شكاندنی لقەكان یان بڕینی ریشەكان؟
سەلاح مورادی

بەدوای سەفەری ئەم دواییانەی هیلاری كلینتۆن بۆ
رۆژهەڵاتی ناڤین، ئەحمەدی نژاد سەردانی سووریەی
كرد. هەروەها خامنەیی چاوی بە رێبەرانی بزووتنەوەی
خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) كەوت.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماتیكانە لە درێژەی هەوڵەكانی
هەردوو حكوومەتی ئامریكاو كۆماری ئیسلامی بۆ
پتەوكردنی هاوپەیمانییەكان بە مەبەستی بەربەرەكانێ
لە تەك یەكدا لە رۆژهەڵاتی ناڤین بەڕێوە چوون.
لە
كاتێكدا كە ئامریكا دەیەوێ پشتگیریو هاوكاریی
وڵاتانی عەرەبی بۆ پەسەندكردنی بڕیارنامەیەكی دیكە
دژی رێژیمی كۆماری ئیسلامی بەدەست بێنێ،
رێبەرانی رێژیم لە دیدار لەگەڵ رێبەرانی رێكخراوی
توندڕەوی حەماسو رێكخراوی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای
لوبناندا دیسان پێیان لەسەر سڕینەوەی ئیسرائیل
داگرتەوە.
كۆماری ئیسلامی لە رێگەی ئەم سیاسەتەوە دەیەوێ
حیزبوڵڵاو حەماس بۆ ئاژاوەگێڕییەكی دیكە لە
رۆژهەڵاتی ناڤین ئامادە بكاو لە كاتی پێویستدا
ئیسرائیل بۆ مەیدانی شەڕێكی دیكە لەگەڵ ئەو دوو
رێكخراوەدا رابكێشێ.
وەزیری دەرەوەی ئامریكا لە درێژەدان بە هەوڵەكانی
بۆ گەمارۆی فرەتر خستنە سەر كۆماری ئیسلامی
پێداگرەو لە هەمان كاتدا كۆماری ئیسلامی لەگەڵ
گەورەترین قەیرانی سیاسیی خۆی (بزاڤی ئێعترازیی
خەڵكی ئێران)دا دەستەو یەخەیە.
لەم رەوشەدا روودانی شەڕێكی دیكە لە رۆژهەڵاتی
ناڤیندا بۆ كۆماری ئیسلامی دەرفەتێكی شیاوە تا هەم
پێش لە نزیكبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە هاوپەیمانی
سەرەكیی ئیسڕائیل بگرێو جیهان بە بابەتێكی دیكەوە
سەرقاڵ بكاو هەم بە زەقكردنەوەی مەترسیی ئیسرائیلو
ئامریكا بۆ سەر ئێران بزاڤی ئێعترازیی خەڵكی ئێران
بە توندی سەركوت بكا.
كۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی دوورخستنەوەی
مەترسییەكان بۆ سەر خۆی لە رێگەی كێشانی ئامریكاو
ئیسرائیل بۆ نێو مەیدانەكانی شەڕ لە دەرەوەی
سنوورەكانی ئێراندا تا ئێستا سەركەوتنی بەدەست
هێناوەو لەم پێوەندییەدا حەماسو حیزبوڵڵای لوبنان
سەرەكیترین یارمەتیدەری بوون.
ئەم دوو كارتی گوشارە هەروا بە بەهێزی ماونەتەوەو
مەترسیی ئەوە هەیە كۆماری ئیسلامی دیسان لە پێناوی
سیاسەتە دەرەكیو نێوخۆیییەكانیدا بە كاریان بێنێ.
سیاسەتی ئامریكا بۆ دوورخستنەوەی سووریە لە كۆماری
ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە بەهێزبوونی حەماسو حیزبوڵڵا
تا ئێستا بە ئاكام نەگەیشتووە. ئێستا كە سیاسەتی
بڕینی لقو پۆپەكانی بێ وڵام ماوەتەوە باشتر وایە
بیر لە رێگە چارەی وشككردنو بڕینی ریشەكان
بكرێتەوە. رێگە چارەیەك كە بە پشتیوانی لە
جووڵانەوەی خەڵكی ئێران دژی كۆماری ئیسلامیو
توندتركردنی گوشار بۆ سەر ئەم رێژیمە ئەگەری
سەركەوتنی فرەترە.
سەرچاوە: كوردستان میدیا