بڕۆن ون بن لەبەر چاوم!
زانا هەورامی
ماوەیەك لەمەوبەر چاوم بە دیمانەیەكی تەلەڤیزیۆنی كەوت كە
تیایدا ژمارێك لە دانیشتوانی كەمپی ئەشڕەف لە پارێزگای
دیالە، لە كاتێكدا ئاسەواری گوشارێكی دەرونی بە
روخساریانەوە دیار بوو، دەیانگوت “كەسو كارمان هاتوونەتە
بەر دەروازەی كەمپەكەو قسەی ناشیرین بە خۆمانو
كەمپەكەمانو رێكخراوەكەمان دەڵێنو لەگەڵ ئەوەشدا داوامان
دەكەن بچینە دەرەوەی كەمپەكەو دیداریان لەگەڵ ساز بكەین!
سەرەتا بەلامانەوە سەیر بووو نەماندەزانی چ باسە! كاتێ
بڕێك وردبووینەوە بۆمان دەركەوت كە ئەمانە بۆ دیدارمان
نەهاتوونو نییەتی خراپیان هەیە. ئەوانە زۆر بە تەواوی لە
لایەن هێزەكانی عێراقەوە هاوكاری دەكرێنو پێشتریش
ئامادەكارییان بۆ كراوەو پەیامنێرانی تەلەڤیزیۆنی
ئەلعالەم، ئەلفوڕاتو ئەلعێراقیەش بە كامێراوە ئامادەی
شوێنەكە بوونو تەنیا ماوەتەوە ئێمە بچینە ناویانو
سیناریۆكەیان تەواو بێتو بەرنامەكەیان بیگرێت!”.
چەند رۆژێك دواتر لە سەر هەمان تەلەڤیزیۆن، تەلەڤیزیۆنی
“سیمای ئازادی”، فیلمێك بڵاوكرایەوە لەسەر ئەو كەسانەی
لەبەر دەروازەی كەمپەكە كۆبوونەتەوە. ئەوان روو لە كەمپەكە
بە بڵندگۆ قسەیان دەكرد. بەڵام قسەكانیان زۆر سەیرو
داواكارییەكەیان هیچ لە داواكاری دۆستو كەسو كار
نەدەچوو. ئەوان بە بڵندگۆ هاواریان دەكرد: “یەكە بە
یەكەتان لە سێدارە دەدەین ... ئەشڕەف خەڵتانی خوێن دەكەین
... بەمزووانە پەلاماری ئێمە بۆ سەر ئەشڕەف دەست پێدەكات
... نە بریتانیاو نە میسرو نە ئاڵمانو نە ئەمریكا،
تەنانەت خوداش ناتوانێت پێشمان پێبگرێت ... هەزار كەسی دی
بەڕێوەنو ئەشڕەف لە ناو دەبەین ... بە درووشمی “اللەاكبر”
وەرنو خۆتان تەسلیم بكەن ... مەرگ بۆ ئەشڕەف، مەرگ بۆ
موجاهیدین ... بژی كۆماری ئیسلامیی ئێران ... خۆتان تەسلیم
بكەن، كۆماری ئیسلامی پارەو ژنتان دەداتێ ... بڕیاری
خۆتان بدەن، كۆماری ئیسلامیتان قبووڵە یان رەجەوی؟و ...
خودا خزمو كەسو كاری وا نەسیبی كەس نەكات! كە لە ترسان
یان لە برسان بوونەتە ئامرازی دەستی حكومەتێكی دیكتاتۆر.
با ئەم دیكتاتۆرەش هەر نەمێنێت كە بەم شێوازە نامرۆییە،
دەیەوێت حوكم بكات!
ئەوەندەی من ئاگادارم لەم ساڵانەدا ژمارێكی زۆر لە كەسو
كاری دانیشتووانی ئەم كەمپە، لە ئێرانو ئەورووپاو
ئەمریكاوە سەردانی ئەم كەمپەیان كردووەو بە هەزاران كەسی
ئێرانیو نائێرانی، عێراقو ناعێراقیو بگرە كەسایەتیو
پەرلەمانتارو رۆژنامەنووسو ... بە بێ كێشە سەردانی ئەم
كەمپەیان كردووە، بەڵام، هەر بە گواستنەوەی دەسەڵات لە
ئەمریكاوە بۆ حكومەتی عێراق لە سەرەتای 2009، هەموو ئەم
سەردانانە وەستاو هەتاكو ئێستا رێگە بە كەس نادرێت
سەردانی ئەم كەمپە بكات، ئەمەش وەك كارێكی نایاساییو
نامرۆیی دێت لە لایەن حكومەتی عێراقەوەو ئاڵقەیەكە لە
گەمارۆدانی ئەم كەمپە وەك بەشێك لە رێككەوتننامە
دووقوڵییەكی نێوان حكومەتی مالیكیو حكومەتی خامنەئی.
ئەوەی جێی رامانو سەرنجە، ئەمەیە كە لە گەرماوگەمی
هەڵبژاردنەكانی مانگی مارسی عێراقدا ئەم شتە دەكرێتو
ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ دەستتێوەردانی حكومەتی ئێران لە
كاروباری عێراق. دوای شەقبوونی بەرەی دۆستی ئێران لە عێراق
لە نێوان ”نوری مالیكی”و ”ئەنجوومەنی باڵا”دا، هەر دوو لا
بۆ خۆشیرینكردنی زێدەتر لای ئێرانو بەدەستهێنانی سۆزو
پشتگیریكردنی حكومەتی تاران لە كێبڕكێدان بۆ خزمەتكردنی
بەرژەوەندییەكانی ئێرانو لە هیچ كارێكی نامرۆیی سڵ
ناكەنەوە. هەتا ئەمڕۆ تۆپبارانكردنی هەرێمی كوردستان هەروا
بەردەوامە. لەم دواییانەشدا، تاران داوای لە حكومەتی هەرێم
كردووە كە پارتە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم
دەربكات.
وەك ئەزموونێك لە پێناسەكردنی حكومەتی مەلاكانی ئێراندا،
دەتوانین بڵێین ئەوان بە هیچ تێر ناخۆنو وریا نەبیت
سەریشت دەخۆن! هەر بۆیە تەنها هەڵوێستەكردنێكی رەسەنو
شیاو، وەستانە لە بەرانبەریانداو نەك مامەڵەكردن بە
نەرمو نیانی لەگەڵیدا. كە بڕیاری ئەم كارەتدا، ئەبینی كە
چەند خوێڕیو ترسنن!
رۆژی رابردوو لە یەكێك لە رۆژنامەكاندا راپۆرتێكم خوێندەوە
تیایدا هاتبوو كە گوایا كاربەدەستێكی ئێرانی بە گژ
مالیكیدا چووە كە “لەبەرچی رۆژی 15ی دیسامبری 2009 ئەم
كەمپەت نەگواستۆتەوە بۆ باشووری عێراقو ... تاد”. مالیكیش
بێ وڵام بووەو ئاماژەی داوە بە گوشارێكی نێودەوڵەتی بۆ
سەریو قبووڵنكردنی گواستنەوەكە لە لایەن دانیشتووانی
كەمپەكە خۆیان. هەر بۆیە ئێران داوای لە مالیكی كردووە بۆ
پێشخستنی ئەم پرۆژە هەنووكەییە وەك مەرجێك بۆ
دەستەبەركردنی پشتگیری ئێران لە مالیكیو پاڵێوراوەكانی بە
تایبەتی لە پارێزگای دیالە لە هەڵبژاردنەكانی دادێ.
لەمڕووەوە ئێستاكە تەلەڤیزیۆنی ئەلعێراقیە (وەك
تەلەڤیزیۆنی فەرمی دەوڵەتی عێراق)و هێزەكانی مالیكی، بە
تایبەتی ئەوانەی دەورەی كەمپەكەیان داوە، راسپێردراون بۆ
ئەم كارە.
لە كۆتاییدا دەبێ بڵێم كە ئێرانو حكومەتی مالیكی، هەر
دوولا رووبەڕووی زۆرێك قەیرانی هەتەر بوونەتەوەو حكومەتی
هەردوولا زۆر لاوازەو ژێر پێیان “لەق” بووە. سەرباری
هەرەسهێنانی موسەویو بزوتنەوە سەوزەكەی، لە ئێران
دەربڕینی ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانی جەماوەر بەردەامەو
رۆژی 25ی رەشەمە، رووبەڕووبوونەوەكان دەست پێدەكاتەوە. لە
عێراقیش، لیستەكەی نوری مالیكیو لیستەكەی حەكیم
نەیاتوانیوە یەك بگرنو تەنانەت یەكیش بگرن، نابنەوە بەو
لیستەی جارانو نابنە زۆرینەی عێراق. هەر بۆیە لەم
دواییانە، هەوڵێكی زۆریان دا كە زەبر لە لایەنە
بەرانبەرەكانی بووەشێننو بڵاوەیان پێبكەن. ئەوندە
بێتامیان كرد كە تەنانەت زۆرێك لە دەوڵەتانی رۆژئاوا
هاواریان لێهەڵساو بە گژ ئێراندا چوون كە بە رێگەی هێزی
تیرۆریستی قودس دەست لە كاروباری هەڵبژاردنەكانی عێراق
وەردەدات!
لێرەدا دەردەكەوێت كە هۆی چیە لە گەرماوگەری
هەڵبژاردنەكانی عێراقو بەردەوامی راپەڕینەكانی ئێراندا،
هەر دوو لا پەنایان بردووەتە بەر كارێكی قێزەونانەی دژ بە
پەنابەرانی ئێرانی لە كەمپی ئەشڕەف.