بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بەیاننامە هاوبەشی‌ یەكیەتیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و كۆمیتەی‌ ژنانی‌ كۆمەڵەی‌ شۆڕشگێری‌ زەحمەتكێشانی‌ كوردستانی‌ ئێران بە بۆنەی‌ هەشتی‌ مارسی‌ 2010، رۆژی‌ جیهانی‌ ژن

 

لە بەرە بەری‌ رۆژی‌ 8ی‌ مارسین، رۆژێك كە هێمای‌ خەباتی‌ هەزاران ساڵەی‌ ژنان لە سەرانسەری‌ جیهان بۆ وەدەستهێنانی‌ بەرابەری‌‌و جیهانێكی‌ مرۆڤانە‌و دادپەروەرانەیە. هەروەها 8ی‌ مارس رۆژی‌ تێكۆشان لەپێناو مافی‌ یەكسان‌و باشتربوونی‌ بارودۆخی‌ ژیانی‌ ژنانە.

سەرەڕای‌ ئەوە كە لە چەند دەیەی‌ رابردوودا، بەتایبەت دەیەی‌ یەكەمی‌ ئەم سەدە نوێیە كۆمەڵگای‌ جیهانی‌ بەگشتی‌ گۆرانكاری‌ بەرچاوی‌ بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا خەبات‌و بەربەرەكانی‌ ژنان لەبەرامبەر نایەكسانی‌‌و هەموو نابەرابەرییەكان درێژەی‌ هەیە. هەرچەند هێندێك پێشكەوتن لە بواری‌ بەشداری‌ ژنان لە ئاستی‌ سیاسی‌‌و بڕیارداندا دەبیندرێت، بەشداری‌ ژنان لە پارڵمانی‌ وڵاتان، ژنان وەك دەسەڵاتبەدەستی‌ یەكەم، ژنان لە دادگا بەرزەكان‌و تەنانەت لە هێندێك رێكخراوی‌ نێودەوڵەتی‌ زۆرتر بووە، بەڵام هێشتا زۆربەی‌ ژنانی‌ جیهان لە مافە مەدەنییەكان بێ‌بەشن‌و توێژی‌ سەرەكی‌ هەژار‌و كەمداهاتەكانی‌ جیهان ژنان پێك دێنن، هێشتا حقووقی‌ ئابووری‌، كۆمەڵایەتی‌، سیاسی‌‌و مەدەنییەكانی‌ ژنان لەگەڵ‌ پێشێلكاری‌ بەرەوروون، نەبوونی‌ مووچەی‌ بەرابەر لە كار‌و پشتیوانی نەكردن لەم بوارەدا، هەروەها یاساكانی‌ جیاوازیدانەر‌و هەڵاواردنە جینسییەكان بە هەموو شێوازەكانیەوە بەڕێوە دەچێ‌، لە هەمووی‌ بەرچاوترو بەربڵاوتر بەرێوەبردنی توندوتیژی‌ بەدژی‌ ژنان‌و كچانە. بەڵام هێشتا زۆری‌ ماوە كە هەلومەرجی‌ ژیانی‌ بۆ ژنان وەك نیوەی‌ پێكهاتەی‌ كۆمەڵگای‌ ئینسانی‌ لە هەموو بوارێكدا بگاتە دۆخی‌ شیاوی‌ خۆی‌.

بەڵام بارودۆخی‌ ژنان لە وڵاتانی‌ جیهانی‌ سێهەم‌و دیكتاتۆرلێدراودا زۆر نالەبارترە‌و بە شێوەیەكی‌ سیستماتیك دەچەوسێنەوە‌و ماف‌و ئازادییەكانیان پێشل دەكرێت، توندوتیژی‌ دیاردەیەكە ژنان لەو وڵاتانەدا رۆژانە دەست‌و پەنجەی‌ لەگەڵ‌ نەرم دەكەن. لە وڵاتانی‌ نادێموكراتیكدا بەگشتی‌ ئەو مافە رەسمییانە كە لە ئاستی‌ جیهاندا بۆ ژنان بەرچاو گیراون، هیچ گارانتییەك بۆ دابینبوونیان نیە.

بەڵام لە ئێراندا بە هۆی‌ زاڵبوونی‌ دەسەڵاتی‌ ئیدئۆلۆژیكی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی، لە ماوەی‌ ئەم سی‌ ساڵەی‌ رابردوودا، تەنانەت هێشتا رۆژی‌ جیهانیی‌ ژن بە فەرمی‌ نەناسراوە، تاكوو مافە رەوا‌و دێموكراتیكەكانی‌ پەسەندكراوی‌ جیهانی‌ بەرچاو بگیردرێن، دەبینین بۆ پێكهێنانی‌ چالاكیی‌ تایبەت بە بۆنەی‌ رۆژی‌ 8ی‌ مارس، زۆر كۆسپ‌و بەربەست بۆ چالاكانی‌ مافی‌ ژنان درووست كراوە‌و دەكرێت‌و ژنان‌و چالاكڤانانی‌ یەكسانیخواز ناچارن لە جەو‌و فەزایێكی‌ تەواوی‌ ئەمنییەتی‌‌و لە ژێر زەخت‌و گوشاری‌ لەرادەبەدەری‌ هێزەكانی‌ ئەو رێژیمە رێز لەو رۆژە جیهانییە بگرن‌و بەم هۆیەوە بەردەوام رووبەرووی‌ توندوتیژی‌ دەبنەوە. ئەمە نیشاندەری‌ ئەو راستییەیە كە خەڵكی‌ ئێران بەگشتی‌‌و بەتایبەت ژنان گرینگی‌‌و بایەخێكی‌ زۆر بۆ ئەم رۆژە دادەنێن. چوونكە ژنان‌و چین‌و توێژەكانی‌ دیكە ئێران خوازیاری‌ گۆرانكاری‌ لە ژیان‌و چارەنووسی‌ خۆیان‌و دابینكردنی‌ ژیانێكی‌ نوێ‌ لە سیستمێكی‌ مۆدێرن‌و دێموكراتیكدان.

بەڵام بە هۆی‌ بارودۆخی‌ زاڵ‌ بەسەر ئێران‌و كوردستاندا، چالاكڤانانی‌ مافی‌ ژنان كە زیاتر بە رێگاكانی‌ ئاشتیخوازانە‌و مەدەنی‌ ویست‌و داواكانیان دێننە بەرباس، لە ژێر زەخت‌و گوشارێكی‌ بێ‌رادەدان. چوونكە بەساڵانە ژنانی‌ ئێران‌و كوردستان ماف‌و ئازادییە سرووشتی‌‌و ئینسانییەكانی‌ خۆیان ناسیوە‌و لەپێناو دەستەبەركردنیان لەهەوڵدان‌و دەبینین كە ئەم حەرەكەتە كۆمەڵایەتییە وەك بەشێك لە بزووتنەوەی‌ دێموكراسیخوازی‌ ئێران نرخی‌ زۆری‌ داوە‌و لە داهاتووش دەدات. لە بەر ئەوەی‌ زۆربەی‌ چالاكییەكانی‌ ژنان لە ئێراندا لە چوارچێوەی‌ رێكخراو‌و دامەزراوە مەدەنییەكان بەڕێوە دەچێت، دەسەڵاتی‌ دیكتاتۆری‌ كۆماری‌ ئیسلامیش لە راستای‌ لەنێوبردنی‌ ئەو دامەزراوە مەدەنییانەی‌ كۆمەڵگا تێدەكۆشێ‌و زەخت‌و گوشار بۆ سەر چالاكڤانانی‌ كۆمەڵگای‌ مەدەنی‌ بەتایبەت ژنان زیاتر‌و بەربڵاوتر كردووە. بەڵام حەرەكەتی‌ مەدەنی‌‌و كۆمەڵایەتی‌ ژنانی‌ ئێران بۆ دابینكردنی‌ یەكسانی‌‌و نەهێشتنی‌ هەڵاواردنەكان بە هەموو شێوازەكانی‌ كە بە شێوەیەكی‌ سیستماتیك لە یاساكانی‌ كۆماری‌ ئیسلامیدا جێگر كراون، درێژەی‌ هەیە.

ئێستا ژنان ئێران لە هەموو حەرەكەتە مەدەنی‌‌و ناڕزایەتییەكاندا دەورێكی‌ سەرەكی‌ دەگێڕن‌و بوونی‌ خۆیان وەك فاكتەرێكی‌ سەرەكی‌ لە هەموو گۆرانكاری‌‌و حەرەكەتێكی‌ سیاسی‌‌و كۆمەڵایەتی‌ دەسەڵمێنن. بوونی‌ دەیان كەس لە چالاكڤانانی‌ مافی‌ ژنان لە زیندانەكاندا‌و بانگهێشتكردنی‌ بەردەوامیان بۆ دادگان سەڵمێنەری‌ ئەو بەشداری‌ ئاكتیڤەی‌ ژنانی‌ ئێران‌و كوردستانە. لێدان‌و سووكایەتیپێكردن، گرتن، ئەشكەنجە، زیندان، پێكهێنانی‌ پەروەندەی‌ دەستكرد، بۆختان‌و هەڕەشەش ناتوانێ‌ ئەوان لە خەباتی‌ یەكسانیخوازییان پاشگەز بكات‌و ژنانی‌ ئێران لە سەر ویست‌و داوا مەدەنی‌‌و دێموكراتیكەكانیان بەردەوام دەبن.

ئێمە وێرای‌ پێشكەشكردنی‌ پیرۆزبایی‌ بە بۆنەی‌ رۆژی‌ جیهانی‌ ژن، رێز لە هەوڵ‌‌و خەباتی‌ ئاشتیخوازانەی‌ ژنانی‌ سەرانسەری‌ ئێران‌و بەتایبەت ژنانی‌ كورد لە پێناو وەدەستهێنانی‌ ئازادییە مەدەنی‌‌و مافە سیاسی‌، ئابووری‌، كۆمەڵایەتی‌‌و فەرهەنگییەكانیان دەگرین‌و لەم رێگایەدا خۆمان بە هاورێ‌‌و پشتیوانی‌ هەمیشەییان دەزانین. 8ی مارس هەلێكی شیاوە بۆ نۆی كردنەوەی هاوپەیمانی وهاوپشتی مان.

 

 یەكیەتیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران

كۆمیتەی‌ ژنانی‌ كۆمەڵەی‌ شۆڕشگێری‌ زەحمەتكێشانی‌ كوردستانی‌ ئێران

8مارسی‌ 2010ی‌ زایینی‌

17ی‌ رەشەممەی‌ 1388ی‌ هەتاوی‌

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com