لێرەو لەوێ دەبینین کە پێنووس بەدەستانی سەر بە پەکەکە کە - ئەوەندەی من دەبینم- خەڵکی باشووری کوردستانن، کەوتوونەتەوە نووسین لە سەر باسێکی هەستیار کە باسی کورد بە گشتی دەگرێتەوە.
کەماڵ چۆمانی یەک لەو کەسانەیە کە دەنووسێو هەوڵیداوە هەندێک لایەنی ئەو باسە روون بکاتەوە. من بە پێویستی دەزانم کە لەسەر قسەکانی ناوبراو چەن شتێک بە سەرنجدان لەسەر قسەکانی ناوبراو بخەمە بەردەست جەنابیانو هەموو ئەوانەی کە ئاوا بیر دەکەنەوە.
کەماڵ چۆمانی لە گووتارەکەیدا لە یەک رستەیدا دەڵێ: رووداوی کێلەشین ئەمڕۆش رووی نەدابا سبەی لە شوێنێکی دیکە هەر رووی دەداو هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ گووتاری حیزبی دێموکراتو پەکەکە لەم چەند ساڵەی دواییداو بە گووتەی ئەو ،دوژمنایەتیی یەکتریان پێوە دیار بوو.
پرسیار لێرەدایە کە بۆ ئەوان پێیانوایە کە ئەو دوو لایەنە گرژییان پێوە دیار بووە لە دژی یەکدی، لە کاتێکدا ئەوەندەی هەموو لایەک ئاگادارن حیزبی دێموکرات هیچکات نەک هەر گرژ نەبووە بەرانبەر بە پەکەکە بگرە بەردەوام هەوڵی داوە زیاتر لەو حیزبە نزیک بێتەوەو وەک حیزبێکی خەباتکار چاوی لێکردووە.
جەنابیان جگە لەوەی کە بووە بە غەیب زانو لە باتی حیزبی دیموکراتو پەکەکە قسەی کردووە، وردە وردە کە شۆڕ دەبێتەوە بە گووتارەکەیدا زیاتر رووی خۆی دەردەخاو هەڵوێستەکانی نزیک پەکەکە دەکاتەوەو دەکەوێتە دژایەتیی حیزبی دێموکرات.
چۆمانی لە پاراگرافی دووەمی نووسینەکەیدا ئاوا دەڵێ:
کۆی ناوچەکە دەکوڵێت. هەر گرووپێکی بچووکی چەکدارییش، دەتوانێت مەترسی بێت بۆ گرووپی بچووکی گەورەی نادەوڵەتیو دەوڵەتی. لە ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەکرێت گرووپێکی چەکداری ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هەر گرووپێکی تر. گرووپە گەورەکانیش حەز بە سەرهەڵدانی گرووپە بچووکەکان ناکەن.
چۆمانی باز دەداتو دەگاتە گۆڕەپانێکی بەرینترو دەیکات بە پێگە بۆ قسەکانیو ئەیەوێ لەو سۆنگەیەوە ئاماژە بەوە بدات کە: ١. پەکەکە هێزێکی گەورەیەو بە پێی بارودۆخی ناوچەکە ئەو گوروپە گەورەیە پێدەچێ کێشەی بۆ دروست بێ لە لایەن گوروپێکی چووکەوەو لە روانگەی ئەویشەوە گوروپە چووکەکە حیزبی دێموکراتە! ناوبراو هەروەها دەلێ گوروپە گەورەکان حەز بە سەرهەڵدانی گوروپە چووکەکان ناکەن!
بەو پێیە، یەکەم ئەوەی کە پەکەکە کەسی دیکە جگە لە خۆی قەبوول ناکاتو نایەوێ کەسی دیکە لە دژی گەورەیی ئەو بوەستێتەوە. هەر بەو پێیە، هۆکاری بنەڕەتی بۆ سەرهەڵدانی تەقەکە کۆمەڵە بووە نەک حیزبی دیموکرات.
لێرە نووسەر چەند فاکتی گرنگی لەبیرچووە لە ئاماژەدان بە گوروپو پێناسەکردنی گوروپ. یەکەم ئەوەی کە ئەوەندەی حیزبی دێموکرات خاوەن رەگو ریشەی مێژووییە لە نێو نەتەوەی کوردداو ئەوەندی ئەو حیزبە سەروەری دروست کردووەو بۆ گەلەکەی، ئەوەندەی ئەو حیزبە لە ئاستی سەربازیو دێبلوماسیدا توانیویەتی خۆ بنووێنێو دۆزی رەوای نەتەوەکەی بە هەمووان بگەیەنێ، قەت پەکەک نەیتوانیوە! ئەوان وادیارە پێیانوایە ئەو حیزبی دێموکراتە لە مێژوودا جێماوە وئەمەی ئەمڕۆ ئەو حیزبەی جاران نییە! کاک چۆمانی دەبێ دڵنیابن کە حیزبی دێموکرات دە هێندەی ئەوەی جاران بەهێزەو ئەوەش بە چاوانی خۆی دەبینێ.
چۆمانی لە نووسینەکانیدا بە بێ ئەوەی ئەلفبای باسەکەی هەڵسەنگێنێ ئاوا دەڵێ:
دەوڵەتان ناتوانن سنوورەکان بپارێزن، تەنانەت ناتوانن ناو سەنتەری شارەکانیش بپارێزن. بەڵام دواجار ئەو گرووپو ئەکتەرە دەوڵەتیو نادەوڵەتییانە سەردەکەون کە پڕۆژەو ستراتیژیی ماوە-درێژیان هەیە. لەو چوارچێوەیەدا، پێکدادانی حدکاو پەکەکە هەر پێکدادان نییە لەسەر گومرگ، پێکدادانە لەسەر پشک، مێژوو، سنوور، داهاتووو بوون بە هێزی رۆڵبینەر لە گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا. حدکا دەیەوێت چیتر لەوانەدوانەکەوێت، بەڵام پاڵنەرەکانی، شوێنو کاتەکەی، ئەوانەش پشتیوانی بوون، بژاردەی باش نەبوون.
باشە مەبەستت لەوەی کە دەوڵەتان ناتوانن سنوورەکان بپارێزن، لێرەدا ئەوەیە کە ئەوە پێکاکەیە ئەو گوروپەی کە دەبێتە پارێزەری ئاسایشی ناوەندو ئەبێ فاکتۆری سەرەکی بێ بۆ دروستکردنی ئاڵترناتیڤ؟ وەڵام گەر بەڵێیە، دەبێ ئەو سەنتەرەی ئێستا سنوورەکانی بۆ دەپارێزێ، کوێ بێ؟ ئێوە ئەڵێن پەکەکە ستراتیژیی ماوە درێژی هەیە؟ پێم ناڵێی کامەیە ئەو ستراتیژییە ماوە درێژە کە دەبینین ئێستا سەرەتاکەی پڕە لە ملهوڕیو خۆسەپاندنو کوشتنو تۆقاندن؟
بە پێچەوانەی رای نووسەر، لە روانگەی منەوە پەکەکە زیاتر وەک گوروپێکی مافیایی عەمەل دەکات کە لە سنوورەکانی ئێراندا تەنیا نەقشی سپای پاسداران دەگێڕیو ئێران دەیەوێ هەردەم بیکاتە کارتی گووشار بۆ سەر تورکیەو لە روانگەی پان ئێرانیشتیشەوە ئێرانییەکان دەیانەوێ پەکەکە بکەنە خالی وەرچەرخان لە مێژووی کورددا بۆ لکاندنی کوردستان بە ئێرانی باستانیی خۆیانەوە.
چۆمانی کە قسەکانی وا نیشان دەدا سەربە پەکەکەو سپای پاسدارانی ئێرانە، دێتە سەر باسی رووداوو دەڵێ کاناڵێک کە سەر بە پارتی دێموکراتی کوردستانە! ناوبراو وا هەست پێدەکرێ کە ناڕازییەکی توندی پارتی دێموکراتەو پەنا بۆ هەر جنێوو قسەیەکی ناشیرین دەبا تا دژی پارتی قسە بکاو بە هۆی ئەوەشەوە دێت تەڕو وشک پێکەوە دەبەستێو روحم بە مێژووی حیزبی دێموکرات ناکاتو کوێرم شەلم ناپارێزم هەڵدەکوتێتە سەر حیزبی دێموکراتو بە پارتییەوە گرێی دەدا!
کاک چۆمان ئەوە دوورە لە ئەخلاقی داوەریکردنەوە کە لەبەر هەڵواسراویی خۆتەوە بە بیرێکی کاڵفامو لاوازو دژە نەتەوەییەوە دادەڕوخێیتە سەر رابردووو پێناسەکانی حیزبی دێموکرات؟ ئایا شەرم لە کوردی رۆژهەڵات ناکەی کە ساڵانێکی زۆر لە پێناو باشوورو هەموو حیزبەکانی ئەو بەشە لە کوردستانو باکوور، قوربانییان داو ئازاریان دیت؟
چۆمانی بووە بە غەیب بێژو دەڵێ ئامانجی ئەو حەرەکەتەی حیزبی دێموکرات دوو شت بوو، یەکەم ئەوەی پەکەکەو حیزبی دێموکرات بدەن بە گژ یەکداو دووەم ئەوەی کە کاریگەریی مەنفی لەسەر هەڵبژاردنەکانی تورکیە دابنێن. باشە گەر جەنابت ئەوەندە رەوان بێژو غەیب بێژی، چۆنە کە حیزبەکەت دوور نەیڕوانیو لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک غەیب گۆی وەک ئێوەی هەبوو ، تەقەی لە پێشمەرگەکانی حیزب کرد؟ دووەم ئەوەی کاکی رەوانبێژ، پێم ناڵێی بۆ ئەبێ جوڵەی حیزبێکی دێموکراسیخواز لە دژی رێژیمێکی دیکتاتۆر، ئەوەندە زەربە بە دەنگدانێکی دێموکراتیکی وڵاتێکی دیکە بکات، ئەویش بە زیانی دێموکراسی؟ بە پێچەوانەی ئێوە، من پێموایە گەر لە تورکیە بە شێوەیەکی دێموکراتیک دەنگدان دەچێتە پێش، تەقەی دەستی دێموکراسیخوازان لە دژی دیکتاتۆرییەتی ئێرانی، هاندەری بزووتنەوەی دێموکراتیکی تورکیەیە نەک لە دژی.
هەندێک لەو بەناو نووسەرانە ،پەکەکە دەکەنە هێزی لەبنا نەهاتووو هاوکات گەر مێرولەیەک لەسەر بەردە بچووکێکی قەندیل بجوڵێ، ئەڵێن ئەو مێرولەیە بە مەبەستی تێکشکاندنی پەکەکە کەوتۆتە جووڵە! ئەوان لەوە دەترسن تا بگات بەوەی کە حیزبێکی گەورەی وەک دێموکرات هێزی گەلیی خۆی وەگەر بخاتو بیەوێ بچێتەوە سنوورەکانی وڵاتی خۆی! باشە بە من ناڵێن ئەم پاڵەوان فس فسەی ئێوە چییە کە وەک بەفری بەر هەتاوی هاوین هەر چرکە دەترسن بتوێتەوە؟
چۆمانی دەبێتە حەکیمو رێ لە حیزبی دێموکرات دەگریو دەڵێ حیزبی دیموکرات بە ویستی خۆی بووبێ یان نا، زەرەمەندی یەکەمە! کاکی برا لە خۆی تێناگا کە لەو وتارە پڕ دژبەرییەی جارێک دەڵێ حیزبی دیموکرات هاندراوەو جارێک دەڵێ لەوانەیە خۆی وەجووڵە کەوتبێ. پرسیار ئەوەیە کە کاکی من تۆ بۆ هێندە ترست لێنیشتووەو لە لایەک تکا دەکەیو لە لایەک هەڕەشە،کە حیزبی دێموکرات تکایە مەچۆوە قەندیل! تکایە مەچۆرەوە نێو خەڵکی خۆت! نازانم بۆ ئێوە هێندە روودارنو دەتانەوێ رێگە بۆ خەڵکی رۆژهەڵات دابنێن کە چی بکەن؟
ئێوە بەو قسانەتان هەم تۆمەت دەدەن لە حیزبی دێموکراتو هەم تەوهین دەکەن! ئێوە نازانن کە خەڵکی رۆژهەڵات ئامادەن لە پێناو باوەڕەکانی حیزبی دێموکراتدا قوربانی بدەنو وەجووڵە بکەون؟ ئێوە نازانن کە بە قەوڵی خۆتان ئەو حیزبە کە ٢٥ ساڵە هیچ هەنگاوێکی نەناوە لە بەر چی بووەو ئیستا کە ئەیەوێ هەنگاو هەڵێنێ، لەبەر چییە؟
چیدی تەوهین بە حیزبی دیموکرات مەکەنو بزانن کە حیزبی دێموکرات ستراتیژیی خۆی هەیە بۆ جوڵەکانیو لە راستیدا ئەوە ستراتیژیی حیزبی دێموکراتە کە هێزە ناوچەییو کوردستانییەکانی خستۆتە چوارچێوەی کاریی خۆیەوە.
ئێوە بە لاتانەوە رەوایە پەکەکە هەر کارێک بکاتو لەگەڵ هەر کەس کە پێی خۆشە دابنشێ! ئێوە پێتان رەوایە کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ژێر جاودێریی میتدا هەر کات دەیەوێ بەیاننامە بداتو قسە بکات، ئێوە بە لاتانەوە رەوایە کە پەکەکە هەر کەسێک کە پێی خۆشە دوژمنایەتیی بکات یان دۆستی بێ! باشە ئەو مافە کێ داویەتی بە ئێوە کە هەرچیتان پێخۆش بوو دەیڵێنو دەنووسنو تەوهین دەکەن!
لەبەرچی دوژمنایەتییەکانی خۆتان لەگەڵ پارتی دێموکراتی کوردستان دەکەنە هۆکار بۆ پاساوی هەموو کارە ناشیرینەکانی خۆتانو تەوهین بە گەورەیی حیزبی دێموکراتو خەڵکی رۆژهەڵات!
نووسەری بابەت دەڵێ:
بەڵام دیسانیش لە ٢٠١١ وە، رێککەوتنێک لەنێوان پەکەکەو ئێراندا هەیە کە لە بەرامبەر ڕاگرتنی تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان، ئەوا نابێت هیچ هێزێک لە سنووری پەکەکەوە ئۆپەراسیۆن دژ بە کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدات. ئەو رێککەوتنە لە کاتێکدا کرا کە پەکەکە لە سووریاو تورکیا لە شەڕدا بوو، دۆخی پەکەکە لەوپەڕی خراپیدا بوو. پەکەکە نەیدەتوانی بەرەی شەڕی لەگەڵ وڵاتی سێیەمیشدا فراوان بکات بەتایبەت کاتێک بینی سوپای تورکیاو ئێران بەهاوبەشی ئۆپەراسیۆن دژ بە پەکەکە ئەنجام دەدەن. ئەمە وایکرد، پەکەکە باشتر خۆی بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان رێک بخاتەوە، وەک بینیشمان کە ڕۆژئاڤای کوردستان ئێستا بۆتە واقیعێکو ناتوانرێت لە داهاتوی سووریادا، کورد لەوە کەمتری پێببەخشرێت کە ئێستا بەدەستی هێناوە. پەکەکە چالاکییەکانی پژاکیشی لە سنووری خۆی ڕاگرت.
پێم ناڵێی بۆ باس لەوە ناکەی کە: پەکەکە بە پێی ئەو رێکەوتنانەی بە ئاشکراو نهێنی لەگەڵ رێژیمی ئێران کردوویەتی، ناتوانێ لە خزمەت ئەو رێژیمەدا نەبێ! پاشان پێم ناڵێی بە کام مافەوە پەکەکە لەگەڵ رێژیمێک کە ١٣ میلیۆن کورد دەچەوسێنێتەوە بە قازانجی خۆی رێک دەکەوێ. ئەو رێکەوتنە ئەوە بوو کە ژمارەیەک پێشمەرگەی یەکیتی شۆڕشگێڕان بکەنە قوربانیو خۆشخزمەتی بە کۆماری ئیسلامی بکەن؟ پێم ناڵێی ریژیمی ئێران کە لە داڕشتنی ستراتیژیو داگیرکاریو چاوچنۆکیدا باڵادەستی نییە، چۆنە کە هەرێمێکی بە ناوی ئێوە کردووەو دەڵێ لە سنووری ئێوەوە هێرش دەکرێتە سەرم؟ کام هەرێم کام جوغرافیای سیاسیو کام رێکەوتن؟ شەرم ناکەن پاساو بۆ ئەو شتانە دێننەوە کە لە تەعریفی دروستی خۆیاندا مانای خیانەت دەدەن؟!
نووسەری رێزدار تۆزێک دەوروبەری خۆت ببینەو جا بدوێ! ئەو ناوچەیەی پەکەکەی لێیە، ماڵو مڵکی خەڵکی رۆژهەڵاتە! تۆ کە رقت لە پارتی دێموکراتە، بە چ ئیجازەیەک تەوهین بە حیزبی دێموکرات دەکەی؟ دەکرێ منیش ئێستا بێ ئەوەی تۆ باش بناسمو چاک بزانم لە کوێوە دەتەوێ ئامانج بپێکی، تاوانی جاشێتیت بۆ ئێران ، بخەمە سەر لێنووس؟ ئایا گەر بڵێم خەریکی خیانەت دەکەیو لە ئێرانو پەکەکەوە پارە وەردەگری، تۆ ناڕاحەت دەبی؟ پیتوایە ئەوە تاوانو تەوهینە؟ گەر وەڵام بەڵێیە، ئەی باشە بۆ ئیزن بە خۆت دەدەی کە تەوهین بە حیزبێکی گەورەی وەک حیزبی دێموکرات بکەی کە هەموو جوڵەکانی هەمیشە سەربەخۆ بووەو قەت نەبۆتە کلکی خەڵکی دیکەو هیچ دەسەڵاتێکی ناوچەیی؟
چۆمانیی بەڕێز، حیزبی دێموکرات هەردەم گوێ بۆ خەڵکی خۆی دەگرێو ئەوە داوای بەدەنەی ئەو حیزبەو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە رێگەیەکی نوێ بۆ خەبات بدۆزێتەوەو رێگە بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکەکەیدا لە پیوەندیدا بێ.
پاشان پرسیارێکت دەدەمێ کە هەندێک بیری لێبکەیەوە! ئەویش ئەوەیە کە، بە قسەی ئێوە پەکەکە زۆر لە مێژە لەو ناوچەیە نیشتەجێێەو ئەو ناوچانە هی ئەون! ئایا ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە چووە پێشو کێشەی کورد لە تورکیە بەرەو چارەسەری رۆی، ئەودەم پەکەکە دەڵی من لەو ناوچانە ژیاومو ئەو شوێنانە سەر بە تورکیە یان باکووری کوردستانن؟ ئەوە بە ئیزنی کێ ناوی ئەو ناوچانە دەگۆڕنو خانەخوێ بە بێگانە دەزاننو ناوی ناوچەکان دەگۆڕن!
لە رستەیەکی زۆر ناشیریندا چۆمانی ئیزن بە خۆی دەداو رو هەڵماڵاوانە قسە دەکاتو دەڵێ:
سەرکردایەتیی ئێستای حدکا بەرپرسە لەو پاشاگەردانییەی حیزب، پێویستە وێنەی خۆیان لەسەر حیسابی ناشیرین کردنی پەکەکە جوان نەکەن.
ئەوە باش بزانە کە سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات ئەوەندە بە بیرو وردبینە کە بە جووڵەکانی خۆی هەمووتانی تووشی شۆک کردووەو دڵنیابە کە تۆو پەکەکەو هەموو سەرۆکە ئێرانییەکانیشتان نازانن کە جوڵەی داهاتووی حیزبی دێموکرات چییەو لە نەزمو دسیپلیندا نەک هەر پاشاگەردانی لە نێویدا نییە بگرە ئێوە سەرسام دەکات بە پلانە نوێیەکانی! پاشان تۆ بڕۆ ئاوێنەیەک بۆ خۆتو پەکەکە دابنێو خۆتانی تێدا ببینن لەبەر ئەوەی سەرتاپای وجودی تۆی کوێربینو پەکەکەی قێزەون زۆر لەوە کەمترن کە حیزبی دێموکرات خۆی بە ئێوەوە جوان بکات!
بۆ خوێندنهوهی بابهتهكانی پێوهندیدار به شۆڕش له رۆژههڵاتی كوردستان
كلیك لهسهر ئهم وێنهی خوارهوه بكه:
