بەیانیەی دەفتەری سیاسی
PDKI
بە بۆنەی 8ی مارسەوە
لە
بیرەوەریی 8ی مارسدا، رۆژی نێونەتەوەیی ژن، كۆمەڵگەی
جیهانیو ئۆگرانی ئازادیو دادپەروەریو
داكۆكیكارانی مافی مرۆڤو بەتایبەت ژنان بە پێشوازیی
ئەم رۆژە مێژوویییەوە دەڕۆنو بە شێوەی جۆراوجۆر بە
گرتنی كۆڕو كۆبوونەوەو سمینارو خۆپیشاندانو... لەم
رۆژە مێژووییو پیرۆزە رێز دەگرنو باس لە خەباتی پڕ لە
هەورازو نشێوی ژنان لە بەرامبەر زوڵمو زۆرو
چەوسانەوەو نابەرابەری دەكەنو دەسكەوتەكانیان لەم
خەباتە رەوایەدا بەرز دەنرخێن.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، بە
بۆنەی ئەم رۆژە مێژوویییەوە كە ئاوڕدانەوەیە لە خەباتی
یەكسانیخوازانەی ژنان، گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو
ژنانی جیهان، ئێرانو كوردستان دەكاو هیوای سەركەوتنی
زیاتریان بۆ دەخوازێ لە خەبات دژی كۆنەپەرەستیو
دیكتاتۆریو نابەرابەریو گەیشتنیان بە مافە ئینسانیو
سیاسییەكانیان. لە ساڵی 1911ەوە كە 8ی مارس لە ئاستی
نێونەتەوەییدا وەك رۆژی ژن بە رەسمی ناسراوە نیزیك بە
سەد ساڵ تێدەپەڕێ، لەو ماوەدا ژنانی مافخواز لە
سەرتاسەری جیهان بە بەردەوامبوونیان لە خەبات بۆ گەیشتن
بە ئازادیو بەختیاری، توانیویانە لێبڕاوانە داكۆكی لە
مافەكانیان بكەنو لە بواری سیاسی، ئابووریو
كۆمەڵایەتییەوە دەسكەوتی بەرچاو وەدی بێنن. ئەوان لەو
ماوەدا لە هەموو دەرفەتەكان كەڵكیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی
تواناو لێهاتوویی خۆیان نیشان بدەنو بەتایبەت لەو
وڵاتانەدا كە ژن وەك مرۆڤی خاوەن ماف لەبەرچاو دەگیرێ لە
هەموو بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتیو ئابووری خزمەتی
گەورە بە كۆمەڵگای خۆیانو جیهانی بكەن، بەڵام بەداخەوە
هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە ژنان لە دنیای ئەمڕۆدا لە ژێر
باری زوڵمو ستەمی چەند قاتدا دەچەوسێنەوەو لە هەموو
مافەكانی مرۆڤی ئەم سەردەمە بێبەشن. ئەگەر بیری
دواكەوتووانەو سەدەناوەڕاستییەكان، هەڵاواردنو
نەخوێندەواری وەك مۆتەكەیەك باڵی بەسەر بەشێكی بەرچاو
لە كۆمەڵگای جیهاندا گرتووە، ئاسەواری نالەباری ئەم
دیاردانە لەسەر ژنانی ئەو بەشە لە جیهان زۆر زیاتر لە
پیاوانە كە رێژیمی كۆنەپەرەستو مرۆڤكوژی كۆماری
ئیسلامیی ئێران باڵی بەسەردا گرتووەو بە رەچاوكردنی
كۆمەڵە یاسایەكی چەقبەستوو، پێشی هەر جۆرە خەباتو
تێكۆشانی مافخوازانەو دادپەروەرانە دەگرێ، ژنان
بەرچاوترین توێژی ئەم وڵاتەن، بێبەشترینو ماف
پێشێلكراوترین پێكهاتەی ئەم وڵاتە پێك دێنن بەو پەڕی
دڕندەیییەوە ئازارو ئەشكەنجە دەدرێنو سووكایەتی بە
مافو كەرامەتیان دەكرێ، بەڵام بە خۆشییەوە ژنانی
ئازادیخوازو مافویستی وڵاتەكەمان، وێڕای ئەو هەموو
زوڵمو زۆرە كە لە لایەن ئەم رێژیمە دواكەوتووەوە لە گەڵی
رووبەڕوون، بە لێهاتوویی لە بەرانبەریدا راوەستانو لە
سەنگەری داكۆكیكردن لە ئازادیو دێموكراسیو
دادپەروەریدا نیشانیان داوە نە بە سەركوتو ئازارو
ئەشكەنجەو بەردبارانو نە بە سەپاندنی ئەحكامی دژی
مرۆڤانە ناتوانێ لەم خەباتە پیرۆزەدا هەنگاویان پێ شل
بكا، بەو قوربانیدانەو فیداكارییانەوە كە ژنانو كچانی
ئازادیخوازو مافویستی وڵاتەكەمان بە شێوەی جۆراوجۆر
وەك وەڕێخستنی كەمپەینی یەك میلیۆن واژۆ، خۆپیشاندانی
بەرینو بەشداریی بەرچاو لە حەرەكەتە ناڕەزایەتییەكانی
ئەم چەند مانگەی دواییو دەیان هەڵوێستی بوێرانەیان،
بوونەتە بەشێكی چالاك لە پرۆسەی دێموكراسیخوازیو
یەكسانیخوازیی وڵاتەكەمان.
ژنانی كوردیش هەر لە كۆنەوە نموونەی خۆڕاگریو
بەربەرەكانێ لەگەڵ دوژمنانی مافو ئازادییەكانی
خەڵكی كوردستان بوونو سەرەڕای داكۆكیكردن لە مافە
كۆمەڵایەتییەكانیان، لە سەنگەری پێشمەرگایەتیو بەرگری
لە نەتەوەو نیشتمانەكەیان رۆڵی پێشەنگیان گێڕاوەو لە
خەباتی سیاسی، مەدەنیو فەرهەنگیدا توانیویانە
پاڵپشتی گەورە بۆ جووڵانەوەی میللیی دێموكراتیكی
خەڵكی كوردستانو ئێران بن. مێژوو بە شانازییەوە باس لەم
خەباتەیان دەكا، نووسینی چەندین باسو بابەتی
مێژوونووسانو بڵاوبوونەوەی زۆر دێكۆمێنتی گرینگی
رۆژهەڵاتناسان سەلمێنەری ئەم راستییەن. بەتایبەتی پاش
دامەزراندنی حیزبی دێموكرات كوردستانو پێكهێنانی
كۆماری كوردستان دەرەتانێكی سیاسیی لەبار بۆ خەباتی
ژنان لە كاروباری سیاسیدا رەخساو بە روانینی
پێشكەوتووانەی ئەو حیزبە لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا
ژنانی كوردستان بۆ یەكەمجار توانییان رێكخراوی خۆیان
پێك بێنن. لەو كاتەوە تا ئێستا ژنانی كوردستان لە خەبات
بۆ دابینبوونی مافە كۆمەڵایەتییەكانیانو وەدیهێنانی
مافە سیاسیو نەتەوایەتییەكانیان بەردەوام بوون. هەر ئەم
خەباتە پڕ لە شانازییەی ئەوانە كە ئێستا بۆتە بەشێك لە
بزووتنەوەی مافخوازیی ژنان لە ئاستی جیهانیو بوونەتە
ئەندامی ئەنتێرناسیۆنال سوسیالیستی ژنانو رێز لە
خەباتیان دەگیرێو ساڵانە بەهۆی خەباتە پیرۆزەكەیان لە
لایەن كۆڕو كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكانەوە خەڵات دەكرێن.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، جارێكی دیكە
پشتیوانیی خۆی لە بزووتنەوەی یەكسانیخوازیی ژنان
رادەگەیەنێ. رۆژی 8ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان،
ئێرانو كوردستان بەتایبەت ئەو ژنە ئازادیخوازانەی
كوردستانو ئێران كە لەم رۆژەدا بە تاوانی یەكسانیخوازی
لە زیندانەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیدان، پیرۆزبایی
دەكاو هیوای سەركەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.
پیرۆز بێ 8ی مارس رۆژی نێونەتەوەیی ژن
سەركەوێ خەباتی ژنان لە پێناو مافە رەواكانیاندا
بە سپاسەوە
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
16ی رەشەمەی 1388ی هەتاوی
7/3/2010ی زایینی