هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

لێکهاڵاندنی تواناکانمان پاشترین پاداشە بۆیادی شەهید دکتۆر سەعید شەرەفکەندی

چاپکردن

majid_logo_web_-_taybetدکتۆر سادق شەرەفکەندی لەو دەگمەن رێبەرانەی کورد بوو کە لەماوەیەکی زۆر کەمدا توانی ببێتە دیارترین رێبەری جۆڵانەوەی نەتەوایەتی کورد دوای دکتۆر قاسملوو. لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانی لە حاڵی گەشەکردندا مێژوو کەمتر نموونەی وا بینیوە کە جۆڵانەوەیەک یان نەتەوەیەک رێبەرەکەی لە ناو بچێت و جێگرەکەی بەو خێراییەی کە دکتۆر شەرەفکەندی توانی بەسەر هەموو کێشەکان و بەربەستەکاندا زاڵبێت و نەتەنیا رێگە لە نسکۆیی و لاوازبوونی جۆڵانەوە و حیزبەکەی بگرێت، بەلکوو چەندین هەنگاو لە سەردەمی پێشووی خۆی بەهێزتر بکات. دکتۆر سادق شەرەفکەندی خاوەنی بڕاوایەکی قووڵ بەخۆی و لەو رێگایەوە بە گەلەکەی بوو و باوەڕی وابوو کە گەر هەموومان تواناکانمان "لێکهاڵێن"، "رووبارەکان تێکەڵبن" و "ببنە شەپۆلی بەهێزی دەریا" تا "دوژمنان لە ژێر تەوژمی خۆیدا نوقم بکات". دکتۆر شەرەفکەندی ئەهلی دروشم نەبوو. ئەو کاتێک قسەیەکی دەکرد، دروشمێکی سیاسی هەڵدەبژارد لە پێناویدا بەکردەوە هەنگاوی دەنا و ئامادەی دانی قوربانی بوو. شەرەفکەندی بەوە نموونەی رێبەرێکی ئەخڵاقی بوو.

رێبەرانی ئەخڵاقی کەسانێکی جێی بڕوا و راستگۆن. ئەوان بڕیاردەرانی دادپەروەر و بڕوادار بە بنەماکانی مرۆڤین. ئەوان مرۆڤەکان بە پلە یەک و دوو دابەش ناکەن. ئاستی مافی مرۆڤەکان بە پێی ئاستی نزیکی بەوان شی ناکەنەوە. بۆ ئەوان سەرمایەمرۆڤیەکانی کۆمەڵگا لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا جێگای سەرنج و بایەخن. یەکێک لە دیاردەکانی دوای دەیەی 1990 کۆچبەری بەرەو هەندەران و پێکهاتنی کۆمەڵگا کوردیەکان لە دیاسپۆرایە. دکتۆر سادق شەرەفکەندی لەو دەگمەنە رێبەرانە بوو کە بەزوویی هەستی بە دەرفەتی تاراوگەنشینی و کۆمەڵگای دیاسپۆرای کرد و ئەو کۆمەڵگایەی وەک سەرمایە و دوارۆژی جۆڵانەوەی نەتەوایەتی ناوزەد کرد. هەرچەند جارێ ئەوکات رادەی کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات بە ئاستی ئەمرۆ نەبوو، بەڵام وەک کەسێکی ئاشنە بەسەر رەوتی کۆمەڵایەتی و ئاڵۆگۆڕەکانی گۆرەپانی خەبات، لە کۆنگرەی نۆهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیراندا ئەو مژارە دەکاتە بەشێک لە پرسی کۆنگرەی حیزب و خەبات لە دەرەوەی وڵات و ناوخۆی وڵات بە دوو باڵی باڵندەیەک وێنادەکات، کە بە بێ بوونی یەکیان باڵەکەی دیکەی ناتەواو دەبێت. ئەم دەڕبڕینەی دکتۆر سەعید هەڵقوڵاوی بیری ستراتێژیکی رێبەریە.

 

shahidani_mikonos_-_omer__-_2

لە هەلومەرجێکدا کە رێکخراوەکان بە هۆی ئاڵوگۆڕە خێراکانی ژینگە لەحاڵی گۆڕانن و هەگەری ئەوە هەیە رێکخراوە نوێیەکان بتوانن جێگای ریکخراوە نەریتیەکان بگرنەوە، مەرجی سەرەکی سەرکەوتن بوونی ئاڵوگۆرەکانی ریشەیی و داهێنانی رێکخراوەییە. رێکخراوەکان ناچارن بە دوای شێوازی تازەی کار و چالاکی بگەرێن و رەهەندی کار و چالاکیەکانیان نوێ بکەنەوە. رێکخراو لەو هەلومەرجەدا پێویستی بە رێبەریەکی گۆرانکاری خواز، بوێر و نەترسی هەیە کە بتوانێت گۆڕانکاریەکان لە رێکخراودا پێک بێنێت. ئەوەی لەوپێوەندیەدا گرنگە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی – کۆمەڵایەتی و ئابووری ناوخۆ و دەرەوەی رێکخراوە تا بە پێی ئەو بەرنامەی درێژخایەن و کورتخایەن دارێژرێت. رێبەرانی ستراتێژیک لە هەلومەرجی وادا دەتوانن سەرکەوتنی رێکخراوەکان مسۆگەر بکەن و ئەوان لە قەیرانەکانەوە بەرەو دەرفەتەکان رێبەری بکەن. هەلومەرجی کوردستان لە هەموو پارچەکانیدا دوای شەری ئێران و عێراق و داڕمانی بەرەی سۆسیالیستی گۆڕانکاری گەورەو و قووڵی بەخۆیەوە دەبینی: لە لایەکەوە بەهۆی هێرشی رژێمی سەدام بۆ سەر کوەیت و شەری یەکەمی کەنداو و بوونی ناوچەی دژەفرین لە باشووری کوردستان دوای کۆڕەوی خەڵکی ئەوبەشەی کوردستان هەلومەرجێکی بەتەواوی نوێ بۆ بزاڤی نەتەوایەتی کوردستان خوڵقابوو، هاوکات لە باکووری کوردستان هەلومەرجی خەباتی چەکداری و خێرابوونی بزاڤی نەتەوایەتی بۆ هەموو ئاستەکانی خۆی پێشکەوتنی بەخۆیەوە دەبینی. لە لایەکی دیکەوە لە ئێران رژێمی ئێران هەموو وزەکانی بۆ سەرکوتی جۆڵانەوەی کوردستان ئازاد کرابوو و جۆڵانەوەی کوردستان پێویستی بە خۆگونجاندن لە گەڵ هەلومەرجی نوێدا بوو. رێبەری سیاسی لەو هەلومەرجەدا سێ سەرەکی بەرپرسایەتی بە ئەستۆیە: 1. پێکهێنانی بەستەری گونجاو بۆ گۆڕانکاری، 2. پێکهێنانی دەروەستی و هەستی خاوەندارێتی لە پرسەکان و 3. پێکهێنانی هاوسەنگی لە نێوان نوێگەرایی و سەقامگیری رێکخراوەیی. دکتۆر سادق شەرەفکەندی لەو هەلومەرجەدا بە بوێریەکی کەموێنەی خۆی، توانی کۆستی لەدەست دانی دکتۆر قاسملوو بکاتە دەرفەتی یەکگرتنەوەی هێزەکانی دێموکرات و بەهاهاوبەشەکانی ناو بزاڤی کوردی بکاتە ئامانجی سەرەکی خۆی بۆ رێبەری کردنی حیزب و کۆکردنەوە و تۆکمەکردنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکرات لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا. لەو رووەوە وێرای بەرەوپێشبردنی خەباتی ناوخۆیی و بەرخودانی چەکداری، سەرنجێکی تایبەتی دا بە بەدەزگایی کردن و رێکخراو کردنی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکرات بە مەبەستی رێکخستنی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان و بەهێزکردنی خەباتی دیپلۆماتیکی حیزب لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە کوردی تێدا دەژی.

مەرجی پێکەوەکارکردن و هاوپەیمانی لە گەڵ رێکخراوەکانی دیکە، بوونی حیزبێکی یەکگرتوو، بەهێز و خاوەن رێکخراوەیەکی بەبەرنامەیە. دکتۆر سەعید لەو روانگەیەوە لەو ماوەیەی کە رێبەری حیزبی دێموکرات بوو هەوڵێکی جیددی دا بۆ بەهێزکردنی حیزبی دێموکرات لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا و هەوڵێکی نەپساوەی دا بۆ خوڵقاندنی کەشیکی وا کە حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی بەهێز بەڵام یەکگرتوو، پلۆرال بەڵام هاوساز خەبات بکات و لە روانگەی هێزەوە لە گەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی گفتگۆ بکات و بەکردەوە جۆڵانەوەی میللی – دێموکراتیکی کوردستان بکاتە رێبەری هەموو ئاڵوگۆرەکانی سیاسی ئێران و کۆمەڵگای ئێران لە روانگەی ویستە دێموکراتیکەکانی گەلی کورد و بنەما فەلسەفیەکانی کۆمەڵگایەکی فرەچەشن و دێموکراتیکەوە رێبەری بکات. لەو رووەوە دکتۆر سەعید وێرای پیداگری لە سەر مافی نەتەوایەتی گەلی کورد و مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ سنەتەوەی کورد، هەوڵی دەدا هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی ئێران لە دەوری بەرەیەکی یەکگرتوو کۆ بکاتەوە. کاتێک هێزێک لە بەهێزی و بە ویستی فۆرموولەکراوەوە لەسەر مێزی گفتگۆ دادەنیشێت، دەتوانێت هیوای دەستکەوتی گەورەتری ببێت و شوێندانەرتر بێت. دکتۆر شەرەفکەندی لایەنگری پەراوێزخستنی حیزبی دێموکرات و جۆڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبوو. ئەو هەموو هەوڵی ئەوەبوو کە پرسی کورد کە سەرەرای رەوابوونی خەباتەکەی بووتە پرسێکی مارجینال لە لە ئاستی هەموو کێشەکانی ئێراندا، بکاتە پرسی ناوەندی ئاڵۆگۆرەسیاسیەکان و بۆ ئەو گەورەترین پرسەی ئێران واتە ستەمی نەتەوایەتی و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی بەشێوەی دادپەروەرانە بکاتە سەردێری پرسە سیاسیەکان بۆ پێکەوە کارکردن و خەبات کردن. لەورووەوە بەڕاشکاوانە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەگەری زۆربوونی وزەی بەزین لە ناوەند ئاگادار دەکردەوە و تێنەگەیشتنی ئەوان لە پرسە نەتەوەییەکان بە واتای لێکهەڵوەشانی ئێران ناو دەبرد.

دوای رووخانی دیواری بەرلین و داڕمانی بلۆکی رۆژهەڵات ئاڵوگۆرەکانی جیهان خێراییەکی دیکەیان بەخۆیەوە بینی. ئەوکات زۆر کەس پێیان وابوو کە بە رووخانی بلۆکی رۆژهەڵات و تاکجەمسەری جیهان بە رێبەری ئەمریکا، پرسەکانی جیهانی چارەسەری خێرا بەخۆیەوە دەبینن و جیهان لە شەڕ و نەهامەتی رزگاری دەبێت. دکتۆر سەعید شەرەفکەندی لەو دەگمەن رێبەرانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بوو کە بە پێچەوانەی ئەوەی پێشبینی کرد. لە راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی نۆهەمی حیزبی دێموکراتدا دکتۆر سەعید سناریۆکانی دوای رووخانی بلۆکی رۆژهەڵات وێنادەکات و پێشبینی ئەوە دەکات، کە تا مەودای نێوان باشوور و باکوور واتە جیهانی سەرمایەداری و کۆمەڵگا دواخراو هێلراوانە لەیەک نزیک نەبێت، شەڕ، ناسەقامگیری درێژەی دەبێت و هێرشی کۆچبەران بەرەو رۆژئاوا زیاتر دەبێت. ئەمرۆ بیست و سێ ساڵ دوای، تیرۆری میکۆنۆس شەپۆلی پەنابەران و کۆچبەران لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە شێوەیەکی بێوێنە رووی لە یەکیەتی ئورووپا کردووە و یەکیەتی ئورووپا لە گەڵ گەورەترین قەیرانی کۆچبەری مێژووی خۆی بەرەوروو بووە.

خێرایی ئاڵوگۆرەکان بە رادەیەک بووە کە لە کەمتر کەسێک بووە لە سەدەی رابردوودا بتوانێت پێشبینی ئاڵوگۆری وا بکات. جیهان و ئاڵۆگۆرەکانی سیاسی و ئابووری لە هەموو وڵاتاندا بە رادەیەک خێرایە کە کەشێکی ناسەقامگیر لە سەر هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا زاڵ بووە. رێبەری نەریتی بە شێوەی سەدەی رابردوو ناتوانێت درێژە بە ژیانی خۆی بدا. بەکردەوە زۆربەی ئاڵوگۆرە رووەکی (سطحی)یەکانی ناو حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانیدا تووشی شکست بوون و نەیانتوانیوە پێشی لێکدابران و جیابوونەکان بگرن. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم تەقینەوەدایە. کوردستان نشتیمانی دابەشکراوی نەتەوەی کورد و وڵاتانی دەسەڵاتدار بەسەر کوردا بینەری ئاڵوگۆری خێرا، گۆرانکاری لە هاوپەیمانێتی، بەرژەوەندیەکانی نوێ و سناریۆکانی نوێی سیاسی و جوغرافین. هاوکات کۆمەڵگای جیهانی و کۆمەڵگای کورد لە دەست قەیرانی بڕوا دەنالیت، قەیرانێک کە بۆ لێدەربازبوون پیویستی بە "راستی" ئەزموونی و هەنگاوبەهەنگاو لە یەک نزیکبوونەوە دەکات. ئێمە دەشێ بیرکردنەوەیەک کە دەبێتە هۆی وێکنەگەیشتنمان بگۆڕین و ستراتێژی لێکنزیکبوونەوە و "لێکهاڵاندنی" هێزەکانمان بکەینە سەردێری بڕیارە سیاسیەکانمان تا وتەی رێبەری شەهیدمان دکتۆر سەعید شەرەفکەندی رووبارەکان تێکەڵبن و شەپۆلی بەهێزی دەریامان دوژمنانمان لە ژێر تەوژمی خۆیدا نوقم بکات. پەیامی دکتۆر سەعید بۆ ئێمە رێبوارانی رێگای شەهیدان روون و ئاشکرایە. گەر باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژەدانی رێگەیان بێت، یەکگرتنەوە و وێکخستنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات و یەکگرتوویی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، وەدیهێنانی خەونی رێبەری شەهیدمان و باشترین پاداشێکە کە لە ساڵڤەگەری شەهیدبوونیدا دەتوانین مزگێنی بە رێبەرانی شەهیدمان بدەین.


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان