هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

لە پەڕاوێزی ڕاگەیەندراوی دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا

چاپکردن

ئاشکرایە دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەردەوامی، لە هەموو ئامرازەکانی رامیاری و ئابووری و کلتووری و ...هتد کەڵک وەردەگرێ و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کە ئامانجی ئەم راگەیەندراوەیە، لەو بازنەیەدا دادەندرێ، بەو جیاوازییە کە لە لووتکەی دڕندەیی و سەرکوتکاریدایە.

سیستمی ویلایەتی فەقی لە ٤١ ساڵ تەمەنی نگریسی خۆیدا، لە نێوخۆی ئێران بە مێتۆدی جۆراوجۆری وەکوو برسی کردن و پەرەپێدانی مادە هۆشبەرەکان و گرتن و کوشتن و ...هتد، دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەلانی ئێراندا سەپاندووە و هاوکات سیاسەتی دەرەکیشی لەسەر بناغەی هەناردە کردنی شۆڕش(صدور انقلاب) و دەستێوەردان لە وڵاتان و پشتیوانی و هاندانی گرووپە بناژۆخوازەکان بە مەبەستی ئاژاوە و تێکدانی ئارامی لە ناوچە داڕشتووە.

 

pdki_-_roonkrdnwa_1_-_1


ئەوەش بۆتە هۆکار کە لە ئێستادا زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچە و جیهان کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک مەترسییەکی گەورە بو سەر ئاسایشی خۆیان پێناسە بکەن و رۆژ بە رۆژ لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە تووشی داڕمانی سیاسی دەبێتەوە.

لە بەرەبەرەی ١١مین خولی هەڵبژاردنی بەناو مەجڵسی شورای ئیسلامی کە بڕیارە لە ٢ی رەشەمەی ئەم ساڵ، واتە ١٣٩٨ی هەتاوی لە ئێران بەڕێوە بچێت، رژیم جارێکی دیکە بە هەموو توانا و لە هەموو ڕەهەندەکانی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبی و تەنانەت عەشیرەیی کەڵکی وەرگرتووە بۆ راکێشانی گەلانی ئێران و لە سەرووی هەموویان گەلی کورد بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان.

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا بە هۆی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە رێکەوتنی "بەرجام" و گەڕانەوەی گەمارۆ ئابووریەکان کە ئیزۆلەبوونی زیاتری ئێرانی بەدوادا هاتووە لەلایەک، و کورت هێنانی بوودجەیی ئەو وڵاتە لە لایەکی دیکەوە، رژیمی ستەمکاری ئێرانی بەرەوڕووی سەدان کێشەی ئابوری و ئیداری لە بەڕیۆەبردنی وڵات کردووە و رۆژانە بە سەدان کارگە و کۆمپانیای تووشی زەرەر و زیان و لە کۆتاییدا داخران کردۆتەوە و بە گشتی پشتی کەرتی تایبەتی شکاندووە و دەرەتانی سەرمایەگوزاری لە کەمترین ئاستی خوی دایە.

کۆی ئەو خاڵانە کە ئاماژەمان پێدا، لە حاڵێک دایە کە خەڵک ئێران بە درێژایی تەمەنی ئەو رژیمە و بەتایبەت لە دوو ساڵی رابردوودا، ناڕەزایەتی و بێزاری خۆیان بە نیسبەت سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی رژیم دەربڕیوە و لە خەزەڵوەری ئەو ساڵدا و لە کەمتر لە حەوتوویەکدا ١٥٠٠ کەسی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی لە ژێر ناوی تێکدەر و سەر بە بێگانە، لە شەقامەکان ئێران بە دەستڕێژی راستەوخۆ خەڵتانی خوێن کرد.

هاوکات بە هۆی دەست تێوردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پەرەپێدانی تێرۆر و گرژی و ئاڵۆزی لە ڕێگای سپای قودسەوە کە ئەنجامەکەی بوو بە بەئامانجگرتنی فەرماندەی ئەو هێزە(قاسم سلێمانی) تێرۆریستییە لەلایەن ئامریکاوە و پاشان کردنە ئامانجی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی ئۆکراین کە تێیدا ١٧٦ کەسی بێتاوان بوونە قوربانی، بوون بە هۆکار کە لە رووی نێودەوڵەتی ئەو کار و کردەوانە قیزەونانەی رژیم محکووم بکرێن و هەڵوێستەی جیهانیی لێ بکەوێتەوە.

ئەو مژارانە و چەندین مژاری دیکە کە لێرەدا دەرەتانی باسکردنییان نییە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە رژیمی ستەمکار و پاوانخوازی ئێران، مەشرووعییەتی خۆی بە تەواوی لەدەست داوە و لە بەرانبەردا بۆ مەشرووعیەت وەرگرتن بۆ خۆی، پێویستی بە راکێشانی خەڵکە بۆ سەرسەندووقەکانی دەنگدان، تا کوو لە چاوی کامیرا و میدیاکانییەوە بە رای گشتی لە نێوخۆ و دەرەوە نیشان بدات کە خەڵکی ئێران لە پشت نیزامی دەسەڵاتدارە.

ئەوەی کە جێگەی داخە ئەوەیە کە چ لە ئێران بە گشتی و چ لە کوردستان بەتایبەتی کەسانێک هەن کە ئاگاهانە و نائاگاهانە کەوتوونەتە داوی مەشرووعییەتدان بە رژیم. بۆیە لەو نووسراوەیەدا بە پێوستی دەزانین کە ئاوەڕێکی جیدی و فیکری ڵێ بدرێتەوە. چوونکە ئەگەر بێت و ئۆپۆزسیۆن و خەڵک وشیار و ئاگادار نەکرێنەوە و لە شانۆگەریی هەڵبژاردنی ئەمجار بەشداری بکەن، لەڕاستیدا دەرەتانێکی دیکە دەدەن بە رژیم بۆ هەناسەدان و خۆکۆکردنەوەیەکی دیکە. ئەوەش وادەکات کە تەمەنی رژیم درێژتر بێتەوە و جارێکی دیکە دەست ببات بۆ هەموو جینایەت و تاوانێک دژی گەلانی بندەستی ئێران.

چوونکە زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەو بەربژێرانە کە سەلاحییەتییان لەلایەن شورای چاودێرەوە پەسند کراوە، کەسانی گرێدراو بە رژیم و دەزگا ئەمنی و نیزامییەکانن و بەشێوەی جۆراوجۆر خۆشخزمەتیی خۆیان بۆ رژیم نیشانداوە و سەڵماندووە. لەو راستایەدا پێویست بە ئاماژەیە کە تا لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی نیزیک دەبینەوە، دەبینین کە بەربژێرەکان و کەسانی دەورووبەرییان بە بەشداری کردن لە شین و شایی خەڵک لە حەوزەی دەنگدانی خۆیان، دەکەونە سواڵکردنی دەنگ و خۆدەرخستن بەتایبەت لە مزگەوتی شار و گوندەکان.

 

 _______________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان