هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

جاسووسان، دۆڕانی پژاك

چاپکردن

iran_-_pjak_-_jasosan

بەشی یەكەم :

ئەوەیكەی ئێمەی كورد خاوەنی حافزەیەكی مێژوویی كورتین بە ڕای من هیچ درۆ نیە و ئەوەیكە هێشتا كۆمەڵگای ئێمە لە سەر بنەمای هەست نەك عەقڵ بو مەسەلەكانیش دەڕوانێت دیسانەوە بە داخەوە راستیەكی حاشاهەڵنەگرە. هەر بۆیەش بەردەوام تووشی هەڵە دەبین و لە هەر كات و ساتێكی زەمەنیدا هەڵەكانی دوێنێمان دووپات دەكەینەوە و قەت هەڵەكانیشمان ناكەینە وانەیەك بۆ داهاتوومان. كەوابوو مەحكوومین بە ئەوەی كە هەنووكە هەین، واتا ژێر دەست و بەردەوام دۆڕاو.

"خەبات تەنیا لە قەندیلە!! تەنیا هێزی شۆڕشگێر و خەباتگێڕی گۆڕەپانی خەبات پژاكە!!! پژاك هەڵەكانی هێزە كلاسیك و نەریتیەكان دووپات ناكاتەوە!!! پژاك حیزبیكی خاوەن ئیرادە و سەربەخۆیە!!! " و دەیان تۆمەت و قسەی ناڕەوای دیكە خرایە پاڵ هەموو ئەو كەسایەتی و لایەنانەی كە وەكوو پژاك و لایەنگرانی یان بەواتایەكی راستەقینە وەكوو پ ك ك و لایەنگرەكانی بیر ناكەنەوە. بۆ؟ لە بەر ئەوەی ئەو رێباز و میتۆدە هەڵەیە كە ئەوان هەڵیان بژاردووە دەبوا هەموو كەس بێ ئەوەی بیری لێ بكاتەوە، بێ ئەوەی بزانێت راستە یان دروستە، بێ ئەوەی بزانێت قازانجی بۆ گەلی كورد هەیە یان نا، بێ ئەوەی بزانێت ئاكامەكەی دەسكەوتێكی هەیە یان نا، هەڵیبژێرێت و ئەویش تەنیا ئەوەی كە لە رێگەی مەكتەبی ئایدۆلۆژیكی ئەوانەوە دەهاتە دەرێ دووپاتی بكەنەوە.

تەنیا دووپاتی بكەنەوە چونكە ئەوەیكە ئەوان دەێڵێین راستیەكی پەتیە و شتەكانی دیكە هەمووی ....

خەبات!؟

ئێمە پێناسەیەكی كورت لە مەڕ ئەم چەمكە دەكەین بۆ ئەوەیكە باسەكەمان پەرە پێ‎بدەین. خەبات واتا" هەوڵدان و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریكراو".

لە ئابووریدا چەمكێك هەیە بە ناوی تێچووی دەرفەت"هزینە فرصت"، ئەمەش بەم واتایەیە كە ئەگەر هەزینەیەك دەكەیت دەبێت شتێك بە دەست بێنیت، ئەگێنا تۆ تووشی هەڵە بوویت. بۆ نموونە لاوێك كە لە هێندێك خۆشی و سەیرانی خۆی چاوپۆشی دەكات و دەرس دەخوێنێت تا بڕواتە زانكۆ لە بەرانبەر چاوپۆشی لە خۆشی و سەیرانەكەی رۆیشتن بۆ زانكۆ وبە دەستهێنانی زانست و دەرجەیەكی زانستگایی بە دەست دەهێنێت.

شەڕی قەندیل!!! بەرخۆدان یان دۆڕان ـ كە بە ڕای من دۆڕانێكی بە تەواو مانا بووـ ئێمە بەرەڕووی ئەم پرسیارە دەكاتەوە كە ئەو خەباتەی كە پژاك بانگەوازی بۆ دەكرد بۆ كام ئامانج بوو؟ و هەروەها ئەو هەموو تێچووە كە بۆی درا بۆ بەدەستهێنانی چی بوو؟ بەو دوو پێناسەی سەرەوە دەمانهەوێت ئاوڕێكی بچووك لە "حیماسەی قەندیل!" بدەینەوە.

من لە گەڵ ئەوەدا نیم كە كۆماری ئیسلامی لە خۆڕا هێزێكی زۆری بۆ قەندیل وەڕی خست. لەمبارەوە زۆر وترا و زۆریش نووسرا بۆ نموونە: مەبەسەتی سەرەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، هەروەها ئەگەری حزووری ئامریكا لە سەر سنوور و ئامادەبوونی هێزەكانی ئێرانە لەوێ، بوونی ئێران لە قەندیل و سەر سنوور و پێوەندی ئەم بوونە لە گەڵ دۆخی ناوخۆی سووریە و ....

ئەوەیكە لێرەدا بۆ ئێمە و باسەكەی ئێمە گرنگە ئەمەیە كە بێگومان كۆماری ئیسلامی پێویستی بە بیانوویەك بوو كە رەوایی بەم حزوورەی خۆی بدا. من لە گەڵ ئەوەدا نیم و نامهەوێتیش رەوایی بە جینایەتەكانی كوماری ئیسلامی بدەم و بۆ هەمو كەسیش و بە تایبەتی ئێمەی كورد، چییەتی و سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی روون و ئاشكرایە، بەڵام باس لە رەوایی‎دان بە جینایەتەكانی كۆماری ئیسلامیە. تەق و پۆقە بێ ئاكامەكانی پژاك و كوشتنی سەربازە كوردەكانی هێزی ئینتزامی و ئۆپۆراسیۆنە بێ مانا و بێ مەبەستەكانی پژاك، بەستێنەخۆشكەر و فاكتی دانی ئەم رەواییە بوون.

كۆماری ئیسلامی پێویستی بە بیانوویەك وەك پژاك بوو بۆ هێرش بۆ سەر قەندیل! بەڵام ئەگەرواقعبین بین دەزانین كە پژاك بە ناو شەڕی رەوا و بەرگری رەوا 8 ساڵە لە رۆژهەڵاتی كوردستانی ئۆپراسیۆن دەكات، كەوابوو پژاك ئەكتەر و بكەری گۆڕەپانی شەڕی چەكداری لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەم ماوەدا بووە و كۆماری ئیسلامی دەتوانێت كردەوەكانی خۆی بە پەرچەكردار و بەرگری لە خۆی بۆ سەقامگیریی ئاسایشی ناوخۆیی خۆی پێناسە بكات كە دەیكات و لە عورفی نێونەتەوەیی و لە لای بیروڕای گشتی نێوخۆیی و جیهانیەوە رەوایی پێ‎بدرێت. بەڵام ئەگەر بێ‎لایەن چاوی لێبكەین ئەوە پژاك بوو كە كۆماری ئیسلامی پەلكێش كرد بۆ سەر سنوور و جاسووسان و قەندیل.

حیماسەی قەندیل دەسكەوتی چی بوو؟

12 سێپتامبر 2011 ـ رۆژهەڵات تایمز ـ ئەحمەد نیز بەرپرسی پێوەندییەكانی پ ك ك:" چۆڵكردنی سنوور لە لایەن ئێمەوە لە قازانجی هەرێمی كوردستان نیە (بەرژزەندی نەتەوەیی). ئێران دەیهەوێت بە هەر شێوەیەك شاخی جاسووسان و حاجی برایم چۆڵ بكرێت، چونكە بە چۆڵكردنی ئەو دوو شوێنە ئێران بە تەواوی دەتوانێت هەرێمی كوردستان كونترۆل بكات" ( رۆژنامەی رووداو).

26ی خەرمانان سەرهەنگ دلاوەر رەنجبەر زادە فەرماندەی سپای پاسداران لە سەردەشت كە دوو جار ناوی وەكوو كوژراو بڵاو كرابووەوە، دەڵێت" هێرشیان كردووە سەر شاخی جاسووسان و بێ بەرگری توانیویانە ئەو شاخە بخەنە ژێر كونترۆڵی خۆیان". مونزۆز بوتان(NNSROJ) ئەو قسانەی رەتكردبووە و وتبووی ئێمە لەو رێككەوتەدا هیچ شەڕێكمان نەكردووە.

بەڵام ئایا ئەو شاخە پێشكەش بە كۆماری ئیسلامی كرا لە لایەن خودی پژاكەو و ئەو شوێنانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێ كونترۆڵ دەكرێت درا بە كۆماری ئیسلامی؟

دوكتور سەید خان یەكێك لە بەرپرسانی پژاك باسی لە وتوێژی نێوان پژاك و سپای پاسداران و رێككەوتنی نێوانیان كرد. دواتر رۆژنامەی هاووڵاتی (14/10/1/2011) وتی تا ئێستا دوو جار كۆبوونەوە كراوە، جارێك لە خاكی هەرێم و جارێكیش لە خاكی ئێراندا بووە").

ئاكامی ئەم دوو دانیشتنەش پێشكەش كردنی شاخی جاسووسان بە كۆماری ئیسلامی و راگرتنی شەڕی چەكداری تا ماوەیەكی نادیار و ... .

پژاك چی دەسكەوت؟

وتمان خەبات واتا هەوڵدان و تێكۆشان بۆ ئامانجێكی دیاریكراو. هەر وەها باسی تێچووی دەرفەتمان كرد. ئامانجی دیاریكراوی پژاك كامە بوو؟ خۆ بۆ رووخاندنی كۆماری ئیسلامیش تەقەیان نەكردبوو( حاج ئەحمەدی، پارتەكەی بە هیچ جۆر دروشمی رووخاندنی كۆماری ئیسلامی هەڵنگرتووە. رووداو).

رۆژ وڵات، ئەندامی پێوەندییەكانی كۆما جڤاكین كوردستان (هاووڵاتی، راپۆرتی دانا رەزگەیی،14/10/2011) رێككەوتنی نێوان ئێران و پژاك بۆ خزمەتی كورد بووە.؟

شەڕی پژاك بۆ خزمەتی كوردە، بە كوشت دانی خەڵكی سڤیل و لاوی تێكۆشەر بۆ خزمەتی كوردە؟ رادەست كردنی چیاو شاخی كوردستان و هەرچی زیاتر میلتاریزە كردنی كوردستان و هێنانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر سنوور بۆ خزمەتی گەلی كوردە؟

پارادۆكسی قسەكانی ئەحمەد دنیز و رۆژ وڵات جێی تێڕامانە.

دەمێكە تەقە و تۆپبارانی سەرسنوور لە لایەن كۆماری ئیسلامیی و پژاكەوە راگیراوە و كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنەكەی نێوانیان یان دەتوانین بڵێین بۆ رێككەوتنی نێوان پ ك ك و سپای پاسدران، چونكە خودی گریلاكانی پژاكیش دەزانن كە ئەوان گریلای پ ك ك ن نەك و وەهمێك بە ناو پژاك كە تەنیا لە دەروەی جیهانی واقیع بوونی هەیە.

بەڵام " حیماسەی قەندیل" چی تێدابوو كە هەموو كەس تۆمەتبار بە خیانەت كرا و تەنیا قارەمانی ئەو گۆڕەپانە پژاك بوو، بێجگە لە زۆرتر هەستیار كردن و ئەمنیەتی كردنی كوردستان و دابەزاندنی ورەی خەڵكی كورد.

* ئەم بابەتە درێژەی دەبێت و لە داهاتوودا باس لە هێندێك هەڵویستەكانی بەرپرسانی پژاك و .. دەكەین.

 

_________________________________________

تێبینی‌:

ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"

1ــ له‌ به‌رامبه‌ر نێوه‌ڕۆكی‌ هیچ بابه‌تێك به‌رپرسیار نیه‌‌و نووسه‌ری‌ بابه‌ت به‌رپرسه‌ له‌به‌رامبه‌ر بابه‌تی‌ خۆیدا‌

2ــ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و بابه‌تانه‌ به‌ هێنانی ناوی سه‌رچاوه‌ یان له‌سه‌ر ئیزنی‌ نوسه‌ر ئازاده

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان