تیرێكی ژەنگاویو نەپێكانی هیچ مەبەستێك
باران
رێژیمی كۆماری ئیسلامی ماوەیەك لەمەوپێش رایگەیاند كە
عەبدولـمالیكی ریگی، رێبەری بزووتنەوەی خەڵكی
بەلووچستانی دەستبەسەر كردووە، بەڵام شێوەی
دەستبەسەركردنی ناوبراوی بە
شێوەیەك راگەیاند كە دواتر لە چەندین لایەنەوە، لەوانە
وەزارەتی دەرەوەی قیرقیزستان، وڵاتی ئەماراتی
یەكگرتووی عەرەبیو دەزگای سیخوڕی پاكستانەوە بە
شێوەی جۆراوجۆر بە درۆ خرایەوەو لەم مانۆڕەشیدا ئەوەی
بۆی مایەوە ئابڕووچوونێكی دیكە بوو. بەڕێز ریگی گەر بە
هەر فرتوفێڵێك گیرابێ، جا چ بە هۆی دەستێكەڵاوبوونی
دەزگای سیخوڕی پاكستان لەگەڵ رێژیم گیرابێو چ داوی
بە ناو وتووێژیان بۆ دانابێو تێیكەوتبێ، هەر چۆنێك بێ
بەو شێوەیە نەگیراوە كە كۆماری ئیسلامی لە سەرەتادا
رایگەیاند. كۆماری ئیسلامی شانۆكەی بە جۆرێك رێكخستبوو
كە بتوانێ لە بواری تەبلیغاتییەوە بە تیرێكی ژەنگاوی
چەند مەبەست بپێكێو رایگەیاند كە عەبدولـمالیكی ریگی
لە فڕۆكەیەكدا بووە كە لە ئەماراتەوە بەرەو قیرقیزستان
دەچووو فڕۆكە شەڕكەرەكانی رێژیم لە كاتێكدا ئەو فڕۆكەیە
بە ئاسمانی ئێراندا تێپەڕ دەبوو، هۆشدارییان پێداوەو
ناچاریان كردووە بنیشێتەوەو دواتر ریگیو هاوڕێیەكی
ئەویان دەستبەسەر كردووە. بەڵگە بۆ وەدرۆخستنی
شانۆسازییەكەی رێژیم زۆرن، هەر ئەوەندە بەسە كە حەوتووی
رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی قیرقیزستان رایگەیاند كە نە
فرۆكەی لە ئاسمانی ئێراندا ناچار بە نیشتنەوە كراوەو
نە هیچ كەسێك لە فرۆكەی ئەو وڵاتەدا دەستبەسەر كراوەو
دواتر بڵاو بووەوە كە وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی
بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لە قیرقیزستان كردووەو
هەوڵیان داوە سەری شتەكە بنێنەوە. لە لایەكی دیكەوە
خودی "بزووتنەوەی بەرخۆدانی خەڵكی ئێران" كە
عەبدولـمالیكی ریگی رێبەری دەكرد، شانۆسازییەكەی
رێژیمی رەت كردەوەو سیناریۆیەكی دیكەی هێنایەبەرباس كە
وێدەچێ راستتر بێ.
وەك باس كرا كۆماری ئیسلامی لە وەڕێخستنی ئەو
شانۆسازییە دەیهەویست چەند مەبەستێكی سەرەكی بپێكێو
لە ئەگەری سەرنەگرتنیشیدا تەنیا یەك زیانی دەبینی كە
ئابڕووچوون بوو، ئەویش بۆ كۆماری ئیسلامی كە
كارنامەیەكی سی ساڵەی لە درۆكردنو بە درۆكەوتنەوەدا
هەیەو تێیدا رێكورددارە، هیچ نەبوو. یەكەمین مەبەستی
كۆماری ئیسلامی ئەوە بوو كە وانیشان بدا كە بزووتنەوەی
رزگاریخوازانەی خەڵكی بەلووچستان، بزووتنەوەیەكی خەڵكی
نیەو بەستراوە بە وڵاتانی بێگانەیە. دووهەمین مەبەستی
رێژیم ئەوە بوو كە نەیدەویست بە گیرانی ریگی ئەو پەیامە
بە هێندێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی رێژیم بدا كە داوێكیان بە
ناوی داوی وتووێژ بۆ داناون، چوونكە بە پێی هێندێ
هەواڵ وێدەچێ هەر كات كۆماری ئیسلامی لە بەرەیەكی
بەهێزەوە دەكەوێتە مەترسی گلۆربوونەوە، هەوڵ دەدا بۆ
هێندێ لایەنی دژبەری خۆی پەیامی وتووێژ بنێرێ تا لە
نێوان بەرهەڵستكارانیدا یەكگرتوویی روو نەدەدا كە پشتی
رێژیم دەشكێنێ. سێهەمین مەبەستی رێژیم ناردنی ئەو
پەیامە بوو كە سەرانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەر شوێنێك بن لە ژێر
كونترۆڵـی دەزگا سیخوڕییەكانی رێژیمدان. چوارەمین
مەبەست، هەوڵێك بوو لە پێناو شكاندنی هەیمەنەو
ئۆتۆریتەی ریگی لە نێو خەڵكی بەلووچستانداو بەگشتی
چەندین مەبەستی وردو درشتی دیكە. بەڵام ئایا بە
دەركەوتنی ئەو راستییە كە ئەوەی رێژیمو دەزگا
سیخوڕیو سەركوتكارانەكانی باسی لـێدەكەن، لە
شانۆسازییەك بەوەلاوە هیچی دیكە نەبووە، رێژیم توانی
مەبەستەكانی بپێكێ؟ وەڵامەكەی روونە.
رۆژنامەی كوردستان ـ528