هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

محه‌ممه‌د ساڵح قادری: ئێران پێش بەغدا رێگە لە سەربەخۆیی کوردستان دەگرێت

چاپکردن

ئێران ھەمیشە ھاوکاری رێکخراوە توند ھاژۆیە ئیسلامییەکانی حزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن، رژێمی بەشار لە سوریا‌و ھاوپەیمانەکانی دیکەی لە عێراق دەکات, لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئێران, دەرفەتێکی باشتر بۆ کۆماری ئیسلامی دەڕەخسێنێت, بۆ قسەکردن لەسەر سیاسەتی ئێران‌و رۆڵی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان, شیکردنەوەی چەند تەوەرێکی تایبەت بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی, چرکە دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ بەڕێز (محه‌ممه‌د ساڵح قادری)بەرپرسی پێوەندیەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران سازکرد.

 

qadri_-_chrka_2


چرکە: بەگشتی بۆ رەوشی ئێستای سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران خوێندنەوەتان چییە؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :وەک دەزانین بنەما‌و فەلسەفەی دامەزران‌و مانەوەی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا نەک ھەر ھیچ گۆڕانێکی بەرەو دیموکراسی‌و مافەکانی مرۆڤ‌و ژیانی ئاشتیانە لەگەڵ دەوربەری بەسەردا نەھاتووە، بگرە بەردەوام ھەولی داوە ئەو مۆدیلە لە دەسەڵاتی ئایینی‌و ئایدولۆژیای ویلایەتی فەقیھی، بەدەر لە بە رەسمی ناسینی جوگرافیای سیاسی وڵاتان، ھەناردەی وڵاتانی ناوچە‌و جیھان بکات‌و کۆپی ئەو ئایدیولۆژیایە لە شوێنە جیاجیاکانی ناوچەکە‌و جیھاندا بکاتە سیستەمی حوکمڕانی. وەک خۆیان دەڵێن ھەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئەو مەبەستەش چەندین رێکخستنی تایبەتیان دامەزراندووە‌و لە ژێر سێبەری ئەو دامەزراوانەدا بەردەوام ھەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان‌و دووبەرەکی نانەوە لە نێوان پێکھاتە ئایینی‌و نەتەوەییەکاندا‌و دامەزراندنی گرووپ گەلی تیرۆریستی سەر بە خۆیان‌و بەکارھێنانیان بۆ ئامانجە سیاسی‌و ئایینییەکانی ئەو رژێمە درێژەی ھەیە. کەوایە تا رژێمی کۆماری ئیسلامی مابێت، ئاژاوەگێڕی، پشتگیری لە گرووپە تیرۆریستەکان‌و ھەلایسانی شەڕ لەنێوان پێکھاتە جیاجیاکان لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی گشتی دەرھەق بە کورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستاندا ھەمان سیاسەتە کە لە دژی کوردی رۆژھەڵات بە کاری دەھێنێت، ھەرچەند لە تاکتیکدا جیاوازی ھەیە، بەڵام لە ئیستراتیژیدا وەک یەکە. ئەو رژێمە دژی مرۆییە زیاتر لە سێ دەیەیە بە شێوازی سیستەماتیک لە ھەموو چەشنە ئامرازێکی سەرکوتکردن‌و سڕینەوە‌و تیرۆریزمی دەوڵەتی دژ بە گەلی کورد کەڵک وەردەگرێت، تاکو ئیرادەی ئەوان بۆ گەیشتن بە مافی نەتەوەیی‌و خاوەن دەرکەوتنیان لە ناسنامە نیشتمانییەکەیان سست بکات، بەو حاڵەش گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان وەک مەکۆی خاوەن ئیرادەی خۆڕاگری بە میتۆدی بەرگری ڕەوا لە ھەمبەر پیلانێکی رژێمدا بەپێی ئیمکان‌و دەرەتان درێژە بە خەباتی داوە.


چرکە: سیاسەتەکانی ئێران لەناوخۆی عێراقدا چەندە کاریگەری لەسەر خەباتی سیاسی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ھەیە؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :سیاسەتی ئەو رژێمە دژ بە گەلی کورد لەسەر بنەمای پەرتە‌و زاڵبە، ھەروا درێژەی ھەیە‌و لە ساڵانی تەمەنی ئەو رژێمەدا دەبینین چەندەی پێکراوە ھەوڵی داوە لە نێوان ھێزە سیاسییەکانی ھەر کام لە بەشەکانی کوردستاندا دووبەرەکی، ئاژاوە‌و پشێوی دروست بکات. جا لە نێوان ھەرکام لە بەشەکانی کوردستان دووبەرەکی‌و جەمسەربەندی دروست دەکات، کێشە‌و دووبەرەکی لە نێوان پێکھاتە نەتەوەیی‌و ئایینییەکانی دانیشتووی ھەرێمی کوردستان سازبکات بۆ ئەوەی بە ڕێگەی ناکۆکی‌و کێشە نانەوە ڕێگە نەدات کوردستان‌و ناوچەکە رووی سەقامگیری بە خۆیانەوە ببینن. لە لایەکی دیکەوە بە سیاسەتێکی فریودەرانە وادەنوێنێ کە ئەگەر بتانەوێت رووی سەقامگیری بە خۆتانەوە ببینن پێویستە گوێڕایەڵی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بن تاکو لە نیعمەتی خێر‌و خۆشی بێبەش نەبن. بەتایبەتی سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان کە ئێستا وەکو مەرجەعێکی سیاسی‌و ھێمایەکی نەتەوەیی تەعبیر لە ئیرادە‌و سەروەری خەڵکی کوردستان دەکات‌و ئەزموونی پێکەوەژیانی بە ئاشتی‌و دیموکراسی لەگەڵ پێکھاتە ئایینی‌و نەتەوەییەکانی دانیشتووی کوردستان تاقی دەکاتەوە‌و بەرەبەرە گەشانەوەی ئابووری‌و سیاسی بە خۆیەوە دەبینێت، ھەر کاتێک سەرکردایەتی کورد لەو بەشەی کوردستاندا بیەوێت ھەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی سیاسی ھەڵبگرێت، پێش لە بەغدا ، ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لەسەر خەتە‌و لە ڕێگەی دەزگا ئەمنی‌و دیپلۆماسیەکانیەوە ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان دەکات، تاکو لەو ھەنگاوەی پاشگەزبێتەوە. بەمەش ڕاناوەستێت‌و بەردەوام بە دەستێوەردانی لە ژیانی خەڵکی ھەرێم‌و لایەنە سیاسی‌و دامودەزگا حکومیەکانی ھەرێم، ھەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی‌و کێشە‌و ناسەقامگیری ھەرێمی کوردستان دەدات، تاکو بە ھەر شێوەیەک بێت ڕێگا لە بەرەوپێشچوونی ئەو ئەزموونە بگرێت‌و نەھێڵێت ئەو دەسکەوتە نەتەوەییە سەقامگیربێت.


چرکە: خوێندنەوەت بۆ رەوشی ئێستای حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان چۆنە؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری : وەک دەزانین لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١‌و دامەزرانی پەرلەمان‌و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھێزە سیاسییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانیش لە پێناو بەرپرسایەتی نەتەوەیی‌و نیشتمانی خۆیان بە مەبەستی یارمەتیدان بە خەڵکی باشووری کوردستان‌و پاراستنی دەستکەوەتە نەتەوەییەکەیان، بەشێک لە خەباتی خۆیان دژی رژێمی ئێران ڕاگرت، تاکو بە بیانووی ئەوان رژێمی ئێران دەستکەوتە ساوایەکەی خەڵکی باشوور لەناو نەبات. کەچی بینیمان رژێمی ئێران بەمەش نەوەستا‌و سەرەڕای نانەوەی کێشە‌و شەڕی براکوژی لەنێوان ھێزەکانی باشوور لەگەڵ یەکتر‌و دواتریش دەستیکرد بە تیرۆری سەدان تێکۆشەری دیموکرات‌و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی رۆژھەڵات‌و ھێنانەوەی ھێزی پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی دیموکرات‌و موشەک باران‌و بۆمب بارانی ھەوایی بارەگاکانمان‌و دانانەوەی بۆمبی تەوقیت کراو لە سەر رێی ھاتووچۆی پێشمەرگەکان‌و ژەھراویکردنی ئاوی خواردنەوەیان‌و دەیان پیلانی دیکە ھەوڵی بەربەستکردنی خەباتی ئێمەی داوە، بەڵام بەھۆی خۆڕاگری تێکۆشەرانی رۆژھەڵات پیلانەکانی رژێم شکستیان ھێناوە‌و خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان‌و تێکۆشەرانی ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر دژی ئەو رژێمە ئامادەی خەباتن.


چرکە: بۆچی کار‌و چالاکییەکانی حزبەکانی رۆژ ھەڵات کەم بووەتەوە؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :وەک لە وەڵامی پێشوودا ئاماژەم پێدا حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دوای ساڵانێکی درێژ لە ھاوکاریکردنیان بۆ بارودۆخی باشووری کوردستان‌و ژیانی تاراوگەیی‌و دوورکەوتنەوە لە مەیدانی خەباتیان لە رۆژھەڵاتی کوردستان، بەڵام ئێستا بەھۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچە‌و بەرەو سەقامگیری چوونی ھەرێمی کورستان، ئیتر حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەوڵی ئەوەدان بە پێی ئیمکان‌و دەرەتان لە ماف‌و رۆڵی خۆیان بۆ خەباتی مافخوازی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان خاوەن دەرکەوتنن‌و لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکی خۆیان پەیوەندی بگرن‌و بە رێکخستنی خەڵک‌و پشتیوانیکردنیان لە خەباتی مەدەنی‌و جەماوەریدا بە تەنیایان نەھێڵن.


چرکە: ھەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی ھەردوو حزبی دیموکرات بە کوێ گەیشتووە؟ ئایە بەو ھەوڵانە گەشبینن؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :وەک ئاگادارن کێشەکە چەندین ساڵە درێژەی ھەیە‌و بۆ پڕ کردنی ئەو کەلێنە تەشکیلاتی‌و سیاسییە‌و ھەڵگرتنی کۆسپەکانی سەر رێگەی یەکگرتنەوە پێویستیمان بە ئیرادەیەکی بەھێزی دوولایەنە ھەیە، کە بتوانێت بە گیانێکی لێبوردەیی‌و بە میکانیزمێکی دیموکراتی‌و متمانە‌و گرنگی یەکگرتن بکاتە ئەرکێکی ئەخلاقی‌و نەتەوەیی بۆ تێکڕای تێکۆشەرانی دیموکرات، بۆیە ھەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی لەگەڵ ھاوڕێیانی پێشوومان‌و کۆتایی ھێنان بە دیاردەی دووبەرەکی‌و لێکترازان خراوەتە بواری جێبەجێبوونەوە. لەو راستییەدا لە لایەن رێبەرایەتی ھەردوولاوە تا ئێستا چەندین چاوپێککەوتن‌و وتووێژ لە ئاستی بەرزدا ئەنجامدراون‌و ھەوڵدراوە بە رەخساندنی کەشێکی لە بار‌و برایانە بۆ لێکتێگەیشتن‌و پێکەوە تاوتوێکردنی کێشەکان‌و دەستنیشانکردنی لەمپەرە تەشکیلاتییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی یەکگرتنەوە‌و چۆنیەتی ھێنانەدی تەبایی‌و یەکگرتن.

لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ ئەو ھاورێیانەمان جیاوازییەکی ئیدئولۆژیکی یان سیاسی ئەوتۆمان لە پەیوەندی کردن لەگەڵ ستراتیژی جوولانەوە‌و ئامانجەکانی دا نییە‌و ناکرێ بە ناوی دوو دیموکراتی خاوەن یەک مێژوو‌و بە ھێماکانی ھاوچەشن‌و رێبەرانی شەھید‌و یادەوەری ھاوبەشەوە بوونمان ھەبێت. کەوایە ئەمە نە لەگەڵ لۆژیکی سەردەم‌و نە لەگەڵ ویستی گەلەکەمان کە یەکریزیی‌و یەکبوونی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان دەوێ یەک ناگرێتەوە. ھەروەھا ئەزموونی چەندجار جیابوونەکانی پێشووتری نێو حزبی دیموکراتیش ئەو راستیەی سەلماندووە کە دیاردەی دوو حزبی دیموکراتی ھاوچەشن، بەیەک ناو نە لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا‌و نە لە جیھانی مۆدێرندا عەمەلی نییە‌و باوی نەماوە. کە وایە مەبەست لە دیالۆگ‌و دانیشتن لەگەڵ ھاوڕێیانی پێشوومان بۆ نەھێشتنی ئەو دیاردەی دووبەرەکی خولقێنەیە کە ساڵەھایە میللەتەکەمانی تووشی بێزاری‌و نیگەرانی کردووە‌و لە بەرانبەریشدا ناحەزان‌و دوژمنان شایی دەگێرن.


چرکە: ئایە حزبەکانی باشووری کوردستان کاریگەرییان لەسەر خەباتی سیاسی حزبەکانی رۆژھەڵات چۆن بووە؟ چۆن پەیوەندیەکانتان بەرەو پێشتر دەچێت؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :کاریگەری خەڵک‌و حزبەکانی باشووری کوردستان بۆ خەباتی رۆژھەڵاتی کوردستان بە پێی قۆناغ جیاوازی ھەبووە. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دەبینین مەلا مستەفای بارزانی‌و ھێزەکانی دژی رژێمی شای باوک لە ئێران تا دواسات بەرگرییەکی جێگای شانازیان لە کۆماری کوردستان کردووە. کەچی لە کۆتایی شەستەکاندا لە ژێر پاڵەپەستۆی شای کوڕ‌و ئەمریکادا ھەڵسوکەوتی نەشیاویان دەرھەق بە تێکۆشەرانی رۆژھەڵات کردووە. ھەروەھا لە سەرەتای ھەشتاکاندا پیلانی دەرھێنانی تەرمی بارزانی نەمر بە ھۆی دەزگا سیخورییەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی‌و لکاندنی بە حزبی دیموکرات، کە بەداخەوە بووە ھۆی ھاندانی ھەستی بارزانیەکان‌و دروستبوونی شەری قیادەی موەقەت لەگەڵ حزبی دیموکرات. دواتر لە سەردەمی شەڕی بەرگری دژی فەتوای رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرھەق بە کوردی رۆژھەڵات دەبینین ھێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و حزبی شیوعی کوردستان بە ھانای حزبی دیموکراتەوە دێن‌و لە سەنگەری خەبات دا چەندین پێشمەرگە‌و فەرماندەیان شەھید بوون. لە ھەمان کاتدا قۆناغی دیکەش ھەن کە بە پیلانی رژێمی ئێران بە داخەوە ھێزەکانی باشوور دژ بە ھێزەکانی رۆژھەڵات رۆڵی نێگەتیڤ‌و دوور لە گیانی برایەتی‌و بەرژەوەندی نەتەوەییان ھەبووە. ھەر لە تیرۆری تێکۆشەرانمانەوە بگرە تاکو داخستنی رادیۆی دەنگی کوردستان‌و ھێنانی ھەزاران پاسدار بۆ سەر بارەگاکانمان لە ناوچەی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی‌و بزووتنەوەی ئیسلامی‌و حزبوڵای شۆرشگێر‌و ھتد...، ھیوادارین ئەو ڕابردووە ببێتە خەرمانێک لە ئەزموونی بە نرخ تاکو لەمەوبەدوا ھەموومان لە پێناو ئامانجە نەتەوەییەکانماندا لە بەرانبەر داگیرکەرانی کوردستاندا پشت‌و پەنای یەکتری بێن، نەک لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی حزبی یان ھەر پاساوێکی دیکە دژ بە تەبایی‌و یەکریزی نیشتیمانی، بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەویتە ژێر کاریگەری پیلانی نەیارانی گەلەکەمان.


چرکە: ئایا پەکەکە بە پاسەوانی سەرسنووری ئێران دەزانن؟ خوێندنەوەت بۆ پەژاک چیە ؟ پێتان وانیە بۆ بێھێزکردنی حزبەکانی دیکەی رۆژھەڵات دروست کراوە؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :بوونی پەیوەندی PKK لەگەڵ رژێمی ئێران یان پەیوەندی ھەر ھێزێکی بەشێکی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتێکی زاڵ بەسەر بەشێکی کوردستان تا ئەو جێگایە بە نۆرماڵ دەبینین کە لەسەر حیسابی بزووتنەوەی کورد‌و ھێزە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان نەبێت‌و زەرەر لە خەباتی ئەوان بۆ وەدیھێنانی مافەکانیان نەگەیەنێت. بەڵام ئەگەر لەپێناو پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ ھەر دەوڵەتێک زەڕبە‌و زیان بە جوڵانەوەی ئەو بەشەی لە خەڵکی کورد بگێنێت یان لە بەردەم خەباتی ئەوان کۆسپ دروستبکرێت، ئەوکات ئەو پەیوەندییە نە خزمەت بەو حزبە دەکات‌و نە دەتوانێ تەبایی‌و ھاوکاری نێوان ھێزە سیاسیەکانی کوردستان مسۆگەربکات. کەوایە ئەگەر بمانەوێت پێوەندییەکی تەندروست لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرانبەر، دەستێوەرنەدان لە کارووباری یەکتر‌و ھاوکاریکردنمان بۆ بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان ھەبێت، ئەوکات دروستکردنی رێکخراوی سێبەر‌و پاشکۆ بۆ ھیچ ھێزێک ناتوانێت خزمەت بەو ئامانجە بکات‌و دوورە لە پرنسیبی تەبایی‌و پەیوەندییەکی تەندروستی سیاسی نێوان تەڤگەری بەشە جیاجیاکانی کوردستان. ھەر بۆیە ئێمە وەک حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیوەندی خۆمان لەگەڵ ھەر لایەک نەک لە سەر حیسابی لاوازکردنی ھیچ ھێزێکی کوردی یان بەشێکی کوردستان نیە، بگرە زۆر جار ئەگەر پەیوەندیەکمان لەگەڵ دەوڵەتێکی زاڵ بە سەر بەشێکی کوردستان بووبێت، ئامادەنەبووین لە پێناو بەرژەوەندی کاتیدا بەرژەوەندی نەتەوەیی لە ژێر پێدابنێین. بە دڵنیاییەوە ھەر ھێزێکی دیکە ئەگەر سیاسەتێکی جیا لەو پرەنسیپە پەیڕەوبکات، ھەم بۆخۆی زەرەر دەکات‌و ھەم زەڕبە لە یەکێتی نەتەوەیی دەدات. وەک ئەوەی ئێستا بەداخەوە لە ھەرکام لە بەشەکانی باکوور‌و باشوور‌و رۆژھەڵات‌و رۆژئاوادا شاھێدی رێکخراوی سێبەری وەھا ھەن کە ناتوانن خاوەنی سەربەخۆیی سیاسی خۆیانبن، بە ھەمان ئەندازەش ناتوانن خاوەنی ڕۆڵ‌و کاریگەری خەباتکاری بۆ خزمەت بە خەڵک بن.


چرکە: خوێندنەوەتان بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکانی نێوان وڵاتانی ٥+١‌و کۆماری ئیسلامی ئێران چییە؟ ئایا زیان بە بەرژەوەندیکاری سیاسی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :وەک دەزانین رژێمی ئێران بە مەبەستی دروستکردنی باڵادەستی سەربازی خۆی لەو ناوچەدا ساڵانێکی درێژە وێڕای سەرفکردنی بە سەدان ملیار دۆلار دارایی وڵات‌و ھەژارکردنی خەڵکی خۆی، ھەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی داوە. ھەر بۆیە دوایی بینیمان ئەو گەمارۆیە ئابووری‌و پەراوێز خستنە سیاسیەی کە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاوایی‌و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە خرابوونە سەر رژێمی ئێران، ئەو رژێمە بەرگەی ئەو گەمارۆ ئابووریە‌و پەراوێز خستنەی نەگرت‌و بە ناچاری بە پێچەوانەی سیاسەتی پاوانخوازانەی میلیدا بە رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ١+٥ تاکو لە بەرانبەر بەربەستکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، گەمارۆ ئابووریەکانی رۆژ ئاواییەکان لە سەری ھەڵگیرێن‌و خۆی لە قەیرانی ئابووری رزگار بکات. بە نەزەری ئێمە ھەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران‌و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی دەستی ئەو رژێمە ئاواڵەتر دەکات تاکو سەر لەنوێ ھێزە ئەمنی‌و سیخوڕییەکانی لە نێوخۆیدا بەھێز بکات‌و زەبر‌و زەنگ‌و سەرکوت لە دژی جیابیران‌و دژبەرانی لە ناوخۆی وڵاتدا پەرەپێبدات. لە لایەکی دیکەدا بە یارمەتیدانی ھاوپەیمانانی لە ناوچەدا وەک: رێکخراوە توند ھاژۆیە ئیسلامییەکانی حزبوڵای لوبنان، حوسیەکانی یەمەن، رژێمی بەشار لە سووریا‌و ھاوپەیمانەکانی دیکەی لە عێراق بەھێز دەکات، تاکو بۆ ئامانجە سیاسی‌و ئەمنییەکانی بە کاریان بێنێت، بۆ پیلان‌و ئاژاوەگێڕی‌و دەستێوەردانە، وڵاتانی ناوچە ناسەقامگیری زیاتر ببات. ھەر بۆیە شوێندانەری ئەو رێککەوتنە رەنگە لە ماوەیەکی کورتدا بتوانێت دەرگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ڕووی ئێراندا بکاتەوە. بەڵام بەو ڕادەیەش ھەوڵدەدات لە نێوخۆیی ئێراندا ھەوڵی بێدەنگکردنی ئازادیخوازان بداتەوە. بەوحاڵەش ئەزموونی خەباتی ئێمەی کوردی رۆژھەڵاتی کوردستان لەمێژە ئەو تابۆیەی شکاندووە، کە رژێمی ئێران بتوانێ بەسەر ئیرادەی خەباتکاریاندا زاڵبێت، جا چ پێش ڕێککەوتنەکە‌و چ دوای رێککەوتنەکە، تا بەدیھێنانی مافە نەتەوەیی‌و نیشتمانییەکانمان لە خەبات بەردەوام دەبین‌و پێمان وانیە کە رژێمی ئێران بتوانێت تاسەر پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بێت. چونکە ئەو رژێمە لە باری فکرییەوە دەیەوێت لە ھەر دەرفەتێک خۆی بە سەر وڵاتانی ناوچەدا زاڵبکات. کەواتە کێشەی سەرەکی کۆماری ئیسلامی نەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یان وڵاتانی ١+٥ یان وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵکو کێشە سەرەکیەکەی کێشەی نەبوونی دیموکراسیە، ئازادییە مەدەنیەکان‌و کێشەی مافی پێکھاتە نەتەوەیی‌و کەمینە ئاینیەکانی ناو جوگرافیای ئێرانە. کەواتە کێشەی سەرەکی ئەو رژێمە ئەوەیە کە جیا لە ئاشتبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی‌و وڵاتانی ١+٥ بتوانێت لەگەڵ خەڵکی خۆی ئاشتببێتەوە‌و ئەوان لە نەھامەتی ژیانی سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمەڵایەتی ڕزگاربکات.


چرکە: خوێندنەوەتان بۆ ھەنگاوەکانی سەرۆک بارزانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان چیە؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :بابەتی سەربەخۆیی‌و سەروەری خەڵکی کوردستان مافێکی ڕەوا‌و بەرھەقی خەڵکی کوردستانە‌و سەرەڕای ئەو زوڵمە مێژووییەی کە بە ھۆی وڵاتە زلھێزەکانی جیھان‌و نەتەوە باڵا دەستەکانی ھەرێمی دەرھەق بە کورد‌و کوردستان کراون‌و ڕێگای گەیشتن بە سەروەی‌و بەختەوەریان لێ ئاستەنگ کردوون‌و بە دەیان تراژیدیا، کارەساتی مرۆڤی، ئەنفال، کیمایی باران، تیرۆری رێبەران‌و کارەساتی شەنگالیان دەرھەق بە کورد ئەنجامداون، بەو حاڵەش دەبینین گەلی کورد بە خەبات‌و قوربانیدانی بەحەقانیەتی رێباز‌و مافە ڕەواکانی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر لە دوا قۆناغی ئامانجەکانی نزیکدەبێتەوە. بەتایبەتی ئەوەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستاندا شاھێدین جێگای پێزانین‌و شانازییەکی نەتەوەییە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای کۆسپەکانی سەر رێی بتوانێ بەرھەمی چەند جیل خەبات‌و ئەو رووبارە خوێنەی کە بۆ ئازادی‌و سەروەری گەلەکەمان رژاوە، بگێنێتە لووتکەی سەرکەوتن‌و پشت ئەستوور بە ئیرادەی گەلەکەمان‌و کەڵک وەرگرتن لە بارودۆخی ھەستیاری ناوچە‌و بە پشتیوانی وڵاتانی دیموکراسیخواز بتوانێت ئەو ئاواتە لە مێژینەیە بەدیبێنێت. بە دڵنیاییەوە وەھا ھەنگاوێک‌و پشتگیری ھەموو کوردێکی نیشتیمانپەروەر‌و شۆڕشگێرێکی جێگای دڵخۆشی‌و ئازادیخوازە.


چرکە: سیاسەتی ئێران لە شەری دژ بە داعش لە عێراق بە گشتی‌و کوردستان بەتایبەتی چۆنە؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :بە قەناعەتی تەواو تاکو رژێمی ئێران ھەبێت داعش‌و داعشەکان لە عێراق‌و ناوچەکاندا ھەر دەمێنن، ھۆیەکەش ئەوەیە کە رژێمی ئێران بۆ خۆی رۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە پاڵپشتی‌و ئاڕاستەدان بەو گروپە گەلە تیرۆرستانە. بۆیە بە پێچەوانەی ڕواڵەتی ئەوە کە رژێمی ئێران ڕای گشتی بەوە فریوداوە کە شەڕی داعش دەکات، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە رژێمی ئێران توانی ئاڕاستەی داعش بۆ ئامانجە سیاسیەکانی خۆی لە عێراقدا بەکاربێنێت. لە لایەک داعشی بەردایە گیانی عەرەبە سوننەکان‌و ھەرچی کەسایەتی‌و ڕیش سپییە بە نفوزەکانیان بوون کوشتنی‌و خاک‌و ئاسەوارە دێرینەکانیانی خاپوور کرد‌و لە ناووی برد، لە لایەکی دیکەشەوە بە بیانووی رزگارکردنی ناوچە سوننەکانی عێراق حەشدی شەعبی بەردایە گیانیان‌و ئەوەی لە داعش بەجێ مابوو ئەوان دژی عەرەبە سوننەکان بەجێ گەیاند‌و بەو شێوەیە ئێَران تۆڵەی شەڕی ئێران‌و عێراقی لە سوننەکانی عێراق کردەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە بینیمان دوای لێدوانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕاپرسی لەسەر بابەتی سەربەخۆیی کوردستان‌و ھۆشداری بەرپرسانی ئێرانی بە سەرکردایەتی کورد بینیمان لە ماوەیەکی کورتدا ئاڕاستەی ھێرشی ھێزەکانی داعشی بەرەو کوردستان گواستەوە‌و ئەو ھەموو شەھید‌و قوربانیدان‌و ماڵوێرانییەی تووشی ھەرێمی کوردستان کرد.


چرکە: تائێستا بیرتان لەوە کردۆتەوە کە مافی ئەوپێشمەرگە شەھیدانەتان وەرگرنەوە کە لەلایەن حزبەکانی باشووری کوردستانەوە شەھیدکراون؟

محه‌ممه‌د ساڵح قادری :بەداخەوە ھەڵدانەوەی لاپەڕەی ئەو تاوانانەی کە لە ھەرێمی کوردستان بە پیلانی رژێمی کۆماری ئیسلامی‌و دەستوپێوەندەکانی دەرھەق بە تێکۆشەرانی رۆژھەڵات ئەنجامدراون مایەی شەرمەزاریە، لەگەڵ ئەوەی کە ئەو تاوانانە فایلێکی حقوقین، لە ھەمان کاتدا ھەستیارییەکی سیاسی‌و ئەمنیان ھەیە‌و بە داخەوە تا ئێستا بەھۆی ئەو ھەستیاریە نەمانتوانیوە بەدواداچوونی ئەو کەیسانە لە دادگاییەکی بێ لایەن‌و خاوەن دەسەڵات بخەینە دۆزگەریەکی یاساییەوە. ئەوە فایلێکی حقوقیە‌و لە کاتی گونجاودا وەک پەروەندەی تیرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەکەوێتە دۆزگەری تاوانی تیرۆرەوە‌و بکەرانی ئەو تاوانانەش شەرمەزار‌و سزا دەدرێن.


چرکە: لە ئێستادا كۆماری ئیسلامی ئیران سنوری پارێزگای سلێمانی بە نفوزی خۆی دەزانێت‌و بنكەگەلێكی زۆری ئیتڵاعاتی تێدا كردوەتەوە, ئایە ئێوە چۆن لە هاوكارو حزب‌و دەستوپێوەندەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەروانن كە هەژموونی ئێران لەهەریم زیاد دەكەن؟؟

- كۆماری ئیسلامی ئێران نەك تەنیا سنووری پارێزگای سلێمانیە بەڵكوو بە هۆی بنەما فكریەكانی كە پابەندی یاسا نێونەتەوەییەكانی پێوەندیدار بە سەروەری وڵاتان وهەرێمی سیاسی‌و جوغرافیای وڵاتەكان نیه‌، دەبینین نەك هەر سنووری پارێزگای سلێمانیە بەڵكوو هه‌ول ده‌دا هه‌مو هه‌رێمی کوردستان‌و زۆرێك لە وڵاتانی ناوچە وەك: عێراق – سوریە – لوبنان‌و یەمەن بە قولایی ستراتیژێكی خۆی، یان ناوچەی نفووز‌و بەرژەوەندی سیاسی – ئاینی‌و ئابووری خۆی دەزانێ‌و بۆ ئەو مەبەستە هەرێمی كوردستانیشی خستوتە ژێر پالە پەستۆی پیلانەكانی‌و دەیهەوێ بە ڕێگای جۆراجۆر دەستە مۆ‌و ملكەچی خۆی بكات. مه‌ترسیدارتر له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌شێک له‌ لایه‌نه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ هه‌ر هۆ‌و له‌ ژێر هه‌ر ناوێک بێت مه‌یدانیان بۆ ده‌زگا سیخۆریه‌کانی ئێران ئاواله‌ کردووه‌‌و بگره‌ له‌ سه‌ر فه‌رشی سوور پێشوازی له‌ قاتلانی رێبه‌ری شه‌هیدمان دکتور قاسملۆ ده‌که‌ن‌و چاره‌نووسی پرسه‌ سیاسیه‌کانی هه‌رێم به‌ قاسمی سولێمانی‌و کۆنسولی رێژیم له‌ هه‌ولێڕده‌سپێرن. له‌ لایه‌کی دیکه‌ کاربه‌ده‌ستانی حیزبه‌کانی باشوور‌و نوێنه‌رانی فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندیه‌کانی هه‌رێم له‌ ئێران به‌رده‌وام په‌سنی ئه‌و رێژیمه‌ ده‌ده‌ن‌و فه‌زلی ئه‌و رێژیمه‌ به‌ سه‌ر خه‌لکی باشوور‌و رۆژهه‌لات ده‌فرۆش، له‌ حالێکدا خه‌لکی رۆژهه‌لات رۆژانه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌و ریژیمه‌ چه‌نده‌ها سته‌میان تووش ده‌بێت‌و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ که‌ به‌رپرسانی هه‌رێم‌و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کانیان ئیدانه‌ی جینایه‌ته‌کانی ئه‌و رێژیمه‌ بکه‌ن، بێده‌نگی ده‌نوێنن‌و له‌و لاشه‌وه‌ هه‌لسووکه‌وتێک ده‌که‌ن که‌ شعووری میلیۆنان کوردی رۆژهه‌لات پێ بریندار ده‌که‌ن.

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌ رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌:

 لاپه‌ڕه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ماڵپه‌ڕ

 لاپه‌ڕه‌ی‌ ماڵپه‌ڕ


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان