هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
سەرەتاو لە بەرەبەری هاتنی ساڵی نوێی کوردەواریدا، بەناوی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"ەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی نوێبوونەوەی ساڵو نەورۆزی ٢٧١٩ی کوردیتان لێ دەکەین.
ئێوە خەڵکی مافخوازی کوردستان هەموو ساڵێک سەرەڕای فشارو چاودێریی چڕی هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، توانیوتانە نوێبوونەوەی ساڵو ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بکەنە دەرفەتێک بۆ خۆشی دەربڕینو بانگەوازی ویستو داخوازییە نەتەوەییو ئینسانییەکانی خۆتان وەک نەتەوەیەک کە تا ئێستاش لە سەرەتاییترین مافو ئازادییەکان بێبەش کراوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا رێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز لە هەمیشە بە پەیامو درووشمو هێمای تایبەتەوە بەڕێوەچوون کە نیشانەی بەرزیی ئاستی شعوورو هوشیاری نەتەوەییو رێکخراوبوونی ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستانە؛ بۆیە ئەمساڵیش پێویستە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ئاستێکی بەرینتردا، بە ناوو دروشمو هێمای تایبەتەوە، یەکگرتووانە بەڕێوە بچنو بکرێنەوە بە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی کۆمەڵێک ماناو پەیامی نەتەوەییو شوناسخوازانە. بۆیە "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" هەر وەک لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە چاوەڕوانی لێ دەکرا، لەم پێوەندییەدا یەکگرتووانەو لە سۆنگەی گرینگیدان بە زەروورەتی "یەکریزی"و "پێکەوەبوون" لە هەموو ئاستو بەستێنەکاندا، داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چینو توێژەکانییەوە دەکات:
١- رێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێر ناوی "نەورۆزی سەمای ئازادی"دا بەڕێوە بچن.
٢- با درووشمی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵمان، "یەکریزیو هاوکاریمان، ڕەمزی سەرکەوتنمانە" بێت.
٣- لە ڕێوڕەسمەکاندا لە "جامانە، هەوریو گوڵی سوور"، کەڵک وەربگرین.
خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان لانیکەم لە ماوەی تەنیا چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەمیشە نیشانیان داوە کە یەكگرتووانە بەدەم بانگەوازو داوای هێزو لایەنە سیاسییەکانی خۆیانەوە دێنو چاوەڕوانیشیان - لە قۆناغی ئێستای خەبات دژ بە سیاسەتە دژیگەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران - یەکگرتووییو پێکەوە بوونە. خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە کردەوە دژیگەلیو تێرۆریستییەکانی رێژیم، مووشەکبارانی بنکەو بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد، زانیارو لوقمان مورادیو ڕامین حوسێنپەناهی، لە رۆژی ٢١ی خەرمانانو هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە ٢ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، نیشانیان دا کە یەکگرتووانە بە گژ سیاسەتی دوژمنکارانەی رێژیمدا دەچنەوەو خاوەنداری لە خەباتی شوناسخوازانەی خۆیان دەکەن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ بە بۆنەی نوێبوونەوەی ساڵو نەورۆزی ئەمساڵیشەوە، یەکگرتووانە بە وەڕێخستنی رێوڕەسمی گشتیو جەماوەری، خاوەندارێتی لە مافو ئازادییە کلتووریو نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن.
لەم پێوەندییەدا ئەرکی وتاربێژان، شاعیرانو هونەرمەندانە کە نێوەرۆکی قسەو بابەتو هونەرەکەیان، تەژی بێت لە پەیامی یەکگرتوویی، نەتەوەییو بەگژداچوونەوەی زوڵمو زۆریو سیاسەتە دژیگەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی. با لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵدا بە لەملکردنی "جامانەو هەوری"و بەدەستەوەگرتنی "گوڵی سوور"و بەرزکردنەوەی درووشمی "یەکڕیزیو هاوکاریمان، رەمزی سەرکەوتنمانە"، "سەمای ئازادی" بکەینو بیسەلمێنین کە لە وەدستهێنانی مافو ئازادییەکانی خۆمان وەک نەتەوەیەک بەردەوامو شێلگیرین.
نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت.
بەهیوای ساڵێکی پڕ لە دەسکەوتو سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٧
_______________________________________
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
