هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ناوەندیی سیاسیی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

چاپکردن

ناوەندیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوون و کۆتایی سەرکەوتووانەی شانزدەهەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

k16_-_nawandi_siasi_1


ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەبارەت بە بەڕێوەچوون و کۆتایی سەرکەوتووانەی شانزدەهەمین کۆنگرەی حیزب


لە ڕێگای ئەم راگەیەندراوەوە هەموولایەک ئاگادار دەکەین کە شانزدەهەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠ی فێورییەی ٢٠١٨ی زایینی، بەپێی ئەو بەرنامەیە کە وەک دەستووری کار دیاری کرا بوو دەستی بەکار کرد و پاش چوار ڕۆژ کاری بەردەوام درەنگ وەختانێی شەوی هەینی لەسەر شەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

کۆنگرەی شانزدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەڵومەرجێکی تایبەتی و ناوچەییدا بەڕێوەچوو کە پێویست بوو هەم لە باری سیاسی و هەمیش لە باری ئەمنییەتییەوە گرینگییەکی بەرچاوی پێ بدرێ بە تایبەت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە جیددی بۆ زەبروەشاندن لە کۆنگرە یا پێشگرتن لە بەڕێوەچونی لە دارشتنی پلان و پیلانگێریدا بوو. بەخۆشییەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەگەرەکان بە تایبەت لە باری کات و شوێنی کۆنگرە و پاراستنی ئاسایشی شوێنی کۆنگرە وردبینانە هەلسووکەوتی کرد، هەر بۆیە کۆنگرە لەوبارەشەوە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو.

ساڵۆنی کۆنگرە بە چەندین دروشم رازابووە کە دەربڕی بیروبۆچوونی دێموکراتیانە، نەتەوەییانە و دادپەروەرانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و کۆنگرە وەک کۆنگرەی "ڕاسانی ڕۆژهەڵات" پێناسە کرد بوو.

کورسی هاوڕێیان شەهید "چەکۆ ڕەحیمی، کاوە جەوانمەرد و هێمن مەولاننژاد" کە نوێنەری کۆنگرە بوون، بەڵام بەداخەوە بە هۆی شەهیدبونیان پێش کاتی بەستنی کۆنگرە بەتاڵ بوو بە چەپکەگووڵ ڕازێندرا بوون.

کۆنگرەی ١٦ی حیزبەکەمان بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و چرکەیەک بە پێوەڕاوەستان بە بێدەنگی دەستی بە کارەکانی کرد و پاشان هاوڕێی بەڕێز "حەسەن شەرەفی" بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی١٦ڕاپۆرتی کارەکانی ئەو کۆمیتەی پێشکەشی ئەندامانی کۆنگرە کرد، پاش پەسندکرانی ڕاپۆرتەکە دەنگی بۆ مەشرووعییەت و ڕەوایی کۆنگرەوەرگرت کە نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرە بە تێکرای دەنگ مەشرووعییەتی کۆنگرەیان پەسند کرد و کۆنگرە بە فەرمی چووە بواری بەڕێوەبردنی ئەو بەرنامانەی کە لە دەستووری کاری کۆنگرەدا دەست نیشان کرا بوون.

بەپێی ئەو بەرنامەیە سەرەتا داوا لە تێکۆشەر و کەسایەتی ناسراوی حیزبەکەمان کاک "مەلا حەسەن شێوەسەڵی" کرا کە وتاری کردنەوەی کۆنگرە پێشکەش بکا. بەڕێزیان لە پەیامی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە هەلومەرجی ناوچە و شوێنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گۆڕەپانی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات، تەبایی نێوماڵی کورد و یەکڕیزیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە پێویستێکی گرینگ دانا کە ئەو پەیامە بەگەرمی پێشوازی لێکرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرەدا ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی لە لایەن بەڕێز "مستەفا هیجری"ـیەوە سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشکەشی کۆنگرە کرا. ئەو ڕاپۆرتە وەزعی جیهانی و هەڵوێستەکانی وڵاتانی زلهێز و شوێندانەریان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچە و ئێران و دۆزی کورد بەگشتی، هەروەها ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە کەوتبووە بەرچاو و وەزعی ئێستای ئێران و خەباتی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و مافەکانیان بە وردی ئاماژەیان پێکرا بوو. لە ڕاپۆرتەکەدا دۆزی کورد بەگشتی لە هەموو پارچەکان بەمجۆرە کە هەیە باسیان لێکرا بوو و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و دەوری هێزە سیاسییەکانی کورد لەو پارچەییەی کوردستان و پێویستی هاوکاری و هاوخەباتی ئەو هێزانە و ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد پێ لەسەر داگیرا بوو، لەو چوارچێوەدا وەدیهاتنی بەرە یا ئیتلافێک لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بە گرینگییەکی تایبەتییەوە سەیری کرا بوو و لابردنی بەربەستەکانی سەر رێگای ئەم مەبەستە دەست نیشان کرا بوون. لەو پێوەندییەدا ئاماژە بەوە کرا بوو کە تا بە ئاکام گەیشتنی یەکگرتنەوە حزوور و بەشداری هاوڕێیانی پێشوو لە هەر تەشەکوولێک یا بەرە یا ئیتلافێکی نێوان هێزە کوردیی و ئێرانییەکان ناکاتە بەربەستی ئامادەبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم بەرە یا ئیتلافە کوردی یا ئێرانییەدا.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتکە تەرخان کرا بوو بۆ گرینگی دان بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات کە لەو بارەوە شێوەی بەرینترکردنەوەی و شوێندانەرتربوونی دەست نیشان کرا بوو. ئەندامانی کۆنگرە لە چەند دانیشتندا زۆر چالاکانە بەشداری باس و ڕاوبۆچوون دەربڕین لەسەر هەرکام لە بەشەکانڕاپۆرت بوون کە تێبینی و بۆچوونەکانیان ڕاپۆرتەکەی دەوڵەمەندتر کرد.

سەرئەنجام لە دەنگ وەرگرتنێکدا ڕاپۆرتەکە بە زۆرینەیەکی بەرچاو پەسند کرا. دیارە کۆی باس و بابەتەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە داهاتوودا پاشچاپ و بڵاوکردنەوە دەکەوێتە بەرچاوی هەموو لایەک.

بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرە باس لەسەر گەڵاڵەی پێکهاتەی حیزب بوو، گەڵاڵەیەک کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و گرینگیدان بە بایەخە تەشکیلاتییە نێوخۆییەکان ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی حیزبدا پێک دێنێ، هەر بۆیە بارتەقای گرینگییەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە کەوتبووە بەرباس و ڕادەربڕین و سەرئەنجام ئەو گەڵاڵەیە کە سەرەتا لە لایەن سکرتێری گشتیی حیزب و چەند هاوڕێیەکەوە ئامادە کرا بوو پاش پێداچوونەوە و لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان لە پلینۆمەکانی دوایی حیزبدا لە لایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە کۆ دەنگی لەسەر پێکهات و وەک گەڵاڵەی کۆمیتەی ناوەندی بۆ پێکهاتەی حیزب پێشکەشی کۆنگرەی ١٦ی حیزب کرا.

ئەو گەڵاڵەیە لە لایەن بەشدارانی کۆنگرەوە بە تێروتەسەلی باسی لەسەر کرا و ئاڵوگۆڕی بیروڕای بۆ کرا و پاش لەبەرچاوگرتنی رای زۆربەی بەشدارانی کۆنگرە وەک گەڵاڵەی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی حیزبدا بە زۆرینەی بەرچاوی دەنگی نوێنەرانی کۆنگرە پەسند کرا.

بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرە پێداچوونەوە بە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزب بوو، دیارە بەرنامە لە ژێر تیشکی ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ناوەندیدا و پێڕەوی نێوخۆیش بە سەرنجدان بە نێوەڕۆکی گەڵاڵەی پێکهاتەی حیزب دارێژرا بوون، بەم حاڵەش بەشدارانی کۆنگرە چالاکانە لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبیشدا بە وردی ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕی، سەرئەنجام بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی بەشداران بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبیش لە لایەن نوێنەرانی بەشدار لە کۆنگرەوە پەسند کران.

بڕگەی دوایی کاری کۆنگرە دیاری کردنی لێژنەی هەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان بوو، بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە لێژنەیەکی سێ کەسی لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە بۆ چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەکان دیاری کرا و ژمارەیەک هاوکاری دیکە لە ئەندامانی کۆنگرە کاری بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانیان پێئەسپێردرا . ئەم لێژنەیە سەرەتا هەڵبژاردنی بۆ لێپرسراوی گشتیی حیزب بەڕێوە برد و لە ئەنجامدا هاوڕێی بەڕێز کاک مستەفا هیجری بە زۆرینەی بەرچاوی دەنگی بەشدارانی کۆنگرە وەک لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا.

پاشان ئەو لێژنەیە کاری هەڵبژاردنی ئەندامانی ناوەندی سیاسی بەڕێوەبرد و لە نێو کاندیداتۆرەکاندا کە ژمارەیان بەرچاو بوو ئەو رێژەیەی کە کۆنگرە بۆ ناوەندی سیاسی پەسند کرد بوو کە چوار دەوری هەڵبژاردندا بڕاوەی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند. لێردەدا ئاماژە بەوە پێویستە کە ڕێژەی بەشداری ژنان چ وەک ئەندامی نوێنەری کۆنگرە وچ وەک ئەندامی ناوەندی سیاسی تا ڕادەیەک هەڵکشانی بە خۆیەوە بینیبوو.

پێویستە بگوتری لە مەودای نێوان بڕگەکانی بەرنامەی کۆنگرەدا لیستە و ناوی ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی بیانی، ئێرانی و کوردستانی کە پەیامییان بۆ کۆنگرەوە نارد بوو لە لایەن کۆمیسیۆنی پەیامەکانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە بە ئاگاداری بەشدارانی کۆنگرە گەیشت ولیستی ئەو پەیامانەش ڕاگەیاندران کە بە ناوی کۆنگرەوە بۆ لایەنەکانی پێویست دەنێردرێ.

هەروەها کۆمیسیونەکانی سکاڵا و بڕیارەکانی کۆنگرەش لە ڕەوتی کاری کۆنگرەدا ئەرکی پێ ئەسپێردراوی خۆیان بەڕێوە برد و ئاکامەکەیان بە کۆنگرە ڕاگەیاند.

بەمجۆرە کۆنگرەی شانزدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا و هەروەک پێشتریش ئاماژەی پێدرا، بەڵگەنامەکانی کۆنگرە پاش ئامادەبوون و بە چاوپ گەیشتن دەکەونە بەر دیدی خوازیارانی.

سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی سەرانسەری ئێران

نەمان بۆ ڕێژیمی دیکتاتۆر و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی

٢٨ی فێورییەی ٢٠١٨ی زایینی

 

 _________________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان