بە بەشداری زیاتر لە ١٢٠ كەس لە نوێنەرانی لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكانی ئێران و هەروەها هەیئەتی حیزبی دێمۆكرات،كۆنفرانسی "یەكیەتی بۆ دێمۆكراسی لە ئێران" لە شاری پڕاگ لەسەر كۆمەڵێك باس، یەك لەوان " پرسی نەتەوەیی" بەڕێوە چوو.
لە كۆتایی ئەو كۆنفرانسەدا هەیئەتی حیزبی دێمۆكرات روونكردنەوەیەكی بۆ رای گشتیی بڵاو كردەوە.
دەقی روونكردنەوەكە بەم چەشنەیە:
كۆنفڕانسی پڕاگ كە لە رۆژانی ١٧ و ١٨ی نوامبری ٢٠١٢ی زایینی بەڕێوە چوو، هەر چەندە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو باس و بابەتانە و را و بۆچوونانەی كە تێیدا هاتنە گۆڕێ بە تایبەت لە پانێلی نەتەوەكاندا گرینگیی خۆیان هەبوو، بەڵام لە چركەكانی كۆتایی كۆنفرانسدا لە لایەن بەرێوەبەرانییەوە ، مەتنێك خوێندرایەوە كە نە پێشتر لە گەڵ بەشداران راوێژی لە سەر كرا بوو نە ئەو كاتیش رێگای را دەربڕین لە سەری بە بەشداران درا . هەر بۆیە وەك هەیئەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەشدار لە كۆنفرانسی پراگدا رادەگەیەنین كە ئەو مەتنەی بڵاو بۆتەوە جێگای پەسندی ئێمە نەبووە و موخالیفەتی خۆمان هەر ئەو كات بە ئاگاداری بەڕێوەبەریی كۆنفرانس و بەشدارانی كۆنفرانسەكە راگەیاندووە.
هەیئەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
حەسەن شەرەفی - شاهۆ حوسێنی
٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩١ی هەتاوی
