حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێک لەبارەی هێرشەکانی داعش بۆسەر خاکی کوردستان، بە شێوەی پراکتیکی چووە نێو بەرەکانی شەڕەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش ئاوارەبوونی کوردە ئیزدییەکانی شنگال و توندتربوونەوەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تیرۆریستانی داعش لە سەرانسەری سنوورەکانی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێک، چەند هیزێکی پۆشتە و پەرداخی لە هێزەکانی خۆی رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو راگەیەنراوەدا سەروەریی خاکی کوردستانی بە ئەرکی نەتەوەیی خۆی زانی و رۆژێک پاش راگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان، چەند هێزێکی رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هێزەکانی خۆی لەمەڕ پاراستنی خاکی کوردستان رەوانەی بەرەکان شەڕ کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش ستادێکی بۆ رەوانەکردنی هێز، هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و لەشکری و چاودێری کردنی ئەو هێزە پێکهێناوە.
رۆستەم جەهانگیری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و وتەبێژی ستادی تایبەت، سەبارەت ماوەی بەشداریی هێزەکانی دێموکرات لەو شەڕەدا بە هەواڵنێری ''کوردستان میدیا''ی راگەیاند: ''حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ماوەی بۆ بەشداریی لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی سەروەریی خاکی کوردستان دیاری نەکردووە و لە هەر شوێنێکەوە کە خاکی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە، حیزب بەپێی توانا بەرگری لە خاکی کوردستان و نیشتمان دەکات.
پێشتر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاندبوو: ئەگەر بارودۆخەکە هەستیار بێت و سەروەریی خاکی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوامان لێ بکات، شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی باشوور بەشداری دەکەین، جەهانگیری لەم پێوەندییەدا وتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پێوەندییەکانمانەوە داوای یارمەتیی لێ کردووین، بۆیە ئێمەش هێزی خۆمانمان بۆ شەڕی داعش کە ئەمنیەت و تەناهیی کوردستانییان خستووەتە مەترسییەوە، رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد.
بابهتی پێوهندیدار:
پێشمهرگهكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران چوونه شهڕی داعش
