نەورۆزی ۲۷۱۹ی کوردیو نوێبوونەوەی ساڵو بووژانەوەی سرووشت، لە پێوەندی لەگەڵ یەکگرتوویی هەرچی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانو هێزە سیاسییەکانی مزگێنی دوارۆژێکی گەشو ئاسۆیەکی روونی وڵاتەکەمانە.
موژدەیەک بۆ زاڵبوونی رووناکی بەسەر تاریکی شەوزەنگو بیری سەدەناوەراستی وەلایەتی فەقیهو دەست لە ناو دەست بە بڕشتەوە هەنگاوەکانمان بەرەو ئازادیو دابینبوونی مافە نەتەوایەتیەکانمان هەڵبگرین.
ئەوەی جێگای سەرنجو تێرامانو خۆشحالییە ،تاک بە تاکی گەلەکەمان لە خۆرهەڵاتی وڵات ،لە هەموو دەرفەتێکدا هەوڵی داوە بە هەر شێوازێکی مومکین کۆمەڵگای جیهانی بۆ دەستەبەر بوونی مافەکانی ئاگادار بکاتەوە کە نەورۆزی ئەمساڵ ئاوێنەی باڵانوێنی ئەم داواکارییانە بوو.
لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکانو جیهانی مەجازیدا، زۆر پەیامو وێنەو جۆشو خرۆشی خەڵکمان بینی کە ئەم پەیامە بۆ هەموو لایەکو بە تایبەت بۆ رێژیمی کۆماری ئیسلامیو نەتەوەی باڵادەستی فارس زۆر گرنگ بوو کە نەتەوەی کورد ئامادەیە بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی لە هیچ چەشنە فیداکارییەک درێغی ناکاو بۆ لابردنی ستەمو چەوسانەوە، سێدارەو ئەشکەنجەو زیندان نایترسێنێو ئەم خەباتە لە هەموو ئاستە سیاسی ومەدەنیو کۆمەڵایەتییەکان بە ورەوە زیاتر لە جاران بەڕێوە دەبات.
ئەوەی دەبێ لەم قۆناغە زیاتر لە هەرکات پەنجەی لەسەر دابنین، لەقاودانی پیلانەکانی رێژیمو وشیارکردنەوەی گەلەکەمانە کە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن .
رێژیم هەوڵی دا لەرێگای جۆراجۆرەوە ئەم یەکریزیو یەکگوتارییە تێک بداو تەنانەت بە ناردنی چڵکاوخۆرەکانی بە جلی خاکی کوردییەوە هەوڵی سیخۆریو تێکدانی ئەو رێورەسمە بەشکۆیانەی دا کە بە خۆشییەوە بە بەرەنگاری بێ وێنەی خەڵک تێدا سەرکەوتوو نەبوو.
ئەوەی زیاتر لە هەر کات جێگای بەدواداچوونە دیمەنی جاشێکی چڵکاوخۆرە ،کە لەکاتی هەڵپەرینی لاوانی خوێنگەرم بێحورمەتی بە جامانەو لاوان دەکا وجامانەکانیان فڕێ دەدات، کە هێزە سیاسییە رەسەنەکانی کوردستانو خەڵکی کورد ئەم جۆرە حەرەکەتە نەشیاوانە قەت لەبیر ناکەن، ئەوەی ئێستا لەبیریانە رێزدانان بۆ جیاوازی بیروراکانەو یەکریزیو تەباییانە.
هێز لە یەکریزیماندایەو هەموومان دەبێ پێکەوە پاڵپشتی راسان بینو لە هەموو رەهەندەکانی خەباتی نوێی خۆرهەڵات بۆ گۆڕانکارییەکان لە ئێران کەڵک وەرگرین.
لاوانی خوێنگەرمو شۆڕشگێڕی کوردستانیش بۆ هەرچی زیاتر قایمو بەهێزکردنی ،هێزی پێشمەرگە دەبێ زیاتر لە جاران روو بکەنە نێو سەفی هێزی پێشمەرگەو شانبەشانی هاوڕێیانیان راسان بگەیەنینە لوتکەی سەرکەوتن.
لەگەڵ پیرۆزبایی دووبارەی نەورۆزی کوردان لە هەموو گەلی کورد، دەست خۆشیو ماندوونەبونی لە بەڕێوەبەرانی رێورەسمە نەورۆزییەکانی شارو گوندەکانی کوردستان دەکەمو هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک بە ئاوات دەخوازم.
_______________________________________
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
