دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەبۆنەی كۆتایی هاتنی پلینۆمی چوارەمی كۆمیتەی ناوەندییەوە راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.
دەقی راگەیەندراوەكە به شێوهی خوارهوهیه:
بۆ ئاگاداری رادەگەیەنین كە كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی كۆنگرەی پازدەهەمی حیزب، چوارەمین پلینۆمی خۆی بە بەشداری ئەندامانی ئەسڵیو جێگرانی كۆمیتەی ناوەندی پێك هێناو پاش چوار رۆژ كاری بەردەوام كۆتایی پێ هات.
پلینۆم كاتژمێر ٩ی بەیانی رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٦ی خاكەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٥ی ئاڤریلی ٢٠١٣ی زایینی بە راگرتنی خوڵەكێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.
پاشان لە چوارچێوەی دەستووری كاری پلینۆمدا كە پێشتر بە ئاگاداری ئەندامانی بەڕێوەبەری حیزب گەیشتبوو، بەڕێز سكرتێری گشتی حیزب مستەفا هیجری راپۆرتێكی سیاسی كە زیاتر ئاڵوگۆڕەكانی ناوچەو هەڵومەرجی ئێرانو كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستانی لەخۆ گرتبوو پێشكەشی بەشدارانی پلینۆم كرد.
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە دۆخی سووریەو درێژەی شەڕو كوشتار لەو وڵاتە كرابوو كە دەیان هەزار قوربانیو وێرانێكی زۆری لێكەوتوەتەوەو بە میلیون كەس لە خەڵكی ئەو ولاتە ئاوارەو پەڕیوەی هەندەران بوون. راپۆرت هۆی ئەم وەزعەو درێژەكێشانەكەی گەڕاندبۆوە بۆ پشتیوانیو یارمەتیدان هەمەلایەنەی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران، روسیەو چەند وڵاتو لایەنی دیكە لە رێژیمی بەشار ئەسەدو ئەوەش لە حاڵێك دایە كە پشتیوانی خەڵكی ناڕازیو راپەڕیوی سوریەو بەرهەڵستكارانی ئەو وڵاتە زیاتر لە یارمەتی مرۆڤیدا بەرتەسك بۆەتەوەو بە هۆی دروست بوونی گومان لەلایەن رۆژئاواییەكانەوە سەبارەت بە بەرهەڵستكاران بە تایبەت بوونی گرووپی ئیسلامییە رادیكالەكان ئەو پشتیوانیە لە رادەی چاوەڕوانی ناڕەزاییانی ئەو وڵاتەدا نییە هەر بۆیە وێدەچی ئەم دۆخە لەم وڵاتە لەوەش زیاتر درێژە بكێشێ.
راپۆرتەكە وێڕای باس لە هەڵومەرجی سیاسی ئێرانو ئاڵوزییەكانی نێوان رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانو كۆمەڵگای جیهانی لەدرێژەی دۆخی خەراپو شپرزەی ئابووری دوا بوو كە چوونەسەرێرادەی ئاوسانی دراو هەتا 30 %و بیكاری زیاترو تێكچوونی ژیانی خەڵكی بەدواوە بووەو بەلەبەرچاوگرتنی بێئاكام بوونی ئاخر دانیشتنی گرووپی 1+5 لە قەزاقستانو هەڕەشەی گەمارۆی زیاتری رۆژئاواییەكان بە تایبەت ئەمریكا بۆ سەر رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشبینی دەكرێئەو دۆخە لەوەش كە هەیە ناڵە بارتر دەبێ. لە وەها وەزعێكدایە كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشووش مافەكانی مرۆڤ لە ئێران پێشێل دەكاو گوشارەكانی بۆ سەر خەڵكی وڵات زیاتر كردووەو ئەمەش وێڕای لەبەرچاوگرتنی چوونەسەرێرێژەی ئیعدامەكان لە راپۆرتی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە ئێران كە رۆژی ١٠ی خاكەلێوە ئاماژەی پێدا بوون بە روونی دەردەكەوێ.
هەروەها راپۆرتی سكرتێری گشتی حیزب ئاماژەی بەوە كرد بوو كە بە نزیك بوونەوەی كاتی بە ناو هەڵبژاردەنەكانی سەرۆك كۆماری لە ئێرانو هەڵوێستو بۆچوونی لایەنە جۆراوجۆرەكانی نێو دەسەڵاتدارانی رێژیمو ئەگەری رێگرتن لە كاندیداتۆری هێندێك كەس ولایەن یا لەحاڵەتی كاندیدا بوونیاندا رەدی سەلاحییەت كردنیان، بۆتە كێشەیەك لە نێو كەسو لایەنەكانی نێو دەسەڵاتدارانی رێژیمو ئەوەش لە حاڵیكدایە كە بێكەڵكو بێئاكام بوونی هەر بە ناو هەڵبژاردنێك لە ئێراندا بۆ خەڵكی وڵاتەكەمان دەركەوتووەو ئەو رێژیمە هەرگیز رێگای نەداوە كە هەڵبژاردنێكی ئازاد بەڕێوە بچێو گرینگی بە ئیرادەی خەڵك بدرێ. بەو حاڵەش رێژیم هەوڵ دەدا بە پیلانو زۆرەمڵی خەڵكێكی زیاتر بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان راكێش بكاو، وا بخاتە بەرچاوی بیرڕای گشتی دەرەوە كە سەرەڕای هەموو ئەو وەزعەش كە خەڵكی ئێران لێی بێزارنو نەمانی بە ئاوات دەخوازن، پشتیوانی لەم دەسەڵاتە دەكەن ئەوەش پیلانێكە كە پێویستە خەڵكی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵ بدەنو نیشان بدەن كە رێژیم چۆن لە رادەی جیهانیدا تەریك كەوتوەتەوەو لە نیوخۆی ئێرانیشدا لەوە زیاتر تەریكەو خەڵك بە تەواوی لێی بێزارنو هەموو لایەكیش لە شانۆسازییەكانی بە ناو هەڵبژاردن لە كۆماری ئیسلامیدا شارەزان.
راپۆرتەكە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان بە وردیو بەتەسلی دووا بوو، لەو پێوەندییەو لە ئاماژە بە وەزعی كورد لە سووریە تیشك خرابووە سەر هەڵوێستی كورد لەو وڵاتە كە ئێستا لە لایەن هێزە سەركووتكەرەكانی بەشار ئەسەدەوە كەوتوونەتە بەر هێرشو لایەنی ئوپۆزیسیۆنیش یەكگرتوویی پێویستی لەگەڵ كورد لەم وڵاتە پێك نەهێناوە بۆ ئەوەی كورد لە سووریەو لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا پتر شوێندانەر بێو بە بەشێك لە مافە رەواكانی بگا پێویستە هێزە سیاسییەكان یەكگرتووتر بنو بەرنامەو داخوازی روونو هاوبەشیان هەبێكە هیوادارین ئەم رەوتە بپێوێو سەرئەنجام لە سووریەی دوای بەشار ئەسەددا نەهامەتییەكانی لێدوور كەوێتەوە.
راپۆرتەكە ئاوڕی لە دۆخی هەرێمی كوردستانو پێوەندییەكان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراق، دابۆوە كە كۆمەڵێك گیرو گرفت ئەو پێوەندییانەی بەرەو لاوازی بردووەو لە لایەكی دیكەشەوە كێشەی رۆڵەكانی نەتەوەی عەرەب لەو وڵاتە بەدابەشبوون بە سەر شیعەو سوونەدا زەقترو و زۆربەش لەو بڕوایەدان كە حكوومەتی ناوەندی ئێستای عێراق هەوڵی تەكڕەویو پشتگوێخستنی یاساو رێككەوتنەكانی پێشوو دەدا كە ئەوەش ناتوانێلە بەرژەوەندی عێراق بەگشتیدا بێ. پلینۆم هیوای خواست كە ئەم گیر وگرفتانە بە هەست كردن بە واقعییەتەكان لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە بە رێگای لۆژیكو پابەندبوون بە یاسا چارەسەر بكرێن.
لە راپۆرتەكەدا دۆخی كورد لە كوردستانی ئێرانو درێژەی ئەو سەركووتو ئیعدامو زیندانی كردنانەی كە رێژیم دەرحەق بە رۆڵەكانی نەتەوەی كورد لە ئێران دەیكا، هەر وەها باری ناڵەباری ژیانو گوزەرانی خەڵكو بێكاری لە رادەبەدەر، لەوەش بەولاتر ئەمنییەتی كردنی زیاتری كۆمەڵگاو پەرەپێدانی نەخۆشییە كۆمەڵایەتییەكان لە لایەن رێژیمەوە بە وردی ئاماژەی پێدرا بوو لە هەمانكاتدا خۆراگرێخەڵكو سووربوونی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێران لەسەر مافە نەتەوایەتیو دێموكراتیكەكانی بەچاوی رێزەوە سەیر كرد بوو.
راپۆرتەكە هەر لەو پێوەندی لەگەڵ كوردستانی ئێراندا سیاسەتو هەڵویستەكانو تێكۆشانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لە نێوان دوو پلینۆمدا خستبوووە بەرچاوو ئاماژەی بە لایەنی جۆراوجۆری كردبووو پێوەندییەكانی حیزبی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئوپۆزیسیونی ئێرانیو هێزو لایەنە سیاسییەكانی كورد لە كوردستانی ئێرانی بە باشی هەڵسەنگاند بوو كە بە خۆشییەوە رەوتی بەرەوپێشچوون دەپێوێ.
راپۆرتە سیاسەیەكە لە پێوەندی لەگەڵ توركیەو كوردستانی توركیەدا وێڕای باسو كۆمەڵێك بابەت بە گرینگییەوە سەیری رەوتی ئاشتی لەم وڵاتەو وتووێژەكانی نێوان كاربەدەستانی حكوومەتی توركیە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلانی كرد بوو. لەو پێوەندییەدا پلینۆم ئاڵوگۆڕەكانی ئەم دوایانەی لە توركیەو كوردستانی توركیە بە وردی خستە بەرباسو هاتنە ئارای رەوتی چارەسەری ئاشتیخوازانەی نێوان كاربەدەستانی حكوومەتی توركیەو بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستانی بە هەنگاوێكی ئەرێنی هەڵسەنگاند. لە هەمان كاتدا لەبەر رووناكایی ئەم پەیامەو لێدوانانەدا كە هەتا ئێستا لەلایەن كاربەدەستانی توركیەو بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلان بڵاو كراونەتەوە داوایەكی روونو دیاریكراو لە پێوەندی لەگەڵ كوردو مافە نەتەوایەتییەكانی لەو وڵاتەدا نەهاتۆتە ئارەاوە بۆیە بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی ئاكامی ئەم پرۆسەیە دەكرێ. بەو حاڵەش بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی دیاریكردنی چارەنووسی خوشكو براكانمان لەو بەشە لەكوردستان پێوەندی بە خۆیانەوە هەیەو رێز بۆ ئیرادەی نەتەوەی كورد لەو بەشە لە كوردستاندا دادەنێن. لە هەمانكاتدا ئاوتەخوازین درێژەی ئەو رەوتە بەخێرو خۆشیو دابینبوونی هەرچی زیاتری مافە نەتەوایەتییەكانی كورد لە توركیە بە ئاكام بگا.
بەشدارانی پلینۆم چالاكانە لەسەر هەر كام لە باسەكانی راپۆرت راو بۆچوونی خۆیان دەربڕیو بەمجۆرە هەم راپۆرتكەیان پەسندو هەم دەوڵەمەندتر كرد. پلینۆم لە بڕگەیەكی دیكەی كارەكانیدا ئایین نامەی چەند ئورگانی حیزبی تاوتوێكردو پاش دەربڕینی تێبینییەكانیان پەسندی كردن.
بڕگەیەكی دیكەی كاری پلینۆم تەرخان كرا بووە بۆ باس لەسەر كارو چالاكیو بەرنامەی كاریی یەكیەتییەكانی لاوان، ژنانو خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، پاش تاوتوێ كردن پلینۆم پشتیوانی خۆی بۆ ئەم رێكخراوانە دووپات كردەوەو ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاری كردنی زیاتریان دەربڕیوە.
لەدوا بڕگەی كاری پلینۆمدا كۆمەڵێك باسو بەرنامە بۆ داهاتووی حیزب خرا بەر دیدی بەشدارانو بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.
پلینۆم پاش چوار رۆژ كاری بەردەوام كاتژمێر ٧ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٩ی خاكەلێوە كۆتایی بە كارەكانی هێنا.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٣٠ی خاكەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی
١٩ی ئاڤریلی ٢٠١٣ی زایینی
