کۆنگرەی ١٥ ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەست بە بەرپرسایەتی دۆزی نەتەوەی کورد بە گشتیو کوردستانی ئێران بەتایبەتی کۆمەڵێک بڕیاری پەسەند کرد، ئاراستەی ئەم بڕیارانە، خەباتی بێوچان دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانو بە ئاکام گەیشتنی خەباتی زیاتر لە ٣٥ ساڵ دژی ئەم رێژیمە تێرۆریستو داگیرکەرەیە، بێشک درێژە دان بە خەبات دژی رێژیمێک وەک کۆماری ئیسلامی پێویستی بە هەوڵێکی هەمە لایەنەو گشتگیرە لەوێدا هەموو چینو توێژو حیزبو رێکخراوەکان وەک وتارێکی نەتەوەیی لە گۆرەپانی خەباتدا ئامادەبن.
لێکترازانی حیزبەکانی رۆژهەڵات لەم ساڵانەی دوایی دا کۆسپێکی گەورە بوو بۆ بەرەو پێش چونی ئەم ئامانجانە، هەر بۆیە حیزبی ئێمە بە وردبینی تەواوە لە کۆنگرەی ١٥ یەم دا بڕیاری دا کە لەگەڵ هاورێیانی پێشومان کە لە پاش کۆنگرەی ١٣دا جیابونەتەوە بە لابردنی کۆسپەکانی سەر رێگای پەیوەندیو هاوکارو دواتر یەکگرتنەوە بدەین. لەم پەیوەندیەدا هەیئەتێک لە لایەن کۆمیتەی ناوەندی حیزبەوە بۆ دەستە بەر کردنی ئەم ئامانجانە پێک هات، پاش لابردنی بایکۆت بەدەنەی حیزبی دێموکرات بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی زیاتر هاوکات لەگەڵ کەسایەتیو دڵسۆزانی حیزبو نەتەوەی کورد، لە بیرورای گشتیو بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتەکان پشتگیری خۆیان بۆ بڕیاری کۆنگرەی ١٥ دەربڕیو ئێستاش خوازیاری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەن.
بەشداری کردنی ئەندامانی هەردوو لایەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتەکانو باس کردنو شڕۆڤە کردنی ئەم پرسە نیشانەی دڵسۆزیو خەم خۆری ئەندامانی حیزبە بۆ لابردنی کۆسپەکانی سەر رێگای یەکگرتنەوە.
بەڵام راستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە بڕیاری کۆتاییو کاریگەر بۆ ئەم مەبەستە لە رێبەرایەتی حیزبەوە سەرچاوە دەگرێو دەتوانێ بە ئامانج بگات، هاتنە ئارای کۆمەڵێک رێگە چارەی بزوێنەر لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبو ئامانجەکانی دێموکراتدا هەڵوێستێکی شۆرشگێرانەیە کە دەتوانێ بۆ ئەندامانی حیزب وزە بەخش بێت.
لە کۆتایی دا ئاماژە بەوە دەکەین یەکگرتنی حیزبی دێموکرات پێویستە ئامانجو ئاراستەکەی بۆ گۆڕانکاریەک کە بتوانێ کاریگەری لەسەر دۆزی رەوای نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دابنێت. ئەگەر ئەم گۆرانکاریانە لە راستای وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا نەبێت لە درێژ ماوەدا ناتوانێ وەڵامی داخوازی رەوای خەڵکی کوردستان، شۆرشگێرانو چالاکوانانی سیاسیو مەدەنی بداتەوە.
