هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

تراویلکەی دێمۆکراسی

چاپکردن

omer_-golamelei_-_web_logoدوابەدوای دەست بەسەر بوونی شۆرشی گەلانی ئێران لە لایەن توێژی خۆ سەپێنی پێڕەوی ویلایەتی فە‌قیهه وە‌و سەپاندنی ناوی بێ نێوەڕۆکی"کۆمار"ی ئیسلامی بە حکوومەتەکەیانەوە، ئەو تابۆیە لە بوومەلێلی خەونەکانی خەڵکی ئێران دا تا دێ بزر‌و کاڵتر دەبێتەوە.

حکوومەتی بن دەستەواژەی داتاشراوی "کۆماری ئیسلامی" لە نزیک بە چوار دەیە دەسەڵاتی دا گومانی لەوە دا نە هێشتۆتەوە کە هیچکام لە ماف‌و ئازادییە کانی تاک‌و کۆی ئەم کۆمەڵگا ڕەنگاڵەیە دەرەتانی دەستەبەر بوونیان بۆ ناڕەخسێ.

هەر لە جڵەو کرانی ئامانجەکەکانی شۆڕشەوە،پاوانخوازی‌و سەرە ڕۆییەکانی دەسەڵاتداری ڕژیمی ویلایەت کە خۆی بە راسپاردەی جی بەجێ کەری فەرمانی خۆدا دەزانی، لە سێبەری بیری"خەڵکی ناکامڵ‌و ڕێبەری ئاقڵ"دا، دەستیان بەسەر هەموو جۆمگەکانی دەسەڵات داگرت‌و بە سەپاندنی یاسایەکی نەگۆرلە مەجلیسێکی دەستنیشانکراو دا جلی "شەرعیت"یشیان بە بەر داکرد. ئەم لێکەوتەیە لە پاوان، لە هەموو ئێران‌و لە کوردستان بە تایبەتی بەگژداچوونەوە‌و هەڵویستی لێبڕاوانەی لێکەوتەوە. بەرەنگار بوونەوەی دوو جەمسەری دیکتاتۆری‌و ئازادیخوازی کە بەرهەمی نەگونجان‌و تێنەگەیشتن لە نیاز‌و راستییەکانی سەردەم لە لایەن دەسەڵاتخوازانی تازە بەسەر داکەوتوو بوو، زەرەر‌و زیانیکی زۆر‌و قەرەبوو نەکراوەی لە ڕیزەکان‌و ویستەکان‌و ئامانجە هاوبەشە کانی گەلانی ئێران دا. ئەو سەرە ڕۆیی یە سی‌و حەوت ساڵە ماڵووی سەرکوت لەدووی خۆی دەکێشی‌و تاقە هەنگاوێک لە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە سەر خەڵکی تینووی ئازادی‌و ئاوەدانی دا نەچۆتە پێشی‌و بە پێچەوانەوە تا دێ بەرهەڵیخە کانی قەڵای دەسەڵاتی زۆرتر هەڵدەپریوێن.

 

tahrim_-_kak_omer_-_2


دیکتاتۆریی توێژێکی بەرتەسکی کۆمەڵگا‌و پێشێلکردنی ماف‌و ئازادییەکانی زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵ،بە یاسا‌و دەستوور‌و عورف‌و کلتوور‌و حوکمی حکوومەتیی وەللیی عاقڵ!، دیاردەیەکە کە بێجگە لە "کۆماری ئیسلامی"ی ئێران دا، دەبێ لە چاخەکانی نێوەڕاستی مێژوو دا بە دانستە بۆی بگەڕێی. ئاشکرایە لە وەها سیستمێک دا کە لە بەستێنێکی بەدەر لە ڕەخساوە دێمۆکراتیکەکان‌و بەتاڵ لە پرنسیپەکانی خەڵک سالاری دا گووراوە،"جمهوری"و"پارلمان" ناوی بێ ناوەڕۆکن‌و ناتوانن ئەومانا‌و نێوەرۆکە لەخۆ بگرن کە لە ڕژیمێکی "کۆماری‌و پارلمانیی " ئەمڕۆیی چاوەڕوان‌و بەدی دەکرێ.

بەربەست‌و ئاستەنگە یاسایی یەکان لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی دا کە چۆڕاوگەی گوشینی فەلسەفەی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهه، لە ڕێگرە سەرکییە کانی ئەو بنیاتانەن کە دەرفەت‌و دەرەتانی لەبار بۆ گەشەی دێمۆکراسی‌و ئازادییەکان پێک دێنن. هەر بە‌و هۆیەوە مافی بەربژاری‌و هەڵبژاردنیش کە لە هێماناسراوو کاریگەرەکانی دێموکراسین ڕووی ڕاستەقینەی هاتنە ئارا بە خۆیانەوە نابینن.

 ئەزموونی مێژوولکەی ئەم ڕژیمە ئەوەی بەگەلانی ئێران‌و تاکە وریاکانی کۆمەڵگا سەلماندووە کە، هەر جۆرە هەڵبژاردنێک کە نێڵەکانی دەسەڵات لە ئیرادەی خەڵکیان دوور دەخاتەوە‌و بەرەو ویلایەتی فەقیهیان هۆ دەداتەوە، لە ئاینوئۆینێکی چاوبەستانە و"ڕیا"کارانە زیاتر نین‌و ناتوانن ببن.

ئەگەرچی بە سەپاندنی کۆماری ئیسلامی "ولی فە‌قیه"نوێژی مردووی لەسەر گۆڕی "شۆڕشی گەلانی ئێران دابەست‌و هەر چەند ساڵ جارێک بەم جۆرە شانۆیە فاتیحایەک لە سەر قەبری ئازادی‌و دێموکراسی دادەدا،بەڵام ئاکامی ئەو تاقیکردنەوانە دەبێ دەری خستبێ کە نە خیز گوڵ دەکا‌و نە قیر سپی دەبێتەوە‌و نە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی دا بە مانای ڕێزدانان بۆ دەنگی خەڵکە، بەڵکوو پەلەقاژە‌و گیانەڵڵای سیستمێکە کە لە بیرو ڕای گشتی دا مردووە‌و هەوڵدەدا بە چاوشارکێ‌و خۆدزینەوە لەڕاستییەکانی جیهانی دەورووبەری ،پی لە لێوی گۆڕ بدزێتەوە. لەوەها دۆخێک دا بەشداری لە بەربژێری وهەڵبژاردن دا بەمانای بەر پرسیاری هەمبەر سی وحەوت ساڵ سەرکوتکردن وسەرەڕۆیی‌و داکۆکییە لە بوونە داوەڵ لە مەجلیسێکی بی دەسەڵات‌و لارەمل کە نیری هەموو دەردە کۆمەڵایەتی‌و سیاسیەکانی دەکەوێتە ئەستۆ وکۆتی تاوانە کانی کۆمەڵکوژی‌و زیندان‌و هەڵواسین،هەژاری،بێکاری‌و شەڕ‌و ئیعتیاد‌و کۆچ لە دووی خۆیان دەکێشن.

لە کوردستان کەمن ئەو کەسانەی چاویان لە ڕووی راستییەکان دەقووچێنن‌و دەکەونە داوی چەند بەکرێگیراو‌و قازانج ویستێک وتەڵە کە‌و پیلانەکانی ڕژیم لەوە ئاشکراتر‌و لەقاو دراوترن کە بە هۆیانەوە بتوانن خەڵکی وشیار‌و نیشتمانپەروەری پێ فریو بدەن‌و بیانکێشنە بەر سەکۆی شانۆی بێزراوی هەڵبژاردن‌و کەمرەیەکی دیکەیان پێ بخەنە سەر ئاوردووی کڵی داتەپیوی ئاوری تەمەنی کۆماری دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی.

 لەم خولە پیلانەش دا گەلی کورد قوڵەچۆماخ‌و بەرماولێسەکانی ڕژیم دلنیا دەکاتەوە کە مانگای دەوڵەتی تاران لە کوردستان کەڵ ناگرێ‌و بە ئەستێوری دەمێنێتەوە، خەڵکی کوردستان بەدەنگ ڕۆلە خەباتکارەکانیانەوە دەچن‌و جارێکی دیکە ش لە بایکۆتی هەڵبژاردن دا بە "نا بۆ بەردەوامیی ستەم " بەگژ سەرکوت‌و سەرەڕۆیی دا دەچنەوە.

 

---------------------------------------------------------------------------------------------------

ـ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌و ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان