پێشكه‌ش به‌و كچانه‌ی كه ده‌زگیرانه‌كانیان شه‌هید بووه
گه‌لاوێژ مێهفه‌ر
لێره‌وه
تا سه‌ر لێواری ئاسۆی عه‌شق، لێره‌وه تا گه‌یشتن به
شیرین‌ترین ئاره‌زوو، لێره‌وه تا ئه‌و بناره‌ی یه‌كتریمان
تێدا ناسی، یادت ده‌كه‌م.
ئێستا، ئێستا ده‌چمه‌وه هه‌وارگه‌ی خه‌یاڵ‌و له‌گه‌ڵ
یادی ئه‌وینی تۆ ده‌بمه‌وه ده‌سته‌ملان.
هه‌ر تاسه‌یه ده‌پشكوێ، هه‌ر خۆزگه‌یه له دڵی خۆشی
نه‌دیوی چاوه‌ڕێی منا باڵ ده‌گرێ.
هه‌ر منم تاسه‌باری، دوباره هاتنه‌وه‌ی تۆ.
هه‌ر منم چاوه‌رێم، جلی به‌فرینیم پۆشیوه، چاوه‌رێم له‌م
جه‌وله درێژخایه‌نه‌ی ئه‌مجاره‌تدا بێیه لام، بۆ ناو
كۆشكی ئاواته‌كان ده‌ستم بگرێ. ئاخ خودایه، چه‌نده
ته‌نیام.
ئێواره‌یه چاو چاوه‌ڕێ‌و دڵ بێ قه‌راری ده‌زگیرانه،
چاوه‌ڕوانی هه‌ڵۆ چاو ئاگرینه‌كه‌ی شاخانه، وا شه‌ویش
هات جیا له ده‌نگی ته‌قه‌ی تفه‌نگ ده‌نگێ نایه له‌م
بناره، ئاخۆ بڵێی كامه ته‌قه ده‌نگی گولله‌ی
تفه‌نگی ده‌ستی یارم بێ؟
كێوه‌كان، ئه‌ی هاوڕێیان‌و ماڵ‌و سه‌نگه‌ری هه‌میشه‌ی
پێشمه‌رگه، كانی، كانی ئه‌ی ئاوێنه‌ی روخساری پاكژو
دڵی ساماڵی كوڕانی كوانووی شۆڕش.
ئێواره‌یه، ده‌با گوێ بگرین له رادیۆ ده‌نگی كوردستان،
با بزانین هێرشه یا په‌لامار، حه‌ماسه‌یه یا داستان.
گوێ رادێرن "سه‌رنج، سه‌رنج" دیسان هه‌ڵۆكانن دوندی چیا‌و
پێده‌شت‌و گوند‌و شاریان رازانده‌وه، ئه‌و ناوچه‌یان گوڵ
باران‌و ته‌ژی له رووناكی كردووه.
به‌ڵام، شمشاڵه‌كه‌ی قاڵه مه‌ڕه بۆ وا غه‌مناك
ده‌یژه‌نێ؟! ئاخۆ كام شۆڕه‌سوار، كام چه‌ك له‌شان، كام
پاڵه‌وانی شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی ژیان بۆ كاروانی پڕ
رێبواری شه‌هیدانی وڵاته‌كه‌م، هه‌نگاوی هه‌میشه
به‌رده‌وام‌و نه‌وه‌ستانی نابێ.
نا، نا ئه‌وه چیه من ده‌یبیستم، هه‌واڵی مه‌رگی
ده‌زگیران. ئاخر خۆ من چاوه‌ڕوانی تارای سوور بووم تۆ
بۆم بێنی، چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌و ژیان له نێو عه‌شق‌و
كامه‌رانی!
ئه‌ی ده‌زگیرانی خێر نه‌دیو، ئه‌ی پاڵه‌وانی نێو
مه‌یدان، وه‌ره ئازیز، سه‌د داخ، ئێمه ده‌بێ له‌م
وڵاته‌ی ژیان مه‌رگه‌و ئه‌وین نه‌مان، په‌ڕ به په‌ڕی
په‌لكی ئه‌م ئاواته ره‌نگینه‌مان به‌رینه بن بارستایی
گڵی ئه‌م خاكه‌ی تێیدا له دایك بووین، لێی گه‌وره
بووین، ئای وڵاتی له خۆمان غه‌ریبتر.
كه سوژده‌م بۆ ئازادی برد، زانیم وڵات چه‌ند گه‌وره‌یه.
كه ئاره‌زوی ژیانم كرد، زانیم مه‌رگ نزیكتره.
كه تۆ پێشمه‌رگه بووی، ئه‌وكات زانیم، سروه‌ی سه‌وزی
هه‌ناسه‌ی تۆ، بۆ من به‌هارێكی ته‌مه‌ن درێژی
به‌رده‌وامه.
كه شه‌هید بووی ئه‌و كات زانیم عه‌شقی وڵات چه‌نده
جوانه!