ئەم کورتە نووسینەی من باسێکە لەسەر کوردو لاوازیی کورد لە گرتنی پێوەندیداو هەنگاوەکانی ئەم دواییانەی حیزبی دێموکرات بۆ گرتنی پێوەندی بە وڵاتانی وەک عەرەبستانو ئیسرائیلەوە .
دیارە ئەو هەنگاوەی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەوەی هەنگاوێکی نوێیە لە پێوەندی لەگەڵ شێوەی کاری حیزبە کوردییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوکات باس خوڵقێنیشەو گومان لەوەدا نییە کە رای جیاوازی لەسەر دەبێ.
ئەو هەنگاوەی حیزبی دێموکراتو هەنگاوەکانی دیکەی ئەو حیزبە، وەک بڕیاردان بۆ چوونەوە سنوورەکان، راگەیاندنی پەیامی نەورۆزانەی " راسان" لە زمان سکرتێری حیزبەوەو روبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی رێژیمی ئێرانو راگەیاندنی روونی حیزب لە پێوەندی لەگەڵ تێکدانی "امنیت" ی رێژیمی ئێران، بوونەتە وێردی سەر زاری هەموو خەڵکو لە ئاکامی ئەو جموجوڵەدا گۆرەپانی سیاسیی ئێرانو کوردستان کەوتۆتە بارودۆخێکی تایبەتەوە.
نێوەڕۆک:
لاوازترین بەشی کاری نەتەوەی ئێمە وەک کورد، ئەوە بووە کە لە پێوەندی گرتنەکانماندا لە گەڵ خەڵکی جیهان، لاواز بووینە. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بووبێ کە هەر لە سەردەمی پاش روخانی دەسەڵاتی مادەکانەوەو روکردنە چیاکانو سەر دانەنواندن بۆ ئەوانەی ویستوویانە داگیرمان بکەن، رێچکەیەکی وامان دابێتە بەر کە لە هەموو کەس دووری بگرینو گومانمان هەبێ لە دەوروبەرمان.
لە گەرمەی بگرەو بەردەو شەڕو ئاشتیو گۆڕانی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ناوچەکەدا، خاکو خەڵکی ئێمە بەردەوام لە بەردەم هەموو هێرشەکاندا بوونەو بارودۆخی ئێمە لە نێوەڕاستی بەربەرەکانێکاندا هەڵکەوتووە. بەو مانەیە کە لەو نێوانەدا هەردەم دوو لایەن یان لایەنەکانی جەنگێکی تایبەت لە ناوچەکە، ویستوویانە ئێمە بۆ قازانجی خۆیان لە دژی لایەنی بەرانبەر بەکاربێنن.
جەنگی عوسمانیو سەفەوییەکانو پاش ئەوان، جەنگی نێوان بریتانیاو تورکە لاوەکان، هەروەها زۆر نموونەی دیکە کە دەتوانرێ وەک فاکتی مێژوویی باسیان لێوە بکرێو وەک بەڵگە بهێنرێنەوە لە نموونەی ئەو کێبەرکێیانەن کە ئێمە لەوێدا قوربانی بووینە.
ئەوان (دوژمنانی کورد) لە پاش هاتنە ناوەوەی هێزە زلهێزەکانی جیهانیش بۆ ناوچەکە، زیاتر هەوڵیان داوە ئێمە لە ناوەندی دەسەڵاتو لە نزیکبوونەوە لەو لایەنانە دوور بخەنەوەو نەهێڵن کە تۆڕی پێوەندییان لەگەڵ دروست بکەین. گەورەترین لاوازیی شێخ عوبەیدوڵای شەمزینان، شێخ مەحموودی حەفید، سمکۆی شکاکو تەنانەت پێشەوا قازیش لەوەدا بووە کە خاوەن تۆڕێکی پێوەندیی بەهێز نەبوونە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی دەخیل لە کێشەکانی ئەو ناوچەیە. بەردەوام بە ناوی دینو باوەڕو دواتریش لە ژیر ناوی ئیدئولوژیدا کورد ناچار کراوە بە گوێرەی گوشارێک کە بەسەریدا سەپاوەو کردوویانە بە کولتوور بۆی، هیچ پێوەندییەک نەگرێ لەگەڵ دەوروبەری. بەردەوام گرتنی پێوەندی بۆ کورد، بڤە بووە، حەرام بووە، خیانەت بووە، ئەو ەلە کاتێکدایە کە هەر خودی دەسەڵاتدارانو داگیرکارانی وڵاتی ئێمە، هەبوونی هەموو شێوە پێوەندییەک لەگەڵ شاو شەیتان بۆیان رەوا بووە.
کولتووری تێگەیشتن لە جیهان، بە فێربوونی گرتنی پێوەندی لەگەڵ جیهان دروست دەبێ. جیهانی ئەمڕۆ جیهانێکە کە تۆڕە پێوەندییە جاڵجاڵۆکەییەکان هەموو گیانیان تەنیوە. مرۆڤ بە بێ یەکدی ناژیو زانست ئەو پێوەندییەی بەربڵاوتر کردووە. کوردیش وەک هەر گەلێکی دیکە دەبێ دەوروبەری خۆی بناسێ، دیالۆگ بکاتو خۆی لەو مەیدانەشدا تاقی بکاتەوە. ئیدی نابێ گرتنی پێوەندی بۆ کورد وا بێ کە سرومی بۆ هەڵواسرابێ. کورد خۆی مافی ئەوەی هەیە دەستی بە سەرچاوە سەرەکییەکەی پێوەندی بگاتو لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەکاری بێنێ.
لە سەردەمانی دێرو نوێوە، لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کە بەرژەوەندیی نەتەوەو وڵاتەکان دیاری دەکەن، تەنانەت لە کاتی جەنگی نێوان دوو وڵاتیشدا ، تولە رێگەیەکی پێوەندی، کوێرە رێگەیەکی بەرژەوەندی هەردەم هێڵدراوەتەوەو هەموو پردەکانی پشت سەری نێوان ئەو لایەنانە نەڕوخێنراون. نوێترین نموونە، پێوەندیی نێوان روسیەو تورکیەیە.
سیاسەت خۆی لە خۆیدا هونەرێکی مومکینە کە زۆر لە مەحاڵەکان لەنێو دەباتو لە پێناو خزمەت بە ئیدارەکردنو بەڕێوەبەریی مرۆڤایەتیدا دەبێتە ئامرازێک بۆ درێژەدان بە ژیان. سیاسەت دیالۆگی پێکهێناو بلۆکەکانی رۆژئاواو رۆژهەڵاتی بە یەکدی گەیاندووە لە رابردوودا. سیاسەتو بیری بەڕێوەریو فرە رەنگیو فرە باوەڕی جەوهەری تێگەیشتنی مرۆڤە لە مێژوو بۆ ئەوەی بە رەنگە جیاوازەکانەوە بتوانن پێکەوە بژینو رەچاوی مافەکانی یەکدی بکەن.
سیاسەتو دیالۆگ وەک رێگە چارەی سەرەکیی مرۆڤ بۆ درێژەدان بە ژیان، تەنانەت دینە جیاوازەکانیشی لە یەکدی نزیک کردۆتەوەو تولێرانسی لە نێوانیاندا دروست کردووە.
کورد ئەبێ لەو خاڵەدا خۆی زیاتر پێبگەیەنێو لە لێکدانەوەی ئەو چەمکانەدا تووشی هەڵە نەبێ. چوونە نێو دیالۆگ لەگەڵ هەر وڵاتو لایەنێک خاڵێکی نەک هەر ئاساییە، بگرە زۆریش پێویستە. ئەوەی کورد ئەبێ وریای بێ، ئاکامەکانی دیالۆگە. هەربۆیە پێویستە هەوڵ بدات لەو دیالۆگو نزیکبوونەوانە نەترسێو ئاگای لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بێو بزانێ کە چۆ ن کایە دەکات.
ئاکام:
کورد ئەبێ رێگەی نوێو شێوە خەباتی نوێ لە ئاستی نێوخۆییو دەرەوەدا تاقی بکاتەوە. لەو پێوەندییەشدا رێبەریی حیزبی دێموکرات بە بوونی خوێندنەوەی دروستو پێشوەخت بۆ کاریگەریی هەنگاوە نوێیەکانیو دەنگدانەوەو رەنگدانەوەی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستانیو ئێرانیدا، بڕیاری ئەوەی داوە لە پێناو بردنە پێشی دۆزی رەوای کورد لە رۆژهەڵات لەگەل هەر لایەنێک کە باوەڕی بە مافەکانی گەلەکەی هەیە، بکەوێتە دیالۆگەوە.
سیاسەت ئامرازێکی بەهێزە کە کورد پێویستە دروستو بە گەڕانەوە بۆ جەوهەری ویستەکانی خۆی بیخاتە گەڕو چیدی لە داواکردنی مافەکانی خۆیو پێناسەدان بە خۆی شەرمێون نەبێ.
نەتەوەی ئێمە وەک گەلێکی سەربەخۆ لە پێکهاتەو بوونایەتیدا، بۆی هەیە وەک هەموو گەلانی دیکە، بە دوای دۆستی نوێدا بگەڕێو راستەوخۆ بچێتە نێو کایەکانەوە نەک لە رێی خەڵکو لایەنو رێکخراوو وڵاتی دیکەوە.
---------------------------------------------------------------------------------------------------
تێبینی:
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ له رێگهی فهیسبووكهوه ئێره كلیك بكه
