بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

تاوانی‌ فامكردن‌و نرخی‌ تێگەیشتن

 

عارف نادری‌

یەكێك لەو چەمكە سەرەكییانەی‌ كە بە درێژایی‌ مێژووی‌ مرۆڤ ئاوڕی‌ لێدراوەتەوە‌و، هەنووكەش پرس هەڵگرترین بابەتە، تێگەیشتن‌و فامكردنە. چوونكە مرۆڤ تینووی‌ حەقیقەتە‌و حەقیقەتیش لە زاناییەوە دەستەبەر دەبێ‌. گەوهەرێ‌ كە جەوهەری‌ هەموو خەون‌و خولیایەكی‌ واقعیی‌‌و ناواقعیی‌ مرۆڤە. بەم پێیە ئامانجی‌ سەرەكی‌ مرۆڤ زانین‌و ناسینی‌ دیاردەكان‌و فەلسەفەی‌ بوونێتیی‌ هەموو پرسە مرۆڤی‌‌و سرووشتیەكانە. بەڵام بەم هەموو رەنجەشەوە كە مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی‌ حەقیقەت كێشاویەتی‌‌و دەكێشێت، سەیر لەوەدایە كە كەمتر ئامادەیە خۆی‌ لە قەرەی‌ حەقیقەت بدات‌و خاوەن لە حەقیقەت دەركەوێت. تەنانەت لە ئاقارێكی‌ دیكەوە، حەقیقەت یان تێگەیشتن‌و فامكردنی‌ مژار‌و پرسەكان، خۆی‌ لە خۆیدا بەدیهێنەری‌ رەنجێكی‌ قووڵ‌و هەتاییە‌و ئەمەش وای‌ لێكردووە كە تێگەیشتن لە حەقیقەت، هاوسەنگ‌و هەڤیەكی‌ رەنج‌و نرخدان‌و كێشە‌وبەرە بێت. رەهەندێك كە زۆربەی‌ كۆمەڵگای‌ مرۆڤیی‌ ناچار كردووە كە بە بیانووی‌ واقعییەت خۆیان لە حەقیقەت‌و راستیی‌ پرسەكان بدزنەوە‌و، پاساو بۆ خاوەن دەرنەكەوتن لە حەقیقەت بهێننەوە. هۆكارێكی‌ دیكەی‌ ئەم دۆخە پێناسە‌و شرۆڤەی‌ حەقیقەت لە روانگەی‌ بەرژەوەندییەكانەوەیە. واتە قازانج دیاریكەری‌ حەقیقەتە‌و بەرژەوەندی‌، ویژدان، راستی‌‌و درووستیی‌ كردار‌و گوتار دەستنیشان دەكات. هەلومەرجێك كە جێگۆڕكی‌ بە حەق‌و ناحەق دەكات‌و راستی‌ بە ناڕاستی‌‌و ناڕاستی‌ بە راستی‌ دەنوێنێت‌و جێگیریشی‌ دەكات بە جۆرێ‌ كە لە ژێر ناوی‌ بەرژەوەندیدا، نكۆڵی‌ لە هەموو گومانێك بەرامبەر بە حەقیقەتی‌ دەست نیشانكراوی‌ خۆی‌ دەكات‌و مۆڵەتی‌ هیچ چەشنە دوو دڵییەك نادات، پەڕانپەڕ‌و فەزایەك كە تەنیا دەتوانێ‌ دڵ بە حەقیقەتی‌ وێناكراوی‌ بدەی‌، چوونكە پێچەوانەكەی‌، واتە بیركردنەوە لە حەقیقەتی‌ شتەكان، لە خۆگری‌ رەنج‌و نرخێكی‌ بەدەر لە تاقەتی‌ تاك یان كۆمایەكی‌ مرۆڤیی‌ بێبەش لە دەسەڵاتە. لەم ئاراستەیەدا، مرۆڤی‌ هەستیار، بەرپرس‌و خاوەنبیری‌ حەقخوازانە لە هەمبەر دیاردە‌و دۆزەكان بە هۆی‌ بلیمەت بوون‌و جیابیر‌و جیاروانینەوە، هەمیشە بە تاوانی‌ بەهرەمەندبوون لە بەهرەی‌ فامكردن بۆتە قوربانیی‌ خاوەندارانی‌ گوتاری‌ حەقیقەتی‌ رەها. راستییەك كە ناوی‌ "بژاردە كوشتنی‌" لە سەر نراوە. ئەمەش پێوەندیی‌ بە دەسەڵاتی‌ زاڵەوە هەیە، چوونكە دەسەڵات خۆی‌ بە خاوەنی‌ حەقیقەت‌و رەوایی‌ دەزانێ‌. ساوێرلێدراوییەك كە لە خاوەنبوونی‌ هێز‌و سامانەوە سەرچاوە دەگرێت‌و بەردەوام تراژدی‌ دەخولقێنێ‌. دەسەڵات هەمیشە تێدەكۆشێت كە هەموو شتێك لە پاوان‌و خزمەتی‌ ئەودا بێ‌‌و ئەمەش دەرخەری‌ چیەتیی‌ سەرەڕۆیانەی‌ دەسەڵاتی‌ رەها‌و ناچاوەدێر بە گشتییە. بۆیە پێویستی‌ بە قوربانی‌ كردنە‌و قوربانیەكانیش مرۆڤە بلیمەتەكانی‌ كۆمەڵگان. دۆخێك كە هێندێكجار لە كۆمەڵگا بژاردە كوژەكاندا، مرۆڤ بەو قەناعەتە دەگەیەنێت كە " بەختەوەر ئەو كەسەیە كە توانای‌ فامكردنی‌ نیە" یان هەوڵدان بۆ هاوچەشنكردن‌و هاودەنگكردنی‌ خۆ لەگەڵ كۆمایە، یان پێرەوكردنی‌ مێتۆدی‌ بێدەنگی‌‌و سەرقاڵبوون بە كار‌وباری‌ تاكەكەسییەوە. چوونكە بلیمەتبوون هاوكات لەگەڵ سەربەخۆیی‌، تایبەتمەندییەكە كە ئۆتۆریتەی‌ خۆسەپێنەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە‌و دەرفەتی‌ داهێنان‌و بووژانەوەی‌ ئازادانە دەستەبەر دەكات‌و لە بنەماشدا پێكهاتە شكێنە‌و مەندییەت دەخاتە جووڵە‌و جمان دێنێتە ئاراوە، واتە زیندووبوون. بەم پێیە دەتوانین مرۆڤە بلیمەتەكان كە ئێمە زۆرجار بە مرۆڤە ئازا‌و فیداكارەكان دەیانناسین‌و، خاوەنانی‌ دەسەڵاتیش لە هەموو چوارچێوە‌و پێكهاتە قۆرخكراوەكان بە هەڕەشە، گێرەشێوێن‌و كەسانی‌ نەگونجاو‌و تێنەگەیشتوو لە واقعییەت ناوزەدیان دەكەن‌و زۆر كەڕەتیش بە ناو‌و ناتۆرە لێدان پەراوێز‌و تەریكیان دەخەن‌و بەو پەڕی‌ بێبەزەییەوە هەوڵی‌ نەزۆككردنیان لە پانتای‌ پراكتیكدا دەدەن، رۆحی‌ حەقیقەت‌و گیانی‌ بزێو‌و بزۆكی‌ مانەوە‌و هەرمانن، واتە بەردەوامیی‌ بەردەوامی‌ حەقیقەت... .هەر وەك "فۆچیك" دەڵێ‌: حەقیقەت سەركەوتوو دەبێ‌، بەلام پێویستیی‌ بە یارمەتی‌ شێلگیرانەی‌ ئێمە هەیە.

 

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com