نەتەوە بە زمانەوە زیندووە
كەریم پەرویزی

لە كۆنفڕانسی گشتیی یۆنسكۆ لە ساڵی 1999دا، پێشنیاری
وڵاتی بەنگلادێش بۆ ناساندنی رۆژی 21ی فێوریە وەكوو
رۆژی زمانی دایكی پەسند كرا. لەو ساڵەوە یۆنسكۆ لە ئاستی
جیهاندا هەوڵ دەدا كە لە رۆژی زمانی دایكیدا چالاكیی جۆر
بە جۆر بەڕێوە بباو بەو شێوە هەموو جیهان گرینگیی زمانو
بە تایبەت زمانی دایكی هەست پێ بكەنو بۆ پاراستنی
زمانەكان هەوڵ بدەن. یەكەم رێوڕەسمی بەرفراوانو گرینگ لەو
پێوەندییەدا، ساڵی 2000 لە پاریس بەڕێوە چوو.
پێشنیاری رۆژی 21ی فێوریە لە لایەن وڵاتی بەنگلادێشەوە
بە یۆنسكۆ كرابووو هۆی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە
هێشتا بەنگلادێش سەربەخۆیی نەبووو بەشێك بوو لە پاكستان،
لەو سەردەمەدا لە
وڵاتی پاكستان زمانی فەرمی "ئوردوو" بووو رێگا بە
نەتەوەكانی دیكە نەدەدرا كە بە زمانی خۆیان بخوێننو
چالاكانی لایەنگری خوێندن بە زمانی بەنگالی لە ژێر گوشاری
حكوومەتدا بوون، بە شێوەیەك كە سالی 1952 لە رۆژی 21ی
فێوریەدا "ئەبولبەرەكەت" مامۆستای زانستگای "داكا"یان
تیرۆر كرد.
پاراستنی زمانەكان، ئەركێكی جیهانیی هەموو وڵاتانو
مرۆڤەكانە، چوونكە زمان ئامرازێكی گرینگی مرۆڤ بۆ
پێوەندیگرتنو دەربڕینی راو بۆچوونو پێناسەكردنی خۆیە.
كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەرچی زیاتر
دەرككردن بە گرینگیی زمانەكانی جیهانو پاراستنیان، ساڵی
2008ی وەكوو ساڵی جیهانیی زمانەكان پێناسە كرد.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیدا، وێڕای
ئەوە كە ئیدیعای جیاوازیدانەنانو پێبەندبوون بە رێسای
دینی دەكاو دەڵێ هیچ گرووپێك بەلایەوە بەرتەریی بەسەر
ئەوانی دیكەدا نیە، بەڵام بە كردەوەو بە شێوەی یاسایی
حاشا لە بوونی نەتەوەی جیاواز لە ئێراندا دەكاو هەموو
توانایەكی بەكار دەبا تاكوو زمانی ئەو نەتەوە
ستەملێكراوانە لە نێو كولتوورێكی دەسكردو دەوڵەتیدا
بتوێنێتەوە. لەبەر ئەوەی بە باشی دەزانێ كە زمان یەكێك لە
گرینگترین پارامێترەكانی شوناسی نەتەوەیییەو
بە كوشتنو تواندنەوەی زمانی نەتەوەیەكە كە دەتوانێ بوونی
ئەو نەتەوەیەش بسڕێتەوەو بخرێتە نێو لاپەڕەكانی مێژووی
لەبیركراو.
ئەركی چالاكانی فەرهەنگیو سیاسیی نەتەوەكانی ئێرانو بە
تایبەت نەتەوەی كوردە كە بە هەموو شێوەیەك لە پێناو
مانەوەو پاراستنی ئامرازی پێناسەی نەتەوەیییاندا
هەوڵ بدەنو لە رۆژی 21ی فێوریە واتە 2ی رەشەمەدا بە
دەربڕینی جۆربەجۆرو جیاواز، بە هەر شێوەیەك كە دەرەتانی
هەیە هەم بە رۆڵەكانی نەتەوەكەیان نیشان بدەن كە
زمانەكەیان هیچ كەمتر لە زمانی دیكە نیەو هەم بە حكوومەتی
ناوەندیش بسەلمێنن كە نەتەوەیەكی زیندوونو زمانی
تایبەتی خۆیانو فاكتەری ناسنامەی نەتەوەیییان
دەپارێزن.
رۆژنامەی كوردستان ـ527