هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

سپاسنامەی حیزبی دێموكرات‌و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

چاپکردن

پاش ئەوەی کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران‌و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی هاتنی ساڵی نۆێی ٢٧١٥ کوردی، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە نەورزۆی ئەمساڵ بکەن بە کەرنەڤاڵی شادی لەدژی تاریکبینان‌و مەرگدۆستانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران‌و پێشوازیی بەرینی خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات لەو بانگەوازە، حیزبی دێموکرات‌و کۆمەڵە لە بڵاوکراوەیەکدا سوپاسی هاونیشتمانیانی کوردستانی ئێرانیان کرد.

دەقی ئەم راگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

 

spasnamay_nawrozi_pdki_komala_-_1


خەڵكی تێكۆشەری كوردستان

رۆڵەكانی خەباتگێڕی نەتەوەی كورد

نەورۆز وەك جێژنێكی نەتەوەیی‌و رێوڕەسمەكانی وەك دابێكی كۆنی كوردەواری لە كۆنەوە پیرۆزی‌و گرینگی تایبەت بە خۆیان هەبووە‌و رۆڵەكانی نەتەوەی كورد هەمیشە بە سرنجەوە روانیوانەتە ئەم پیرۆزی‌و گرینگییە‌‌و لە هەلوومەرجی زۆر دژواریشدا نەورۆزیان جێژن گرتووە‌و رێورەسەكانیان بەڕێوە بردوە.

لە ئێران‌و كوردستانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیدا بە درێژایی تەمەنی ئەو رژیمە هەوڵی بێڕەنگ كردن‌و بایخ نەدان بەو جێژنە نەتەوەیە دراوە بەڵام هیچكات نەتوانراوە لە پیرۆزی نەورۆز كەم بكرێتەوە. بە تایبەت كە لە سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵیشدا كۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەكی چڕتر‌و هەڕەشەیەكی زیاترەوە هەوڵی پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكانی نەورۆزیدا‌و بۆ ئەم مەبەستەیش بیانووی جۆراجۆری تاشی، بەو حاڵەش نەكرا‌و نەیتوانی بەم ئامانجەی بگا‌و هەروەك نەورۆز هەمیشە رەمزی ژیانەوە، سەرهەڵدانەوە‌و خەبات بووە، ئەمساڵیش بە هەوڵ‌و تێكۆشانی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد‌و بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانی كۆماری ئیسلامی، هەروەك لە راگەیەندراوی هاوبەشی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران‌و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا پیلانی رژیم لەقاودرا بوو‌و داوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكان كرابوو، بە خۆشییەوە دیترا كە ئەمساڵیش نەورۆز بوو بە رەمزی تێكۆشانی دژ بە زۆرداری‌و بە یەكگرتوویی‌و هەست بە بەرپرسیارەتی كۆمەڵانی خەڵك بەرانبەر بە جێژنی نەتەوەیی نەورۆز، رێورەسمی تایبەت بەم بۆنەیە سەرەڕای گوشار‌و هەڕەشەی رێژیم بەشێوەی شیاو‌و بەرین بەرێوەچوون. لەو پێوەندییەدا بە جێیە سپاسی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین كە لەو بارەشەوە ئەركی نەتەوەیی خۆیان بە جێ گەیاند‌‌و "نا"یەكی دیكەیان بە رێژیم گووت‌و بە هوشیاری‌و بەرپرسیارەتی خۆیان رێزی شیاویان لە خەبات‌و بەرخۆدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەییمان گرت‌و شقڵی هەرگیز نەمرییان لە بۆنە‌و جەژنی نەتەوەیی دا.

هەر بەم بۆنەوە وێرای پیرۆزبایی دووبارەمان سپاسی خۆمان ئاڕاستەی هەموو رۆڵەكانی نەتەوەی كورد دەكەین‌و ئاواتی ئەوە دەخوازین كە بە یەكگرتوویی زیاتر هەروا بەردەوام بن لە پووچەڵكردنەوەی پیلانی رێژیم‌و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی‌و ئینسانیەكانمان.

هەر بژین‌و سەركەوتووتر بن

 

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان