هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

چاوه‌ڕوانیی بێهووده‌ له‌ سیستمێكی فه‌شه‌لدا

چاپکردن

sorani_-_nasr_-_3له‌ په‌راوێزی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سه‌ڵاحییه‌تی هه‌ندێك له‌ پاڵێوراوه‌ كورده‌كانی هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌یه‌می مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی

خفته را خفته کی کند بیدار

آزموده را آزمودن خطاست

ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا زۆریه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ خو‌له‌كانی پێشووتری هه‌ڵبژادرنی مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران خۆیان كاندیدا كردبوو‌و پاڵێوراوی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و مه‌جلیسه‌ بوون‌و له‌ فیلتره‌كانی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی بژارده‌كردنی پاڵێوراوه‌كان ده‌رنه‌چووبوون، پێیان وابوو با هاتنه‌ سه‌ر كاری كه‌سێكی وه‌ك حه‌سه‌ن ڕووحانی بارودۆخه‌كه‌ گۆڕدراوه‌‌و ده‌توانن له‌م ده‌وڵه‌ته‌ داخوازییه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانیان بێنه‌ به‌ر باس‌و به‌م شێوه‌یه‌ بێنه‌ نێو گۆڕه‌پانی ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌.

بێخه‌به‌ر له‌وه‌یكه‌ خودی حه‌سه‌ن ڕووحانی پاڵێوراو‌و بژارده‌یه‌ سیستمێكه‌ كه‌ به‌ده‌ر له‌ خۆی هیچ كه‌سێك‌و سیستمێكی دیكه‌ به‌ ڕه‌وا نازانێ‌و یه‌كێك له‌ تكنیكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و سیستمه‌، به‌ڵاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی‌و فریودانی هه‌ستی گشتیی كۆمه‌ڵگایه‌.

بۆیه‌ ده‌ڵێین داخوازیی تاكه‌كه‌سی چونكوو به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا سه‌لماوه‌ كه‌ هزری گشتی‌و داكۆكی له‌ مافی گشتیی ده‌چێته‌ خانه‌ی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ته‌ناهی نه‌ته‌وه‌یی ئێران‌و سزای قورسی به‌دواوه‌ ده‌بێ.

 

rade_salahyat_-_sorani_1


به‌ هه‌ر شێوه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سی نووستوو له‌ ئه‌ندێشه‌ی چاكسازیی له‌ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماریی حه‌سه‌ن ڕووحانی‌و له‌ كاتی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنیی ناوبراو، كه‌ بۆ خۆی یه‌كێك له‌ پلاندانه‌رانی سه‌ركوت‌و كوشت‌و بڕی خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئێران بووه‌، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕووحانی جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی وه‌ك ئه‌حمه‌دی نژاددا، خه‌ڵكیان هان ده‌دا تا به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆماری بن، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م هه‌وڵ دانه‌ زیاتر نان به‌ قه‌رزدانێ بوو بۆ جنابی سه‌رۆك كۆمار تا له‌ كاتی خۆیدا به‌ گۆشه‌ نیگایه‌ك بۆیان قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌.

به‌ڵام پاش نزیك به‌ سێ ساڵ هاتنه‌ سه‌ر كاری حه‌سه‌ن ڕووحانی‌و له‌ به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی ده‌یه‌می مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێشتر نانیان به‌ به‌ڕێزیان‌و سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ قه‌رز دابوو، بۆ وه‌چنگ خستنه‌وه‌ی نانه‌ به‌ قه‌رز دراوه‌كه‌یان‌و به‌ده‌ست هێنانی نانی زیاتر، خۆیان بۆ مه‌جلیسی ده‌یه‌م ناونووسی كرد‌و چه‌ندین مانگ پێش ئه‌و قۆناخه‌ش به‌ ئاشكرا له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ گشتییه‌كاندا، بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌م خوله‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرد‌و به‌ یه‌كێك له‌ گرینگترین هه‌ڵبژاردنه‌كانی مێژووی كۆماری ئیسلامیی ئێران ناوزه‌دیان ده‌كرد.

ئه‌وان پێیان وابوو سه‌دا له‌ سه‌د له‌ فیلتری قۆناخ به‌ قۆناخی بژارده‌ كردنی پاڵێوراوه‌كان ده‌رده‌چن‌و پێش له‌وه‌یه‌كه‌ كاسه‌ بێته‌ عه‌مه‌ڵ، باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ده‌بێ له‌ هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كان به‌ قازانجی ئازادی‌و دێموكراسی‌و خستنه‌ به‌ر باسی داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵك كه‌ڵك وه‌ربگیردرێ.

له‌م نێوانه‌دا ته‌نیا گله‌یی‌و گازه‌ندیان له‌ شۆرای نیگابان ده‌كرد‌و ته‌نیا ئه‌و شۆرایه‌یان به‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌زانی‌و وای بۆ ده‌چوون كه‌ هێز‌و ده‌سه‌ڵاتی حه‌سه‌ن ڕووحانی له‌ ئاستێكدایه‌ كه‌ پێش به‌ ڕه‌ت بوونه‌وه‌یان له‌ شۆرای نیگابانش ده‌گرێ.

به‌ڵام له‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاودا پێش له‌وه‌یكه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ سه‌ڵاحییه‌تی پاڵێوراوه‌كان بگاته‌ لای شۆرای نیگابان له‌ شۆرا ئۆستانییه‌كانی چاوه‌دێری پارێزگاكان، سه‌ڵاحییه‌تیان ڕه‌ت كرایه‌وه‌‌و بۆیان سه‌لما له‌ خۆڕا نانیان به‌ قه‌رز داوه‌‌و جارێكی دیكه‌ ئه‌زموونێكیان دووباره‌ كرده‌وه‌ كه‌ چه‌ندین جار پێش ئێستاش دووباره‌یان كردبوویه‌وه‌‌و هیچ ئاكامێكی نه‌بوو.

ئێستا پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌یه‌، ئاخۆ ئه‌و كه‌سانه‌، دیسان به‌ بیانووی مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی جوگرافیای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا‌و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كان، پاساو بۆ ڕه‌ت بوونه‌وه‌یان ده‌هێننه‌وه؟‌ یان به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌‌و له‌ پێناو خزمه‌ت كردن به‌ خه‌ڵك‌و داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵك ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ له‌قاودانی چییه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و سیستمه؟‌‌و خه‌ڵك‌ هۆشیار ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ چوونه‌ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان فریوێكی دیكه‌یه‌ كه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ نێو چاوانیانه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

 

 ---------------------------------------------------------------------------------------------------

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌ رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌:

  لاپه‌ڕه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ماڵپه‌ڕ

  لاپه‌ڕه‌ی‌ ماڵپه‌ڕ


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان