بە مەبەستی ئەمەگناسیو ڕێز گرتن لە تێکۆشانی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکرات ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دیاری کرد.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، کادرو پێشمەرگەو ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەت کەمئەندامانی حیزب، ڕادەگەیەنین کە بۆ ئەمەگناسی دەربڕینو ڕێزگرتن لە تێکۆشانی هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لە ڕەوتی خەباتو تێکۆشان، لەپێناو ئامانجەکانی نەتەوەی کوردو لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، چ بەشێوەی تێرۆر، پیلانی جۆراوجۆری جینایەتکارانی ڕێژیم، یا لە سەنگەری بەرگری بەرانبەر بە نەیارانی کورددا ئەندامێک یا چەند ئەندامی جەستەیان لەدەست داوەو لەگەڵ ژیانی کەمئەندامی بەرەوڕوو بوون، بەڵام کەمئەندامبوون نەیتوانیوە بەربەست بێ لە درێژەدان بە تێکۆشانو تەنانەت بیروباوەڕی ئازادیخوازانەیان پتەوترو ئیرادەیان لێبڕاوانەتر بووە، حیزبی دێموکرات ڕۆژێک وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزب دیاری دەکا.
هەرچەند ئەمەگناسی دەربڕینو ڕێزگرتن لە جەستە بەخشانی حیزبەکەمان، ئەرکی هەموو کاتو هەموو ڕۆژەکانی ساڵو هەموو تاکەکانی کۆمەڵی کوردەواری بەتایبەت ئەرکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە بەم حاڵەش بۆ ئەوەی لە ڕۆژێکی دیاریکراودا ئەمەگناسییەکو ڕێزگرتنێکی تێکڕایی بێنینە ئاراوە کە شایانی تێکۆشەرانی جەستەبەخش بێ، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز وەک ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنین. ڕۆژێک کە لەودا هاوڕێی تێکۆشەرو ئەندامی ڕێبەرایەتی حیزبەکەمان کاک حەسەن شیوەسەڵی لە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا لە پیلانێکی داڕێژراوی ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا تیرۆرو لە ئاکامدا زۆربەی ئەندامەکانی هەستیاری سەروڕووی زیانیان پێ گەیشتو هەر دوو دەستو هەر دوو چاویشی لەدەست دا. دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ئەمەگناسی دەربڕینو ڕێزدانان بۆ ڕابردووی تێکۆشانی ئەم بەشە لە تێکۆشەرانی دێمۆکرات تەنیا گۆشەیەک لەو ئەرکانەیە کە بەرانبەر بە جەستەبەخشانی حیزبەکەمان لە ئەستۆمانە. چوونکە زۆر ئەرکی دیکەی نیشتمانی، هاوڕێیەتی، ئینسانیو ئەخلاقیشمان هەیە کە پێویستە لە ئەنجامدانیاندا شێلگیرو بەردەوام بین.
هیوادارین بەسەرکەوتنی خەباتو وەدیهێنانی ئامانجەکانمان ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لەگەڵ ژیانێکی ئەوتۆ بەرەوڕوو نەبنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی سیاسی
١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی
٤ی دێسامبری ٢٠١٨ی زایینی
_______________________________________
ــ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
