هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

راگەیەندراوی كۆمیتەی ناوەنديی حیزبی دێموكرات سەبارەت بە بوردومانکردنی بنکەکانی PKK

چاپکردن

كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بۆمبارانکردنی ئەرتشی تورکیە بو سەر بنکە‌و بارەگاکانی پەکەکە‌و ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

 

pkk_pdki_hersh_turkya_1


راگەیەندراوی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

لە پێوەندی لەگەڵ بۆمبارانەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكانی كوردستان


لە كاتێكدا كە رێبەرایەتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی خۆیدا بوو ئاگادار کرایەوە كە کاتژمێر ١١ی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢٤/٧/٢٠١٥ی زایینی بەرانبەر بە ٢ی گەلاوێژی 1394ی هەتاوی فرۆكە بۆمب‎هاوێژەكانی ئەرتەشی توركیە هێرشیان كردە سەر بنكە‌و گریلاكانی P.K.K لە هەر دوو دیوی سنوور لە ئامیدی‌و قەندیل كە زیانی گیانی‌و ماڵی لێكەوتەوە‌‌و بوو بە هۆی مەترسی شكاندنی ئەو ئاگربڕەی كە لە نێوان حكوومەتی توركیە‌و P.K.Kدا بە مەبەستی بەرەوپێش‎بردنی رەوتی ئاشتی كە دوو ساڵ لەوەپێش لە نێوان P.K.K‌و حكوومەتی توركیە دەستی پێكردبوو.

زۆر ئاساییە كە هەر جۆرە هێرش‌‌و پەلامارێك بە دوور لەوەی كە كام لایەن دەست‎پێشخەری كردووە زەبری قورس لەو رەوتە ئاشتییە دەدا كە كۆمەڵانی خەڵكی توركیە‌و رۆڵەكانی نەتەوەی كورد لەو وڵاتە بە ئومیدی چارەسەری كێشەكانیان هیوایان پێ‌ بەستووە. گومان لەوەدا نییە كە هەڵگەڕانەوەی رەوتی ئاشتی بۆ شەڕ‌و پێكدادان لە بەرژەوەندی گشتی هیچ لایەكدا نییە بێجگە لە قوربانی وەرگرتنی زیاتر‌‌و وێرانی پتر.

كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران هیوادارە هەر دوولایەن بە هەست بە بەرپرسایەتی زیاتر‌و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گشتیی‌و لە پێناو وەگەڕخستنەوەی رەوتی ئاشتیدا لە هەر حەرەكەتێكی دژ بە دیالوگ‌‌و رەوتی ئاشتی خۆ ببوێرن‌‌و هەر جۆرە هێرش‌‌و پەلامارێك رابگرن‌و ئەركی هەموولایەكیشە بۆ راگرتنی هەر حەرەكەتێكی دژ بە رەوتی ئاشتی یارمەتیدەر بن.


حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران

كۆمیتەی ناوەندی

٤/٥/١٣٩٤ی هەتاوی

٢٦/٧/٢٠١٥ی زایینی

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان