هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

بیرەوەری لاوێك کە لە بەندیخانەی PKK رزگاری بوو

چاپکردن

لاوێك کە لە یەکێک لە شارەکانی رۆژهەڵات ژیاوە، لە سەرەتای لاوەتی یەوە هەست بە چەوسانەوەی گەلەکەی دەکا. بە هۆی گوشاری ئەوین بۆ ئازادی‌و سۆزی ئازادی نیشتمانەکەی، لە هیچ کوێ ئۆقرەی نیە‌و هەست بە ئارامی ناکا. بە ئامانجی دەستەبەربوونی خولیا نەتەوەی یەکانی لە هیچ فیداکارییەک درێغی نەکردووەو لە هەر دەرەتانێک کە بۆی رەخسا بێ بە گژ داگیرکەراندا چۆتەوە. هەر بۆیە لە ماوەی ژیانی مێرمنداڵی دا روبەرووی زۆر کارەسات بۆتەوە. زیندان، ئەشکەنجە، تۆقاندن‌و بە بارمتەگرتن بەشێک لە ژیانی ئەو پێک دێنن کە وەبیر هێمانەوەیان هێندە سانا نیە.

 

hallatn_pkk_1


پاش ئەوەی کە مانەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسی، سەری خۆی هەڵدەگرێ‌و روو لە باشووری نیشتمان دەکا. ئەو بە رادەی پێویست زانیاری لە سەر حیزبە سەرەکی یەکانی رۆژهەڵات کوردستان بە دەستەوە بوو. بڕیاری خۆشی دابوو کە پاش وەرگرتنی هەندێک زانیاری لە سەر چەند پرس‌و بە سەر کردنەوەی چەن شوێنێک، بە ریزی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پەیوەست ببێ. بەڵام نیازپاکی ئەو لە لایەک‌و فرسەت تەلەبی هندێک بازەرگانی نقابدار لە لایەکی دیکەوە، چارەنووس‌و داهاتووی ژیانی ئەویان گۆڕی‌و حەز‌و خولیاکانی بە ئاقارێکدا رۆیشتن کەهیچ وەخت چاوەروانیان نەبوو.

ئەو بیستبووی کە یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بەکورتی "یندک"، حیزبێکی باشووری کوردستانە کە لە ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن غەفوور مەخمووری یەوە دامەزراوە. هەروەها لە گەڵ ئەو دروشم گەلە ئاشنا بوو کە یندک بڵاوی دەکردنەوە. بۆ وێنە دروشمی "ئامانجی حیزبەکە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی یە کە لەھەر چوار پارچەی کوردستان پێک ھاتبێ. رێکخراوێکی نەتەوەیی سیاسی جەماوەری‌و یەکێتی یەکی ئارەزوومەندانەیە بۆ تێکۆشەران‌و نیشتمانپەروەرانی کوردستان، کە ھاوبیری‌و ھاوخەباتی لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان‌و یەکێتی خاکەکەی‌و ئازادی گەلەکەی بەپێی رێڕەوێکی زانستییانەی ھاوشانی خەباتی دیموکراتییانەی سەرچاوە گرتوو لەمافی چارەنووسی گەلان‌و مافەکانی مرۆڤدا کۆیان دەکاتەوە." رستەگەلێک بوون کە بە گوێی ئاشنا بوون.

 هەر بۆیە بەر لەوەی کە بچێتە ناو خەباتکارانی دیموکرات، تامەزرۆبوو کە سەردانێکی ناوەندی "یندک" لە سلێمانی بکات‌و گڕ‌و تینێکی شۆڕشگێڕانەی زیاتر بە خۆی ببەخشێت.

لە گەڵ برادەرێکی خۆی سەردانی دەفتەری "یندک"یان لە شاری سلێمانی کردو خۆیان پێ ناساندن. بەرپرسانی "یندک" بەر لەوەی وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە، پێیان گوتن: "دەبێ برۆین بۆ دەفتەرەکەمان لە دەرەوەی شار، ئەوان دەتوانن بە روونی وەڵامتان بدەنەوەو رێنوێنی زیاترتان بکەن". لە گەڵ ٢ نەفەری ئەوان سواری ماشینیک دەبن‌و بەرەو بناری قەندیل وەرێ دەکەون تا دەگەنە شوێنی گەریلاکانی "پکک". بەر لەوەی کە ئەوان هەست بکەن ئەو شوێنە مقەری "پکک"یە‌و چ پیلانێک لە گۆڕێ دایە، پیاوەکانی "یندک" لە مێژ بوو کە خۆیان لێ شاردبوونەوە. هیچ مەجالێکیشیان بۆ نەهێشتبوونەوە کە پرس‌و داخوازیەکانی خۆیان بهێننە گۆڕێ. لە واقیعدا لە گێژاوێک کەوتبوون کە ئێستاشی لە گەڵ بێ لە باوور کردنی بە گومانن‌و وەک خەو بۆ خۆیانی پێناسەی دەکەن.

پاش ماوەیەک هێشتنەوەی ئیجباری‌و چاودێری توندی ئەمنی هەر کە ژمارەیان دەگاتە ٦ کەس، بانگیان دەکەن کە دەبێ بچن "سۆز" بدەن. بێ ئەوەی بزانن "سۆز" چیە‌و بە کاری چی دێ! بە سەر سامی لە یەکیان دەروانی‌و چاوەرێی رۆژی سۆزدانیان دەکرد! سەرەنجام رۆژی سۆزدان گەیشت. بۆ هەر کەسێک سێ شت بە نیشانەی سەمبول دانرابوو:

- دەستێک جل‌و تفەنگ (پێداگری دەکا کە جنسی جلەکانی لە گەڵ جلی سەربازی یەکەی لە عەجەب شێر، هیچ فەرقیان نەبووە)

 - ئاڵای کوردستانی تایبەت بە پکک

- وێنەی ئاپۆ

لە حاڵیکدا کە چەند گەریلا بە چەکەوە راست‌و چەپیان لێ گرتبوون، یەکێک لە بەرپرسانی "پکک" بەم جۆرە داخۆیانی دەدا:

"‌لەم ساتە بەو لاوە ئێوە وەک "گەریلا" دەناسرێن. هەر ئێستا جل‌و بەرگەکانتان لە بەر دەکەن‌و دەبێ سۆز بدەن کە خەیانەت بە جڵ‌و چەکەکانتان، ئاڵای کوردستان‌و رێبەر ئاپۆ ناکەن. هەر نەفەری دوو خولەک دەرفەتی هەیە کە ناوێکی تایبەت بۆ خۆی هەڵبژێرێ. درکاندنی ناوی راستەقینەی خۆتان‌و داواکردنی ناسنامەی هاورێکانتان بە مانای خەیانەت دێتە ئەژمار. دەبێ ئەوەش زۆر باش بزانن کە لێرە سزای خەیانەت ئێعدام کردنە."

ئەم لاوەی کە ئەو بەسەرهاتە دەگێڕێتەوە، لەو رۆژەوە لە هاورێکەی هەڵدەبرێ‌و ئێستاش نازانێ چارەنووسی بە کوێ گەیشتووە. وەک بۆ خۆی باس دەکا ١٨ مانگ خزمەتی سەربازی کردووە، بەڵام قەت بە رادەی ئەو ١٣ مانگە ئازارو ئەزیەتی نەچێشتووە کە بە زۆر لە ریزەکانی گەریلا دا راگیراوەو بێ رازی بوونی خۆی بێگاری پێکراوە. بە دەیان جار دیوێتی کە لە کۆبوونەوە گشتی یەکاندا لاوانی کوردستانیان بە تاوانی خەیانەتی پڕ‌و پووچ، بە کوشتن مەحکوم کردووە.

لە درێژەدا دەڵێ:

 " گەریلاکانیان لە ساڵۆن کۆ دەکردەوەو کەسانی بە ناو تاوانباریان دەهێنایە حوزوور. دوای راگەیاندنی تاوانەکەی، داوایان لە حازرین دەکرد کە بە نیشانەی رازی بوونی سزا بە سەر تاوانباردا، دەستی خۆیان بەرز بکەنەوە. چما کەس بوو بڵێ نا! ئەگینا چارەنووسی ئەویش هەمان شت دەبوو کە لەوێ لە بەرچاومان دەبینرا. جێی ئاماژەیە کە تاوانی زۆربەی ئەوانەی کە بە خیانەتکار دەناسران ئەوە بوو کە هەوڵی خۆدەرباز کردنیان لەو زیندانە دابوو کە پکک‌و داردەستەکانیان بۆیان دروست کردبوون.

 لە راستیدا من خۆم وەک کۆیلە دەهاتە بەرچاو. هیچ ئیختیارم لە دەست خۆم دانەبوو، ئەوەی دەشمکرد بە دڵی خۆم نەبوو. کارم بەوە نیە کە لەوێ هەڵس‌و کەوتی کچ‌و کوڕ چەندە بێ رۆحەو خواردەمەنیەکان چەند ناپەسەند بوون. تەنها ئەوەندە زیاد دەکەم کە هەر کوڕ‌و کچێک بە چاوی ئەوینەوە لە یەکیان بروانیبایە بە خائین دەناسران، خواردەمەنی سەرەکی من‌و هاوشێوەکانیشم لە نان‌و روب زیاتر هیچی تر وەبەرچاو نەدەکەوت. بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن خۆم دەرباز بکەم. زۆر جار بە نەهێنی هەوڵی خۆمم دا بەڵام بێ ئەوەی کەس هەست لە نیەتم بکا، سەرکەوتوو نەبووم. بۆ ئەم مەبەستە زۆر نەخشەم کێشا‌و زۆر پرۆژەشم بە خەیاڵ داهات،بەڵام هەر ناکام مامەوە. لە ئاکامدا پاش ١٣ مانگ لە سەر یەک پلان ساخ بوومەوە کە خۆمم پێ رزگار کرد.

دیارە هەموو جلەکانی بەرم‌و کەوشەکانم هی پکک بوون بێجگە لە ژێرکراس‌و شۆرتێک. هەر بۆیە بڕیاری خۆمم دا کە دەبێ هەر بم دوانە خۆم لەم دۆخە موبهەمە رزگار بکەم. لە راستیدا ئەوەی کە منی زیاتر لە هەموو شت زیاتر ئازار دەدا، ئەوە بوو کە من نەمدەزانی خزمەت بە پکک بەم جۆرە دەچێتە خانەی خزمەت بە چ کەس‌و لایەنێک کە بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی‌و ئازادیخوازی تێدابێت. ئەویش نەک بە رۆحێکی پڕ لە فیداکاری‌و بە ئارەزووی خۆم هەڵم بژاردبێ، من بەردەوام خۆم وەک دیل دەهاتە بەرچاو. بەڵامی دیلی کێ؟ بۆ کێ؟ دنیایەکی بێ ئەژمار پرسیار.

 ئەمن چەندە بیرم لە دەمارگرژی بێ رەحمانەی بەرپرسانی پکک‌و بێ ناوەرۆکی ستراتێژی سیاسی موبهەمیان دەکردەوە، سەد ئەوندە بیرم لە جینایەتی ناوەندێکی قێزەونی وەک "یندک" دەکردەوە. ئەو ناوەندەی کە لە ژێر چەتری هەڵدانی دروشم گەلێکی فێڵاوی پیرۆز‌و بە کەڵکی خراپ وەرگرتن لە هەستی خاوێنی لاوانی بێ دەرەتانی نیشتمان بە تایبەتی لە رۆژهەلاتی کوردستان، بە ئامانجی سات‌و سەودای بازەرگانی‌و خاترجەمی داگیرکەرانی کوردستان چ داوگەلێکیان بۆ لاوانی هەست خاوێنی ئێمە ناوەتەوە! ئێستاش کە دە ساڵ بە سەر ئەو پیلانە چەپەڵەو دەربازبوونم بەو دۆخەدا تێدەپرێ، برینە قووڵەکانم سارێژ نەبوونەتەوەو بە چووکترین یاد دێنەوە سوێ‌و ئازارم دەدەن.

ئەم رۆژانە، رووداوەکەی کێلەشین، فیلمی گورگ‌و رێوی سەرانی پکک، دەم هێنانە پێشی زەبەلاحێکی وەک "محه‌ممه‌د ئه‌مین پێنجوێنی"، دەستەواژەی "هەرێمی میدیا"‌و چەند رێکەوتی لەم چەشنە، بەشێکن لەو بۆنە تاڵانەی کە بە داخەوە برینەکانم تازە دەکەنەوە. ١٣ مانگ دیلی لە "هەرێمی میدیا" بەشێکی جیانەکراوەی ژیانی پڕ لە کارەساتی منە کە بەردەوام هەستم بریندار دەکا.

 من چۆن دەتوانم ئەو رۆژە ئاستەمە لە بیر بکەم کە تەنها بە کراسێک‌و شۆرتێکەوە، بە بێ پێڵاو ٣ کاژێر بێ پسانەوە بە چیاو دەرەکاندا هەڵاتم. ئەوێ رۆژێ ئەوەندەی بیرم لە ئازاد کردنی رۆحی ماندووم کردەوە نیو ئەوەندەش بیرم لە ئازاری جەستەو لەشم نەکردبۆوە. ئەوەی مافی پکک ی پێوە بوو فرێم دان: چەک، پێلاو، جل. تەنها ژێرکراس‌و شۆرتێکم لە بەردابوو، ئەویش هی خۆم بوو نەک ئەوان. تەنها دڵم بەوەش خۆش بوو، ئەویش ئەوە کە ئەگەر چەکدارانی پکک بمگرنەوە، ناتوانن بیسەلمێنن کە خائینم، چونکوو من سۆزم بۆ جلەکانی ئەوان داوبوو نەک بۆ ژێرکراس‌و شۆرتەکەی خۆم.

بە هەر حاڵ ئەو قۆناخە پڕ نەهامەتیەشم تێپەڕ کرد. بە هۆی ئەو رووداوەوە هەموو هەستەکانم مردن. لە ناچاریدا پاش ماوەیەک بە یەکجاری رووم لە ئێران کردەوە. بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کرام‌و حوکمەکەشم تەواو کرد. ئێستا چەند ساڵە لە ناوخۆی وڵات خەریکی ژیانی ئاساییم‌و دەستم بە کڵاوی خۆمەوە گرتووە. بەڵام گۆڕانکاری یەکانی ئەم ماوەیەی ناوچەکە هانیان دام کە لەوە زیاتر ئەم نەهێنی گەلە نەپارێزم‌و پێویستە بە جۆرەی ئیمکان بڵاویان بکەمەوە.

 بەو هیوایەی کە خوێنەر‌و بیسەری بە سەرهاتی من بارودۆخی لاوانی بە دیل گیراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چیاکانی قەندیل دەرک بکەن‌و بە سازدانی چیرۆکی بێ بنەما چیتر شاخ‌و باڵیان بۆ دروست نەکەن."

تێبینی‌: ناوی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ئه‌و چیرۆكه‌ی‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌ لای‌ دارێژه‌ری‌ ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ پارێزراوه‌.


_________________________________________

تێبینی‌:

ماڵپه‌ڕی‌ "هه‌ڵۆی‌ كوردستان"

ـ له‌ به‌رامبه‌ر نێوه‌ڕۆكی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌رپرسیار نیه‌‌و نووسه‌ری‌ بابه‌ت به‌رپرسه‌ له‌به‌رامبه‌ر بابه‌تی‌ خۆیدا‌

ــ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و بابه‌تانه‌ به‌ هێنانی ناوی سه‌رچاوه‌ یان له‌سه‌ر ئیزنی‌ نوسه‌ر ئازاده

 

ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان