كه‌یومه‌رس ساڵح*
ده‌نووسێ: بۆ ته‌واوكردنی راپۆرت چوومه به‌ندیخانه.
كاتێك له‌ته‌ك یه‌كێك له ئه‌فه‌سه‌ركان‌دا چوومه نێو
به‌ندیخانه، قازی محه‌ممه‌د خه‌ریكی نوێژكردن بوو،
ئه‌فسه‌ری ئاماژه پێ‌كراو هه‌واڵی به‌ڕێكردنی
قازییه‌كانی بۆ تاران پێیان گه‌یاند. سه‌در‌و سه‌یفی
قازی زۆر خۆشحاڵ بوون، به‌ڵام قازی محه‌ممه‌د له
بوون‌و راگه‌یاندنی هه‌واڵه‌كه‌ی ئێمه چووكه‌ترین
ئاڵوگۆڕێكی له خۆی نیشان
نه‌دا. قازییه‌كان كه‌لوپه‌له‌كانیان كۆكرده‌وه‌و
داوایان له ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی كرد بۆ دابینكردنی
خه‌رجی سه‌فه‌ر له ماڵه‌وه‌یان پووڵیان بۆ بێنن به‌ڵام
ناوبراو وتی به‌رپرسایه‌تیی سه‌فه‌ره‌كه‌و
دابینكردنی تێچووی له ئه‌ستۆی سوپایه. هه‌ركام له
قازییه‌كان له‌گه‌ڵ ده سه‌ربازی چه‌كداردا، سواری
ماشینێكی نیزامی بوون. عه‌سری هه‌ر ئه‌و رۆژه
رێوشوێنه‌كانی یاساغبوونی هاتووچۆ‌و حكوومه‌تی
نیزامی له مه‌هاباددا راگه‌یاندران. له گۆڕه‌پانی
چوارچرادا خانوویه‌كی سێ‌قات هه‌بوو كه ده‌رگایه‌كی
به‌ره‌وڕووی گۆڕه‌پانه‌كه ده‌كرایه‌وه. له رۆژێك
له‌مه‌وپێشه‌وه ئه‌م ماڵه به بیانووی جێگیركردنی
كاتیی شاندی نێردراو چۆڵ‌كرابوو. ماشینی قازی محه‌ممه‌د
كه له پێش دوو ماشینی دیكه‌وه ده‌چوو له مه‌یدانی
چوارچرادا وه‌ستا.
قازی محه‌ممه‌د پرسی بۆ لێره‌دا رادوه‌ستن؟ ئه‌فسه‌ره‌كه
وه‌ڵامی دایه‌وه: سه‌ره‌تای چوونی ئێوه بۆ تاران،
لێره‌وه‌یه. كاتێك قازی محه‌ممه‌د له ماشین دابه‌زی‌و
چووه داڵانه‌كه‌وه، دادستان نیكوزاد‌و چه‌ند سه‌ربازی
چه‌كداری له ته‌ك سه‌رۆكی بێهداشت كه تازه له
تارانه‌وه هاتبوو، دی له‌سه‌ر مێزێك قورئانێك
دانرابوو. دادستان سه‌رهه‌نگ نیكوزاد حوكمی دادگای
خوێنده‌وه‌و به قازیی راگه‌یاند حوكم هه‌رچی
خێراتر ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێ.
سه‌رهه‌نگ نیكوزاد به قازی وت: هه‌رچی خێراتر وه‌سیه‌تنامه‌یه‌ك
داڕێژن. قازیش زوو له پشتی مێزدا دانیشت‌و نووسینی
وه‌سیه‌تنامه‌ی ده‌ست پێ‌كرد. له ماوه‌یه‌كی كورت‌دا
چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی نووسی به‌ڵام زوو ماندوو بوو‌و
داوای له مه‌لا مه‌هابادییه‌كان كرد وته‌كانی له
وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا بنووسن. قازی محه‌ممه‌د زۆر له‌سه‌ره‌خۆ
قسه‌ی ده‌كرد: فڵان زه‌وی‌و فڵان شوێن‌و فڵان مزگه‌وت‌و
قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه دامه‌زرێنن تا داهاتووان كه‌ڵكیان
لێ‌وه‌رگرن. كاتێك وه‌سیه‌تنامه‌كه ته‌واو بوو، 2:30
به نوێژخوێندن‌و "راز‌و نیاز" له‌گه‌ڵ خودا تێ‌په‌ڕی.
دادستان به ته‌واوی له درێژه‌كێشانی نوێژی قازی
محه‌ممه‌د تووڕه ببوو. پاش ته‌واو بوونی "راز‌و نیاز"،
قازی داوای له دادستان كرد بابه‌تگه‌لێكی دیكه به
ناوی خه‌ڵكی كوردستان به وه‌سیه‌تنامه‌كه زیاد بكا.
دادستان بڕیاری‌دا پێنووس‌و كاغه‌ز ئاماده بكه‌ن.
قازی محه‌ممه‌د به مه‌لای وت هه‌رچی ده‌یڵێم
بینووسه. مه‌لا وه‌ڵامی دایه‌وه قوربان چی بنووسم؟
ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم بینووسه.
كه‌یومه‌رس ساڵح له درێژه‌دا ده‌ڵێ:
قازی محه‌ممه‌د بابه‌ته‌كانی به فارسی ده‌ربڕی‌و
داوای له مه‌لا كرد به كوردی بیان نووسێ. مه‌لا
وتی: به كوردی نازانم بنووسم.
قازی محه‌ممه‌د به ناڕه‌حه‌تییه‌وه وتی:
"ئه‌مه‌ش یه‌كێكی‌تر له مه‌ینه‌تییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی
كورد"و ده‌ستی كرد به نووسین.
بسم الله الرحمن الرحیم
نه‌ته‌وه‌ی زۆر لێ‌كراو، بێ‌به‌ش‌و چه‌وساوه‌ی كورد!
برایانی به‌ڕێز! له دوایین ساته‌كانی ژیان‌دا بابه‌تگه‌لێتان
وه‌ك ئامۆژگاری پێ ده‌ڵێم. بۆ ره‌زامه‌ندیی خودا ده‌ست
له دوژمنیی یه‌كتر هه‌ڵ‌گرن، یه‌ك بگرن‌و بۆ
پشتیوانی له یه‌كتر هه‌ڵ‌سن، له به‌رابه‌ر دوژمن‌دا
راوه‌ستن، خۆتان به نرخێكی كه‌م به دوژمنه‌كان مه‌فرۆشن.
دوژمن ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به قازانجه‌كانی ئێوه‌ی ده‌وێ.
پاش ئه‌وه ئیتر زیاتر له تڵپه‌یه‌ك نین.
دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد زۆرن، زۆردان، نامه‌رد‌و بێ‌ویژدانن،
رازی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك یه‌كیه‌تیی‌و
پێكه‌وه بوونه. ئازادیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێویستی به
پشتیوانیی گشت نه‌ته‌وه‌كه‌یه، نه‌ته‌وه‌ی یه‌كنه‌گرتوو
هه‌میشه له ژێر ده‌سه‌ڵات‌دایه. ئێوه نه‌ته‌وه‌ی
كورد شتێكتان له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كه‌م نیه. به
پێچه‌وانه‌شه‌وه پیاوه‌تی، غیره‌ت‌و ئازایه‌تیی
ئێوه فره زۆرتره. ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له به‌ندی
دیلی رزگاریان بووه یه‌كگرتوو بوون‌و ته‌واو. ئێوه‌ش
ده‌توانن به یه‌كگرتوویی‌و هاوپێوه‌ندی زه‌نجیری
دیلێتی پچڕێنن. ئێره‌یی، خه‌یانه‌ت‌و خۆفرۆشی وه‌لانێن.
ئیتر فریوی دوژمنان مه‌خۆن. دوژمنی نه‌ته‌وه‌ی كورد
له هه‌ر تاقم‌و گرووپ‌و ره‌نگ‌و ره‌گه‌زێك، هه‌ر
دوژمنه، بێ به‌زه‌یی‌و ویژدانه. ئێوه له‌گیان یه‌ك
به‌رده‌دا تا به قازانجه‌كانی خۆی بگا، به به‌ڵێنیگه‌لی
درۆزنانه، ئێوه ده‌خڵه‌تێنێ. له ئیسماعیل ئاغای
شكاك تا جه‌وهه‌رئاغای برای‌و حه‌مزه‌ئاغای مه‌نگوڕ‌و
چه‌ندین‌و چه‌ند قاره‌مانێكی دیكه، فریوی ئه‌م
زۆرداره مه‌لعونانه‌یان خوارد‌و ناپیاوانه شه‌هیدكران.
هه‌موویانیان به قورئان‌و سوێند فریودا، ئاخر ئه‌مانه
كه‌ی له قورئان‌و سوێند تێ‌ده‌گه‌ن، وه‌فا له لای
ئه‌م كۆمه‌ڵه، شمه‌كی بازاڕه. له رێگه‌ی خودا‌و بۆ
ره‌زامه‌ندیی ئه‌و پشتی یه‌كتر چۆڵ مه‌كه‌ن‌و یه‌كگرتوو
بن، دڵنیا بن ئه‌گه‌ر دوژمن هه‌نگوێنتان پێ‌بدا، تێكه‌ڵ
به‌ژه‌هره. فریوی سوێنده درۆزنه‌كانی مه‌خۆن. ئه‌گه‌ر
هه‌زار جار سوێند بخۆن دووباره هیچ ئامانجێكیان جیا
له له‌نێوبردنی ئێوه نیه.
له دوایین كاتژمێره‌كانی ژیانم‌دا خودا به شایه‌تی
ده‌گرم كه له رێگای ئازادی‌و به‌خته‌وه‌ریی ئێوه‌دا
گیان‌و ماڵی خۆم به‌خت كرد‌و له هیچ هه‌وڵێك كۆتاییم
نه‌كرد. له لای ئه‌مانه، كوردبوونی ئێوه تاوانه،
سه‌رو گیان‌و ماڵ‌و شه‌ره‌فی ئێوه له لایان حه‌ڵاڵه.
ئه‌وان چونكه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا ناتوانن له به‌رانبه‌ر
ئێوه‌دا راوه‌ستن، هه‌میشه هانا بۆ فێڵ‌و ته‌ڵه‌كه
ده‌به‌ن. شا‌و ده‌ست‌و پێوه‌ندییه‌كانی به جاران په‌یامیان
نارد كه بۆ وتووێژ ئاماده‌ن‌و مه‌یلی خوێن رشتنیان
نیه، به‌ڵام من ده‌مزانی ئه‌وان درۆده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر
خه‌یانه‌ت، خۆفرۆشی‌و فریوخواردوویی هێندێ له سه‌رۆك
عه‌شیره‌كان نه‌بووایه، كۆمار هیچكات شكستی نه‌ده‌خوارد.
وه‌سیه‌ت ده‌كه‌م منداڵه‌كانتان فێری زانست‌و عیلم
بكه‌ن. نه‌ته‌وه‌ی ئێمه شتێكی له نه‌ته‌وه‌كانی
تری جیهان كه‌م نیه، جیا له زانست‌و عیلم. فێری
زانست بن تا له كاروانی مرۆڤایه‌تی دوا نه‌كه‌ون.
زانست، چه‌كی له‌نێوبردنی دوژمنانه، دڵنیابن ئه‌گه‌ر
به دوو چه‌كی یه‌كیه‌تی‌و زانست پۆشته ببن،
دوژمنان كارێكیان بۆ ناچێته پێش. ئێوه نابێ به
مردنی من‌و براكان‌و ئامۆزاكانم ترس بچێته دڵتانه‌وه.
هێشتا قاره‌مانگه‌لێكی زۆر ده‌بێ گیان فیدا بكه‌ن تا
داری ئازادیی كوردستان بگاته به‌رهه‌م. دڵنیام پاش
ئێمه‌ش قاره‌مانگه‌لێكی دیكه هه‌ن كه فریوبخۆن، به‌ڵام
هیوادارم مه‌رگی ئێمه ببێته ده‌رسی عیبره‌ت بۆ سه‌رجه‌م
خه‌باتگیڕانی ئازادیی كوردستان. وه‌سیه‌تێكی دیكه‌م
بۆ دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌یه. له خودای گه‌وره
داوای ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی خۆتان بكه‌ن. شایه‌ت له
خۆتان بپرسن بۆ من سه‌رنه‌كه‌وتم؟ له وه‌ڵام‌دا ده‌بێ
بڵێم به خودا سه‌ركه‌وتووی راسته‌قینه منم. چ نێعمه‌تێك
له‌وه سه‌رتره كه سه‌رو ماڵ‌و گیانم له رێگای نه‌ته‌وه‌و
نیشتمانم‌دا به‌خت بكه‌م. باوه‌ڕ بكه‌ن من جاران داوام
له خودا كردوه ئه‌گه‌ر بمرم به شێوه‌یه‌ك گیان له‌ده‌ست
بده‌م كه به روومه‌تی سووره‌وه له لای خودا‌و
پێغه‌مبه‌ر‌و نه‌ته‌وه‌كه‌م دا ئاماده بم. وه‌ها
مردنێك سه‌ركه‌وتنی راسته‌قینه‌یه.
خۆشه‌ویستانم! كوردستان، نیشتمانی كورد‌و ماڵیه‌تی.
هیچ كه‌سێك مافی ئێره‌یی‌و به‌خێڵی نیه هه‌موو له
ماڵی خۆیان‌دا ئازادن. هه‌رچی له ده‌ستتان دێ بۆ
ئازادیی كورد كۆتایی مه‌كه‌ن.
ئیتر نابێ له‌سه‌ر رێگای ئه‌و كه‌سانه‌دا كه به‌رپرسایه‌تی
ده‌گرنه ئه‌ستۆ راوه‌ستن. له به‌رد خستنه رێگه ده‌ست
هه‌ل‌َگرن‌و ئه‌ركه‌كانتان به باشترین شێوه به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
دڵنیابن براكورده‌كه‌تان له دوژمنی بێگانه زۆر
باشتر. ئه‌گه‌ر من به‌پرسایه‌تیم وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتبایه
ئێستا له پای چێوه‌ی داردا نه‌بووم و له لای بنه‌ماڵه‌كه‌م
رۆژه‌كانم ده‌برده‌سه‌ر، به‌ڵام ئه‌ركی من، به‌رزترین
ئامانجم بوو و، تا پێی گیان راوه‌ستام. به هیوای
خوداوه‌ندی گه‌وره، له ئاكام‌دا به‌سه‌ر دوژمنان‌دا
سه‌رده‌كه‌ون.
1ـ بڕواتان به خودا‌و ماجا‌و من عندالله و پێغه‌مبه‌ری
ئه‌كره‌م (س) هه‌بێ‌و ئه‌ركه دینییه‌كانی خۆتان به
باشترین شێوه به‌ڕێوه ببه‌ن.
2ـ یه‌كیه‌تی‌و هاوپێوه‌ندی، ره‌مزی سه‌ركه‌وتنه.
ئێره‌یی‌و خۆفریودان وه‌لابنێن‌و له وه‌رگرتنی به‌رپرسایه‌تی‌و
خزمه‌تكردن‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كتر كێ‌به‌ركێ بكه‌ن.
3ـ زانست‌و ئاگایی خۆتان به‌رنه‌سه‌رێ تا فریوی
دوژمنان نه‌خۆن.
4ـ هیچ كات دوژمن به دۆست مه‌زانن چونكه دوژمنی نه‌ته‌وه‌و
نیشتمان‌و دینتانه.
5ـ خۆتان بۆ چه‌ند رۆژ ژیان له‌م دنیا له‌ناوچووه‌دا
مه‌فرۆشن. مێژوو سه‌لماندوویه كه دوژمن به چووكه‌ترین
بیانوویه‌ك، ده‌ست بۆ كوشتار‌و سه‌ركوت ده‌با.
6ـ خه‌یانه‌ت به یه‌كتر مه‌كه‌ن نه خه‌یانه‌تی
سیاسی‌و نه خه‌یانه‌تی ماڵی‌و گیانی‌و نامووسی. خه‌یانه‌تكار
له لای خودا‌و گه‌ل رووڕه‌شه‌و خه‌یانه‌ت، له
ئاكام‌دا بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
7ـ له‌ته‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی دا، بێ خه‌یانه‌ت ئه‌رك
به‌ڕێوه‌بردن هاوكاری بكه‌ن. خودای نه‌خواسته
هیچكات مه‌بنه سیخۆڕی بێگانه.
8ـ ئه‌و شوێنانه‌ی له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌دا ئاماژه‌م
پێ كردون (مزگه‌وت، قوتابخانه‌و نه‌خۆشخانه) هی
خۆتانن، به باشترین شێوه كه‌ڵكیان لێ‌وه‌رگرن.
9ـ واز له شۆڕش مه‌هێنن تا له‌ژێرده‌سته‌یی ده‌رباز
بن. ماڵی دنیا هیچ نیه، ئه‌گه‌ر نیشتمانێكتان هه‌بێ،
سه‌ربه‌خۆیی‌یه‌كتان هه‌بێ‌و ماڵ‌و خاك‌و نیشاتمانتان
هی خۆتان بێ، ئه‌و كات هه‌موو شتێكتان ده‌بێ، هه‌م
سامان هه‌م ده‌وڵه‌ت، هه‌م ئابڕو و هه‌م نیشتمان.
10ـ گومان ناكه‌م جیا له مافی خودا (حق الله)،
مافێكی دیكه له ئه‌ستۆم بێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر
كه‌سێك هه‌ست ده‌كا قه‌رزێكی به‌لامه‌وه‌یه بچێته
لای میراتگرانم.
تا ده‌ست نه‌ده‌یه ده‌ستی یه‌كتر، سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر
نابێ. له یه‌كتر زۆر مه‌كه‌ن چونكه خوداوه‌ند
دوژمنی زۆردارانه. هیوادرام وته‌كانم وه‌رگرن،
خوداوه‌ند ئێوه به‌سه‌ر دوژمنان‌دا سه‌رخات.
مراد ما نصیحت بود و گفتیم (مه‌به‌ستی ئێمه
ئامۆژگاری بوو وتمان)
حوالت با خدا كردیم و ر‌فتیم (سپاردمان به خودا‌و
رۆیشتین)
خزمه‌تگوزاری نه‌ته‌وه‌و نیشتمان محه‌ممه‌د قازی
سه‌رچاوه: كتێبی " قازی محه‌ممه‌د‌و كۆمار له
ئاوێنه‌ی به‌ڵگه‌كان"دا ، بێهزاد خۆشحالی، 1380، هه‌مه‌دان
* زورگێڕدراوی ده‌قی فارسی "وه‌صیت‌نامه قازی
محمد"ه كه فارسییه‌كه‌ی له به‌شی رێبه‌رانی شه‌هیدی
ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌كان وه‌رگیراوه.
** كه‌یومه‌رس ساڵح، هه‌واڵنێری سوپای شه‌هنشایی
ئێران كه خۆی له دادگای قازییه‌كاندا به‌شداربووه‌و
له به‌ر ئه‌وه‌ی كه خوشكه‌زای سه‌ر له‌شكر فه‌ریدوون
جه‌م، شووی شه‌مس(خوشكی شای ئێران) بووه،
بڕواپێكراوی ده‌رباری شا بووه.
راپۆرتی ره‌وتی دادگایی كردنی قازییه‌كان كه له
لایه‌ن كه‌یومه‌رس ساڵحه‌وه نووسراوه، له تایبه‌تنامه‌یه‌ك‌دا
چاپ بووه‌و بۆ خوێندنه‌وه به شێوه‌یه‌كی زۆر نهێنی
دراوه‌ته ئه‌فسه‌ره پایه‌به‌رز‌و جێگای بڕواكانی
شا.