بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

پێناسەی گەندەڵی

 Definitions of Corruption

 

 وەرگێر: مستەفا ڕابەر

بێگۆمان زەحمەتە هەمو جۆرەکانی گەندەڵی لە تاقە پێناسەیەکدا جێگەی بکرێتەوە چونکە ئەو خەڵکە زۆرەی ڕویان لەم خەتە کردوە بەردەوامن لە پیادە کردن‌و داهێنانی شێوازی تازەو رۆژانە‌و شارەزایی نوێ لەو بوارە وەدەست دێنن.

 ئێستا جغزی گەندەڵی‌ فرەوان بوە لە بەرتیلێکی بچوکی وەک فرۆشتنی مۆلەتی لێخوڕین، پاسپۆرت یان بڕوانامەیەکی ساختەی زانکۆ چۆتە دەرەوە‌ زۆر ئەستەمە هەموو بڕگەو بەندەکان لەناو‌ پێناسەیەکی گەندەڵی چڕ بکرێتەوە. ئەو ڕۆشنبیرو زانایانەی لەداهاتودا پیناسەیەکی تێروتەسەل‌و پڕ بە پێستی گەندەڵی دادەرێژن هەمیشە پێویستیان بە نوژەنکردنەوەی پێناسەکانیان دەبیت.

 گەندەڵی لەسەرانسەری جیهان بوونی هەیە بەڵام بەشێوەیەکی بەربلاو لە وڵاتە تازە گەشە کردوەکان گوڕوتینی گرتوە، لەوێ سنوقەکەی پاندۆرا * کراوەتەوه.‌

 بۆیە وە‌کو پێناسەکردنی ئاسان نیە پۆلین کردنی جۆرەکانیشی لێک کێشانەوەی زۆری دەوێت. گەندەڵی لەڕەوشتدا وەک هاندان‌و بانگەشەکردن بەناوی ئاینی پیرۆزەوە بۆ تۆقاندن‌و تیڕۆڕ، بۆ فریودان‌و ڕاهێنان‌و ئامادە کردن‌و شتنەوەی مێشکی هەرزەکاری گەوج‌و ساویلکەو نەفام بۆ خۆ تەقاندنەوە‌و کوشتنی خەڵکی بێتاوان، یان دانانی گەرای بیرو باوەڕی کۆنە پەرستی‌و سوکایەتی کردن بەنەریت‌و ئاینەکان، بوختانکردن، ناپاکی، ساختەکاری، دەست درێژی کردنە سەر ناموسی خەڵک هەروەها بلاوکردنەوەی هۆیەکانی کارئاسانی بۆ بەد ڕەووشتی لە وڵاتدا.

 گەندەڵی لەبواری ڕۆشنبیریدا: ئەو ڕۆشنبیر‌و هونەرمەندە کۆلەوارە هەڵبازانەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەردەوام بە شان‌و باڵی سەرکردە گەندەڵەکان هە‌‌ڵ دەدەن لە هەمو کەس گەندەڵ ترن.‌ ئەوانە جوانکاری بۆ کەسانێک دەکەن تا بەردەوام بن لەسەر چەوساندنەوەی مرۆڤی سادەو کالفامی گەلەکەیان ئەو ڕۆشنبیرە کاسە لێسانە بەرامبەر پڕێک پول‌و پاداش کارێک دەکەن خۆشیان بڕوایان پێی نیه.‌

 گەندەڵی لە سیاسەتدا:

 وەک سیخوڕی کردن بۆ بێگانە کلک لێك گرێدان لەگە‌ڵ دوژمنی گەل‌و نیشتمان، دوو ڕویی، پیلان گێڕی پەڕاوێز کردنی خەڵکی دڵسۆز لە جموجۆلی سیاسی، بەکار هێنانی توندو تیژی‌و تۆقاندن گزی‌و ساختەکاری‌ بۆ مسۆگەر کردنی دەنگی هاوڵاتی‌‌ان لەهەڵبژاردنەکاندا.

بە پێی لێکۆلینەوەیەکی مەیدانی بەشی زۆری سیاسەتمەدارە گەندەڵەکان‌ بێ وەفان‌‌و حەز لەچارەی هاوڕی‌و هەڤاڵە دێڕینەکانی خۆیان ناکەن خەڵکی پسپۆرو شارەزا‌و ئازاو دڵسۆز‌و نیشتمان پەروەریان خۆش ناوێت مەگەر تەنیا لەکاتی پێویستی بەسەریان بکەنەوە هەندێک ڕوخۆشیان لەگە‌ڵ بنوێنن، ئەوان مرۆڤی بودەلەو خنۆک‌و سپڵەو شەرمەزاریان دەوێ تا بە ئارەزوی خۆیان قورمیشیان بکەن ئەو ترسنۆکانەیان دەوێ هەمیشە بەرامبەریان بنوشتێنەوە، به چرا بە‌داوایاندا دەگەڕێن کاری هەستیاریان پێ دەسپێرن.

  گەندەڵی لە دارایی گشتیدا: وەک پەردەپۆش کردنی بودجەو خەرجی‌و داهاتی گشتی‌و دزینی ماڵ‌و سامان دەست بەسەرا گرتنی زەوی‌و زاری بە پیت‌و بەنرخ بەکارهێنانی هێزی پێگەو پلەو پایەی حیزبی، ئایینی، حکومی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بنەمالەو دەست‌و پێوەندەکانیان .

 لە هەموی قێزه ‌وەنتر بەردەوامی سیمبول‌و ڕەمزەکانی گەندەڵیە لەدەسەڵات، لە حیزب، لە فەرمانڕەوایی وڵاتدا، ئەو چاوچنۆکانەی بەهۆی مانەوەی درێژ خایەنیان هەمیشە شارەزاییان فرەوانتر دەبیت لەساختە کاری‌و تەلەکەبازی کە هۆکاری سەرەکین بۆ ناوڕزان‌و دواکەوتنی کۆمەلگاو داڕوخانی ژێرخان‌و، بێ ئومێدی کۆمەلانی خەڵک، چونکە گەندەڵی هەڕەشەیەکی ترسناکە‌و هۆیەکی سەرەکیە بۆ تەری بون لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی‌و لەدەست دانی متمانەی دۆست‌و بێگانە‌و دۆڕاندنی شکۆ‌و سەروەری نیشتمان.

 هۆکاری پەرەسەندنی گەندەڵی جگەلە چاوچنۆکی کەرتی تایبەت کە هەمیشە ئامادەن دیاری‌و بەرتیل بدەن بە فەرمانبەری دامودەزگانی گشتی، نەبونی سزاو لێ پێچینەوەشه لەو بەرپرسانەی بە هۆی بنەماو قوڕسایی هێزی خێل‌و تایفەو پێگەی ئایینی بنەمالەکەیان لەهەندێ ولاتیش بەرپرسە بالاکانیان خۆیان گەندەڵن زاتی ئەوە ناکەن تۆمەتی گەندەڵی بدەنە پال خەڵکی تر، یا ئەگەر لێپێچانەوە لەگە‌ڵ دزو گەندەڵەکان بکەن دوور نیە ڕوویان وەرگێرن بۆ کۆشی لایەنێکی دژ‌و نەیار یان لەبەر هەر ئیعتیبارێکی تر.

 گەندەڵی لە کەش‌و هەوایەک گەشەدەکات کە دامەزراوەکان کۆنترۆلیان کز بیت بڕیاری سیاسی تەمو مژاوی بن کۆمەلگای مەدەنی بێ دەستەڵات بیت یاسا هەر بەناو سەروەر بیت تێکرای ئەمانە دەبنە‌ هۆکاری ناعەدالەتی‌و جیاوازی لە دابەش کردنی سامان‌و داهات بەسەر دانیشتوان.

 ڕێگە چاڕەسەرێکی کاتی‌و مامناوەندی ئەوەیە سەرکردە باڵا دەستەکان خۆیان وچانێک لە گەندەڵکاری بدەن، ناوە ناوەش‌ چەند کەسێکی (بەباڕەباڕ گەندەڵ) بەئاشکرا سزا بدەن‌و بیان دەن بەدادگا‌و بە یاسا دەست بەسەر مال‌و سامانەکەیاندا بگرن بەرپرسی بودەلەی رەووشت نزم تڕۆ بکەن، بەرپرسی دەمپاک‌و دەست پاکو داوێن پاک ئەگەر مابی خەلات بکەن، هەرکاتێ دەرکەوت بەرپرسێک کار ئاسانی کردبی بۆ بازرگانێک بۆ هینانی کالا یان داو دەرمانی ماوە بەسەرچو یان هاوکاری کردنی بەڵێندەرێکی نەفس نزم بۆ سەقەت ئەنجامدانی پڕۆژەیەک پێویست بەوە دەکات لێ پێچینەوەیان لەگە‌ڵ بکرێت بۆئەوەی هیچ نەبی خەلکی تریان پێ چاو ترسێن بکەن بەهۆی مێدیای ئازادەوە ڕیسوایان بکەن. بێگومان ئەگەر بەرپرسێک ژێر بەژێر ڕێکەوتنێک، گرێبەستێک لەگە‌ڵ هەر لایەنیکی دەرەکی ئەنجام بدات بەرامبەر بڕیک پارەو ‌ئاشکرا بیت‌و سزا نەدرێت دیارە نەک هەر مانای وایە کەس بەکەس نیە لەو ولاتە بگرە ئەوە دەگەینیت ئەو بەرپرسە بەرێزە بەتەنیا نیە لەم گەندەڵیەش بەردەوامیش دەبیت.‌.

 Transparecy International (TI) رێکخراوی( شەفافیەتی ) نێودەوڵەتی

لە پێناسەی ڕێکخراوی شەفایەتی نێو دەوڵەتیدا هاتووە ( گەندەڵی بەکارهێنانی دەسەڵاتە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ) پێناسەی بانکی نیودەوڵەتی ( خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە بۆ قازانجی تایبەت ) واتە کاتێ فەرمانبەرێک بەرتیلێک وەردەگری یان داوای دەکات بەرامبەر کار ئاسانی پێدانی گرێ بەستیک یان کاتێ هەندێ کۆمپانیەو بەرتیل ئەدەن بۆ دەستەبەرکردنی کۆنتراکت هەروەها سوود وەرگرتن لە دەسەڵات بۆ قازانج کردن لە دەرەوەی چوارچیوەی یاساو رێنمایە گشتیەکان جگەلەمانەش دامەزراندنی دەست‌و پێوەند‌و خزم‌و کەس لە پۆستی گرینگ یان دزینی راستەوە خۆی پارەو

سامانی گشتی بێ ئەوەی پەنا بەریتە بەر بەرتیل وەرگرتن.

 بەپێی ڕاپۆرتی سالانەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی بۆ ساڵی 2009 بە پشت بەستن بە دەرەنجامی ڕاپرسیەکانی ڕای گشتی دەربارەی گەندەڵی لەسەرانسەری دونیادا هەروەها بەپێی هەلسەنگاندنی بارۆمەترەکەی ریکخراوی (CPJ )

 گەندەڵی کەرتی تایبەت بە رێژەی 8 خال بەبەراورد لەگە‌ڵ چوار سالی رابردو هەڵکشاوە، هەروەها بە پێی ڕاپرسیەکە حیزبە سیاسەکان لە پێشی پێشەوەی گەندەڵکارین دوای ئەوان دامودەزگای خزمەتگوزاری گشتیەکان هاتوە

 نمونەی گەندەڵی لە گرێبەستی خەیالی یان گرێبەستی دەستاو دەست فرۆشاو دەر‌ئەکەوێ کە بڕێکی پارەی باشی گەنجینەی دەوڵەت تەرخان دەکرێت بۆ پڕۆژەکانی ژێرخانی نیشتمان بۆ نمونە بۆ چاکردنی تۆرێ ئاوو ئاوەڕوی شارێک یان بۆ باشکردنی کەرتی تەندروستی یان خوێندن یان رێگەو بان هەڵبەت دوای تاو توێ کردنی پلان‌و رەنگڕیژی پڕۆژەکە‌و بلاوکردنەی ئاگاداری پێویست گڕێبەستەکە ئیمزا دەکرێت لەنێوان ئەو کەسانەی لە ژێرەوە هاوکارن لە گەل هەندێ بەرپرسی میری لەوەزارەتەکان، یان کەسایەتی ناو حیزبە دەسەڵاتدارەکان پاش یەک دوو کەڕەت ‌فرۆشتنەوی کۆنتەراتەکە‌و قۆناغ بەقۆناغ بەبیانوی جۆرا‌و ‌جۆر‌ مواسەفاتەکان دەگۆڕن سەرەنجام پڕۆژەکە بەسەقەتی جێبەجێ دەکرێت بەشی زۆری بڕەپارەکەش لەگیرفانی قولی بەرپرسەکان نقوم دەبیت.

 بەشێوەیەکی گشتی گەندەڵی لە وڵاتدا لە بێ هیزی دەسەڵاتی سیاسی‌و جێبەجی نەکردن‌و نە سەپاندنی یاساوە دروست دەبیت‌و گەشە دەکات. دوای هەلایسان‌و کەلەکردنی پارەو پوڵ‌و سامانێکی زۆر گەندەڵەکان پەنا دەبەنە بەر تاوانێکی تر ئەویش ئاودیو کردن‌و شتنەوەی پارەو پۆلە دزراوەکەی کە پیی دەلێن:

(money laundering)

 پارە ‌شتنەوە

سپیکردنەوەی پارەوپوڵ جموجۆلێکی تاوانکارانەیە بەواتای‌ دوو بارە وەئیش خستنەوەی پارەو پولی دزراو دێت لە پڕۆژە تایبەتیەکانی وەبەرهینان بۆ شاردنەوەی سەرچاوەکانی پارە دزراوەکەکەو چۆنیەتی دەست بەسەرا گرتنی، بۆ ئەوەی لێ پرسینەوەی یاسایی لەگە‌ڵ نەکرێت‌و حەلال رەوایی پێ ببەخشیت، هەولێکە بۆ بەیاسایی کردنی هەبوونی سامانەکەو سڕینەوەی گۆمان‌و بەڵگەی یاسایی لەسەر دزی‌و داپۆشینی تاوانەکانی.

 زاراوەی شوشتنەوەی پارەوپول یان سپیکردنەوەی پارە، زاراوەیەکی ئابوری یە مانای وایە کەسێک بەهۆی دەسەڵات، حیزبایەتی، بزوتنەوەی چەکداری، شۆڕش، کودەتا‌و جەنگ، یان ڕاوە ڕوت بڕێکی زۆری پارەو پولی دەست کەوتبیت بە دزینی مال‌و مولکی گشتی، بەرتیل‌و قاجاغ، بازرگانی بەتریاک‌و چەک‌و تەقەمەنی، سۆزانی هەتد.. ئەو تاوانبارە هەول ئەدات بە فرت‌و فێل پارەکەی بخاتە بانکەکانی جیهان یان بیناو خانوی لە وڵاتان بەناوی خۆی یان خزم‌و کەس‌و باوەڕ پێکراوەکانی پێ بکڕی یان کۆمپانیای زلی پێ دامەزرێنی‌و پاشان وای نیشان بدات کە بەماندوبون وکاری شەریفانە پەیدای کردون.

 ‌‌هەر وڵاتێکی جیهان بەگەندەڵی‌و مشەخۆری ئالودە بیت بەرپرسی گەورەی تێوە گلابیت لێ پێچینەوەی یاسایی سست بیت درەنگ یا زوو ناڕەزایی گەرم وگوڕ لەناو خەڵکدا سەرهەل ئەدات سیستەمی دەسەڵات‌و حیزبی دەسەڵاتدار هەرەس دینی ئەو کاتەش‌ کۆمەلگا یان ڕوەو پێشەوە دەچیت یان بۆ ماوەیەک بەرەو دواوە پاشە کشە دەکات لە هەردو حالەتدا ئەوانەی لەکەش‌و هەوای گەندەڵیدا سوودێکی زۆریان وەرگرتوە ڕۆژێکی ڕەش چاوەڕێ یان دەکات‌و ریسواو شەرمەزار دەبن ڕەنگە پاشانیش دووچاری سزاو تۆلەی قوڕسیش ببن.

------------------------

pandora's box پاندۆرا' ز بۆکس *

بەپێی ئەفسانەیەکی کۆنی یۆنانی یەکەم ئافرەت بەناوی پاندۆرا ناردراوە بۆ زیۆس بەرامبەر بە مارە بڕینەکەشی دیاریەکی درابوێ کە بریتی بوو لە سنوقێکی داخراو پێیشی وترا نابی هەگیز بیکاتەوه (وەکو میوە حەرام کراوەکەی بەهەشت) بەڵام پاندۆرا بەخۆی نەوەستا ڕۆژێک سنوقەکەی کردەوەو هەشت شەیتانی تیا دەبی بەرەلای دونیا دەبن حەوتیان زۆر تاوانبار بون پێی نەگیرانەوە بەڵام هەشتەمیان بێتاوان بوو‌ توانی دەستگیری بکات ئەویش (هیوا) بوو.‌

----------------------------------

 سەرچاوه:‌ چەند بابەتێک بە زمانی ئینگلیزی‌و عەرەبی لەسەر تۆڕی ئەنتەرنێت بڵاوکراوەتەوە .

 

 

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com