هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

محه‌ممه‌د ساڵح قادری‌: زه‌مینه‌ی شه‌ڕی چه‌كداری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه‌

چاپکردن

وتووێژی‌ تایبه‌تيی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان" له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێز محه‌ممه‌د ساڵح قادری‌، ئه‌ندامی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و به‌رپرسی‌ به‌شی‌ پێوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌ هه‌ولێر، پێته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ باشووری‌ كوردستان.

 

qadri_-_wtowej_-_heloykurdistan_2


هه‌ڵۆی كوردستان: به‌رێز كاك محه‌ممه‌د ساڵح قادری سپاس بۆ به‌ سه‌ر كردنه‌وه‌‌و قه‌بووڵ كردنی وتووێژ له‌ گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی "هه‌ڵۆی كوردستان". مه‌به‌ستی ئێوه‌ له‌ جوڵاندنی هێزه‌كانتان به‌ره‌و كێله‌شین چییه‌؟ ئایا حیزبی دێموكراتی كوردستانى ئێران به‌ نیازه‌ شه‌ڕی چه‌كداری ده‌ست پێبكاته‌وه‌؟

قادری: له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لێكدانه‌وه‌ سیاسیيه‌ی كه‌ چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر ڕێبه‌رایه‌تی حیزب پێشبينی كردبوو، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی گۆڕانكاریه‌كانی ناوچه‌‌و هاوكێشه‌ هه‌رێمیه‌كان له‌ لایه‌ك‌و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سیاسه‌تی وڵاتانی زلهێز بۆ رێكه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران، ده‌بینین ده‌ستی ئه‌و رێژیمه‌ بۆ گێره‌شێوێنی‌و ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی‌و زه‌برو زه‌نگ‌و گرتن‌و كۆشتنی زیاتری خه‌ڵك له‌ نێوخۆی وڵاتدا به‌ تایبه‌تی ئاوه‌ڵاه‌تر بووه‌‌و رۆژ نیه‌ شاهیدی تاوانی جۆراجۆری رێژیم ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی كوردستان‌و ئێران نه‌بین. هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌یش وه‌ك رۆڵه‌ی تێكۆشه‌ری ئه‌و خه‌ڵكه‌ پێویست بوو كارێك بكه‌ین تاكوو له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی رووداوه‌كان له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ پێوه‌ندی گرتن‌و ڕێكخستنی خه‌ڵك، جووڵه‌مان به‌ هێزه‌كانمان كردووه‌ تاكوو له‌ سنووری نێوان باشوور‌و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ خه‌باتی نێوخۆ بده‌ين.


هه‌ڵۆی كوردستان: چه‌نده زه‌مینه‌ی شه‌ڕی چه‌كداری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ گۆنجاو له‌ بار ده‌بینی؟

قادری: به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و بارودۆخه‌ ئه‌منی‌و پولیسیه‌ی كه‌ رێژیم له‌ كوردستاندا پێكی هێناوه‌‌و به‌ هه‌زاران هێزی سه‌ركوتكه‌ری نیزامی‌و سه‌دان موڵگه‌ی نیزامی له‌ كوردستاندا دامه‌زراندوه‌ به‌ داخه‌وه‌ هه‌میشه‌ زه‌مینه‌ی شه‌ڕی چه‌كداری له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه‌، به‌و حاڵه‌ش بابه‌تی شه‌ری چه‌كداری له‌ رۆژه‌ڤی ئێمه‌دا نیه‌‌و ته‌نیا له‌ حاڵه‌تی به‌رگری كردندا نه‌بێ كه‌ ئه‌وه‌ش مافێكی ره‌وایه‌ له‌ كاتی هێرشی هێزه‌كانی رێژیم بۆ سه‌ر خه‌ڵك‌و پێشمه‌رگه‌، به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن.


هه‌ڵۆی كوردستان: با له‌ گرژی‌و ئاڵۆزی ئه‌م داواییانه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ گریلاكانی په‌كه‌كه‌ بدوێین. ده‌كرێ چۆنییه‌تی رووداوه‌كه‌مان بۆ روون كه‌یه‌وه‌؟ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ رووبدا ئێوه‌ پێوه‌ندیتان هه‌بووه‌ ده‌گه‌ڵ رێبه‌ری په‌كه‌كه‌ یان ئاگادارتان كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ مه‌به‌ستی ئه‌و كاره‌تان هه‌يه‌؟ ئه‌ساسه‌ن ئه‌و كاره‌ به‌ پێویست ده‌زانی مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ پێت وایه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌بوا ئاگادار بكرێته‌وه‌ پان پرسی پێ بكرێ؟

قادری: وه‌ك ئاگادارن ساڵانێكى زۆره له سنووری نێوان باشوور‌و رۆژهه‌ڵات یان رۆژهه‌ڵات‌و باكووری كوردستان هێزه‌كانی PKK جێگیر كراون‌و له‌و شۆێنانه‌ خه‌ڵكی كاسبكار‌و كۆڵبه‌ر هاتووچۆی پێدا ده‌كه‌ن بنكه‌ی باج وگومرگیان داناوه‌‌و هێزیان له‌و شوێنانه‌ هه‌یه‌، كه‌وایه‌ سرووشتیه‌ بۆ جووڵه‌‌و جێگر كردنی هێزه‌كانمان له‌ سنووره‌كان به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ڕه‌چاووی وه‌زعی PKK‌و هه‌ماهه‌نگی له‌ گه‌ڵيان بكه‌ین تاكوو له‌ كاتی پێویست دا ئه‌گه‌ر لانیكه‌م نه‌توانین هاوكاريی یه‌كتر بكه‌ین بێ‌ هیچ پاساوێك رێگری یه‌كتری نه‌كه‌ین، هه‌ر بۆیه‌ چه‌ند رۆژ به‌ر له‌ كاره‌ساتی 24/05/2015 له رێگای پێوه‌ندییه‌كانمانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی براده‌رانی PKKمان ئاگاداری بوونی هێزه‌كانمان‌و به‌رنامه‌ی كاریان له‌و سنوورانه‌ كرد‌و داوامان لێیان كردبوو به‌ لێك تێگه‌یشتن‌و هه‌ماهه‌نگی كار ئاسانی بۆ دیداری رێبه‌رایه‌تی هه‌ر دوو لا بكه‌ن. دوای چه‌ند رۆژ چاوه‌ڕوانی كه‌ وه‌ڵامی ئه‌رێنیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌دایه‌وه‌، به‌و حاڵه‌ش له‌ چه‌ندین كاناڵی دیكه‌وه‌ راسپارده‌مان كرد كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ بوونی هێزه‌كانمان له‌و شوێنانه‌ دردۆنگیه‌ك بۆ ئه‌وان دروست ده‌بێ با به‌ دانیشتن‌و هه‌ماهه‌نگی چاره‌سه‌ری بكه‌ین. به‌داخه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و كاناڵانه‌شیان نه‌دایه‌وه‌ به‌ڵكوو ئۆلتیماتۆمێكیاندا گه‌ر بۆ 24 ساعه‌ت هێزه‌كانمان نه‌كیشننه‌وه‌ ئه‌وان حیسابی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ مه‌نتقی سیاسی‌و نیزامیدا به‌ واتای شه‌ڕ‌و هێرش بۆ سه‌ر هێزه‌كانمان بوو. هه‌ر بۆیه‌ له‌ دوا هه‌وڵى به‌رپرسانه‌مان ده‌فته‌ری سیاسی حیزب نامه‌یه‌كی بۆ كونسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی KCK نووسی‌و پێداگری له‌ چاره‌ سه‌ری كێشه‌كه‌ به‌ ڕێگای دیاڵۆگه‌وه‌ كرد به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ دیتمان دوای دوو رۆژ تێپه‌رین له‌ ناردنی ئه‌و نامه‌یه‌ وه‌ڵامی براده‌رانی PKK ئه‌و كاره‌ساته‌ بوو كه‌ به‌ شه‌هید كردن‌و بريندار كردنی پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكرات دایانه‌وه‌، له‌ هه‌قیقه‌ته‌ دا ئه‌و كاره‌یان دوور بوو له‌ مه‌نتقی سیاسی‌و پێوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان ئێمه‌‌و براده‌رانی PKK كه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ هێز‌و په‌لاماردانی پێشمه‌رگه‌ی حیزب له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌‌و لێكه‌وتنی ئه‌و كاره‌ساته‌، له‌ راستیدا به‌و كاره‌یان رای گشتی خه‌ڵكی كوردستان‌و ته‌بایی‌و دۆستایه‌تی نێوان حیزب‌و PKK یان تووشی شۆك كرد‌و هیچ پاساوێك ناتوانێ له‌ گه‌وره‌یی ئه‌و تاوانه‌ كه‌م بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌ری هه‌ر لایه‌نێك ئاگری شه‌ری براكوژی له‌و چه‌شنه‌ی لێبكه‌وێته‌وه‌.


هه‌ڵۆی كوردستان: جه‌نابت یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ بووی كه‌ له‌ دانیشتنی نێوان شاندی "حدكا‌"و په‌كه‌كه‌ كه‌ به‌ نێو بژیوانی حكومه‌تی هه‌رێم پێكهات به‌شدار بووی، ئه‌و باسانه‌ی له‌و دانیشتنه‌ هاتنه‌ گۆری چ بوون؟ بۆ چی ئه‌و دانیشتنه‌ به‌ بێ ده‌رئه‌نجام كۆتایی پێهات؟

قادری: ئه‌ساسه‌ن ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ستپێشخه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم بۆ دانیشتنی هه‌یئه‌تی حیزب‌و PKK ئه‌نجامدرا ویستی ئێمه‌ بوو، بۆیه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازیمان لێ كردووه‌‌و له‌ پێش ئه‌و كاره‌ساته‌شدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێك به‌ رێگای دیاڵۆگ‌و لێك تێگه‌یشتن ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێ چاره‌سه‌ری بكه‌ین. هیوادارین لایه‌نی به‌رامبه‌رش به‌ هه‌مان هه‌ست به‌ به‌رپرسایه‌تیكردن له‌ هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ هه‌وڵی لێكتێگه‌یشتن‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بده‌ن. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و دیداره‌ی‌ نێوانمان به‌ چاوه‌دێری حكومه‌تی هه‌رێم یارمه‌تیده‌ر بوو تا بتوانین مه‌به‌سته‌كه‌نمان به‌ یه‌كتر رابگه‌ینن‌و هه‌وڵ‌ بده‌ین بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی دانیشتنه‌كانی داهاتوو‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان تاكوو نه‌هێڵێت بارودۆخی هه‌ستیاری نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌ره‌و بارگرژی‌و رووداوی نه‌خوازراو بڕوات.


هه‌ڵۆی كوردستان: له‌ نێو "حدكا"‌و په‌كه‌كه‌ دا مه‌یل به درێژه‌دانی‌ دانیشتن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان تا چه‌نده‌ هیوا به‌خشه‌؟

قادری: وه‌ك حیزبی دێموكرات به‌ بڕواو‌ ئیراده‌ی سیاسی ته‌واو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌شداری دانیشتنه‌كان له‌ گه‌ڵ PKK ده‌كه‌ین‌و هیوادارین ئه‌وانیش به‌ هه‌مان ڕوانگه‌‌و به‌رپرسایه‌تیه‌وه‌ كه‌ڵك له‌و دانیشتنانه‌ وه‌رگرن تاكوو نه‌ك هه‌ر ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ چاره‌سه‌رى بكه‌ین، به‌ڵكوو كولتووری دیالۆگ‌و پاراستنی رۆحی ته‌بایی‌و یه‌كڕیزی‌ نێوان هێزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا بخه‌نه‌ سه‌رووی هه‌ر چه‌شنه‌ به‌رژه‌وندیه‌كی حیزبی.


هه‌ڵۆی كوردستان: له‌ زمانی به‌رپرسانی دێموكرات ته‌نانه‌ت جه‌نابیشت زۆر جار پێداگری كراوه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك حازر نین هێزه‌كانتان بكشێننه‌وه‌، ئایا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێوه‌ ته‌نانه‌ت به‌ داوای حكوومه‌تی هه‌رێمیش گۆرانی به‌ سه‌ر دانایه‌؟

قادری: ئێمه‌ ساڵانێكی درێژه‌ له‌ پێناو به‌رگری‌و سه‌قامگیری له‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌ڵی كورد ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بووه درێغیمان نه‌كردووه‌‌و له‌و پێناوه‌شدا گه‌ڵێك باجمان داوه‌، به‌ڵام ئێستا بارودۆخی ناوچه‌كه‌‌و فاكتۆره‌كان هێندێك گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا هاتووه‌‌و پێویسته‌ هه‌م ئێمه‌ له‌وه‌ زیاتر له‌ خه‌باتی خۆمان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دوور نه‌بین‌و هه‌میش هه‌رێمی كوردستان به‌ چاوێكی كراوه‌تر‌و وه‌ك یه‌ك سه‌یری هێز‌و خه‌باتكاره‌كانی هه‌ر كام به‌ به‌شه‌كانی كوردستان بكات، هه‌ر وه‌ك چۆن هه‌موو سنووره‌كانیان بۆ PKK ئاوه‌ڵا كردووه‌ با بۆ ئێمه‌ش وا بێت، كه‌ وایه‌ شتێكی زیاترمان نه‌كردووه‌ كه‌ له‌ توانای حكوومه‌تی هه‌رێمدا نه‌بێت‌و رێگریمان بكه‌ن، كه‌ وایه‌ جووڵه‌‌و جێگربوونی هێزه‌كانمان بۆ خه‌باتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان مافێكی ڕه‌واو بێ ئه‌ملا‌و ئه‌ولای خۆمانه‌‌و بڕیارمانداوه‌ ناچینه‌ ژێر باری هیچ گۆشاریك كه‌ كۆسپ بخاته‌ به‌ر ده‌ممان، هه‌ر بۆیه‌ بابه‌تی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان ئه‌سڵه‌ن له‌ رۆژه‌ڤدا نیه‌.


هه‌ڵۆی كوردستان: سكرتێری گشتيی حیزب له‌ سه‌فه‌ری ده‌روه‌ی وڵات دایه‌‌و تا ئێستا سه‌ردانی چه‌ند وڵاتێكی ئورووپایی كردووه‌‌و ئێستا له‌ ئامریكایه‌. مه‌به‌ستی جه‌نابیان له‌ سه‌فه‌ر بۆ ئه‌و وڵاتانه‌‌و به‌ تایبه‌ت بۆ ئامریكا چییه‌؟

قادری: سه‌فه‌ری ئه‌مجاره‌ی سكرتێری گشتیی حیزب درێژه‌ی هه‌مان هه‌وڵ‌و چالاكییه‌ دیپلۆماسیه‌كانی حیزبه‌ به‌ مه‌به‌ستی له‌قاو‌دانی ماهییه‌ت‌و پیلان‌و ده‌ستێوه‌ردانی‌ رێژیمی كۆماری ئیسلامی‌ له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و ئه‌و بارودۆخه‌ ناسه‌قامگیره‌ی كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ مه‌ترسیه‌كه‌ی گه‌وره‌ی بۆ ژیانی مرۆڤایه‌تی درووست كردووه‌‌و هه‌روه‌ها هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پێشتیوانیی هێزه‌ دێموكراسیخوازه‌كان‌و لایه‌نگرانی مافی مرۆڤه بۆ خه‌باتی حیزبی دێموكرات‌و گه‌لی كورد له‌ دژی كۆماری ئیسلامی‌و رێكخستن‌و هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌ دژبه‌ره‌كانی ئێرانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

 

بۆ خوێندنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانی‌ پێوه‌ندیدار به‌ شۆڕش له رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان

كلیك له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌ی‌ خواره‌وه‌ بكه‌:


shoresh-le_rozhhelatawe



ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان