ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە نوێترین دانیشتنی خۆیدا سەبارەت بە دوائاڵوگۆڕەکانی کوردستانو ناوچەو ئێران بیروڕایان گۆڕییەوەو تێیدا وێڕای دەربڕینی پێزانین بەرامبەر بە خەباتی بێوچانی ڕۆڵەکانی گەل داوایان لە هەموو گەلی کورد کرد کە ببنە پشتوپەنای ناوەند.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
راگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٤ی نۆوامبری٢٠١٨ی زایینی کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری بەرپرسانی باڵای حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە خانەخوێیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێنا.
لەم کۆبوونەوەیەدا سەرەتا لە لایەن بەڕێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەخێرهاتنی هەیئەتەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە کراو بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگیو بە پێوەوەستان بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی ئەم دواییانەی کوردستانی رۆژهەڵاتو تێکۆشەرانی ئازادیخوازی گەلانی ئێران دەستی بە کارەکانی کرد.
لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باسێکی سیاسیو گشتیدا ئاماژەی بە وەزعی هەنووکەیی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانو ئاکامەکانی ئەو گەمارۆیانەی خراوەتە سەر رێژیم ودۆخی نالەباری ئابووری وڵاتو دابەزینی ئیمکاناتی ژیانی خەڵکو فسادی ماڵیو ئەو فشارە نێوخۆییو دەرەکییانەی سەر رێژیم کردو پێویستی بەهێزترکردنی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە ئەرکێکی گرینگو شوێندانەر لەسەر رەوتی رووداوەکان زانی.
هەر لەو پێوەندییەدا رەوتی کارو چالاکییەکانی ناوندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ماوەی رابردوو، مووشەکبارانی بارەگاکانیانو ئێعدامی پۆلێک لە چالاکانی سیاسی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا کەوتە بەرباسو وێڕای سوپاسو پێزانینی بەشداران لەسەر درێژەدان بە کاری ناوەند پێداگیرایەوە، بە تایبەت ئەو یەکگرتووییو هاودەنگیو هاوهەڵوێستییەی کە مانگرتنە سەرانسەریو مێژووییەی ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ کە لاپەرەیەکی پڕ لە شانازی خستە سەر کارنامەی خەباتی کورد لە کوردستانی ئێران، بە ئاکامی ئەو هاودەنگیو هاوهەڵوێستییە گشتییەی حیزبو لایەنەکانی کوردستانی ئێران دانرا.
ڕای کۆبوونەوە دەربڕی پێداگری لەسەر درێژەی ئەم هاوکاریو هاوهەڵوێستییە بووو ناوەند پێزانینو ئەمەگناسی خۆی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دووپات کردەوەو سڵاوو رێزی تایبەتی ئاراستەی زیندانیانی سیاسیو دەستگیرکراوانی ئەم حەرەکەتە یەکگرتووانەیە کرد کە بەرانبەر بە سیاسەتی زۆردارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەن هەڵوێستو ئیرادەی شۆڕشگێرانە بوون.
لە چوارچێوەی باسو لێکدانەوەکانی لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەیئەتەکانی هەرکام لە ئەندامانی ناوەند وێڕای تەئیدی باسو بابەتەکانی پێشکەشکراو راوبۆچوونی خۆیان بۆ دەوڵەمەندترکردنی باسەکە خستە بەرچاوی بەشدارانی کۆبوونەوەکە.
کۆبوونەوەکە بەو ئاکامە گەیشت کە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای درێژەدان بە کارو چالاکییەکانیان، بە مەبەستی بەهێزترکردنی ناوەند لە هەموو شێوەکانی خەباتی رەواو سەردەمییانە لە نێوخۆی وڵاتو لە دەرەوەی وڵات کەڵک وەربگرن، لەم راستایەدا بانگهێشتی هەموو رۆڵەکانی کورد کە بۆ پرسی کوردو دواڕۆژی وڵات بە پەرۆشن کرد کە بە یەکگرتوویی تەواوەوە پشتی ناوەند بگرنو لە دژی سەرکوتو زۆردارییەکانی رێژیم بوەستنەوە.
لە کۆتایی کاری کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، هەوڵ بدا لە ماوەیەکی دیاریکراودا پلاتفۆرمی خۆی بۆ هەر ئەگەرێکو ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە چاوەڕوان دەکرێ لە ئێراندا ڕوو بدا، ئامادە بکاو بە ئاگاداری خەڵکی تێکۆشەری کورد، حیزبەکانی ئوپۆزسیۆنی ئێرانیو کۆڕو کۆمەڵانی نێونەتەوەیی بگەیەنێ.
بۆ ئەنجامی خێرای ئەو ئەرکانە بڕیار درا، ھەیئەتە نوێنەرایەتییەکانی ناوەند بە کارێکی پڕاوپڕو پێوەندی نزیکتر لەگەڵ ڕێبەریو بەرپرسانی یەکەمی حیزبەکانی بەشدار، میکانیزمی پێویست لە ھەر بوارێکدا دیاری بکەن.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٣٩٧/٩/٣ی هەتاوی
٢٠١٨/١١/٢٤ی زایینی
_______________________________________
ــ بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
