هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزب سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک عەبدولڕەزا کەریمی

چاپکردن

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک عەبدولڕەزا کەریمی تێکۆشەری دێرین و سیمای ناسروای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

abo_karimi_-_shahid_1


بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٣ی فوریەی ٢٠١٧ی زایینی هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی تێکۆشەری دێرین و کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن، لە ئەیالەتی بادن بادن لە شاری هایدێلبێرگ لە وڵاتی ئاڵمان کۆچی دوایی و ماڵئاوایی لە هاوڕێ و خزم و دۆستانی کرد و خەبات لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی کورددا بە هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی ئەسپارد.

هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی کوڕی "محەممەدعەلی" لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە شاری کرماشان بوو، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تا ڕادەی دیپلۆم لە پارێزگای کرماشان تەواو کرد و دواتر بۆ درێژەی خوێندن چووە شاری ئیسفەهان و لە بەشی مێژوودا لیسانسی وەرگرت و کاری دەبیری و مامۆستایەتی لە شاری مەریوان دەست پێکرد. لە پەنای ئەرکی مامۆستایەتیدا دەوری شیاوی لە ڕوونکردنەوەی بیروڕای گشتی و قوتابیان و زیاتر ئاشناکردنیان بە ماف و ئازادییەکانیان و خەبات دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی گێڕا و بە ڕاشکاوی تێکەڵاوی کار و چالاکیی سیاسی بوو.

سەرەتا تێکۆشانی لە ڕیزی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران دەستپێکرد و پاش ئینشعاب لەو ڕێکخراوەیەدا، کاک عەبدولڕەزا کەریمی بەرپرسایەتی لقی کوردستانی بەشی ئەقەلییەتی ئەو ڕێکخراوەیەی وەئەستۆ گرت و هەر لەو کاتەشدا بۆ پەرەپێدانی هەستی نەتەوایەتی کورد دەوری بەرچاوی گێڕا. تا سەرئەنجام ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی هاتە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە ئاستی ئەندامەتی هەیئەتی ئیجرایی کۆمیتەی حیزب لە ناوچەکانی هەورامان و جوانڕۆ ئەرکی وەئەستۆ گرت و پاشان وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی حیزب لە داڵاهۆ دەوری بەرچاوی گێڕا.

بەهۆی ئەو کار و تێکۆشانە لێبڕاوانەیەی هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی بوو کە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی وەک ئەندامی ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی بەهۆی باری نالەباری جەستەیی، بە موافقەتی حیزب لە دەرەوەی وڵات و لە ئاڵمان درێژەی بە ژیان و تێکۆشانی دا و وەک نوێنەری پێوەندییەکانی حیزب و ڕاوێژکاری سکرتێری گشتی لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ئۆپۆزیسیونی ئێرانی درێژەی بە بەجێهێنانی ئەرکەکانی دا، و لە زۆربەی کۆڕوکۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانیدا بەشدار و لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزب پێداگر بوو.

جیا لەوە هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی لە بواری کاری ڕاگەیاندندا و بەتایبەت لە بەرنامەکانی تەلەویزیۆنی تیشکدا بە زاراوەی کوردیی کەلهوڕی و بە زمانی فارسی، سەرچاوەی خزمەتێکی بەرچاو بوو.

هاوڕێ عەبدولڕەزا کەریمی ڕۆڵەی بنەماڵەیەکی تێکۆشەری ناوداری کرماشان بوو کە لە سەردەمی مەشروتییەت باب و مامەکانی دەوری شوێندانەریان هەبووە، هەر بۆیەش هاوڕی عەبدولڕەزا سەرەڕای هەموو تێکۆشەری و چالاکییە سیاسییەکانی خۆی وەک سیمای ناسراوی بنەماڵەیەکی ناوداری کرماشان و درێژەپێدەری ڕێبازە سیاسییەکەی ئەو بنەماڵە لە کرماشان سەیری دەکرا.

کۆچی دوایی هاوڕێی تێکۆشەر کاک عەبدولڕەزا کەریمی ناسراو بە "کاک ئەبوو" بۆ هەموو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جێگای داخ و کەسەرێکی گەورە و بۆ بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی و مافخوازیی نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و بزووتنەوەی کورد بەتایبەتی خەسارێکی گەورە بوو.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخ بوون بۆ لەدەست‌چوونی ئەو هاوڕێ تێکۆشەرەی حیزب و نەتەوەکەمان، پرسە و سەرەخۆشی لە هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی کاک عەبدولڕەزا کەریمی و خەڵکی دەوەری کرماشان دەکات و خۆی بە بەشداری خەم و پەژارەی هەموو لایەک دەزانێ.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی کاک عەبدولڕەزا کەریمی و هەموو شەهیدانی کوردستان و ڕێگا و ڕێبازی ئازادیخوازانەیان پڕ ڕێبوار بێ.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی

٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی

١٣ی فوریەی ٢٠١٧ی زایینی

 

 _________________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 

ــ تێلێگرامی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان