هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

سیستەمی ئیسلامی‌و ئازادی ڕۆژنامەگەری!

چاپکردن

abdolrahman_-_nawcha_3ڕاگەیاندن بەمانای جێگایەک یان شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوە‌و پەخشکردنی هەواڵ‌و بابەتی جۆراوجۆر‌و هەمەڕەنگی ڕۆژنامەنووسی. ڕاگەیاندکار یاخود ڕۆژنامەنووس وەک ئەرکی پیشەیی خۆیی پێویستی بەوە هەیە کە ئازادی ڕادەربڕین‌و ئازادی وەرگرتنی هەواڵی هەبێت چ لە ناو خەڵک بێت یان لە ناو سەرجەم دامودەزگاکان‌و فەرمانگەکانی حکومەت‌و دەوڵەت بێت، لە گەیاندنی هەواڵ‌و کێشە‌و گرفت‌و ڕووداو‌و بابەتە هەمەچەشنەکان بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە‌و بیگەیەنێتە خەڵکی کۆمەڵگاکەی، بە هەبوونی ئازادی ڕاگەیاند کار‌و ئازادی ڕادەربڕین خودی ڕاگەیاندکاران‌و ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵی کاریگەر‌و بەرچاویان دەبێت لە چارەسەری کێشە‌و گرفت‌و قەیرانەکانی کە بە هەر هۆیەک بێت بەرۆکی وڵات‌و کۆمەڵگاکەی دەگرێت، کاتێک ئازادی هەبێت ڕۆژنامەنووسان‌و ڕاگەیاندکاران‌و شارەزایان‌و پسپۆڕانی بوارەجیاجیاکان ئەتوانن ئەلتەرناتیڤ‌و ڕێگا چارە‌و نەخشە ڕێگا دروست‌و جیاواز پێشکەشی خەڵکی کۆمەڵگاکەی بکەن. بەڵام لە ژێر سیستەمێکدا کە ئازادی ڕاگەیاندکار‌و ڕۆژنامەنووسان‌و ئازادی ڕادەربڕین‌و سەرجەم ئازادی یەکان یاساغ‌و قەدەغە دەکات ئەوا ئەو سیستەمە هەموو هەنگا‌و هەوڵەکانی بۆ کۆیلەکردنی ڕۆژنامەنووسان‌و ڕاگەندکاران‌و تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگایە، لەو کاتەدا لە کاتی هەبوونی کێشە‌و قەیران لە کۆمەڵگادا لە جیاتی چارەسەر پێچەوانە دەکەوێتەوە هەنگاو بە هەنگاو قۆناغ‌و جۆری کێشە‌و قەیرانەکان دەگۆڕدرێت بۆ قەیرانی سیستەم. هەروەک ئێستای سیستەمی دەسەڵاتی دەوڵەتەئیسلامی یەکان، لەوانە کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە درێژایی دەسەڵاتی هەموو هەنگاو‌و هەوڵێکی داوە بۆ داپۆشینی قەیران‌و کێشەکان لە ڕوویی جیهانی مڕۆڤایەتی‌و چارەسەر نەکردنی کێشە‌و گرفت‌و قەیرانەکانی ناوخۆیی ئێران، بەردەوام کەسانی سیاسی‌و ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی سەرکوت‌و زیندانی کرووە‌و ئیعدام کرووە، بەتایبەت ئەو سیاسی‌و ڕۆژنامەنووسانەی کە نەترسانە‌و لێهاتوانە کۆڵیان نەداوە لە کاری پیشەیی خۆیان لە پێناوی پێشکەوتن‌و باشتر کردنی ئایندەی کۆمەڵگایی ئێران. لە کاتێکدا خەڵکی کوردزمان لە سەرجەم وڵاتانی جیهان یادی ۱۱۸ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکاتەوە کە ۱۱۸ساڵ لەمەوبەر یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی بەناوی کوردستان لەلایەن میر جەلادەت میقداد بەدرخان لە شاری قائیرە لە وڵاتی میسر بڵاوکردەوە. وێڕایی گەرمترن پیرۆزبایی لەڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لەسەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کورد دەکەم کە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدان‌و بەردەوامن لە کاری ڕۆژنامەنووسی.

 

iran_-_qalam_-_rahman_-_2

 

لەهەمانکاتدا ئەبێت سەرجەم ئازادیخوازان‌و ڕۆژنامەنووسانی جیهان ئەوەبزانن کە بە هۆی نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین‌و ئازادیی کار‌و پیشەیی ڕۆژنامەنووسی لە ژێر سایەی سیستەمی دەوڵەتی کۆنەپارێز‌و کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران دا ئەرک‌و کاری ڕۆژنامەنووسی گەلێک سەخت‌و دژوارە بەڕێوەچونی یاسادژە بەشەری‌و کۆنەپەرستەکانی سیستەمی ئیسلامی وڵاتی ئێران بۆتە جەهەنەمێک بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخواز‌و یەکسانی خواز‌و چالاکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگییەکانی ئێران بەگشتی‌و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، هەنووکە دەیان نووسەر‌و ڕۆژنامەنووس‌و چالاکوانی سیاسی‌و مەدەنی لە بەندینخانەکانی ئێراندا بەندکراون‌و لە سەرەتایی ترین مافی ئینسانی بێ بەشکراون‌و زۆر بەخەراپی ژیان تێدەپەڕێنن. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی بێ سنووری جیهانی ئازادی ڕاگەیاندن لە ساڵی ۲۰۱٦، کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ڕوانگەی ئەم ڕێکخراوەیە یەکێک لە (٥) زیندانی گەورەی چالاکی بواری ڕاگەیاندن لە ئاستی جیهانە، لەو پلەبەندێشدا ئێران لە ڕیزی ۱٦۹ی ئازادی ڕاگەیاندایە. هەروەها کۆمیتەی داکۆکیکار لە ڕۆژنامەنووسان(c p j) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە لە تازەترین ڕاپۆرتی دا ڕیز بەندی ئەو وڵاتانەی بڵاوکردۆتەوە کە سانسۆری زۆر توندییان خستووەتە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن. لەڕاپۆرتەکەدا بڵاوکراوەتەوە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران زەخت‌و گوشاری زۆری خستووەتە سەر ڕۆژنامەنووسان‌و یاسای زۆر توندی سەبارەت بە سانسۆر خستنە سەر چاپەمەنییەکان گرتۆتە بەر. لەڕاپۆرتی کۆمیتەی داکۆکیکاردا هاتووە، ئێران لەناو ڕیزبەندی ئەو ۱۰ وڵاتانەدایە کە بە بەردەوامی سانسۆریان خستووەتە سەر میدیاکان‌و میدیای ئازادیش لە ئێران بوونی نی یە‌و هەتا ئێستاش ئێران بەزیندانی گەورەی ڕۆژنامەنووسان ئەژمار دەکرێت. پێشتریش ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردبووەوە، کە وڵاتی ئێران بەیەکێک لە پێنچ ٥ بەندینخانەی گەورە بۆ ڕۆژنامەنووسان دێتە ئەژمار‌و ئێستا زیاترلە ٥۰ ڕۆژنامەنووس لە بەندیخانەکانی ئێراندان. لە سایتی ئاوێنەدا بڵاو بۆتەوە، کە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێران باسیان لە دەستبەسەر کردنی (سەبری حەسەن پور) بەڕێوەبەری کەناڵی سیمای ڕەهایی کردووە، کە بۆ سەردان‌و چاوپێکەۆتنی بنەماڵەکەی گەڕابووە ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنێیەکانەوە دەستگیرکراوە، نازانرێت بۆ کوێ گوێزراوەتەوە، ماوەیەک پێش ئێستا (نازک ئەفشاری) فەرمانبەری باڵوێزخانەی فەرەنسا لە تاران لە سەرەتایی مانگی ڕەشەممەی ڕابردوو لە فڕۆکەخانەی خومەینی دەستبەسەر‌و بۆ زیندانی ئیڤین ڕاگوێزرابووە. لە ساڵی ۲۰۱٥ بە بڕیاری ئیتڵاعاتی سپای پاسداران بە چەندین هەڵسوڕاوی لاوان‌و ژنان‌و سیاسی‌و چالاکوانی مەدەنی‌و ڕۆژنامەنووسان دەسبەسەر کراوون‌و زۆر بەیان حوکمی قورسیان بۆ بڕیونەتەوە. لەکاتێکدا ئەم بڕیار‌و حوکمانە دژایەتی تەواو لەگەڵ بەندی ۱۹ ی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ‌و مادەی ۱۹ پەسندکراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مەدەنی‌و سیاسی زانیوە کە ئێران بۆ خۆی ئیمزای کردووە. لە ئێران ڕۆژنامەگەری‌و پیشەیی میدیایی یەخسیر‌و زنجیرکراوە، کار بەدەستان‌و لێپرسراوانی ڕژێمی کۆنەپارێزی ئیسلامی ئێران هەموو هەوڵێک‌و کارێک ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان‌و ڕاگەیاندکاران کۆیلەو دەستەمۆبکەن. هەر بۆیە کاری ڕۆژنامەگەری لە ئێراندا بەگشتی‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی زۆر سەختر کرووە، هیچ بڵاوکراوە‌و ڕۆژنامەیەک نابیندرێت لە ناوخۆیێ ئێران کە بە زمانی کوردی چاپ بکرێت وئازادانە بڵاوبکرێتەوە‌و تێیدا باس لە کێشە‌و گرفتی ڕۆژانەی خەڵک‌و کێشە‌و داواکاری کوردانی تێدا بڵاوبکرێتەوە. ئەوە بڵاوکراوانەشی کە لەلایەن حیزب‌و ڕێکخراو وهێزە ئۆپۆزیسیۆنی یەکانی بڵاو دەکرێنەوە‌و لە ڕێگای لایەنگر‌و هەوادارانیانەوە لە ناوخەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێران ئەو کەسانەی کە بڵاوکراو ڕۆژنامەیەکیان پێ دەگیرێت ئەوا هەموولایەک باش دەزاندرێت باجی زۆرقورس دەدە هەر لە زیندانیکردن‌و سوکایەتی پێ کردن‌و ئەشکەنجەدان‌و هەتا لە سێداران‌و ئیعدام کردنیش، بەڵام هەبوونی ڕوحێتی زۆری شۆڕشگێری‌و فیداکاری خەڵکی کورد‌و خەڵکی ئێرانە کە بەردەوامی دەدات بە هێز‌و حیزبە شۆڕشگێر‌و ئازادیخوازەکان کە زیاتر‌و باشتر کاربکەن بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران‌و دامەزراندنی سیستەمێکی سیکۆلار‌و ئازاد‌و مەدەنی. 

 

 ---------------------------------------------------------------------------------------------------

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌

 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان