بەخێر بێن بۆ ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان"                                ماڵپەڕی‌ "هەڵۆی‌ كوردستان" ماڵپەڕی‌ هەموو كورد‌و كوردستانییەكە


ده‌سپێك
هه‌ڵۆی‌ كوردستان
سیاسه‌ت
كۆمه‌ڵایه‌تی‌
ئه‌ده‌ب‌و هونه‌ر
وتووێژ
شه‌هیدان
كتێب
سروود‌و وته‌ی‌ به‌نرخ
وێنه
فارسی
ئارشیو
پێوه‌ندی‌
لینك
 
 
 
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

پێشمەرگە، پێویستییەكی‌ ستراتیژیی‌ سەردەم‌و

هەڵگری‌ ئیرادەو ویستی‌ گەلی‌ كورد

حوسێن زوبەیرەم

بە دەركەوتنی‌ نیشانەكانی‌ شكستی‌ یەكجارەی‌ رێژیمی‌ پەهلەوی‌‌و كۆتایی‌ پێهاتنی‌ دەسەڵاتی‌ 2500 ساڵەی‌ پاشایەتی‌‌و مسۆگەر بوونی‌ سەركەوتنی‌ شۆڕشی‌ گەلانی‌ ئێران، ئاخوندە ئۆپۆرتۆنیستەكان‌و خومەینیش وەك كەسایەتی‌ یەكەمی‌ نێو ئەو بازنەیە، توانیان خۆیان وەك رێبەرانی‌ سەرەكی‌ بە سەر خەڵكدا بسەپێنن‌و لە دواییشدا بە لاڕێدا بردنی‌ شۆڕش، بەروبوو‌و بەرهەمەكانی‌ ئەم شۆڕشە لە بەرژەوەندی‌ خۆیان دروێنە بكەن‌و لە سەر كاولاشی‌ حكوومەتی‌ پێشوو، رێژیمێكی‌ پاوانخوازی‌ جۆری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ دامەزرێنن‌و خۆشیان لە ژێر سێبەری‌ ئایدۆلۆژیای‌ ئیسلامیدا وەك دەسەڵاتدارانی‌ هەمیشەیی‌‌و چارەنووس بە دەستانی‌ رەهای‌ خەڵكی‌ ئێران بناسێنن.

دیارە لە رۆژەكانی‌ دەسپێكی‌ دوای‌ دامەزراندنی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌‌و بە دەستەوە گرتنی‌ دەسەڵات لە لایەن ئاخوندەكانەوە، سیمای‌ رێژیم‌و رێبەرانی‌، بۆ زۆربەی‌ هەرە زۆری‌ رێكخراوە سیاسیەكان‌و خەڵكی‌ ئێران هەر شاراوە بوو، بەڵام زۆری‌ پێ‌‌نەچوو كە ناوەرۆكی‌ راستەقینەی‌ رێژیم‌و ئاخوندەكان بۆ هەموو كەس دەركەوت‌و سەلمێندرا كە كۆماری‌ ئیسلامی‌ خاوەن ئایدۆلۆژیەكە كە هیچ بیرێكی‌ جیاواز‌و دەسەڵاتێكی‌ بەدەر لە ئیختیار‌و سەلاحیەتی‌ خۆی‌ پێ‌ تەحەمول ناكرێ‌. بۆ ئەو مەبەستە‌و بۆ هەموار كردنی‌ رێگاكان بە ئامانجی‌ گەرەنتی‌ كردنی‌ دەسەڵاتی‌ رەهای‌ خۆیان، هەر زۆر زوو كەوتنە پەڵپ‌و بیانوو گرتن بە رێكخراو‌و حیزب‌و كەسایەتیە جیابیر‌و ئازادیخواز‌و دێموكراتەكان‌و زۆر بە سانایی‌‌و بە ئاڵۆزكردنی‌ بارودۆخەكە‌و لەباركردنی‌ هەلومەرجی‌ رەخساو، توانیان زۆربەی‌ ئەو حیزب‌و رێكخراوانە یا لە ناو بەرن و یا ئەوەندە لاوازیان بكەن كە توانایی‌ بەربەرەكانێ‌‌یان لێبستێنن‌و ناچار بە پاشەكشە‌و یا پەنابردن بۆ وڵاتە رۆژئاواییەكانیان بكەن‌و بە شێوەیەك لە شێوەكان دوورەپەرێزیان بخەن.

لەو سەردەم‌و بارودۆخەدا بوو كە لە كوردستان چەند حیزب‌و رێكخراوی‌ سیاسی تازە دامەزراندنی‌ خۆیان رادەگەیەنن‌و چالاكیی‌ سیاسی‌و تەشكیلاتی‌ حیزبیان وێڕای‌ حیزبی‌ پێشڕەو لە مێژینەی‌ كوردستان، حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، دەست پێدەكەن. كوردستان كابووسێكی‌ گەورە بوو بۆ خومەینی‌‌و رێژیمەكەی‌، هەر بۆیەش دەرحەق بە گەلی‌ كورد لە دەستپێكەوە خەریكی‌ پلان دانان‌و پیلان گێڕی‌ بوون. گەلێ كورد لە كوردستان ویستە ئازادیخواز‌و دێموكراتیكەكانی‌ خۆی‌ بە شێوەی‌ ئاشتیانە هێنابووە بەر باس‌و بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی‌ خۆی‌ رێگا چارەی‌ دێموكراتیانە‌و ئاشتیخوازانەی‌ هەڵبژاردبوو. رێژیم كە نەیدەویست كێشەی‌ كورد بە شێوەی‌ ئاشتیانە چارەسەر بكا هەوڵی‌ تێكدانی‌ رەوتەكەی‌ دەدا‌و دەیهەویست بارودۆخەكە تێكبدا. كۆتایی‌ هاتنی‌ كاری‌ وتووێژ‌و خۆ دزینەوەی‌ ئاشكرای‌ رێژیم لە درێژە پێدانی‌ دیالۆگ كردن دەگەڵ لایەنە كوردەكان، بەڵگەیەكی‌ بەهێز بوو بۆ سەلماندنی‌ ئەو راستیە كە چارەسەری‌ ئاشتیانەی‌ كێشەی‌ كورد لە گەڵ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ تووشی‌ شكست بووە‌و هەر لە سەرەتای‌ وتووێژەكەوە مەبەستی‌ رێژیم دۆزینەوەی‌ چارەسەری‌ كێشەكە نەبووە‌و ئەوەی‌ بۆ ئاخوندەكان‌و راوێژكارانیان گرینگ بووە وەدەستهێنانی‌ كات‌و دەرفەت بووە بۆ خۆ تەیار كردن‌و رێك‌و پێك كردنەوەی‌ ماشێنی‌ نیزامی‌‌و پۆشتە‌و پەرداخ كردنی‌ هێزە داگیركەرەكانیان، بە ئامانجی‌ دوبارە داگیركردنەوەی‌ كوردستان. پیلانە دزێو‌و پلانە داگیركەرەكانی‌ رێژیم بۆ خوڵكی‌ كورد ئاشكرا بوو. كات پێویستی‌ بە بڕیاری‌ نەتەوەیی‌ خەڵكی‌ كوردستان بوو، بۆ ئەو مەبەستەش رێبەری‌ هەرگیز نەمری‌ گەلەكەمان د.ع.قاسملوو پێشنیاری‌ بڕیاردانی‌ بە خەڵكی‌ كورد راگەیاند‌و گەل دەبوایە بڕیاری‌ چارەنووس سازی‌ خۆی‌ بدا. یا خۆ لە پارێزگاری‌‌و بەرگری‌ دەپارێزێ‌‌و بە بێ‌ بەرەنگاربوونەوە وڵات رادەستی‌ داگیركەرانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ دەكا‌و یا بۆ بەرەنگاری‌‌و بەرگری‌‌و پاراستنی‌ دەسكەوتەكان‌و ویستە ئازادیخوازەكانی‌، خۆی‌ ئامادەی‌ هەر چەشنە فیداكارییەك‌و لە خۆ بردووییەك دەكا‌و بڕیاری‌ بەرگری‌ لە بەرانبەر هێزی‌ داگیركەر دەدا. خەڵكی‌ كوردستان بە وشیاری‌‌و عەقڵییەتێكی‌ سیاسیی‌ گونجاو‌و خوێندنەوەیەكی‌ ورد‌و بەوپەڕی‌ سەرنجەوە بڕیاری‌ یەكلایی‌ كەرەوەی‌ خۆڕاگری‌‌و خەباتی‌ چەكدارانە بۆ وەدەست هێنانی‌ مافی‌ رەوای‌ نەتەوەیی‌ خۆی‌ دەدا‌و بەو چەشنە پۆل‌پۆل لاوان لە سەراسەری‌ كوردستان بۆ بەرگری‌ لە گەل‌و نیشتیمان دێنە نێو ریزی‌ پێشمەرگەی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئیران. كە واتە بوونی‌ پێشمەرگە، پێشمەرجێك نەبووە بۆ سەلماندنی‌ حیزب بوونی‌، حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، یا مەرجێك نەبووە بۆ دەرخستنی‌ قەوارەی‌ حیزب، بەڵكوو پێویستیەكی‌ ستراتیژی‌ سەردەم بووە‌و هەڵگری‌ ئیرادەو ویستی‌ گەلی‌ كوردستان بووە. بوونی‌ پێشمەرگە بەڵگەیەكە بۆ سەلماندنی‌ ئەو راستیانەی‌ كە بە سەر كوردستانیان سەپاندووە.

پێشمەرگە سەمبولێكە لە ئیرادەی‌ یەكگرتووی‌ خەڵكی‌ كوردستان بۆ وەدەست هێنانی‌ هەموو داخوازیە فەرهەنگی‌، ئابووری‌، كۆمەڵایەتی‌‌و سیاسیە نەتەوەییەكان. پێشمەرگە هەڵقوڵاوی‌ هەناوی‌ خەڵكی‌ كوردستانە‌و بۆ ئەوانە.

فەلسەفەی‌ بوونی‌ پێشمەرگە، روون‌كەرەوەی‌ ئەركی‌ پێشمەرگەیە، واتە، بوون بۆ بەرگری‌‌و پاراستن، بوون بۆ مانەوە‌و یەكگرتن، بوون بۆ گەیشتن بە ئازادی‌‌و دێموكراسی‌‌و وەدەستهێنانی‌ مافی‌ دیاریكردنی‌ چارەنووسی‌ نەتەوەیی‌، پێشمەرگە روحی‌ خەباتی‌ نەتەوەی‌ كوردە‌و گیانی‌ مێژووی‌ بزووتنەوەی‌ كوردستانە.

ئەوانە نەسلێكن بۆ خەبات لە دایك بوون، نەسلێك كە هەموو تەمەنیان تەرخان كراوە بۆ پێكهێنان‌و دروستكردنی‌ ژیانێكی‌ ئاسوودە‌و پڕ لە ئاسایش بۆ نەسلەكانی‌ داهاتوو، ئەوڕۆیان دەبێتە قوربانی‌ بۆ سبەینێی‌ نەوەكانی‌ داهاتوو. ئەوان هەڵگری‌ هیوا‌و مێژوو بە یەكەوەن، هیوا بە ئازادی‌‌و رزگاری‌ نەتەوەیی‌‌و مێژووی‌ خەباتێكی‌ رەوا.

پێشمەرگە ئەركی‌ جۆرا‌وجۆری‌ لە سەر شان بووە، بەڵام سەرەكی‌‌ترین ئەركی‌ پێشمەرگە بەرگری‌ چەكدارانە لە بەرانبەر هێزی‌ نیزامیی‌ رێژیمی‌ داگیركەری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌‌و خەباتی‌ چەكدارانەی‌ بۆ رزگاری‌ كوردستان لە ژێر چەپۆكەیی‌‌و چەوسانەوە بووە. بێگومان هێزی‌ پێشمەرگە لە كاتی‌ چالاكیی‌ چەكدارانە هاوكات خۆشی‌ لە چالاكی‌ سیاسی‌و فەرهەنگی‌‌و كۆمەڵایەتیش دوور نەخستۆتەوە‌و بیرەوەری‌‌و مێژووی‌ خەباتی‌ پێشمەرگەی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران پڕن لەو راستیانەی‌ كە دەرخەری‌ خەمخۆری‌‌و چالاكیی‌ هێزی‌ پێشمەرگەن لەو بوارانەدا. ئەوەی‌ بۆ ئێمە گرینگە كاریگەریی‌ خەباتی‌ چەكداریی‌ پێشمەرگە لە بواری‌ سیاسی، فەرهەنگی‌‌و كۆمەڵایەتی‌ لە كوردستان‌و خەڵكی‌ كوردستان‌و شوێن دانەر بوونی‌ لە ئاستی‌ پڕۆسەی‌ رزگاری‌ نەتەوەیی‌ بە شێوەیەكی‌ گشتیە.

یەكەم كاریگەریی‌ بنەڕەتیی‌ خەباتی‌ چەكدارانە لە بواری‌ فەرهەنگی‌‌و كۆمەڵایەتی‌‌و بە تایبەتیش سیاسی، وجود‌و بوونی‌ خودی‌ پێشمەرگە بووە. پێشمەرگە خۆی‌ بەرهەمی‌ ئیرادەی‌ سیاسی هاوبەش‌و ویژدانی‌ وشیاری‌ خەڵكی‌ كوردستانە. بوونی‌ پێشمەرگە نیشانەیەكی‌ بەرچاو‌و هۆیەكی‌ نكۆڵی‌ لێ‌نەكراوە بۆ سەلماندنی‌ جیاوازی‌ نەتەوەی‌ كورد دەگەڵ نەتەوەی‌ دەسەڵاتدار‌و هەر بەوپێیەش هاوارێكە بۆ راگەیاندنی‌ جیاوازیی‌ داخوازی‌‌و بەرژەوەندیی‌ سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌‌و فەرهەنگی‌ گەلی‌ كورد.

پێشمەرگە دەرئەنجامی‌ رێفراندۆمی‌ گەلی‌ كوردە، برَِیارێكی‌ نەتەوەییە بۆ پێشەنگی‌ لە گۆڕەپانی‌ بەربەرەكانێ‌‌و بەرگری‌ لە ماف‌و بوون‌و داخوازیەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان.

هێزی‌ داگیركەرو داپڵۆسێنەری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بە داڕشتنی‌ پلان‌و بەرنامەی‌ پوختەكراو، لە هەوڵی‌ لە ناوبردنی‌ هەرچەشنە ئاسەوارێكی‌ فەرهەنگی‌‌و نەتەوەیی‌ كورد لە كوردستان‌و تەنانەت تواندنەوە‌و ئاسمیلەكردنی‌ گەلی‌ كوردیشدا بوونەو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دزێوەو بنەبڕكردنی‌ داخوازیە سیاسی‌و كۆمەڵایەتیەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان، لە هەموو تاكتیكێك كەڵكیان وەرگرتووە‌و هونەر‌و مێژوویان سڕیوەتەوە‌و چەواشەیان كردوە. بەڵام پێچەوانەی‌ بەرنامەی‌ رێژیم كاریگەریی‌ چالاكی‌ چەكداری‌ پێشمەرگە ئەوەندە بەهێز بووە كە نەتەنیا بەرپەرچی‌ دوژمنی‌ داوەتەوە، بەڵكوو بۆتە هۆی‌ یەكگرتوویی‌ خەڵكی‌ كورد‌و دەوڵەمەندتر بوونی‌ فەرهەنگ‌و ئاگایی‌‌و وشیاری‌ نەتەوەیی‌‌و كاریگەری‌ ئەرێنیی‌ پێشمەرگە وای‌ كردووە بە هەزاران ئاواز‌و گۆرانی‌‌و سروودی‌ خۆشەویستی‌ لە سەراسەری‌ كوردستان‌و هۆنینەوەی‌ هەزاران شێعر‌و چیرۆك‌و بەسەرهاتی‌ قارەمانانەی‌ پێشمەرگە لە گۆڕەپانی‌ خەبات‌و شەهیدبوون لە پێناوی‌ گەل‌و نیشتیماندا بۆتە ئیلهامی‌ شاعیران‌و هەنەرمەندانی‌ كورد‌و روخساری‌ تابڵۆی‌ پەنجە زێڕینەكانی‌ كوردستان‌و دەوڵەمەندبوونی‌ هونەر‌و ئەدەبیاتی‌ كوردی‌.

بۆ سەلماندنی‌ خۆشەویستیی‌ پێشمەرگە‌و كاریگەریی‌ چەكداریی‌ هێزی‌ پێشمەرگە ئەوەندە بەسە كە ئاماژە بە نێوی‌ میلیۆنان مناڵ‌و گەنجی‌ كوردستان بكەین كە لە ژێر كاریگەریی‌ تێكۆشان‌و خەباتی‌ ئەواندا بە نێو گەلی‌ شۆڕشگێڕی‌‌و چیا‌و كێوەكانی‌ كوردستان، كە وەبیر هێنەرەوەی‌ قارەمانێتی‌‌و داخوازیە نەتەوەییەكانە، بكەین. بوون بە رەمزی‌ خۆڕاگری‌‌و هێمای‌ فیداكاری‌‌و سەربەرزی‌ قەندیل‌و ئاگری‌‌و داڵاهۆ‌و كێلەشین‌و ئاربابا‌و دەیان چیای‌ سەربەرزی‌ دیكەی‌ كوردستان لە لای‌ خەڵك، ئەگەر كاریگەریی‌ خەباتی‌ چەكدارانەی‌ پێشمەرگە نەبێ‌ چیە؟!

یەك هەڵوێستی‌‌و یەكگرتوویی‌ خەڵكی‌ كوردستان لە بەرانبەر رێژیم، وانەیەكە كە لە مەكتەبی‌ پێشمەرگە وەریان گرتووە. كەم نەبوون ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی‌ كە لە ئەنجامی چالاكیی‌ فەرهەنگی‌‌و كۆمەڵایەتی‌‌و سیاسی بە مەبەستی‌ روون‌كردنەوەی‌ خەڵك‌و لەقاودانی‌ سیاسەتە چەوتەكانی‌ رێژیم، گیانی‌ بەنرخی‌ خۆیان كردە قوربانی‌ ئازادی‌‌و رزگاریی‌ نەتەوەیی‌ خۆیان‌و بۆ هەمیشە بوون بە هێمای‌ قارەمانێتی‌‌و خۆڕاگری‌. كۆماری‌ ئیسلامی‌ هەروەكوو ئاماژەی‌ پێكرا بۆ لەبەریەك ترازاندنی‌ ریزەكانی‌ خەڵك‌و لەناو بردنی‌ هەستی‌ نەتەوەیی‌ ئەوان لە هیچ چەشنە كردەوەیەك كۆتایی‌ نەكردوە‌و لەو پێوەندیەشدا هەموو ئیمكاناتێكی‌ پێویستیان لە بەر دەست دا بووە بەڵام نەیانتوانیوە سەركەوتوویی‌ وەدەست بێنن‌و بە پێچەوانەی‌ ئامانجی‌ ئەوان ئەمڕۆ ریزەكانی‌ خەڵكی‌ كوردستان یەكگرتووتر لە هەمیشە ‌ووشیاری‌‌و ئاگایی‌ سیاسی خەڵك لە سایەی‌ زیندوو بوونی‌ پێشمەرگەدا لە بەرزترین ئاستی‌ خۆی دایە.

هەموو ئەم راستیانە لە سایەی‌ خەباتی‌ چەكداری‌‌و هێزی‌ چەكداری‌ كوردستانە. گەلی‌ كورد بە چاولێكردنێكی‌ سەمبولیكانە لە پێشمەرگە تا ئێستا توانیویەتی‌ باشترین هەڵوێستی‌ لە بەرانبەر كۆماری‌ ئیسلامیدا ببێ‌‌و ئەوڕۆش دەیهەوێ‌ تەواوكەری‌ چالاكیی‌ چەكداریی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بێ‌‌و بۆ راگەیاندنی‌ پاڵپشتی‌‌و لایەنگریی‌‌و پشتیوانیی‌ لە دروشمەكانی‌ هێزی‌ پێشمەرگە شەقامی‌ شارەكانی‌ كوردستانی‌ كردوەتە مەیدانی‌ بەرخۆدان‌و بە مان گرتن‌و داخستنی‌ دوكان‌و بازار‌و بە بەشداری‌ لە رێپێوانەكان‌و خۆپاراستن لە بەشداری‌ لە پڕۆسەكانی‌ حكوومەت، باوەڕمەندی‌ خۆی‌ بە رێبازی‌ پێشمەرگەكان رادەگەیەنێ‌‌و هاواری‌ یەكیەتی‌‌و یەكگرتوویی‌ وەك پێویستیەك بۆ گەیشتن بە ئازادی‌‌و رزگاری‌ نەتەوەیی‌ بەرز دەكاتەوە. داخوازی‌ خەڵك بۆ گەڕانەوەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بۆ كوردستان‌و دەست پێ‌‌كردنەوەی‌ چالاكیە چەكداریەكان بەڵگەیەكە بۆ سەلماندنی‌ كاریگەریی‌ بنەڕەتیی‌ سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌‌و فەرهەنگی‌، ئەو شێوە خەباتە لە كوردستان. پێشمەرگە سروودی‌ نەتەوەیی‌‌و دروشمی‌ رزگاری‌‌و رۆحی‌ ئازادی‌‌و هێمای‌ یەكگرتوویی‌ گەلی‌ كوردە.

زیندوو ڕاگرتنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە زیندوو راگرتنی‌ تەنورەی‌ خەباتی‌ رەوای‌ كوردە لە پێناو وەدەست‌ هێنانی‌ مافی‌ ئینسانی‌‌و سرووشتی‌‌و رزگاریی‌ نەتەوەیی‌. پێشمەرگە خوێنی‌ دەماری‌ حیزبە‌و سەمبولی‌ تێكۆشان‌و فیداكاریە بۆ خەڵك. تا پێشمەرگە لە سەنگەری‌ خەبات دا مابێ‌ كوردستان پارێزراوە‌و كورد بە نەتەوەیەكی‌ زیندوو‌و خاوەن هەڵوێست دەناسرێ‌.

رۆژنامەی‌ كوردستان ـ ژمارە 523

 

 

 

 

لاپه‌ڕه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌

پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڵۆی‌ كوردستان

بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه به‌ بێ ئاماژه به ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"‌ قه‌ده‌غه‌یه

Copyright © www.heloykurdistan.com