بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

رێبەرانی‌ سازشكار‌و هێوربوونەوەی‌ شەپۆلەكان

 

سەلاح مورادی‌

بزاڤی‌ ئیعترازیی‌ خەڵكی‌ ئێران (بزووتنەوەی‌ سەوز) لە 31مین ساڵیادی‌ شۆڕشی‌ 57دا نەیتوانی‌ وەك پێشتر هێزی‌ خۆی‌ نیشان بدات.

هۆی‌ ئەم شكستەی‌ بزووتنەوەی‌ سەوز لە زۆربەی‌ لێكدانەوەكاندا بۆ پێكهێنانی‌ كەشوهەوای‌ نیزامی‌‌و ئەمنییەتی‌‌و...لە لایەن رێژیمەوە گەڕێندراوەتەوە. بەڵام رۆڵ‌و شوێندانانی‌ رێبەرانی‌ باڵی‌ ناڕازیی‌ رێژیم لە لاوازیی‌ بزووتنەوەكە لە 22ی‌ رێبەندان‌دا لێكدانەوەی‌ كەمتری‌ لە سەر كراوە.

رێبەرانی‌ باڵی‌ ناڕازی‌ بە دوای‌ خۆپیشاندانی‌ رۆژی‌ عاشوورادا هەڵوێستێكی‌ "سازشكار"انەیان گرتەبەر‌و ئامادەیی‌ خۆیان بۆ پێكهاتن لەگەڵ خامنەیی‌‌دا بە مەبەستی‌ چارەسەركردنی‌ ناكۆكییەكان راگەیاند. ئەم هەڵوێستە پێگەی‌ لەرزۆكی‌ ئەوانی‌ لە نێو خەڵك‌دا لاوازتر كرد‌و خەڵك بۆیان دەركەوت ئەو تێچوو‌و قوربانییانەی‌ كە لە ماوەی‌ چەند مانگی‌ رابردوودا داویانە لە لایەن رێبەرانی‌ باڵی‌ ناڕازی‌‌یەوە وەكوو كارتی‌ گوشار لە رێڕەوی‌ گەیشتن بە بەرژەوەندییەكانیان لە ئەگەری‌ سەرگرتنی‌ هەر چەشنە رێككەوتنێك‌دا كەڵكی‌ لێ وەردەگیرێ‌. داوای‌ میرحوسێنی‌ مووسەوی‌‌و كەڕووبیش بۆ بەشداریی‌ خەڵك لە رێپێوانی‌ دەوڵەتیی‌ 22ی‌ رێبەندان‌دا هەر بۆ ئەم مەبەستە بوو تا پێشخستنی‌ بزووتنەوەكە.

مووسەوی‌‌و كەڕووبی‌ كە كۆنتڕۆڵ‌و رێبەریی‌ رەوتی‌ ناڕەزایەتییەكانیان بەتایبەتی‌ لە رۆژی‌ عاشوورادا لە دەست دابوو، لە پەرەگرتنی‌ دروشم‌و ویستە ‌پێكهاتە‌شكێنانەكان زیاتر لە باڵی‌ دەسەڵاتدار ترسیان لێ نیشتبوو، هەر بۆیە بە داواكردن لە خەڵك بۆ خۆبواردن لە هەر چەشنە پێكهاتە‌شكێنی‌‌یەك، ویستیان رەوتی‌ ناڕەزایەتییەكان‌و شەپۆلەكانی‌ بزووتنەوەی‌ سەوز هێور بكەنەوە. لەو خۆپێشاندانانەی‌ كە لە پەراوێزی‌ رێپێوانی‌ 22ی‌ رێبەندان روویان دا، یەكێك لە دروشمەكان دروشمی‌ "كشتە ندادیم كە سازش كنیم، رهبر قاتل را ستایش كنیم" بوو. دروشمێك كە راستەوخۆ رووی‌ لە رێبەرانی‌ سازشكاری‌ باڵی‌ ناڕازی‌ بوو. ئەم دروشمە ئەوەی‌ نیشان دا كە سەرانی‌ باڵی‌ بەناو رێفۆرمخواز (مووسەوی‌، كەڕووبی‌‌و خاتەمی‌) پێگە‌و نفووزی‌ شوێندانەریان لە نێو خەڵكدا نیە‌و ئەو بەشە لە بەشداربووانی‌ رێپێوانی‌ 22ی‌ رێبەندان كە دەرفەتی‌ ناڕەزایەتیی‌‌دەربڕینیان بە دەست هێنابوو، دژی‌ ئەوان‌و هەڵوێستە سازشكارانەكانیانن. رۆڵی‌ ئەرێنی‌ رێبەرانی‌ باڵی‌ ناڕازی‌ بوو بە هۆی‌ ئەوەش كە بەشێكی‌ بەرچاو لە بەشدارانی‌ رێپێوانی‌ 22ی‌ رێبەندان لە بێ‌ بەرنامەیی‌‌و گرتنەبەری‌ بێدەنگی‌‌دا وەك لایەنگرانی‌ دەوڵەت بناسرێن تا دژبەرانی‌ خامنەیی‌‌و ئەحمەدی‌ نژاد.

رێپێوانی‌ 22ی‌ رێبەندان بەر لەوەی‌ سەركەوتن بۆ رێژیمی‌ ئاخووندی‌ بێت، شكستێكی‌ گەورە بۆ رێبەرانی‌ باڵی‌ ناڕازی‌ بوو‌و ئەوەی‌ نیشان دا كە ئەو بە ناو رێبەرانە زیاتر رۆڵی‌ هێوركردنەوەی‌ ناڕەزایەتییەكان‌و دابەزاندنی‌ ئاستی‌ داخوازییەكانی‌ خەڵك دەگێڕن تا بەرەوپێشبردنی‌ بزووتنەوەكە. بزووتنەوەی‌ سەوز لەگەڵ كێشەی‌ نەبوونی‌ رێبەری‌‌یەكی‌ شۆڕشگێڕ‌و لێهاتوودا بەرەوڕووە‌و تا ئەم كێشەیە چارەسەر نەبێ‌ بەرگی‌ براوە لە دەست خامنەیی‌ دا دەبێ‌.

تەنیا بوونی‌ رێبەری‌‌یەكی‌ شۆڕشگێڕ كە لە نێو خەڵك‌و لە واقیعی‌ ئێستای‌ گۆڕەپانی‌ بەربەرەكانێی‌ قارەمانانەی‌ خەڵك دژی‌ رێژیمەوە هەڵ‌قوڵابێ‌، دەتوانێ‌ شەپۆلەكانی‌ بزووتنەوەی‌ سەوز لە رێڕەوی‌ نغرۆكردنی‌ كەشتیی‌ زریان‌لێدراوی‌ دەسەڵاتداریەتیی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌‌دا بباتە پێش.

 رۆژنامەی‌ كوردستان ـ528

 

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com