بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

دز‌و هەی دز هەی دز!

زانا هەورامی

گەلۆ!

نازانم ئەزانی یان نا، ئەوەندەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەڵبژاردنێكی ئازاد دەترسن جنۆكە لە بیسمیللا(بسم‌الله) ناترسێت. هەر لە سەرەتای هاتنە سەر كاریانەوە، لە كاتێكدا كەش‌و هەوایەكی زۆر گونجاو هەبوو بۆ ئەوان‌و سەرباری ئەوەی خومەینی خۆی بڕیاری دابوو دەست لە كار‌و باری هەڵبژاردن وەرنەدات. بەڵام خۆی هاتە مەیدان‌و وادە‌و بەڵێنیەكانی خۆی خواردەوە‌و تەنها پاڵێوراوی هێزە ئازادیخواز‌و چەپەكانی ئێرانی لە مەیدان بەدەر كرد بە بیانووی ئەوە كە دەنگی نەداوە بە یاسای بنەڕەتی! ئەمەش بوو بە سەرمەشقێك بۆ مەلاكانی دی كە لە ماوەی ئەم 30 ساڵەی رابردوودا، هەڵبژاردن لە مانا بخەن‌و پیتاندنی دیكتاتۆرییەت لەم وڵاتە سەر بگرێت!

گەلۆ خۆت باش ئەزانیت كە حكومەتی بەعسی رووخاو، بە هێزی دەرەكی رووخا‌و ئەگینا نەدەڕووخا. ئەوەی ناوی ئۆپۆزیسیۆن بێت لە بەرانبەر بەعسدا هەر نەبوو. لە كورد بەدەر، ئەوانی دی هەر هەموویان دەستكردی وڵاتانی دراوسێ بوون‌و بە تایبەتیش ئێران، هەندێك تاك‌و لایەنیش هەبوون كە لە حكومەتی پێشوو دوور كەوتبوونەوە‌و لە تاڕاوگە وێڵ‌و سەرگەردان بوون. هەندێك تاك‌و لایەنیش هەبوون كە خاوەن هیچ پێناسەیەكی نەتەوەیی یان ئایینی نەبوون لە سیخوڕیكردن بۆ ئەم‌و ئەو بەدەر، كە لە گۆڕەپانی عێراقدا، «ئەحمەد چەلەبی»‌و «مووەفەق روبەیعی» دیارترینیانن. ئەحمەد چەلەبی بوو كە بە پاڵپشتیكردنی ئێران، زانیاری هەڵەی دا بە ئەمریكا‌و رۆژئاوای راكێشی جەنگی كەنداو كرد‌و دواتر دەركەوت كە ئەم پیاوە چەند درۆزن‌و مافیایی بووە. هەر ئەم پیاوەشە كە ئێستا وەك سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە‌و دادپەروەری، بەڕێوەبەر‌و جێبەجێكاری سیاسەتی ئێرانە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەی عێراق.

گەر لە بیرت بێ گەلۆ،

حكومەت كە بەرەو رووخان چوو، لە ناكاو زۆر تاك‌و لایەن سەریان هەڵدا‌و هاتنە مەیدان‌و لە دەهۆڵی ئوپۆزیسیۆنیان كوتا‌و خۆیان بۆ دەوڵەتان شیرین كرد! ئەم دیاردەیە لە هەموو پێشهاتە مێژووییەكانی وڵاتاندا هەبووە‌و شتێكی نامۆ نیە. دواتر وردەوردە جاش‌و باش لێك جیا دەكرێنەوە‌و ئەوانەی خاوەن رەگ‌و ریشە نەبوون، ناڕەسەن بوون، سیس بوون‌و هەڵوەریون.

گەلۆ باش دەزانیت كە «حەكیم»ەكانی ئەم وڵاتەش، كە خۆیان وەك «ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی» دەردەخەن، هەر لە سەرەتاوە «ئۆپۆزیسیۆن» نەبوون‌و یەكەم سەرۆكی ئەنجوومەنەكەیان «شاهروودی» بوو كە خۆی یەكێكە لە مەلا ئێرانیەكانی دەسەڵاتدار لەم وڵاتە‌و پێڕەو‌و پرۆگرامی ئەنجووومەنەكەشیان، بە ئەمری رۆحۆڵڵا خومەینی، «عەلی خامنەیی» خۆی نووسیویەتی. «سوپای 9ی بەدر»یش بە پاسدارێكی ئێرانی لە دایك بوو بە ناوی «دەقایقی»!

داخەكەم گەلو!

ئێستاكە ئەمجۆرە كەسانە بوونەتە «كاربەدەست»‌و «دەسەڵاتدار» لە عێراق‌و هەڕەشە لەم‌و لەو دەكەن‌و بە ئاشكرا پێڕەوی سیاسەتەكانی ئێران دەكەن. بۆ نموونە لە كاتێكدا كەس نیە حاشا لە دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق بكات، نوری مالیكی، بە ئاشكرا حاشا لەم راستیە دەكات‌و دەڵێت «ئێران دەست لە كاروباری عێراق وەرنادات!».

گەلۆ، چاوەكەم، بڕوانە بێچووە ئەژدیهاكی فۆنتەمێنتالیزمی ئیسلامی چۆن دەهۆڵی دیكتاتۆرییەت ئەژەنێ‌و لەبیری كردووە كە ئەمریكای خۆی هێنایە سەر كار. لە بیری كردووە كە هەتا دوێنێ لە ریزی هێزی تیرۆریستی قودسی سوپای پاسداراندا بووە‌و ئاڵقەی ویلایەتی فەقیهی لە گوێدا بووە‌و ئێستاش بووەتە سەرۆك وەزیرانی ئەم وڵاتە! ئایا هەق نیە گوێی ئەم پیاوە بگرن‌و بیخەنە بەردەم دادگاییەكی نێودەوڵەتی. چونكە ئەم پیاوە ئەوەندە لە خۆی بایی بووە كە گوایا «فریشتە»یە‌و هەمووان دەبێ كڕنۆشی بۆ بەرن!

گەلۆ،

رۆژانی بەر لە هەڵبژاردنەكەی عێراق ئەوەی جێی سەرنجی هەمووان بوو، هەڵوێست‌و شێوازی مامەڵەكردنی قەوارە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە بوو كە نیگەرانیەكی زۆریشی لێكەوتەوە. نیگەرانیەكە لەسەر ئەگەری ساختەكاری بوو كە بە گوتەی زۆر لایەنی عێراقی‌و بیانی، ئێران خۆی ئامادەكردبوو بۆ ئەمكارە. ئەم نیگەرانیەش بە پشت‌بەستن بە هەندێك زانیاری تازە‌و هەروەها بە ساختەكارییە گەورە‌و سەرسوڕهێنەرەكەی ئێران هاتە ئاڕا لە هەڵبژاردنەكانی مانگی حوزێرانی رابردوو لە ئێران.

لەم پرۆژەیەدا، تاكتیكی ئێران‌و دەست‌و پێوەندەكانی ئەوە بوو كە نەیارانی خۆیان بە «ساختەكار» تۆمەتبار بكەن‌و تەنانەت ئەوانیان بەوە تۆمەتبار كرد كە ویستوویانە پەیوەندی ساز بكەن لەگەڵ ئێران! لە كاتێكدا لە كەس شاراوە نیە كە «ساختەكاری» بنەمایەكە لە بنەماكانی كۆماری ئیسلامی‌و دەست‌و پێوەندەكانی لە عێراق‌و تۆمەتباركردنی لایەنەكانی بەرانبەریان، تەنها بۆ ناوزِراندنیانە‌و كەمكردنەوەی دەنگدەرانیان. وەك ئەو دزەی خۆی دز بوو، هاواری ئەكرد هەی دز هەی دز!

ئەوەی راستی بێت‌و لە كەس شاراوە نیە، لاوازبوونی بەرەی رژێمی ئێرانە لە چاو هەڵبژاردنەكانی 4 ساڵ لەمەوبەر. هەربۆیە ساختەكاری، مەترسییەكی زۆر گەورەیە‌و بە هەر ئاقارێكدا بچێت «كارەسات»ە‌و مانای زۆر دەبەخشێت. چونكە شتەكە گەورەترە لە عێراق‌و جل‌و بەرگێكی دی بە بەری پێشهاتەكاندا دەكات‌و دەستپێكی قۆناخێكی زۆر مەترسیدارە بە تایبەتی بۆ نەیارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران. ساختەكاری هەنگاوێكە بۆ نوێكردنەوەی زاڵبوونی دیكتاتۆرییەت بە مەبەستی پاكتاوكردنی نەیاران.

كەوایە گەلو، دەخیلت بم، نەكەی لەم دیاردەیە غافڵ بیت!

 

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com