هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بۆچی نه‌چووم بۆ ئیسرائیل؟ كێ ویستی بمنێرێت؟

چاپکردن

barzan_hama_ali_-__K_I_-_1ئێران وڵاتێكی گه‌وره‌یه‌، به‌قه‌ولی خۆیان تا ئه‌وپه‌ڕی (سازماندهی-ئسیستخباراتییه‌)، له‌هه‌رشوێنێكدا به‌ره‌نگاریی سه‌ربازی‌و ته‌سفیه‌ی جه‌سه‌دی‌و كوشتار‌و (قتل های زنجیره‌ای) بۆ نه‌چێته‌ سه‌ر، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر گرووپی ئایدۆلۆژی‌و شه‌ڕی ده‌روونی، مێژووی شه‌ڕی خوێناوی سنه‌‌و كوشتاری كوردانی بێگوناه‌و شه‌ڕی چه‌ند مانگه‌ی پاوه‌ بخوێننه‌وه‌، له‌م قسه‌یه‌ی من تێده‌گه‌ن!

له‌ڕابردوودا ئێران بیری كرده‌وه‌ كه‌ چی بكات تا به‌ر به‌ شاڵاوی ناسیۆنالیزمی كوردی باشوور بگرێت، كه‌ له‌ دیوی باشووری كوردستانه‌وه‌ له‌ ڕێی كتێب‌و ڕۆژنامه‌‌و تیڤییه‌كانی ئه‌م دیوه‌وه‌، هه‌نارده‌ی ئه‌و دیو ده‌بوو، سه‌ره‌تا به‌توندی سه‌ته‌لایت‌و وه‌ك ده‌ڵێن ماهوه‌ره‌كانی قه‌ده‌غه‌كرد‌و ئازادی‌و ڕه‌فاهیه‌تی باشووری كوردستانی به‌مه‌ترسی زانی بۆ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌وه‌بوو ده‌ستی دایه‌ هه‌ندێ چاكسازی ئیداری‌و گروپی ئایدۆلۆژی‌و ده‌زگای (جیهادی سازندگی- ده‌زگای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌)ی نارده‌ شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌و كاره‌با‌و ته‌له‌فۆنی بۆ دووره‌ ده‌ستترین گوند‌و شارۆچكه‌ی ڕۆژهه‌ڵات نارد، له‌كاتێكدا هێشتا بۆری غازی گه‌ڕه‌كه‌كانی تاران ته‌واو نه‌ببوو، بۆری غازی هێنایه‌ شاره‌ سنووره‌یه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ڕوو به‌ باشوور، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ئیساره‌ی كوردانی خۆی پێ بكات، ئه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ هه‌ر كوردێكی مه‌ریوان‌و سه‌قز‌و سه‌رده‌شت‌و مهاباد‌و قه‌سری شیرین، له‌سه‌ر ئازادی‌و ده‌وڵه‌تی كوردستان‌و سه‌ربه‌خۆیی قسه‌ت بكردایه‌، یه‌كسه‌ر ده‌یان گوت: بڕۆ باوه‌، برق‌و گازه‌كه‌تان جوانه‌؟! ئێمه‌ به‌ لوله‌كه‌شی بۆمان هاتووه‌ته‌ به‌رده‌رگا !!

 

Israeil_-_Kurdistan_-_2017_-_bashur_1


تێكڕای ئه‌م چاكسازی‌و عیمران‌و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ سیاسییانه‌ی ئێران، ڕێگریان نه‌كرد له‌ هه‌ستی ناسیۆنالیزم‌و ئاودیوبوونی بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌ باشووره‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌وه‌بوو ئێران به‌جۆرێكی تر‌و به ‌زانستی تر هه‌وڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌ی دا، نزیكه‌ی سه‌د پسپۆڕی هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵناسی‌و ده‌رونزانی‌و سیاسی‌و ڕۆژنامه‌نوس‌و كه‌سایه‌تی دیاری بانگێشت كرد‌و داوای ئاماده‌كردنی ته‌ڕحێكی زانستییانه‌ی لێ كردن بۆ به‌رنگاربونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌، خودی ئیتڵاعات له‌سه‌ر ئاستی باڵا سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد، ئه‌و گرووپه‌ كه‌وتنه‌ كار‌و پڕۆژه‌یه‌كی زانستییان داڕشت، یه‌كه‌م شت بڕیار درا قه‌ده‌غه‌ی سه‌ر سه‌ته‌لایت‌و میدیا‌و كتێب‌و ڕۆژنامه‌كوردییه‌كانی باشوور هه‌ڵبگیرێت‌و فیلته‌ر‌و سانسۆركردنه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌، هاورده‌كردنی مه‌شرووبات له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ نیمچه‌ ئازاد بكرێن، (ستاد مبارزه‌ با مواد مخدیر- ده‌زگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ سڕكه‌ره‌كان) له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كاندا لاواز بكرێن‌و ڕێگری زۆر له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ نه‌كرێن، تاخه‌ڵكی له‌ڕووی سایكۆلۆژی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ داڕووخێنن!

واته‌ سه‌ره‌تای كار به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای باشووری كوردستان ڕوو به‌ ڕۆژهه‌ڵات ده‌ستی پێ كرد‌و ئامانجی دووه‌م به‌ پڕۆژه‌ی زانستی، كه‌م بایه‌خكردنی به‌روه‌پێشچوونه‌كانی باشوور بوو ڕوو به‌ مه‌سه‌له‌ی ناسیۆنالیزم، به‌جۆرێك كه‌ هیج كارێك نه‌كاته‌ سه‌ر كوردانی ڕۆژهه‌ڵات‌و ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ی ناسیۆنالیزمه‌ی باشوور له‌لای ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان بێ ئه‌همیەت‌و بێ نرخی بكه‌ن!

له‌و پڕۆژه‌یه‌دا، بڕیاردرا كه‌ناڵی كوردی (سه‌حه‌ر) بكرێته‌وه‌، كه‌ ئامانج لێی ته‌نیا ڕۆماڵی باشووری كوردستان بێت‌و په‌خشه‌كه‌یشی هه‌ر بۆ ئه‌وێ بێت، واته‌ له‌ڕێی ئه‌و كه‌ناڵه‌وه‌ ناشرینی‌و خراپییه‌كانی باشوور په‌خش بكرێت، مه‌سه‌له‌ن له‌سه‌ر نه‌بوونی كاره‌بای گه‌ڕه‌كێكی هه‌ولێر یان سلێمانی، ده‌یان ڕاپۆرت‌و ڕێپۆرتاژ‌و به‌رنامه‌یان ساز ده‌كرد، پاشان دۆبلاژكردنی فیلم‌و درامای ئێرانی‌و ئایدۆلۆژی بۆ زمانی كوردی‌و په‌خشكردنی له‌ ڕێی سه‌حه‌ره‌وه‌ تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ مه‌نهه‌ج‌و فه‌رهه‌نگی ئێرانییانه‌ هه‌نارده‌ی باشور بكرێت، ئاژانسی میهری سه‌ر به‌ ئیتڵاعات كه‌ به‌چه‌ندین زمانی جیهانی وه‌شان ده‌كات، زمانی كوردیشی بۆ دابنرێت (كه‌ ئێستا به‌ زمانی كوردی كار ده‌كات!)، ڕۆژنامه‌ی كوردی له‌ شاره‌ كوردییه‌كاندا له‌ژێر چاودێری (ایداره‌ ارشاد_به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕۆشنبیری) بره‌و به‌فه‌رهه‌نگ‌و ئایدۆلۆژیای ئینقیلابی ئیسلامی بدات! كه‌ ئێستا له‌ یه‌كێك له‌و ڕۆژنامانه‌ی مهاباد كاك مه‌ولود ئافه‌ند‌و سه‌دانی وه‌ك خۆی تیایدا دژ به‌ بارزانی ده‌نووسێت!!!

به‌دووایدا بڕیاردرا ژماره‌یه‌كی زۆر ڕۆژنامه‌نوس‌و لۆتی‌و هونه‌رمه‌ند‌و سینه‌ماكار‌و ڕه‌قاس‌و خه‌ڵكی جۆربه‌جۆر بنێردرێته‌ باشووری كوردستان‌و خۆیان بخزێننه‌ ناوه‌نده‌ گرنگه‌كانی میدیا‌و بڕیاره‌وه‌(ده‌زگا ئه‌منییه‌تییه‌كانی سلێمانی به‌شێكیانی به‌شه‌ق ده‌ركرد!) به‌نده‌ هه‌ندێ دارتاش‌و خه‌ڵكم ده‌ناسی كه‌ به‌ئاسایی‌و مه‌زڵومم ده‌زانین(له‌پڕ شه‌وێك ئاسایش هاته‌ سه‌ریان‌و ٢٤ سه‌عاتی بۆ دانان كه‌ ده‌رچن له‌هه‌رێم! عه‌له‌ل ئه‌ساس پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ش بوون‌و كه‌چووشنه‌وه‌ ئێران هیچیان لێ نه‌كرا) !

پڕۆژه‌كه‌ی ئێران بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی بیری ناسیۆنالیزمی باشوور بۆ ڕۆژهه‌ڵات، گرنترین پێكهاته‌كه‌یان گروپی ڕۆژنامه‌نوسان بوو، سه‌ره‌تا به‌ عیرفانی قانعی فه‌رد به‌ناوی مێژوو نووسه‌وه‌ ده‌ستیان پێ كرد‌و تا كۆشكی كۆماری‌و سكرتاریه‌تی مام جه‌لال ڕۆشت! پاشان ده‌زگای كورد ئیسرائیلیان دامه‌زراند كه‌ ئامانج لێی ڕاكێشانی ژماره‌یه‌كی زۆر ڕۆژنامه‌نوس‌و بنكۆڵ كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی‌و حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ئیسرائیله‌وه‌ بوو، هه‌موو ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ش لێدان بوو له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد‌و ئاشكرا كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد به‌ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌وه‌، ئه‌وه‌بوو چه‌ندین كاریان كرد‌و ماوه‌یه‌كی زۆر ئێڕان پڕوپاگه‌نده‌ی دژ به‌هه‌رێم ده‌كرد له‌وه‌ی كه‌ دارده‌ستی سه‌هیۆنین‌و شه‌قامی عه‌ره‌بیشی له‌دژ ده‌جووڵاند، کە هەموو زانیارییەکان هی ئەم برادرانە بوون. پاشان ئامانجێكی تری ده‌زگاكه‌ ئاراسته‌كردن‌و ئیغراكردنی ڕۆژنامه‌نوس‌و خه‌ڵكانی دیار بوون بۆ چوونه‌ ئیسرائیل‌و كنه‌ وپشكنین له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد به‌ ئیسرائیله‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ئێران زانیاری ده‌قیقی ده‌ست بكه‌وێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی كورد‌و ئیسرائیل‌و بیكاته‌ كارتی گوشار به‌سه‌ر به‌رپرسانی هه‌رێمه‌وه‌، پاشان هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی حیزبه‌ كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ ئیسرائیله‌وه‌‌و پێدانی زانیارییه‌كه‌ به‌ ئیتڵاعات، پێم وابێت ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌ڕێی كاك مه‌ولود ئافه‌نده‌وه‌ ده‌كرا، ته‌نانه‌ت به‌ڕێزیان كه‌ ئه‌وكات هاوڕێم بوون، قه‌رار بوو به‌نده‌ش بنێرێته‌ ته‌لئه‌بیب‌و وه‌ك خۆی گوتی: سێ ڕۆژ داوه‌تی(VIP) وه‌زاره‌تی خاریجی ئیسرائیل ده‌بووم، ئه‌ڵبه‌ت فیزاشی بۆ وه‌رگرتم‌و ئه‌و ڕۆژه‌ی دیاری كرابوو سه‌فه‌ره‌كه‌ بكه‌م خۆم دزییه‌وه‌ !!!!

جگه‌ له‌مانه‌ش، ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رده‌وام زۆربه‌ی ئێواران كه‌ناڵی سه‌حه‌ر بۆ زۆرترین ته‌حلیل‌و هه‌واڵ‌و ڕاپۆرتی ئێوارانیان بانگێشتی منیان ده‌كرد‌و جارێك وه‌ك (كارناسی سیاسی)‌و جارێك وه‌ك (شاره‌زای كاروباری خۆرهه‌ڵاتی ناوین)‌و هه‌ندێ جاریش وه‌ك ڕۆژنامه‌نوس لێدوانیان له‌ وه‌رده‌گرتم، له‌كاتێكدا من قه‌راره‌ له‌ڕێی كاك مه‌ولود ئافه‌نده‌وه‌ سه‌فه‌ری ئیسرائیل بكه‌م !!! پاشان من پشتم تێ کردن‌و بۆ لێدوانه‌كانی سه‌حه‌ر خویان دایه‌ هه‌ندێ ده‌مووچاوی تر !!

ئه‌وه‌بوو له‌و سه‌فه‌ره‌دا نه‌چووم، كاك مه‌ولود وا بڕیاریدا كه‌ له‌ چه‌ند مانگێكی تردا، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ڕۆژنامه‌نوس‌و كه‌سایه‌تی داوه‌تی ئیسرائیل ده‌كات‌و خۆشی له‌گه‌ڵیان ده‌چێت، كه‌چی پاش ماوه‌یه‌ك بزر ده‌بێت‌و شین‌و شه‌پۆڕی دنیامان بۆ كرد‌و ئێستاش له‌ مهاباد دانیشتووه‌ ماشه‌ڵا له‌جاران قه‌ڵه‌وتره‌‌و هه‌موو كار‌و پڕۆژه‌ی ئه‌م پیاوه‌ لێدانه‌ له‌ بارزانی‌و گه‌رمكردنه‌وه‌ی تاریخی شه‌ڕ‌و خوێنه‌كانی په‌نجا ساڵی ڕابردوو!!

پاشان پڕۆژه‌كه‌ی ئیتڵاعات بۆ رێگری له‌ فیكری ناسیۆنالیزمی باشوور بۆ رۆژهه‌ڵات، گه‌شته‌ ئه‌و قۆناغه‌ی كه‌ (سرباز های گمنام امام زمان) واته‌ هه‌مان ئه‌و مۆره‌‌و جاش‌و ئیتڵاعاتییانه‌یان ئاراسته‌ بكه‌ن كه‌ كار له‌سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی مه‌له‌فه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆی‌و كوشت‌و كوشتاری ئه‌م‌و ئه‌و بكه‌ن له‌سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول‌و هتد، تۆ ببینه‌ گه‌نجی ئه‌مڕۆ له‌ سه‌دیان دانه‌یه‌كیان نازانن (سلێمانی موعینی) كێیه‌، كه‌چی كاكه‌م دێت باسی كوشتنی سلێمانی موعینی دێنێته‌وه‌ به‌رباس بۆ تووڕه‌كردن‌و هاندانی خه‌ڵكی دژ به‌ حكومه‌تی هه‌رێم!

جگه‌ له‌وه‌ش مۆره‌‌و پیاوه‌كانیان ئاراسته‌كردووه‌ كه‌ شانه‌ی قووڵ‌و نهێنی دروست بكه‌ن له‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ ناڕازین له‌ پارتی‌و سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و حیزبه‌‌و له‌به‌رامبه‌ر بێدادی‌و ناعه‌داله‌تی گه‌نده‌ڵی ئیداریدا (کە حەقی خۆیانە تووڕەن!)و به‌حه‌ق ڕه‌خنه‌ ده‌گرن، ئه‌وان دێن ئه‌مانه‌ ته‌شویق‌و ته‌شجیع ده‌كه‌ن تا تووندتر‌و چڕتر مه‌له‌فه‌كانی نادادییان پێ بگۆڕن بۆ مه‌له‌فی سیاسی‌و ده‌وڵه‌ت‌و هتد!!

پڕۆژه‌كه‌ی ئێران له‌ بنكۆڵكردنی ڕیشه‌ی كورد له‌باشووری كوردستان‌و دامه‌زراوه‌كانییه‌وه‌، گۆڕاوه‌ بۆ شه‌ڕی ده‌روونی، ئه‌وان له‌شكرێكیان دامه‌زراندووه‌ كه‌ ئاراسته‌ی خه‌ڵكی ناڕازی بكه‌ن له‌ گۆڕانكارییه‌وه‌ بۆ ڕووخانكاری!

ئێوه‌ هه‌ركه‌سێكتان بینی، دژی بنه‌ما ئه‌ساسییه‌كانی باشووری كوردستان وه‌ستایه‌وه‌‌و بیانوه‌كه‌شی بارزانی‌و گه‌نده‌ڵییه‌كانی پارتی بوو، بزانه‌ ئاراسته‌كه‌ی ئیتڵاعاتییه‌‌و هیچ ئامانجێكی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌، ده‌نا ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی به‌چێ‌و جدی ده‌گرێت، نایه‌ت له‌داخی بارزانی دژی ئه‌منی قه‌ومی قسه‌ بكات، خۆ دیاره‌ كاك نه‌وشیروان وه‌ختی خۆی، چه‌ندین ڕۆژنامه‌نوس‌و سه‌رنوسه‌ری له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ ده‌ركرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كانیان دژ به‌ ئه‌منی قه‌ومی بوون‌و زه‌ره‌ری دا له‌هه‌رێم! مه‌گه‌ر نه‌تان بیستووه‌؟

به‌هه‌رحاڵ. كورد له‌سه‌ر سكه‌ی بوون به‌ده‌وڵه‌ته‌، ئه‌وه‌ی دژیه‌تی، یان له‌ ناڕه‌حه‌تی ژیان‌و خوێنگه‌رمی خۆیه‌وه‌یه‌تی بۆ ده‌وڵەتی باشتر‌و چاكسازتر‌و گونجاوتر، یان نه‌خێر جۆره‌كه‌ی تره‌‌و دوژمنه‌‌و ئیتڵاعاتییه‌كانه‌‌و له‌ مهاباده‌وه‌ دانیشتوون قه‌ڵه‌و قه‌ڵه‌‌و باسی دیموكراسی بۆ باشوور ده‌كه‌ن‌و تمه‌نی شه‌رمه‌زاری له‌پێیدا وه‌رده‌گرن! ده‌نا كوردی دڵسۆز چه‌نده‌ش ڕه‌خنه‌ بگرێت‌و ته‌نانه‌ت تووڕه‌ بێت، ده‌ڵێت: هه‌م ده‌وڵه‌تم ده‌وێت‌و هه‌م به‌شه‌ق ده‌بێت چاكسازیش بكرێت‌و ژیانیشم له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا ماقووڵ بێت، نه‌ك وه‌ك مۆره‌كانی ئیتڵاعات خه‌ڵك فێر بكه‌ن: مادام بارزانی خراپه‌ ده‌وڵه‌تتان نه‌وێت، نه‌خێر بارزانیش ته‌مێ ده‌كه‌ین‌و ملكه‌چی ده‌كه‌ین‌و ده‌وڵه‌تیشمان ده‌وێت!!

تێکڕای ئەو کوردانەی ڕۆژهەڵات کە لەباشووردان، وڵات وڵاتی خۆیانە‌و وەک هەر کەسێکی تر مافیان هەیە بەشداری زارەکی‌و کردەیی لە ئایندەی باشووری کوردستاندا بکەن.

هەموو ڕەخنەکانیشیان بەجێیە‌و زۆرینەشیان لە هەموو کوردێکی بەشەکانی تر دڵسۆزانەتر‌و ماقووڵانه‌تره‌، به‌ڵام زۆرینه‌ی زۆری ئه‌و كوردانه‌ی كه‌ له‌ شاره‌كانی مهاباد‌و سنه‌‌و سه‌قز‌و كامیاران‌و قروه‌‌و بیجار‌و كرماشان‌و مه‌ریوان‌و دێگوڵان‌و بۆكان‌و سه‌رده‌شت‌و هتده‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ بارزانی‌و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گرن، ئه‌وانه‌ی جنێو ئه‌ده‌ن‌و هێرش ده‌كه‌ن‌و مه‌له‌فه‌كانی تاریخی شه‌ڕی ناوخۆی سه‌رده‌می ئه‌یلول هه‌ڵ ئه‌ده‌نه‌وه‌، تێكڕایان ئیتڵاعات ڕایسپاردوون‌و هیچ ئامانجێكی ڕه‌خنه‌ی‌و بونیادنانیان نییه‌‌و له‌پێی ئه‌م كاره‌یاندا به‌چه‌رده‌ تمه‌نی ڕیسوایی وه‌رده‌گرن!

بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌مڕۆ ڕەخنه‌كان جیا بكرێنه‌وه‌‌و پۆلێن بکرێن، جۆرێکیان گۆڕان‌و پارتی لەیەکتری دەگرن، چونکە ئەوان ململانێی سیاسییان هەیە. جۆرێکیان بەشی زۆری خەڵک دەیگرن، چونکە ناڕەزایەتیان لە گوزەرانی خراپی خۆیان هەیە. جۆرێکیان پەکەکەییەکان دەیگرن، چونکە لۆژیک‌و فیکر‌و ئایدۆلۆژیای خۆیان هەیە‌و لە بەرنامەی هەموو کەس پێیان باشترە. جۆرێکیشیان ئەو کەسەنانە دەیگرن کە نە ململانێی سیاسییان هەیە، نەگوزەرانیان خراپە، نە مەبدەئیان هەیە‌و نە ئامانجیشیان ئەوەیە شتێک چاک بکەن. بەڵکو تەنیا بەپارە ئاراستە دەکرێن! بەگشتیش، هەموو ئەم جۆرانەی ڕەخنە‌و ململانێ ئاسایین‌و پێکهاتەی کۆمەڵگەی سروشتی پێک دێنن!

بەڵام یەک جۆر ڕەخنە هەیە، کە هەرگیز قەبووڵ نییە‌و تەنیا ئامانج لێی پرۆسەی هەواڵگری(استخبارات/ سازماندەای)یە‌و دەزگاکان ڕایان دەسپێرن بەو جۆرە خەڵک ئاراستە بکەن! دەزگای ئیتڵاعات یەکێکە لەو دەزگایانەی کەسەدان‌و هەزاران مۆرە‌و جاسوسی له‌ باشووردا چاندووه‌‌و گه‌نجی داماو‌و خێر له‌خۆنه‌دیو تووڕه‌ ده‌كه‌ن تا ئامانجه‌كانی خۆیان به‌دی بێنن كه‌ سه‌ر شۆڕكردنی كورده‌ به‌گشتی!

 ___________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 

 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان