژده‌ی به‌یانی رۆژی كوردی
كرد به‌یان ـ یه‌عنی رۆژی كورد هه‌ڵات‌و لێی نه‌ما
په‌رده‌ی شه‌وان ـ ره‌نگی سه‌وزی یانی دایكی
نیشتمان له‌و رۆژه‌وه ـ شین‌و سه‌رسه‌وزه‌و
وه‌ده‌ستی كه‌وته‌وه ره‌نگی نوێ ـ دوو گوڵـی
گه‌نمی ده‌ڵـێ ئاگات له رسقی خۆت هه‌بێ ـ خۆت كه
برسیت، بۆچی دوژمن پێت بژی لێر‌و له‌وێ ـ پێم
ده‌ڵـێ نووكی قه‌ڵه‌م گه‌ر ژینی خۆشت پێده‌وێ ـ
غه‌یری من ده‌ست ناكه‌وێ بۆ رێی ته‌ره‌قی‌و
پێشڕه‌وێ." ئه‌وه‌ی كه له مامه‌قاله‌ی ده‌باغیم
بیستووه، سه‌د كه‌س ته‌نیا له سه‌رده‌شتێ
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زستانێكی زۆرسه‌خت بوو‌و به‌فر
له رێگاكاندا بوو به پیاده تا مه‌هاباد رۆیشتن‌و
به‌شدارییان له رێوڕه‌سمی هه‌ڵكرانی ئاڵای
كوردستاندا كردووه. به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان
ئه‌مجار به شێوه‌ی ره‌سمی به‌رزبوونه‌وه‌ی
كه‌رامه‌ت‌و كه‌سایه‌تیی تێكڕای گه‌لی كورد بوو.
ئێستا ئێمه شتێكی ناڕاستمان نه‌گوتووه ئه‌گه‌ر
بڵێین زیاتر له سی میلیۆن كورد ئه‌و ئاڵا پیرۆزه
به كه‌رامه‌ت‌و سه‌ربه‌رزیی خۆیان ده‌زانن.
شه‌كانه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵایه نه‌ته‌نیا بۆ گه‌لی كورد،
به‌ڵكوو مزگێنی ئاسۆی روون‌و سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری
به هه‌موو میلله‌تانی ژێرچه‌پۆكی رۆژهه‌ڵاتی
ناوه‌ڕاست‌و دنیا راگه‌یاند. شه‌كانه‌وه‌ی ئه‌و
ئاڵایه ره‌مزی سه‌ركه‌وتنی كوردان بوو‌و هه‌روه‌ها
ئایه‌تی وه‌گه‌ڕكه‌وتنی به ره‌سمیی كۆماری
كوردستان بوو. شاباڵـی پیرۆزی ئه‌م ئاڵایه
باوه‌شێنی دڵـی هه‌ر كوردێكی ماندوو و
ئازارچێشتووی سه‌ر ئه‌م جیهانه ده‌كات. بۆیه
ئه‌منیش له كۆتاییدا وێڕای مام هه‌ژار ئه‌م
دۆعایه‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌و ده‌ڵێم: "ره‌بی هه‌ركه‌س
دوژمنی ئه‌م میلله‌ته دڵپاكه‌یه ـ ژێركه‌وێ،
كۆستی كه‌وێ، ره‌بی سه‌عاتێ نه‌سره‌وێ ـ داری
ئاڵاكه‌م عه‌جه‌ب چقڵێكه بۆ چاوی عه‌دوو". هه‌ر
كه‌سێك خۆشی نه‌وێ ره‌بی وه‌به‌ر خه‌نجه‌ر كه‌وێ".
شه‌كانه‌وه‌ی ئاڵای كۆماری كوردستان تا ئێستایش له
مێژوودا شیرین‌ترین زه‌رده‌خه‌نه بووه كه له دڵـی
كورده‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا جێی
گرتووه.