وتەكانى كاك محەممەدنەزیف قادری لە رێوڕەسمی سەرەخۆشیی
دوو پێشمەرگەی شەهیدی حیزبدا
هاوڕێیانی
خۆشەویست!
خوشكو برایانی بەڕێز!
بەشداربووانی ئازیز!
زۆر بەخێر بێن
هەروەك ئاگادارن دوانیوەڕۆی دوینێ پێنج شەممە، رێكەوتی
6ی رەشەمەی 1388ی هەتاوی، دوو پێشمەرگەی تێكۆشەرو
فیداكاری حیزبەكەمان، بە ناوەكانی كاك سادق رەئووفی
ناسراو بە (چیا)و كاك
جەمشید پیری ناسراو بە (وەستا جەمشید) لە رووداوێكی
دڵتەزینی تەسادوفی ماشیندا لە جادەی كۆیە بۆ ئازادیو
لە نزیك بنەماڵەكانی حیزب گیانی شیرینیان لە دەست داو
بە یەك دنیا ئاواتو ئارەزووەوە لە بنەماڵە بەڕێزەكانیانو
لە جگەرگۆشەكانیانو حیزبە تێكۆشەرەكەیان ماڵئاوایییان
كردو ئەركی درێژەدان بە خەباتە پیرۆزەكەیان بۆ ئێمە،
هاوسەنگەرانیانو رۆڵە نیشتمانپەروەرەكانی كوردستان
بەجێ هێشت.
ئەمڕۆ لێرە كۆ بووینەوە تا لە لایەن دەفتەری سیاسیو
هاوسەنگەرانیانەوە، لە بنەماڵەی بەڕێزیان سەرەخۆشی
بكەینو هاودەردیو هاوخەمییان لەگەڵ بكەینو بۆ
لەدەستدانیان خەمو پەژارەی خۆمانیان پێ رابگەیەنینو
ئەركی هاوسەنگەری لەگەڵ گیانی پاكیانو رێبازی
پیرۆزیان بە ئەنجام بگەیەنینو رێز لە خەباتو تێكۆشانیان
بگرین.
خوشكو برایانی بەڕێز!
هاوڕێ كاك سادق رەئووفی، كوڕی محەممەد عەلی، خەڵكی
ئاوایی "ویزیەر"ی كامیاران، ساڵی 1358ی هەتاوی لە
بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە دایك بووە. پاش تێپەڕكردنی
تەمەنی منداڵیو تەواوكردنی خوێندن تا پۆلی دووهەمی
راهنمایی لە ئاوایی ویزیەر درێژەی بە ژیانی ئاسایی
دەداو ساڵی 1374ی هەتاوی ماڵیان دەچیتە شاری
كامیارانو دواتر بە كارو كاسبییەوە سەرقاڵ دەبێو ساڵی
1379ی هەتاوی لە رێگەی ئەندامانی حیزبەوە بە
ئامانجەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ئاشنا
دەبێو بە هەستكردن بە زوڵمو زۆریی رێژیمی كۆماری
ئیسلامیی ئێران لەسەر گەلەكەیو پێشێلبوونی مافە
سیاسیو نەتەوایەتییەكانی، پێوەندیی بە حیزبی
دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە كردووە. ساڵی 1380ی
هەتاوی بە شانازییەوە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی
پۆشیوە. پاش تەواوكردنی دەورەی فێرگە لە دوای ماوەیەك
كاركردن لە ئورگانەكانی حیزب، رەوانەی بنكەی
پێوەندییەكانی حیزب لە بەغدا كراوەو دوایی گەڕاوەتەوە
سكرتاریاو بەو پەڕی وەفاداری بە حیزبو ئەمانەتدارییەوە
وەك پێشمەرگەیەكی هەڵسووڕو دڵسۆزو فیداكار درێژەی بە
ئەركی حیزبی داوەو سەرئەنجام بە شانازییەوە سەری
نایەوە.
شەهید كاك جەمشید پیری، ناسراو بە (وەستا جەمشید) كوڕی
عەبدوڵڵا، خەڵكی شاری كامیاران، ساڵی 1352ی هەتاوی لە
بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر لەدایك بووە. لە تەمەنی 7
ساڵیدا چۆتە قوتابخانەو تا پۆلی دووهەمی راهنمایی
درێژەی بە خوێندن داوە. پاشان بەهۆی سەختیی ژیانو
گوشاری ماڵی لە سەر بنەماڵەكەیان وازی لە خوێندن هێناوە
بۆ بژیویی بنەماڵەكەیان دەستی بە كارو كاسبی كردووەو
بەو پەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی بە بنەماڵەكەی كردووە.
كاك جەمشید ئینسانێكی بەهەستو نیشتمانپەروەر بوو،
ئۆگرییەكی
زۆری بە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بوو، لە
رێگەی دۆستانیەوە پێوەندیی تەشكیلاتیی لەگەڵ حیزب
گرتووەو لە ساڵی 1379ی هەتاوییەوە بە شێوەیەكی
چالاكانە خەباتی سیاسیو تەشكیلاتیی دەست پێ كردووەو
لەگەڵ تەشكیلاتی نهێنیی حیزب وەك ئەندامێكی هەڵسووڕو
كارامە لە پێوەندیدا بووە. سەرئەنجام ساڵی 1386ی هەتاوی
پێوەندیی راستەوخۆی بە تەشكیلاتی ئاشكرای حیزبەوە
كردووە، پاشان چووەتە فێرگەی سیاسی نیزامیو بە
سەركەوتنەوە دەورەی سەرەتایی فێرگەی تەواو كردووەو
بەرگی پڕ لە شانازیی پێشمەرگایەتیی پۆشیوە.
كاك جەمشید بەهۆی شارەزایی لە كاری خەدەماتیو بە
سەلیقەبوونو دەست رەنگینی لە كاردا وەك
پێشمەرگەیەكی لەسەر دڵانو خۆشەویستو جێی متمانەی
حیزب، ئەركی خۆی بەو پەڕی لێزانیو دڵسۆزییەوە بەڕێوە
بردوەو تا كاتی شەهیدبوونی لە كۆمیسیۆنی ماڵی
خەدەماتیی حیزبدا وەك ئینسانێكی بە بیروباوەڕو هەڵسووڕ
درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی دا.
بەشداربووانی بەڕێز!
بێگومان شەهیدبوونی ئەم دوو پێشمەرگە تێكۆشەرەی
حیزبەكەمان بەو تایبەتمەندییە بەرزانەوە كە باس كران
خەسارێكی گەورەیە بۆ حیزبەكەمانو بنەماڵە
خۆشەویستەكانیان، خێزانە وەفادارەكانیان، خوشكە شاناز
ئەكبەریو جگەرگۆشەكانی وەستا
جەمشید، دڵنیاو ئامانجو هەروەها بۆ خوشكە ئاوات
حەسەنزادە خێزانی كاك سادق رەئووفیو كورپە نازدارەكەی
"ئایدیا" كارەساتێكی دڵتەزینو تاڵە.
بەڵام هەروەك سروشتی مرۆڤو ئەزموونی ژیان نیشانی داوە،
گەورەیی مرۆڤەكان لەوەدایە لە بەرانبەر ڕووداوە تاڵو
ناخۆشەكاندا، بە تاقەتو دڵفراوانو خۆڕاگر بن.
چاوەڕوانیی ئێمە، وەك حیزبی دێموكراتی كوردستانی
ئێران لە بنەماڵە بەڕێزەكانیانو بە تایبەت خێزانە
دڵسووتاوەكانیان خوشكە شاناز ئەكبەری، خێزانی وەستا
جەمشیدو خوشكە ئاوات حەسەنزادە، خێزانی كاك چیا ئەوەیە
ئەو ئەركە قورسەی دوای شەهیدبوونی ئازیزانمان كەوتۆتە
سەرشانیان، بە شێوەیەكی شایستەو شیاو بەڕێوەی ببەنو
ببنە نموونەی بەها مرۆڤایەتییەكان دەرحەق بە
منداڵەكانیان. بێگومان بەو فیداكارییەوە لە ئەواندا
دەیبینین هیوادەخوازین
هەرواش بێ.
لە كۆتاییدا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیانو
هاوسەنگەرانیانو خەڵكی پێشمەرگە پەروەری مەڵبەندی
كامیاران دەكەینو هیوادارین بە خەباتی بەردەوامی ڕۆڵە
شۆڕشگێڕەكانی كوردستان ئاواتە پیرۆزەكانیان وەدی بێ.
سڵاو لە گیانی پاكی هاوڕێیان كاك سادق رەئووفیو كاك
جەمشید پیری
سوپاس بۆ بەشداریتان لەم كۆڕە ماتەمینییەدا
