شەوی
شەممە رێكەوتی 28ی سەرماوەزی 1388ی هەتاوی بەرامبەر بە 19ی دیسامبری
2009ی زایینی ئایەتوڵڵا حوسین عەلیمونتەزیری، یەكێك لە مەراجیعی تەقلیدی
شیعەیانی ئێران لە تەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. مونتەزیری پێش
شۆڕشی ساڵی 1357ی گەلانی ئێران یەكێك لە دژبەرانی رێژیمی حەمەڕەزاشاو لە
نیزیكانی خومەینی بوو كە بەهۆی تێكۆشانی سیاسی چەند جار زیندانی كرا. لە
ماوەی دوورخرانەوەی خومەینی بۆ نەجەف، ناوبراو نوێنەری تەواو ئیختیاری
خومەینی لە ئێران بوو. پاش سەركەوتنی شۆڕشی
ساڵی 1357 ئایەتوڵڵا مونتەزیری وەك یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆماری ئیسلامی
كرا بە سەرۆكی مەجلیسی خوبرەگانی یاسای بنەڕەتیو لە ساڵی 1364دا بوو بە
سەرۆكی مەجلیسی خوبرەگانی رێبەریو لە كاتێكدا كە خومەینی لە حاڵی
حەیاتدا بوو، وەك جێگری رێبەری كۆماری ئیسلامی دیاری كرا، بەڵام لە
هاوینی ساڵی 1367ی هەتاویدا لە لایەن خومەینییەوە لە جێنشینی وەلا نرا.

پاش مەرگی خومەینی مونتەزیری بەهۆی رەخنەگرتن لە سیاسەتو كردوەكانی
رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر كراو هەموو
ناوەندە فكرییەكانو ئایینییەكانی بەستراوە بە ناوبراو داخرانو ئەو وەزعە بۆ
ماوەی 21 ساڵ درێژەی كێشا. بەڵام مونتەزیری كە بەهۆی ناڕازیبوون لە
رێژیمو رەخنەگرتن لە سیاسەتو كردەوەكانی هەموو بەرپرسایەتیو ئیمتیازێكی
وەلانابووو بەردەوام بوو لە ئیعترازكردنو رەخنەگرتن لە رێبەرانی رێژیم وەك
دژبەری خامنەییو كاربەدەستانی پلە یەكی رێژیم سەیری دەكرا.
مونتەزیری هەرچەند لە دامەزرێنەرانی رێژیم بووو لە چوارچێوەی كۆماری
ئیسلامیدا بیری دەكردەوە، بەڵام خاوەنی هەستێكی تایبەتی بوو كە ئەوی لە
خامنەییو رێبەرانی رێژیم جیا دەكردەوە بەتایبەت كە دژ بە رەفتاری
سەركوتكەرانەی رێژیمو ئیعدامی بەلێشاویی زیندانیان دەوەستا. هەر بۆیەش بە
وەڕێكەوتنی حەركەتە ئیعترازییەكانی پاش هەڵبژاردنەكانی دەیەمین دەوری سەرۆك
كۆماری، بە راشكاوی پشتیوانیی لەو حەرەكەتە ئیعترازییانە كردو رەخنهو
ئیعترازی بەرەوڕووی رێژیمو ئەو رەفتارانە كردوە كە دەزگا سەركوتكەرەكانی
كۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە بەشدارانی حەرەكەتە ئیعترازییەكان لە گرتنو
كوشتنو ئەشكەنجەدان ئەنجامیان دا. پێویستە ئاماژە بكەین كە ناوبراو لەم
دوایانەدا خوێندنی نەتەوەكانی ئێرانی بە زمانی خۆیان بە مافێكی سروشتی
دانابوو.
بە كۆچی دوایی مونتەزیری، ناڕازیان لە رێژیم یەكێك لە پشتیوانانی
شوێندانەری خۆیان لە دەست دا، كە هەم لە باری ئایینیو هەم وەك
كەسایەتییەكی ناڕازی لە رێژیم خاوەنی شوێنێكی تایبەت بە خۆی بوو.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كوچی دوایی ئایەتوڵڵا مونتەزیری بە
پەیڕەوانو "مقلدانی" ناوبراوو بنەماڵەكەی سەرەخۆشی دەڵێو هیوادارە لە
درێژەدان بە رێگای خوالێخۆشبوو بەردەوام بن.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كومیسیونی راگەیاندن
29/8/1388ی
هەتاوی (20/12/2009ی زایینی)