هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

وتووێژی‌ مسته‌فا هیجری‌ له‌گه‌ڵ‌ ئاوێنه‌

چاپکردن

hijri_-__awene_2مسته‌فا هیجری‌" سكرتێری‌ حزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، له‌م گفتوگۆیه‌ی‌ ئاوێنه‌دا ده‌ڵێت "ئێستا هه‌لومه‌رجی‌ كورد به‌گشتی‌ له‌هه‌مو پارچه‌كانی‌ كوردستاندا، جگه‌ له‌ئێران، جوڵاوه.


   ئا: شاهۆ ئه‌حمه‌د

ئاوێنه‌: ئێستا باس باسی‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌، ئێوه‌ وه‌ك حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران، سه‌رنج‌و تێبینیتان له‌سه‌ر ئه‌م كۆنگره‌یه‌ چییه‌؟

مسته‌فا هیجری‌: پێمانوایه‌ كۆنگره‌كه‌ له‌كاتێكی‌ باشدا خه‌ریكن ئاماده‌كاری‌ بۆ ده‌كه‌ن چونكه‌ ئێستا هه‌لومه‌رجی‌ كورد به‌گشتی‌ له‌هه‌مو پارچه‌كانی‌ كوردستاندا، جگه‌ له‌ئێران جوڵاوه‌. چاوه‌ڕوانی‌ هه‌ندێك ئاڵوگۆڕ ده‌كرێت به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كوردی تێدا دابه‌شكراوه‌، بارودۆخی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست بڕێك له‌نائارامیدایه‌، جوڵه‌ هه‌یه‌ به‌ره‌و گۆڕانی‌ زیاتر له‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ پێموایه‌ ئێستا كاتێكی‌ باشه‌ كه‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ باسی‌ له‌سه‌ر بكرێت كورد بتوانێت له‌و وه‌زعیه‌ته‌ی‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ به‌په‌یامێكی‌ یه‌كگرتو ویست‌و داخوازیه‌كانی‌ خۆی‌ بگه‌یه‌نێت.


ئاوێنه‌: چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ چ خزمه‌تێك به‌ئێوه‌ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان بكات؟

مسته‌فا هیجری‌: هه‌ر حه‌ره‌كه‌تێك له‌جیهه‌تی‌ به‌ره‌وپێشچونی‌ كاروباری‌ كورددا بێت‌و له‌داخوازیه‌كانی‌ كورددا بێت له‌هه‌ر به‌شێكیدا بێگومان كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر به‌شه‌كانی‌ تریش ده‌بێت، به‌تایبه‌تی‌ له‌كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییدا باس له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ به‌شه‌ جیاوازیه‌كان ناكرێت باس له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ كورد به‌گشتی‌ ده‌كرێت، ره‌نگه‌ له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا ئه‌گه‌ر به‌باشی‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌، ئێمه‌ش وه‌كو كوردی‌ رۆژهه‌ڵات قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندیمان ده‌ستبكه‌وێت له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و به‌شه‌ ئه‌كتیڤ باسی‌ بكرێت‌و بێته‌ ناو باس‌و كۆبونه‌وه‌كان.


ئاوێنه‌: ئایا پشتیوانی‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ن مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆنگره‌كه‌ بێت یان وه‌ك په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێت پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆبونه‌وه‌كان به‌شێوه‌ی‌ خول بێت؟

مسته‌فا هیجری‌: ئێمه‌ زۆرتر بیرمان له‌وه‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ كۆنگره‌كه‌ كێ‌ بێت‌و چۆن بێت، ئه‌وه‌ی‌ زۆرتر بیری‌ لێده‌كه‌ینه‌وه‌و كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كۆنگره‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، هه‌ژمون‌و ده‌سه‌ڵاتخوازی‌ هیچ لایه‌نێكی‌ له‌سه‌ر نه‌بێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراتێك مافی‌ هه‌مو به‌شه‌كان له‌به‌رچاوبگیرێت، ئه‌وه‌ زۆرتر مه‌به‌ستی‌ ئێمه‌یه‌ ئه‌گینا زۆر گرینگ نیه‌ سه‌رۆكی‌ كۆنگره‌ دیاری‌ بكرێت.


ئاوێنه‌: كه‌واته‌ هیچ كێشه‌یه‌ك نیه‌ ئه‌گه‌ر مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆنگره‌كه‌ بكات‌و به‌خول نه‌بێت؟

مسته‌فا هیجری‌: نه‌خێر هیچ كێشه‌یه‌ك نیه‌.


ئاوێنه‌: وه‌ك باس ده‌كرێت به‌ڕێزتان له‌پارتییه‌وه‌ زۆر نزیكن‌و ته‌نانه‌ت له‌میوانه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ بارزانیشیت، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه‌؟

مسته‌فا هیجری‌: ئێمه‌ نزیكایه‌تێكی‌ تایبه‌تی‌‌و ئه‌وتۆمان نیه‌، ئێمه‌ له‌كوردستانی‌ عێراقدا له‌گه‌ڵ‌ به‌شێكی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان په‌یوه‌ندی‌ دۆستانه‌مان هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ كه‌ دو هێزی‌ سه‌ره‌كین، په‌یوه‌ندیه‌كانمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مێژویه‌كی‌ زۆر كۆن‌و ئێستاش ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ هه‌رماوه‌.


ئاوێنه: ده‌وترێت پارتی‌‌و بارزانی‌ ئه‌وكاته‌ له‌ئێوه‌ نزیكتربونه‌وه‌ كه‌ ئه‌و باڵه‌ی‌ نێو حیزبی‌ دیموكرات له‌یه‌كێتییه‌وه‌ نزیكبون‌و مامۆستا رابه‌رایه‌تی‌ ده‌كردن، كرانه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌حیزب؟

مسته‌فا هیجرى: من له‌حزبی‌ خۆماندا جیاوازیه‌كی‌ ئه‌وتۆ نابینم له‌نزیكایه‌تیمان له‌به‌ینی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌و كاته‌ی‌ مامۆستا عه‌بدوڵا سكرتێری‌ حزب بوه‌ یان ئێستا، من جیاوازیه‌ك نابینم، سیاسه‌ته‌كه‌ هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌و هه‌ر به‌و شێوه‌ش چۆته‌ پێشه‌وه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئیحترام بۆ هه‌ردولای‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ بوه‌ كه‌ ئه‌وانیش ئیحترام بۆ ئێمه‌ داده‌نێن، به‌و شێوه‌یه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان درێژه‌ پێداوه‌و ئێستا هه‌م له‌یه‌كێتی‌ نزیكین‌و هه‌م له‌پارتیش.


ئاوێنه‌: رات چییه‌ به‌رامبه‌ر به‌درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بارزانی‌، ئایا راسته‌ ده‌ڵێن ئێوه‌ یه‌كێك بون له‌وانه‌ی‌ كه‌ داواتانكردوه‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌كه‌ قبوڵ‌ بكات؟

مسته‌فا هیجری‌: نا وانیه‌، ئه‌وه‌ راست نیه‌ ئێمه‌ داوامانكردبێت، به‌ڵام ئێمه‌ پێمانوایه‌ قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد له‌و به‌شه‌ی‌ كوردستانی‌ عێراقدا به‌هه‌ر جۆرێك بگونجێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ هه‌ر گروپ‌و تاقمێك‌و حزبێك بێت‌و ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ كوردستانی‌ عێراق بڕیاری‌ له‌سه‌ربدات نه‌ك ئێمه‌.


ئاوێنه‌: ئێوه‌ ئه‌و درێژكردنه‌وه‌ به‌باش ده‌زانن؟

مسته‌فا هیجری‌: ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌واڵه‌كان بیستمان سازانێكی‌ زۆر كراوه‌ له‌نێوان ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ لایه‌ن‌و حزبی‌ سیاسی‌‌و به‌ته‌وافقی‌ هه‌مویان ئه‌و ماوه‌یه‌ درێژكراوه‌ته‌وه‌، مادام رای‌ زۆربه‌ی‌ حزبه‌كانی‌ له‌گه‌ڵه‌، ئێمه‌ش رێزی‌ بۆ داده‌نێین‌و پێمانباشه‌.


ئاوێنه‌: به‌بڕوای‌ تۆ تا چه‌ند غیابی‌ مام جه‌لال كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ حیزبی‌‌و شه‌خسییه‌كانی‌ ئێوه‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ده‌بێت؟

مسته‌فا هیجری‌: بێگومان كاتێك مام جه‌لال حزوری‌ هه‌بو باشتر بو، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ تا ئێستا هه‌ست ناكه‌ین په‌یوه‌ندی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ل یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ لاواز بوبێت یان كێشه‌ی‌ تێكه‌وتبێت، به‌ڵام بونی‌ مام جه‌لال وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كی‌ به‌هێز له‌ناو یه‌كێتیدا كاریگه‌ری‌ خۆیی‌ هه‌بوه‌، هه‌م له‌گه‌ڵ‌ حزبی‌ دیموكرات هه‌م له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ كوردستانی‌ عێراق، هه‌م له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ عێراقداو ئێستاش ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان باشه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێتی‌.


ئاوێنه‌: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان له‌چ ئاستێكدایه‌؟

مسته‌فا هیجری‌: په‌یوه‌ندیمان له‌ناو حزبه‌ ئیسلامیه‌كاندا له‌گه‌ڵ‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كی‌ دۆستانه‌یه‌، له‌گه‌ل گۆڕانیش په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌.


ئاوێنه‌: شه‌ممه‌ی‌ رابردو، نێچیرڤان بارزانی‌ به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ تاران، ئایا ئه‌م جۆره‌ سه‌ردان‌و په‌یوه‌ندییه‌ نزیكانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم زیانی‌ به‌ئێوه‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ كورد نه‌گه‌یاندوه‌؟

مسته‌فا هیجری‌: به‌گشتی‌ بۆ ئێمه‌ شتێكی‌ زۆر سروشتیه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان په‌یوه‌ندی‌ سیاسی‌ خۆیی‌ له‌گه‌ل وڵاتانی‌ دراوسێ‌و له‌گه‌ڵ هه‌مو دونیا په‌ره‌ پێبدات، سه‌فه‌ری‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی‌ بۆ به‌شداری‌ له‌رێوره‌سمی‌ سوێندخواردنی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ تازه‌یه‌ كه‌ ئه‌و به‌شداری‌ تێدا ده‌كات، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یانه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئێمه‌ی‌ لێئاگاداربین به‌زیانی‌ ئێمه‌ نه‌بوه‌‌و ئێمه‌ له‌كوردستانی‌ عێراقدا ئازادین.


ئاوێنه‌: پێتوایه‌ ئه‌م گه‌شتانه‌ی‌ نێچیرڤان له‌ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌كدا بۆ ئه‌نقه‌ره‌و تاران په‌یوه‌ندی‌ به‌به‌ستنی‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌یه‌؟

مسته‌فا هیجری‌: به‌شێكی‌ وه‌كو خۆیان باسی‌ ده‌كه‌ن ئه‌و گه‌شته‌ی‌ بۆ توركیا كردی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ هه‌بو، ئه‌وه‌ی‌ تازه‌ی‌ كه‌ چۆته‌ تاران بانگهێشتكراوه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌رێوره‌سمی‌ سوێندخواردنی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ تازه‌ی‌ ئێران‌و بێگومان له‌وێدا چاوپێكه‌وتنی‌ تری‌ ده‌بێت‌و ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌و باسانه‌ی‌ دێته‌ پیشه‌وه‌ باسكردنی‌ كۆنگره‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ بێت.


ئاوێنه‌: ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو دیموكراته‌كه‌ قسه‌وباسی‌ گه‌رمی‌ لێوه‌كرا، ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌كوێ‌ گه‌یشتن؟

مسته‌فا هیجری‌: هه‌وڵه‌كان هه‌ر به‌رده‌وامن له‌و ماوه‌ی‌ كه‌ ئێوه‌ ئیشاره‌ی‌ پێ‌ ده‌كه‌ن ئێمه‌ هه‌ردولامان تێكۆشاوین په‌یوه‌ندیه‌كانمان به‌یه‌كه‌وه‌ ئاسایی‌ بێته‌وه‌ به‌دانیشتن‌و به‌شۆره‌تكردن‌و باسكردنی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌ سیاسیانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ئێران‌و كوردستانی‌‌و ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌نێوانی‌ خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌و ئه‌و نزیكایه‌تیه‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌و هیوادارم له‌داهاتودا ئه‌وه‌ بگات به‌نه‌تیجه‌ی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌.


ئاوێنه‌: ئایا لایه‌نی‌ سێهه‌م هاتوه‌ته‌ به‌ینتانه‌وه‌؟

مسته‌فا هیجری‌: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌مان له‌حزبی‌ دیموكرات جیابونه‌وه‌ له‌وكاته‌وه‌ تائێستاش هه‌وڵ‌و تێكۆشانی‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ نیشتیمانی‌ كوردو كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ كورد به‌رده‌وام بوه‌ كه‌ داوایانكردوه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان ئاسایی‌ بكه‌ینه‌وه‌و لێكنزیك ببینه‌وه‌و یه‌كبگرینه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌هه‌مو لایه‌كه‌وه‌ به‌رده‌وام بوه‌و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئاسایكردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان‌و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دانیشتن‌و قسه‌و باسانه‌ی‌ كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كتری‌ هه‌ر به‌ده‌ستپێشخه‌ری‌ خۆمان بوه‌ نه‌ك لایه‌نی‌ سێیه‌م.


ئاوێنه‌: هه‌وڵدان بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو دیموكرات لای‌ ئێوه‌ ستراتیجه‌ یان تاكتیك؟

مسته‌فا هیجری‌: ستراتیجه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌كۆنگره‌ی‌ كۆتایدا كه‌ كۆنگره‌ی‌ 15 بو نزیكه‌ی‌ هه‌شت مانگ پێش ئێستا پێكهات، بڕیارێكی‌ وه‌ها په‌سه‌ندكراوه‌ كه‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و هاوڕێیانه‌ ئاسایی‌ بكه‌ینه‌وه‌و هه‌نگاوی‌ دوه‌م ده‌ستبكه‌ین به‌دانوستان له‌په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌كانی‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌مه‌سه‌له‌ی‌ ئێران‌و نێوانی‌ هه‌ردوكمان‌و له‌قۆناغی‌ كۆتایدا ده‌بێت كۆتایی‌ بێت به‌یه‌كگرتنه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ ئێمه‌ ستراتیجیه‌و بڕیاری‌ كۆنگره‌كه‌مانه‌و كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.


ئاوێنه‌: په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ‌ مامۆستا عه‌بدوڵای‌ حه‌سه‌ن زاده‌ چۆنه‌؟

مسته‌فا هیجری‌: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان په‌یوه‌ندیه‌كانمان ئاسایی‌ بۆوه‌، خۆشم له‌گه‌ڵ‌ مامۆستا عه‌بدوڵا چاوپێكه‌وتن‌و دانیشتنمان هه‌یه‌، واتا ئێستا په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ‌ مامۆستا ئاساییه‌.


ئاوێنه‌: ده‌وترێت دو كه‌س به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ شه‌خسیانه‌وه‌ حیزبی‌ دیموكراتیان په‌رتكرد، هه‌ر ئه‌و دو كه‌سه‌ش ده‌توانن كۆتایی‌ به‌ناكۆكی‌‌و په‌رتبونی حیزبه‌كه‌ بهێنن كه‌ ئه‌ویش به‌ڕێزتان‌و مامۆستا عه‌بدوڵایه‌، ئه‌مه‌ وانیه‌؟

مسته‌فا هیجری‌: لانیكه‌م به‌بۆچونی‌ من وانیه‌، شه‌خسی‌ خۆم چ ئه‌و كاته‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ مامۆستا هاوكاربوین‌و چ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان له‌حزبی‌ دیموكرات جیابونه‌وه‌، هیچ شتێكی‌ شه‌خسی‌ په‌یوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ‌ مامۆستا عه‌بدوڵا نابینم، مه‌سه‌له‌كه‌ حزبیه‌ هیچ شتێكی‌ شه‌خسی‌ له‌به‌ینماندا نیه‌، بۆیه‌ من زۆر په‌یوه‌ندیه‌كه‌ نابه‌ستمه‌وه‌ به‌نێوانی‌ من‌و مامۆستا، به‌ڵكو زۆرتر به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئه‌و دو لایه‌نه‌وه‌ من‌و مامۆستاش هه‌ریه‌ك له‌لایه‌كین.


ئاوێنه‌: قسه‌و باسێك هه‌یه‌ كه‌ ئێستا خه‌ریكی‌ ئاماده‌كارین بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ له‌رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، ئایا هێشتا باوه‌ڕتان به‌خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ ماوه‌؟

مسته‌فا هیجری‌: ئێمه‌ هه‌ر له‌ئه‌وه‌ڵه‌وه‌ ده‌ستمان به‌خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ كردوه‌، بۆچونمان سه‌باره‌ت به‌خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ نه‌گۆڕاوه‌‌و پێمانوابوه‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ به‌شێكه‌ له‌خه‌باتی‌ سیاسی‌ حزبی‌ دیموكرات، وه‌كو به‌شه‌كانی‌ تر هه‌ر كامێكیان ده‌بێ‌ له‌كاتی‌ گونجانی‌ خۆیدا كه‌ڵكی‌ لێوه‌ربگرین هه‌ر وه‌كو له‌رابردودا كاتێك كه‌ حزبی‌ دیموكرات پێی‌ گونجاوبوه‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ درێژه‌ پێداوه‌، به‌ڵام دوای‌ ماوه‌یه‌ك خه‌باتی‌ دیكه‌ زیاتر به‌رجه‌سته‌بوه‌ له‌وان كه‌ڵك وه‌رده‌گرین له‌داهاتوشدا ئه‌گه‌ر گونجاوبێت‌و به‌قازانجی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ كورد له‌و به‌شه‌دا بێت، حزبی‌ دیموكرات خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ درێژه‌ پێده‌دات‌و ئێمه‌ خه‌باتی‌ چه‌كداریمان وه‌لا نه‌ناوه‌ هه‌ربۆیه‌ ئێستا فێرگه‌مان هه‌یه‌، پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه‌، پێشمه‌رگه‌ وه‌رده‌گرین، به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ به‌قازانجی‌ نازانین خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌.

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان