ههڵۆی كوردستان: ماڵپهڕی چركه وتووێژێكی لهگهڵ بهڕێز كهریم پهرویزی، ئهندامی دهفتهری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێك هێناوه كه لهبهر گرینگیی باسهكه، لێرهدا بڵاوی دهكهینهوه:
زۆربەی کات ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتیو باشووری کوردستان دەڵێن حزبەکانی رۆژھەڵات لەناوخۆیاندا پێکەوە تەبانینو لە چەند باڵێک پێکھاتوون, چۆن دەتوانن کار بۆ دۆزی کورد بکەن کە نەتوانن کار بۆخۆیان بکەن, بۆ قسەکردن لەسەر ڕەوشی سیاسی لە رۆژھەڵاتی کوردستانو پەیوەندی حزبەکانی رۆژھەڵات لەگەلا یەکتریو شیکردنەوەی چەندین تەوەرو پرسی تر. چرکە دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ بەڕێز (کەریم پەروێزی) ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئەنجامدا.
دیمانە_ گۆران شاخەوان
چرکە: لە ئێستادا بەڕێزتان چۆن دەڕواننە بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان؟
کەریم پەروێزی: بە لێکدانەوەو بینینی زۆربەی شتە ڕوونو ئاشکراکان لە سیاسەتی نێونەتەوەییو ناوچەییو ناوخۆیی لە بوارە پەیوەندیدارەکان بە ھەرێمی کوردستانەوە، دەتوانین بڵێین کە دەرفەتو دەرەتانی باشو لەبار ڕووی لە ھەرێم کردووە، ھەر لەو کاتەدا مەترسیو ھەڕەشەی جددیو پڕ لە دڵەڕاوکێ، بەرۆکی ھەرێمیان گرتووە.
لەوەھا دۆخو ھەلومەرجێکدا، ھەر وڵاتێک کە شتی وای بەرەو ڕوو ببێتەوە، پێویستی بە رێبەرایەتیی سەردەم شەڕو سەرکردایەتییەکی بە ئەزموونو پڕورە, ھەروەھا چاوکراوەو چاونەترس ھەیەو لە بواری دیکەو لە رەھەندێکی دیکەدا، پێویستی بەوە ھەیە کە گەلیش لێبڕاوو ئامادە بۆ دانی قوربانیو ھەنگاوی گەورە ھەڵگرتنەوە بێو نە تەنیا ئەوە، بەڵکو دەبێ لەخۆبردووو خۆڕاگر بێت، چونکە ھەڕەشەکان گەورەنو بە قوربانیدانو خۆڕاگری نەبێت، بە سەرکەوتووییەوە تێناپەڕێندرێن.
چرکە: خوێندنەوەتان بۆ ڕەوشی سیاسی لە عێراق چییەو تا چەندە بە حکومەتی نوێی عەبادی دڵخۆشن؟
کەریم پەروێزی: پێم وابێ، ئەوەی لە سیاسەتو مێژوو بچووکترین زانیارییەکی ھەبێت، ھیچ دڵخۆشییەکی بەرامبەر بە حکومەتی عەبادیو ھیچ حکومەتێک کە لە بەغدا بێتە سەر کار نابێت.
بۆیە دەڵێم ھیچ حکومەتێک، چونکە لە عێراقی بەزۆر پێکەوە لکێندراودا، نەتەوەی عەرەب بە دوو ئایینزای جیاوازەوە کە شیعەو سوننە بن، زۆرینەی ئەم کۆمەڵگەیە پێک دەھێننو بەپێی ئەزموونی مێژوویشیان، ڕەنگە لەباری ئایینزاوە لێک جیاواز بن، بەڵام لەباری جەوھەری بیری سیاسیو ئایدیۆلۆژیکەوە جیاوازی جەوھەرییان نییەو لە ھەردوویاندا بیری پەڕگیری سڕینەوەو سەرکوتکەرو پاوانخواز ھەژموونی زۆرینەی ھەیەو ڕەوتە دیموکراتو سێکۆلارەکان تێیاندا ناڵێم نین، بەڵکو لاوازن.
بۆیە دەبینی کە چ حکومەتی زۆرینە عەرەبی شیعە پێک ھاتبێت، یان زۆرینە سوننە، لە سەرەتاوە کە لاواز بوون، بۆ قایمکردنی جێ پێیان قسەو دروشمی شیرینو تامداریان داوەو دوایی ھەموویان فەرامۆش کردووەو بە نیسبەت کوردەوە سەرکوتکەر بوون.
بۆ وێنە ھێشتا بەشێکی زۆری عێراق بە دەستی داعشەوەیە، بەڵام تازە سەرکەوتنیان لە ئامرلی بەدەست ھێنابوو، سەرۆکی ڕەوتی بەدر دەڵێ پێشمەرگە دەبێ! لە کەرکووک بکشێتەوە! جا ئەگەر ھەموو دەسەڵاتەکەیان قورسو قایم بکەنەوە چ دەکەن؟
جیا لە بیری پاوانخوازیو سەرکوتکەر، گرفتێکی ئەساسیی دیکەی حکومەتی عێراقی لەمڕۆدا، ئەوەیە کە دەستنیشانکراوی رژێمی ئیسلامی لە تارانە، ئەو رژێمەش ھەرگیز ئارامیو ئاشتیی بۆ عێراق ناوێتو ھەتا سەر دوژمنی کوردو دەسەڵاتی کوردی پێشکەوتووو بەھێزە، بۆیە ھیچ حکومەتێکی لەم شێوەیە جێگەی دڵخۆشی نییە.
چرکە: ئایا پێتانوایە حکومەتی عەبادی کار بۆ مافەکانی کورد دەکات؟
کەریم پەروێزی: پێموایە حکومەتی عەبادی لە ژێر گوشاری دەرەکیو لە ژێر گوشاری نائارامیو ناسەقامگیری ناوخۆیی عێراقدا ھەندێک ھەنگاو ھەڵدەگرێت بۆ ئەوەی کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لانیکەم بە شێوەیەکی کاتی کەمتر بکاتەوە. بەڵام ئەوە تەنیا بۆ کەمترکردنەوەی کێشەکانی خۆیو تێپەڕاندنی قەیرانەکانیەتی، نەک لە باوەڕ بە جێبەجێبوونی داواکاری گەلانی عێراقو دابینکردنی مافی کوردەوە.
سیاسەت کردنیش لەسەر ئەوە ئەساس ناکرێت کە ئایا فڵان دەسەڵاتو حکومەت باوەڕی بە مافەکانم ھەیە یان ناو کار بۆ ئەو مافانەم دەکات یان نا. بەڵکو سیاسەت لەسەر ئەساسی ئەوە دەکرێت کە چەندە ھێزم ھەیە بۆ گەیشتن بە داواکاریو مافەکانمو لە ھەر قۆناغێکدا دەتوانم چ تاکتیکو کردارێک بگرمە پێش تاکو دەستکەوتی زیاترم ھەبێتو بە مافەکانمەوە نزیکتر ببمەوە. ھەندێک جاریش سیاسەت بریتییە لەوەی کە کارێک بکەم تاکو گەلەکەم زەرەرو زیانەکانی بەرەو رووی دەبنەوە کەمتر ئازاری بدەن.
چرکە: رەوشی سیاسی رۆژھەڵاتی کوردستان لە چ ئاستێکدایە ؟
کەریم پەروێزی: لە کوردستانی رۆژھەڵاتدا رژێمی ئیسلامیی تاران، بەتەواوی کەشی ستەمکارانەی سەرکوتکەری داسەپاندووەو ھەموو کونو قوژبنێکی سیاسیی لە خەڵک ھەڵچنیوە. دەرەتانی ھیچ جۆرە چالاکیو ھەڵسووڕانێک نادات تاکو خەڵک باس لە کەمترین ئازارەکانیان بکەن. تەنانەت ئەگەر چەند لاوێک بە دەوری یەک کۆ دەبنەوە دەیانەوێت دارستانو شاخەکانی کوردستان کە لە گەرمای ھاویندا گڕیان تێبەردەدرێت، ئەو ئاگرانە بکوژێننەوە، دەزگای ئیتلاعاتیی رژێم دەستبەسەریان دەکاتو لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن.
ھەندێک ڕەوتی سیاسیی وا ھەبوون کە دەیانگوت بە ھاتنە سەر کاری حەسەن رووحانی، کەشو ھەوای سیاسی لە کوردستانی رۆژھەڵات ھەندێک دەکرێتەوەو ئەو کات ئێمە وەکو حزبی دیموکرات گوتمان کە شتی وا لەم رژێمە ناوەشێتەوە، ئێستا ئیتر بە ڕوونیو بە کردەیی نیشان دراوە کە نەک فەزا نەکراوەتەوە, بەڵکو داخراوتر بووەو ڕەوتی لە سێداردەدانو ئەشکەنجەو کوشتن زۆرترو توندتر بووەتەوە.
چرکە: ئایا ئێوە تا چەندە کارەکانتان لە رۆژھەڵاتی کوردستان ئەنجام دەدەن؟
کەریم پەروێزی: ئێمە وەک حزبێکی سیاسی، لە چەند بواردا تێکۆشانمان ھەیە، کە یەکێک لەو بوارانە، کاری رێکخستنی ئەندامو لایەنگرانی حزبو پەرەدان بەو رێکخستنەو رۆچوونی زیاتر لەناو قوڵایی کۆمەڵگەدایەو لەو بوارەشدا کارو چالاکیو تێکۆشانمان ھەبووەو رژێمی دەسەڵاتداریش زۆر بێڕەحمانە بەرامبەر بە ھەر کەسێک کە تۆسقاڵێک ڕەنگو بۆی دیموکراتی لێوە بێ دەجووڵێتەوە تەنانەت ئەندامی ئێمە لە ساڵی پاردا لە کاتی بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغاتیدا دەستڕێژیان لێکردو شەھیدیان کرد.
جیا لەمانەش بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ساڵیادەکانی تیرۆرکردنی د.قاسملۆ، لە شارەکانی کوردستان چالاکیی مەدەنیی داخستنی دوکانو بازاڕو مانگرتنی گشتیمان بەڕێوە بردووە، کە لەو چالاکییانەشدا بە ھەزاران کاسب لە کوردستان مانیان دەگرتو رژێمیش بە ئازارو ئەزیەت دوکانی پێدەکردنەوەو تەنانەت دوکانی ھەندێکیان دەشکاندو سزای قورسی دەدانو کەسانێکیشی دەستبەسەر دەکرد.
چرکە: ئایا بە بۆچوونی ئێوە ئەو خۆپیشاندانانەی لە وڵاتانی عەرەبی دەستیپێکرد بووە ھۆی رووخانی چەند رژێمێک، پێتانوایە لەم نزیکانەش لە ئێران سەرھەڵبدات؟
کەریم پەروێزی: سیاسەتو پێکھاتەی کۆمەڵگە لە ئێراندا جیاوازە لەگەڵ وڵاتانی وەکو میسرو لیبیاو بەگشتی ھەموو وڵاتانی عەرەبی. جۆری ئەو رژێمەش کە لە ئێراندا دەسەڵاتی قۆرخکردووە، زۆر جیاوازە لە ھەموو ئەو رژێمانەو لە درۆکردنو چەند ڕووییو دەمامکداری, ھەروەھا سەرکوتو بێڕەحمیدا لە ھەموو ناوچەدا بێوێنەیە.
بەڵام لەھەمانکاتدا لەبەر چەند نەتەوەیی بوونی ئێران، ئەم رژێمە ھەرگیز نەیتوانیوە ئایدیۆلوژییە سەرکوتکارانەکەی بەتەواوی داسەپێنێتو تەنیا بە ھێزی چەکو دەزگای داپلۆسێنەری ئیتلاعاتی ماوەتەوە کە ئەو ھێزە سەرکوتکەرەشی بە پارەی نەوت بەخێویان دەکاتو ئیمتیازیان دەداتێ، دەنا باوەڕیان پێی نییەو ھەر ئەوەندە پارەی تێرکردنیانی نەبێت لێی ھەڵ دەگەڕێنەوە.
لە لایەکی دیکەوە خەباتی دیموکراسیخوازانە لە ئێراندا زیاتر لە سەدەیەک ئەزموونی ھەیەو چەندی قۆناغی بڕیوەو کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەک نییە کە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ بێدەنگ بێت. ھەر ئەم کۆمەڵگەیە لە یەک سەدەدا دوو جار شۆڕشی کردووەو رژێمی گۆڕیوە.
ھەر چەند ساڵ جارێکیش قەیرانەکانی ناو کۆمەڵگە کەڵەکەیان کردووەو لە دەرەتانێکدا بە رووی رژێمدا تەقیونەتەوەو پێگەی رژێمیان لاوازتر کردووە، بۆیە ھەر ئانو ساتێک ئەگەری سەرھەڵدانی خەڵکی لە ئێراندا ھەیە.
بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێ کە رژێمی ئیسلامی، لە لایەن ھەندێک وڵاتی زلھێزی وەکو رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێتو ھەموو جۆرە ئەزموونێکی سەرکوتکاری دەخەنە بەردەستی.
چرکە: ئایا ئێوە تا چەندە لەگەڵ حزبەکانی رۆژھەڵات تەبان؟
کەریم پەروێزی: ئێمە وەکو حزبی دیموکرات کێشەیەکی تایبەتیمان لەگەڵ حزبەکانی دیکە نییەو پێوەندی دۆستانەمان لەگەڵ زۆربەی ئەو حزبانە ھەیە.
لەگەڵ ئەو ھاوڕێیانەشمان کە چەند ساڵ پێش لە حزب جیابوونەوە، لە ھەوڵو دیالۆگدا ھەین تاکو دووبارە پێکەوە لەناو ریزی حزبی دیموکراتدا کارو تێکۆشان بکەین.
چرکە: خەڵکی رۆژھەڵاتو باشوور دەڵێن حزبەکانی رۆژھەڵات پێکەوە تەبانینو چەند باڵێکن چۆن دەتوانن کار بۆ دۆزی کورد بکەن کە نەتوانن کار بۆخۆیان بکەن؟
کەریم پەروێزی: ماوەیەک بوو کە لەناو حزبەکانی کوردستانی ئێراندا باسی پێکھاتنی بەرەیەکی ھاوبەش ھەبوو، کە سەری نەگرتو ھەندێک کاریگەری خراپیشی ھەبوو کە بووە ھۆی دوورکەوتنەوەو دابڕانی ئەو حزبانە، بەڵام دوای ئەو قۆناغە ئێستا ئەو حزبانە دووبارە وردە وردە پێکەوە نزیکتر دەبنەوە، ھەنگاوەکانی لەبەردەمدا دەبێت ببڕێندرێن تاکو کەشێکی لەبارتر پێکبێت.
بەدڵنیاییەوە ناتەباییو کێشەی نێوان حزبەکان کاریگەری خراپی لەسەر ورەو بیروڕای خەڵکی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە تەباییو دۆستایەتیو ھاوکاریی ناو حزبەکانو یەک ھەڵوێستبوونیان، ریزەکانی خەڵکی کوردستان یەک دەخات.
چرکە: ئایا حزبە کوردییەکانی رۆژھەڵات چییان کردووە، یاخود بۆ کەمکردنەوەی کێشەو ئاریشەی کوردانی رۆژھەڵات ڕۆڵیان چیبووە ؟
کەریم پەروێزی: حزبەکانی کوردستانی رۆژھەڵات لە دەسەڵاتدا نین تاکو بتوانن کێشەو ئاریشەکانی کوردانی رۆژھەڵات کەم بکەنەوە، چونکە کەمکردنەوەی ڕەنجو کێشەی خەڵک بە دروشمی سیاسیو بە قسە ناکرێت, بەڵکو بە دەسەڵاتو ئیمکانیاتو ئامرازە پێوەندیدارەکانەوە دەکرێت، کە ئێستا ھەموو ئەم ئیمکانیاتە لە دەستی رژێمی ئیسلامیدا قۆرخ کراون.
چرکە: دەگوترێت ھەندێک لە حزبە کوردییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ئێرانچیەتی دەکەن، ھەمیشە لەبەردەم دۆزی کورد بوونەتە بەربەست لەم وڵاتەو نایانەوێت کورد لە ئێران جیابێتەوە، ئێوە چی دەڵێن؟
کەریم پەروێزی: ئەوەی کە حزبێک ھەبێت ئێرانچیەتی بکات، یان بەو مانایە کە بەرژەوەندیی ئێران بخاتە پێش بەرژەوەندیی کوردستان, ھەروەھا ئەگەر دەرەتانی ئەوە ھەبێت کە کوردستانی رۆژھەڵات دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێتو ئەوان دژی ئەوە بن، شتی وا نییەو لە ھیچ حزبێکی راستەقینەی کوردستانی رۆژھەڵاتدا ئەوە نابیندرێت.
بەڵام ھەر حزبێک بۆخۆی لێکدانەوەی سیاسیی خۆی ھەیەو پێیوایە لە دەرەتانو دەرفەتەکاندا تاکتیکو ستراتیژیی لەو چەشنە بگیرێتە پێش کە ئەو حزبە دەیڵێت، قازانج بە دۆزی کورد دەگەیەنێت. بۆیە ناکرێت ھەڵوێستی ھیچ کام لەو حزبانە بخرێتە خانەی کۆسپو بەربەست لەبەردەم دۆزی کورددا. بەڵکو دەکرێت بە خوێندنەوەی جیاواز بۆ قۆناغو دەرەتانو مەترسیو ئیمکانەکان ناوی ببەیت.
چرکە: بە بۆچوونی ئێوە گەلی کورد لە خەونی بە دەوڵەتبوون نزیک بووەتەوە یان دوور کەوتووەتەوە؟
کەریم پەروێزی: لە کوردستانی باشووردا بەپێی ھەندێک پێوەرەکانی بە دەوڵەت بوون، ئیمکانەکانو ئامرازەکان زۆرترو لەبارترن بۆ بەرەو بە دەوڵەتی سەربەخۆبوونی کوردستان، بەڵام ھاوکات گرفتی گەورەی وەکو پیلانی ناوچەیی بەتایبەت دوژمنایەتیو پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانو ھەروەھا گرفتی ناوخۆیی لەباری نایەکھەڵوێستیی حزبەکانەوەو نیگەرانیی باش ئامادە نەبوونی ئیدارەدانو رێکخستنی تواناکان بۆ بەرەو دەوڵەت ڕۆیشتن، ھەندێک لە خەونی بەدەوڵەت بوونی کورد ئاڵۆز دەکەن.
بۆیە لە ئێستادا زەحمەتە بڕیار لەسەر ئەوە بدەیت کە ئایا لە بینینی دەوڵەتی کورد نزیکتر بووینەتەوە، یان دوور کەوتووینەتەوە. بەڵام یەک شت ڕوونە ئەویش ئەوەیە کە قۆناغێکی مێژوویی زۆر ھەستیار بەرەو ڕووی ھەرێمی کوردستانی باشوور بووەتەوەو ھەر جۆر رێبەریکردنو بڕیارێکی سەرکردایەتیی کورد لەمڕۆدا، کاریگەریی لەسەر دواڕۆژی کوردستانەوە ھەیەو سبەی رۆژ مێژوو دادوەریی خۆی دەکات.
چرکە: لە شەڕی داعش کۆمەڵێک گەنجو لاوی رۆژھەڵات ھاتنە بەرەکانی جەنگ، ئایا لە ئێستادا رێگەیان دەدرێت بگەڕێنەوە رۆژھەڵات؟
کەریم پەروێزی: لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعشدا ئێمە وەک حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بەپێی داواکاریی حکومەتی ھەرێم ھێزی پێشمەرگەمان ناردە بەرەکانی شەڕو ھەر بەپێی داواکاریی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھێزەکانمان کشاندەوە. ئەو ھێزەش رێگەیان نادرێت بڕۆنە رۆژھەڵاتو کۆماری ئیسلامیی تیرۆریست کە بە دیان کادرو پێشمەرگەو ھەروەھا چەند رێبەری حزبی دیموکراتی وەکو د.قاسملۆو د.سەعیدی تیرۆر کردووەو لە دادگەی وڵاتی ئەڵمانیشدا بڕیاری تیرۆریست بوونی رێبەرانی رژێمی ئیسلامیی تاران دراوە، بەو ھێزەی حزبی دیموکرات کە دژی داعشیش شەڕی کرد، دەڵێت تیرۆریست! ئەمە تەنیا دەتوانێت گاڵتەجاڕی مێژوویی بێو ھیچی دیکە.
