هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

په‌یام بۆ رای گشتیی كوردستان و جیهان

چاپکردن

 iran_iraqحكوومه‌تی ئێران به‌ ئاو و ئاگر شه‌ڕی دژ به‌ كوردستانی راگه‌یاندووه‌

له‌ كاتێكدا هه‌رێمی كوردستانی عیراق به‌ خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ چاوی بڕیوه‌ته‌ دۆستایه‌تی و برایه‌تیی راسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی درواسێ، ئه‌ویش له‌ روانگه‌ی ئه‌وه‌ی گه‌لان به‌ هاوكاری و ته‌بایی و ئاشتی پێش ده‌كه‌ون، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش شه‌ڕ و گێچه‌ڵ و نائارامی، كاولكاری و زیان و دوژمنایه‌تی به‌ دوای خۆیاندا ده‌هێنن. مخابن كه‌ ده‌بینین حكوومه‌تی ئێران شمشێری تیژی خۆی له‌ كالان ده‌رهێناوه‌ و راست و چه‌پ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گه‌لانی دوور و نزیكی خۆی ده‌كات.

حكوومه‌تی ئێران هێنده‌ ده‌ستی له‌ كاروباری ناوخۆی عیراق وه‌رداوه‌، هه‌ر به‌ جارێك حكوومه‌تی مالیكیی له‌ به‌ر چاوی خه‌ڵكی عیراق سووك و ریسوا كردووه‌. به‌شی هه‌ره‌ زۆری عیراقییه‌كان پێیان وایه‌ حكوومه‌ته‌كه‌یان بووه‌ته‌ دارده‌ستی حكوومه‌تی ئێران. ئه‌مه‌ش وه‌ك چۆن زیانی بۆ شان و شكۆی عیراق هه‌یه‌ وه‌ك ده‌وڵه‌ت، به‌ هه‌مان شێوه‌ زیان به‌ ناوبانگ و ئایینده‌ی ئێرانیش ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ دنیا ده‌ورانی فه‌له‌كه‌ و رۆژێك دادێت عیراق ده‌توانێت ده‌ست بخاته‌ نێو كاروباری ئێرانه‌وه‌. جگه‌ له‌وه‌ ئه‌م خۆ هه‌ڵقورتاندنه‌ی حكوومه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ كاروباری ناوخۆی عیراق، بێ متمانه‌یی و ناحه‌زی ده‌خاته‌ نێو دڵی عیراقییه‌كانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێران و ئێرانییه‌كان.

حكوومه‌تی ئێران كوردستانی عیراقیشی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی خۆی بێ به‌ش نه‌كردووه‌. به‌ درێژایی ساڵانی رابردوو، هه‌روه‌ها ئه‌م ساڵیش ماوه‌ی چه‌ندین رۆژێكه‌ تۆپخانه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران كوێستانه‌كانی قه‌ندیل و سیده‌كان و چۆمان تۆپباران ده‌كات. له‌وه‌ش زیاتر هێزی تانك و زریپۆش و هێزی پیاده‌ی خۆی له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی سنووره‌وه‌ پاڵ پێوه‌ ناوه‌ بۆ نێو خاكی هه‌رێمی كوردستانی عیراقه‌وه‌. له‌ چه‌ند رۆژی رابردووشدا دوایین دیاریی حكوومه‌تی ئێران بۆ خه‌ڵكی كوردستانی عیراق بڕینی ئاوی رووباری ئه‌ڵوه‌ن بوو، ئه‌و رووباره‌ی به‌ نێو شاری خانه‌قیندا تێپه‌ڕ ده‌بێت. ئێران له‌م كارانه‌یدا، گوێ نه‌ به‌ بیر و باوه‌ڕی ئیسلام ده‌دات، نه‌ به‌ به‌های مرۆیی و نه‌ش به‌ مافی دراوسێیه‌تی، هه‌ر كاتێك بیه‌وێت ئاوی ئه‌ڵوه‌ن ده‌گرێـته‌وه‌. ئێمه‌ نازانین گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌ سه‌دان هه‌زار هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان جیاوازیی چییه‌ له‌ گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌ ئیمامی حوسێن (س) له‌ كاتی خۆیدا؟

ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی رووناكبیرانی كوردستان باوه‌ڕمان به‌ برایه‌تیی گه‌لان هه‌یه‌، پێشمان وایه‌ هیچ قازانج و ده‌سكه‌وتێك له‌ به‌رپا كردنی شه‌ڕ و دژایه‌تی له‌ نێوان گه‌ل و وڵاتانی ناوچه‌كه‌مان، ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نییه‌. تۆپباران كردنی هه‌رێمی كوردستانی عیراق و گرتنه‌وه‌ی ئاوی رووباری ئه‌ڵوه‌ن زیان به‌ خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ هه‌مان كاتدا تۆوی رق و كینه‌یان له‌ نێو دڵدا ده‌ڕوێنێت دژ به‌و حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ی شه‌ڕی ئاو و ئاگریان له‌گه‌ڵدا ده‌كات.

به‌ دڵنیاییه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌ڵێین حكوومه‌تی شه‌ڕه‌نگێزی ئێستای ئێران به‌و هه‌موو سیاسه‌تی دوژمنكارانه‌یه‌ی به‌رپای ده‌كات، ئایینده‌یه‌كی تاریك تاریك چاوه‌ڕوانیه‌تی. گه‌لانی ئێران به‌ دۆست و برای خۆمان ده‌زانین، به‌ڵام ناتوانین تا سه‌ر چاوپۆشی له‌ ره‌فتاری دوژمنكارانه‌ی حكوومه‌تی كۆماری ئیسلامی بكه‌ین.

 

ئه‌نجوومه‌نی رووناكبیرانی كوردستان

كۆماری عیراق- هه‌رێمی كوردستان

13/7/2011

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان