هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی تاوانەکانی ١٧خەرمانان

چاپکردن

کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان!

حیزب‌و ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی کوردستان‌و ئێران!

یەک ساڵ لەمەوبەر رۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەدەوروبەری شاری کۆیە کەوتنە بەر پەلاماری مووشەکیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەر لە هەمان ڕۆژ دا، زیندانی سیاسی ناسراوی کومه له “ڕامین حوسەین پەناهی” و، “لوقمان مورادی”‌و “زانیار مورادی" لە سێدارە دران‌و چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حیزبی دیموکرات ۱٤ ئەندامی رێبەری‌و کادر‌و پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان‌و ۲ مامۆستای فێرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ،شەهیدبوون. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەمووشەکبارانی بنکەو بارەگاکانی حیزبی دیموکرات‌و هاوکات لە سێدارەدانی پۆلێک لە لاوانی شورشگیر‌و تێکۆشەری کورد دەیانهەویست بە خەیاڵی خۆیان حیزبەکانی کوردستانی ئێران‌و چالاکان‌و نیشتیمانپەروەرانی کوردستان لە نێوخۆ‌و دەرەوەی سنوورەکان بترسێنن و، ئەو پەیامە بە نێوخۆی ئێران ،کوردستان‌و دەرەوەی سنورەکانی ئێران بدەن کە کۆماری ئیسلامی بەهێزەو لە هەموو حالەتێک دا توانای هێرش‌و پەلامار بۆ سەر هێز‌و لایەنە خەباتگێڕەکانی کوردستانی هەیە. بەڵام دیتمان خەڵکی کوردستان لە رۆژی ٢١ی خەرمانان‌دا بە دەنگی حیزبەکانی خۆیانەوە هاتن‌و بە پشتیوانی لە هێزە سیاسییە خەباتگێرەکانیان حەماسەیەکی کەم وێنەیان وەڕێ خست. خەڵکی کوردستان، پێشوازییان لە بانگەوازی حیزب‌و لایەنەسیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی‌و بە تایبەتی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" کرد‌و بە وەڕێخستنی مانگرتنێکی سەرانسەری‌و گشتی، تووڕەیی‌و ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەر دوو تاوانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانان بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند. ئەو پێشوازی‌و بە دەنگەوە هاتنەی خەڵک بە چەشنێک بەرین‌و سەرانسەری بوو کە بێزراوبوونی ئەو ڕێژیمە لە نێو خەڵکی کوردستانی بە باشترین شێوە پێشان دایەوە. هەر بۆیە دەتوانین بە راشکاوی بڵێین کە مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لاپەڕەیەکی پڕشنگدارە لە مێژووی ناڕەزایەتی دەربڕینی گشتی‌و خەباتی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی دا. ئەم مانگرتنە گشتی‌و سەرانسەرییە جارێکی دیکە بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی سەلماندەوە کە خەڵکی کوردستان پشتیوانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و، ٣٩ ساڵ سیاسەتی سەرکوتکەرانە‌و زەبروزەنگی ئەو ڕێژیمە نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان‌و هێزە سیاسییە خەباتگێڕەکانیان لێک داببرێ. پەیامی ٢١ی خەرمانان ئەگەر لەلایەک ژان‌و ئازاری لە دەستدانی پۆلێک سەرکردە‌و کادر‌و پێشمەرگەی شەهید‌و سێ لاوی تێکۆشەری لە سێدارەدراوی کەم کردەوە، لە لایەکی دیکە ترس‌و خۆفی خستەوە نێو گیانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی ئەو کاربەدەست‌و دام‌و دەزگایانەی لە ژیر سێبەری مووشەک‌و تۆپخانە‌و سەرنێزە لە کوردستان حوکمڕانی دەکەن.

 

17y_xarmanan_-_1_-_1

تاوانەکانی ١٧ی خەرمانانی ساڵی رابردوو، هەر بەو رادەیە کە دڕندەیی‌و نێوەرۆکی کۆمەڵکوژانە، تیرۆریستی‌و دەستدرێژکارانەی هیرش‌و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی‌و شۆڕشگێرانەی کوردستانیان پێشان دایەوە، سەلمێنەری وەحشەتی ئەو ڕێژیمە لە کوردستان وەک ناوەندی خەبات‌و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامییش بوون. خەبات‌و بەربەرەکانییەک کە لە ماوەی یەکساڵی رابردوو دا، سەرەڕای زۆرتربوونی دڕەندەیی‌و زەبر‌و زەنگی هێز‌و دام‌و دەزگا سەرکوتکەرەکان لە کوردستان، درێژەی هەبووە‌و ڕووی لە هەڵکشان کردوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە یەکساڵەی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان‌دا، وێڕای مەحکوومکردنەوەی ئەو تاوانانە، سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدەکان دەنێرێ‌‌و هاوخەمیی خۆی لە گەڵ بنەماڵە‌و هاوڕێ‌و هاوسەنگەرانی ئەم پۆلە گەورە لە تێکۆشەرانی شەهیدی کوردستان دووپات دەکاتەوە. هەر لەم بۆنەیە دا پێزانینی خۆمان لە ئاست هەڵوێستی وشیارانە‌و ئازایانەی خەڵکی کوردستان‌و دەربڕینی هاوپیوەندی‌و پشتیوانییان لە هێزە سیاسییەکانی خۆیان کە مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانان لوتکەی ئەم هەڵوێستەیان بوو، ڕادەگەیەنینەوە. بە جێیە لەم بۆنەیە‌دا جارێکی دیکە سوپاسی خۆمان بۆ سەرجەم هێز‌و لایەن‌و کەسایەتیە سیاسی‌و خەباتکارەکانی کوردستان‌و ئێران کە لەم کارەساتە دا، هاودەنگ، هاوخەم‌و هاوکار‌و پشتیوانمان بوون، دووبارە بکەینەوە.

لە یەکساڵەی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان دا، جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی‌و ئازادیخوازیی کوردستان‌و خەباتی ئێمە هیزە سیاسییەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیە، دڵگەرم‌و پشت ئەستوور بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەموو پیلان‌و هەوڵە شوومەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، درێژەی دەبێ. بێگومان لە بەردەوامی‌و درێژەدانی ئەو ئەرکە پڕشانازییەش‌دا، پەیامی هەمیشەیی خەڵکی کوردستانی بۆ هێزە سیاسییەکان کە داوای یەکگرتوویی، هاوخەباتی، هاوپەیمانی‌و پشت بەستن بە یەکتر بووە، لەبەرچاومان ون نابێ.

جارێکی تر یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان‌و هەموو ئەو شەهیدانەی کە لەپێناو ی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد گیانی خۆیان بەخت کردوە بەرز ڕادەگرین و، بەڵێن دەدەین کە بە لێبڕاویی زیاترەوە بۆ وەدیهاتنی ئاواتە بەرزەکانیان تێ بکۆشین.

 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٧ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی

٨ی سێپتەمبری ٢٠١٩

 

 _______________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان